دەرکەوتنی ئیمپریشنیزم .
بەشی دووەم – پرۆژەی کتێبێکە .
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : محەمەد ساڵەیی ….
سەرباری کاریگەریی بەرچاوی کۆنستەبڵ و هونەرمەندەکانی ئینگلیز لە سآڵانی ١٨٢٠دا لەسەر دیمەنکێشانی فەڕەنساوی ، بەڵام هونەری فەڕەنساویی بۆ خۆشی کورتە تەمەنێکی پێشینەی لەو بوارەدا هەبوو ، هەڵەیە گەر بوترێت ساڵۆنی ئەکادیمی لە پاریس هیچ تابلۆیەکی دیمەنی لە ئامێز نەگرتبوو . لە ١٨١٧ بە دواوە هەموو چوار ساڵ جارێک کێبڕکێیەکی وێنەکێشان لە خوێندنگەی هونەریی بروکس بۆ دیمەنکێشان ساز دەکرا . ئەمە ببوە سیمایەکی دیاری ئەو قوتابخانەیەو بنەمایەکی پتەو بۆ نیگارکێشەکانی ، ئەم بارە تا دەستپێکی ١٨٦٣ئەو ساڵەی ئیمپریشنیزم چرۆی کرد برەوی هەبوو . لەرۆخێکی ساڵۆنی هونەریی باڵێکیان بۆ تابلۆ وەرنەگیراوەکان دایە لاوەو پێشانگایەکی هەمە چیزەیان بۆ ئەو هونەرمەندانە ی کە بەتابلۆی گالیسکەی کا ی کۆنەستەبڵ مەدهۆش بوون ساز کرد .
شایانی ووتنە ، لەو بۆڕێنەدا خوێندکاران هەمیشە داوالێکراو بوون بۆ نیشاندانی بابەتی دیرۆکی ، ئەفسانەیی هەروەها بابەتی نێو ئینجیلی پیرۆز بەو مەرجەی کەسەکان لە نێو دیمەنی سروشتدا دەربکەون و وێنایەکی بێگەردی دەشتودەر بخەنە روو . هەر لەم ئانو ساتەدا هونەری دیمەنکێشان رووی لەهەوراز بوو ، گەنجان جوون جوون دەردەچوون و راستەوخۆ دیمەنی باخاتیان دەکێشا و بەرەو پیری ئیمپریشنیزمی تازە چەکەرە کردوو هەنگاویان دەنا .
جی . بی . دەپێرس کتێبێکی بە ناونیشانی ( تیۆری دیمەن ) لە چاپدا ، تێیدا ئامۆژگاری خوێندکاران دەکات ، کاتێک لە ئامێزی سروشتدان ، هەوڵ بدەن دەمو دەست وێنە بکێشن ، چونکە راستگۆیی تابلۆ لەودەمەدا رەنگ دەداتەوە کە تیرۆژ دەکەوێتە سەر تەنەکان ، پییر هەنری ڤالانسینەس دەڵیت ئێمە لە قوتابخانەی هونەر لەسەر ئەم بیرۆکەیە کارمان دەکردو نەماندەهێشت کاتی هیچ تابلۆیەکی دەرەوەمان لە دوو دەمژمێر بە بانەوە بێت . ئەوە خۆ ئەگەر دیمەنی رۆژهەڵات و خۆرئاوابوون بوایە هەر بە نیو کاژێر ئەنجامان دەدا .ئەم دوو بیرۆکەیە بوون بە هەوێن و تیۆر بۆ هونەری ئیمپریشنیزم ، بەڵام کۆنەستبڵ و بۆنینگتۆن و ڤالەنسینەس بە پڕانی کاری هێڵکارییان لەدەرەوە دەکێشا و دواتر بۆ تابلۆی گەورەتر لە ستۆدیۆکانیان بە کاریان دەبردن . واتە وێنەی کامڵیان لە ماڵەوە بە ئاکام دەگەیاند . ئەو دەمەی کۆنەستەبڵ لە ستۆدیۆکەی لە لەندەن مژوولی کێشانی گالیسکەی کا بوو ، بۆ بینینی گالیسکەی ناوبراو چووە شوێنی مەبەست و چەند هێڵکارییەکی دەسبەجێی کیشاو لەگەڕانەوەیدا خستییە سەر کانڤاسەکەو پێکهاتەی تابلۆکەی پێ سازاند.ئەم پراکتیزەیە دیدی کارای ئەوان بوو بۆ تابلۆکێشان .
نیگارکێشان لە گوند و لادێکان و چوونە دەرەوە بۆ بەرهەمهێنانی کاری هونەری ، دیدگەی گرووپێکی دی بوون لە بۆچوونی جوانخوازیی کە پاشان بە دەستەی باربیزۆن ناسران .باربیزۆن گووندێک بوو لە نێو دارستانی فۆنتەینبلۆ لە خوارووی رۆژهەڵاتی پاریس . ئەم جەنگەڵەو دەشتاییەکانی دەوروبەری لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە قیبلەگای وێنەکێشان بوونە ، هەروەها ڤالەنسینەس هەردەم لەبری شوێنەوارەکانی رۆم پێشنایازی ئەم جێگایانەی بۆ هونەرکاران دەکرد . جوونێک لە دیمەنکێشان کە پێکهاتبوو لە کۆنستانت تریۆن ، سیۆدۆر رۆسۆ ،ڤرجیل دیاز، فرانسیس دۆبنی ، فرانسیس مێلێ هەروەها لەگەڵ جان بابتیست کۆرۆ ، لە نێوان ساڵانی ١٨٣٠ و ١٨٥٠ دا لە باربیزۆن گیرسابوونەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لێی ئاکەنجی بوون .دۆبنی گەمییەکی هەبوو لە کەناری رووباری ئۆز وێنەی دەکێشا ، پاشان ئەم رەفتارە لەلایەن مۆنێ وە لاسایی و دووبارە کرایەوە .