رەحمان پیرۆتی :لە پەراوێزی وتاری رووحانی لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان!
کۆبوونەوەی کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە لە نیۆیۆرک، لە بنکەی سەرەکی ئەو رێکخراوە بەڕێوەدەچێ. رۆژی ٢٤ی سێپتامبر، بە بەشداری ١٩٣ وڵاتی ئەندام و زیاتر لە سەد رێکخراو و کەسایەتی نێودەوڵەتی، ٦٩ەمین خولی کۆڕی گشتی ئەو رێکخراوە دەستی بە کارەکانی کرد. حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، یەکێک لە قسەکەرانی رۆژی دووەمی ئەو کۆبوونەوە بوو. ناوبراو لە حاڵێکدا کە بەشێکی هەراوی کورسییەکانی ئەو کۆبوونەوە بەتاڵ بوون، پەیامی خۆی بە ئاواتخواستن بۆ سەقامگیربوونی ئاسایش لە ناوچە ئاڵۆزەکان و خۆشبژێوی زیاتر بۆ گشت مرۆڤەکانی جیهان دەستپێکرد. وتاری رووحانی دوو تەوەری سەرەکی هەبوو : یەکەم ، دیاردەی دەمارگرژی ئایینی و تێرۆریسمی نێودەوڵەتی و دووەم ، پەروەندەی ناوکی ئێران و رەوتی وتووێژەکان .
رووحانی لە سەرەتای قسەکانیدا بە وشیارکردنەوە لەمەڕ مەترسی تووندوتیژی هەوسارپساو، ئاماژەی بە پرۆسەی بەجیهانیبوونی تێرۆریسم کرد و وتی: “تێرۆریستان بە یەک زمان قسە ناکەن، تەنانەت رەنگی پێستیشیان یەک نییە و لە نەتەوەیەکیش نین. بەڵام ئیدئۆلۆژییەکی هاوبەشیان هەیە: دەمارگرژیو تووندوتیژی. ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە: لەناوبردنی شارستانیەت و ئیسلامهەراسی و دروستکردنی بەستێنی شیاو بۆ دەستێوەردانی سەرلەنوێی هێزە دەرەکییەکان لە کاروباری ناوچە”. ناوبراو بە وەبیرهێنانەوەی ئەو خاڵە کە تێرۆریستان لەناو تۆڕێکی نێونەتەوەییدا خۆیان رێکخستووە، بەو پەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە، و بە لەبیرکردنی مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەی و ناوچە، کۆماری ئیسلامی لە بەرەی دژ بە تێرۆریسمدا جێ کردەوە و لەو سۆنگەوە داوای کۆدەنگی نێونەتەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆری کرد. لێرەدا پرسیارێکی مەنتقی دەتوانێ ئەوە بێ کە حەسەن رووحانی، بە کام پشتوانەی سیاسی و مێژوویی ئەو نوسخەپێچییانە دەکا؟
نزیک بە چوار دەیە تەمەنی کۆماری ئیسلامی، کۆلێکسیۆنێکی دەوڵەمەند لە کردەوەی تێرۆریستی و تێرۆریسمی دەوڵەتی ئەو وڵاتە لە ناوخۆ و دەرەوەیە. لە ناوخۆی وڵات، کۆماری ئیسلامی بە پێداگری لەسەر بیری رادیکاڵیسمی مەزهەبی، بە کەڵک وەرگرتن لە تیرۆر و هەڕەشە و بۆمبارانی تەبلیغاتی و بەو شێوە، لە مەیدان بەدەرکردنی لایەن و حیزبە سیاسییەکانو قۆڕخ کردنی دەسەڵات، حکومەتێکی دیکتاتۆڕی بەسەر گەلانی ئێراندا سەپاندووە کە لەگەڵ هەرچەشنە گۆڕانکارییەکی سەردەمیانە نامۆیە. لە لایەکی تر، کۆماری ئیسلامی، تێرۆریسمی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی هەم بە دژی نەیارانی سیاسی و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و، هەم بە دژی رکەبەرانی ناوچەیی خۆی لە چوارچێوەی ستراتێژی دامەزراندنی کەوانەی شیعە و رێبەریکردنی جیهانی ئیسلام؛ و هەروەها بە دژی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی جیهان بۆ وەدەستهێنانی پوان و مافی دەنگدان لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو ئەنجام داوە و تا ئێستاش شێلگیرانە درێژەی پێدەدا.
رووحانی بە لەبیرکردنی ئەو رابردوو و ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرە، کۆماری ئیسلامی لە دروستکردنی کێشە ئارایییەکانی جیهان و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەهاوێ و “ژمارەیەک لە وڵاتان” بە خوڵقاندنی ئەو دۆخە تاوانبار دەکا. ناوبراو دەڵێ:” دەستدرێژی نیزامی بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق و دەستێوەردانی هەڵنەسەنگێندراو لە پرسی سوریە، نمونە هەرە دیارەکانی ستراتێژی هەڵەی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.” رووحانی ئەزمونی دامەزراندن و بەهێزکردنی ئەلقاعیدە و تاڵبان و گروپە رادیکاڵەکانی دیکە وەبیر هەمووان دێنێتەوە و دەڵێ:” کە ئەو تەجروبە نیشانیدا کە ناکرێ لایەنێک بە مەبەستێکی تایبەتی بەهێز بکرێ و کاری پێبکرێ و دواتر لە هەڵسوکەوتە نەخوازراوەکانی کەس بەرپرسیار نەبێ” و بە هەموو ئەو لایەنانەی کە لە خوڵقاندنی ئەو دۆخە بەشدار بوونە، پێشنیار دەکا کە دان بە هەڵەی خۆیان دابنێن و نەتەنیا لە بەرامبەر رابردوو، بەڵکوو لەپێناو دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ داهاتوو داوای لێبوردن لە کۆمەڵگای جیهانی بکەن.
ناوبراو “گەشەسەندن و دادپەروەری” بە چارەسەری پرسی تێرۆریسم دەزانێ، “ئیسلامهەراسی” لە بنەڕەتدا بە پرۆژەیەکی دەستکردی رۆژئاوا ناو دەبا و رەخنە لە حەولەکان بۆ پەرەپێدانی دێموکراسی یان بە وتەی خۆی “دێموکراسی هەناردەیی بە کۆڵەپشتی” دەگرێ و بە چەند وشەی رازاوە وەکوو میانەڕەوی و پێکەوەژیان، نمونەی سەرکەوتووی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتانی جیهان نوسخەپێچ دەکا. ئەو لێدوانە لە حاڵێک دایە کە کۆماری ئیسلامی، بە بیرۆکەی هەناردەکردنی شۆڕش و دامەزراندنی حکومەتی جیهانی ئیسلام فڕچکی گرتووە و هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە بەشێوەیەکی پراکتیکی کاری بۆ کردووە، “ئیسلامی رادیکاڵی” نادادپەروەرانە بە سەر گەلانی ئێران و ناوچەدا تاقی کردۆتەوە و بە هەمان رادەی رۆژئاوا، و بگرە زیاتریش لە سەرهەڵدانی رەوتی جیهانی تێرۆریسم و یەک لەوان دروستبوونی داعش بەرپرسیارە.
رووحانی بەشی دووەم لە وتارەکەی لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ باس لەسەر پەروەندەی ناوکی وڵاتەکەی تەرخان کرد. ناوبراو بە ئاماژە بەوە کە “ئێران بیر لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی ناکاتەوە و لە بەرنامەی ناوکیدا هیچ شتێکی بۆ شاردنەوە نییە و لە حاڵەتێکدا کە لایەنەکانی دانوستانکار، ئیرادەی پێویستیان بۆ چارەسەری ئەو بابەتە هەبێ و بتوانن لە ماوەی دیاریکراودا بە رێککەوتنی کۆتایی بگەن، شایەتی کەشێکی جیاواز بۆ هاوکاری ناوچەیی و جیهانی دەبین”، لەشوێن گەڵاڵەکردنی ئەو بابەتە بوو کە “رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران دەتوانێ دەسپێکی هاوکاری هەمەلایەنە لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوییدا بێ”؛ واتا پوان وەرگرتن لە بەرنامەی ناوکی بە پواندان لە سیاسەتی ناوچەیی دەگۆڕێتەوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە رۆژئاوا، رایگەیاندووە کە ئامادە نییە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ پرسەکانی ناوچە، بەگوێڕەی ویستەکانی تاران، سازان لەسەر بەرنامەی ناوکی ئەو وڵاتە بکا. کۆمەڵگای جیهانی بەردەوام دووپاتی کردۆتەوە کە بەرامبەر بە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران نیگەرانە و جەختی لەسەر ئەو بابەتە کردۆتەوە کە رێگای ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی بەربەست دەکا و بۆ ئەو مەبەستە بایکۆتکردنی بەربڵاوی پیشەسازی نیزامی و کەرتەکانی پێوەندیدار بەو بەرنامەیەیان ئەنجام داوە. رووحانی لە تریبونی نەتەوە یەکگرتووەکان، “درێژەکێشانی ئەو بایکۆتە ستەمکارانە بەدژی ئێران، بە هەڵەیەکی گەورە دەزانێ” و وتووێژ و دانوستان، بە تەنیا رێگای چارەسەری ئەو پرسە دەزانێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە وتووێژەکان بۆ چارەسەری ئەو پرسە، زیاتر لە یەک دەیەیە بەبێ دەرەنجام درێژەیان هەیە و بەگوێڕەی زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان، ئێران لەو ماوەدا بەردەوام لە حەولی دروستکردنی چەکی ناوکی دابووە.
ئێستا، ئێرانو وڵاتانی ١+٥ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، کەمتر لە دوو مانگیان کات ماوە و ئەگەر لەو ماوەدا پرسی ناوکی ئێران رێگاچارەی بۆ نەدۆزرێتەوە؛ درێژەکێشانی بێدەرەنجامی دانوستانەکان تەنیا دەتوانی لە چوارچێوەی پرۆژەی کۆماری ئیسلامی بۆ “یاریکردن بە رۆژئاوا” تا گەیشتن بە مەبەستی سەرەکی خۆی، واتا بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، پاساوهەڵگر بێ.
بە گشتی، دووەمین وتاری رووحانی لە کۆڕی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرەڕای ئەوەی کە تەواو بە مەبەستی پێشاندانی سیمایەکی میانەڕەوو سەردەمیانە لە کۆماری ئیسلامی داڕێژرابوو، بەڵام تەواو لەگەڵ ناوەڕۆک و چییەتی ئەو حکومەتە ناڕێک بوو. کۆماری ئیسلامی باشترین بەڵگەی “ئیسلامهەراسی”یە؛ دیارترین نمونەی تێرۆریسمە و ئەگەر کۆمەڵگای جیهانی پێش بە چالاکیە ناوکییەکانی نەگرێ، نەتەنیا بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی بە مافی خۆی دەزانێ بەڵکوو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە بەکارهێنانیشی سڵ ناکاتەوە.