Ashti-Hawrami

نازم ده‌باغ ـ لەسەر ورده‌کاری سه‌فه‌ری ئاشتی هه‌ورامی بۆ ئێران دەدوێت .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ سه‌ردانێکیدا بۆ تاران له‌گه‌ڵ وه‌زیری نه‌وت و لێپرسراوی ستادی هاوبه‌شی ئابووری بازرگانی ئێران و عێراق کۆبووه‌وه ‌.
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس : پاش نیوه‌ڕۆی سێشه‌ممه‌ 16 ی سێپتێمبێر/ 25 ی خه‌رمانان ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ یاوه‌ری شاندێکی حوکمی و یاریده‌ران و ڕاوێژکارانی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان گه‌یشته‌ تاران و ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێم .
له‌مباره‌وه‌ نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێران له‌ لێدوانێکی تایبه‌تدا بۆ کوردپرێس وتی : ئاشتی هه‌ورامی و شاندی یاوه‌ری له‌م سه‌فه‌ره‌دا چاویان به‌ بیژه‌ن زه‌نگه‌نه‌ وه‌زیری نه‌وت و ڕۆسته‌م قاسمی لێپرسراوی ستادی هاوبه‌شی ئابووری بازرگانی ئێران و عێراق که‌وتووه‌ و چه‌ندین ته‌وه‌ری گرینگ سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کان و مه‌سه‌‌له‌کانی هاوپێوه‌ند به‌ نه‌وت و گاز گفتوگۆیان له‌سه‌ر کرا .
وتیشی : له‌و دیدارانه‌دا دوو لایه‌ن باسیان له‌ جێبه‌جێ کردنی پڕۆژه‌ی گه‌یاندنی گاز له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان کردووه‌ .
ڕاشیگه‌یاند که‌ ڕێکخستنه‌وه‌ی مه‌رز له‌باره‌ی هه‌نارده‌کردنی نێوان هه‌ردوولا بۆ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌کان له‌ کاتی پێویستدا به‌ تایبه‌ت له‌م قۆناغه‌شدا که‌ هه‌رێمی کوردستان پێویستی به‌ نه‌وت و گازوئیل و به‌نزین هه‌یه‌ ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی گفتوگۆکانی نێوان وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و لایه‌نی ئێرانی بووه ‌.
نازم ده‌باغ ڕه‌تیکرده‌وه‌ که‌ هیچ ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی فه‌رمی له‌ نێوان شاندی هه‌رێم و ئێراندا واژۆ کرابێت و وتی: ئاماده‌کاری کراوه‌ بۆ ڕێککه‌وتنێک له‌ ئاینده‌ی نێزیکدا.
نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وتیشی : له‌م سه‌فه‌ره‌دا تاها زه‌نگه‌نه‌ یاریده‌ری وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و چه‌ند به‌رپرسێکی تری وه‌زاره‌ته‌که‌ ئاشتی هه‌ورامیان هاوڕایی کردووه‌.
نازم ده‌باغ سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌م قۆناغه‌ی عێراق و هه‌رێمی کوردستان وتی: ئێران ڕۆڵی کارای بوو و هه‌روا که‌ ده‌زانین سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش له‌ نامه‌یه‌کدا که‌ بۆ حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران نووسی ئاماژه‌ی به‌م ڕۆڵه‌ کرد و له‌ کۆنفڕانسی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران سپاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد که‌ یه‌که‌م وڵات بووه‌ به‌ هانای هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هاتووه‌‌ و پشتیوانی له‌ کورده‌کانی عێراق کردووه‌ له‌ شه‌ڕ دژی داعش .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت