عیماد عەلی : بۆچی گەیشت بە لێدوانە ئاگرینەکەی نێچیرڤان بارزانی .
پاش روداوەکەی شەنگال هەموو هاوکێشەکان گۆڕان . وەک لە یەکەم رۆژدا باسمان لێوەکرد، هەر لەو رۆژەوە گڵۆڵەی دەسەڵاتی هەرێم بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی کەوتە لێژی و، بە تایبەتیتریش لەو کاتەوە کە داعش هەندەکێکی مابوو بگاتە هەولێر و تورکیا نقەی لەخۆی بریبوو و هیچ هەڵوێستێکی نەنواند، تەنانەت بارودۆخەکە وا سەروژێربوو، ئەو شاگەشکەیەی تێیدا بوین لە خۆشی دامەزراندنی دەوڵەت خەریکبوو لەناویشمان بەرێت و، ئێستا، تەنانەت باسی سەربەخۆیی کوردستان لە کولەکەی تەریشدا نابیستین .
پێشتر هەستمان بەو جیاوازیە دەکرد لە پەیوەندیەکانی هەر یەک لە پارتی و یەکێتی لەگەڵ تورکیا و عێراق و ئیران و پەکەکە و یەپەگە دا، واتە بە کردار هەردو حزب دابەشبون بەسەر هەردوو بەرەکەدا . لە شەری دژە داعشیش زۆر لەو بۆچونانە زەقبونەوە، بەتایبەتی کاتێک باس لە رۆڵی یەپەگە و شەرکردن و هەڵوێستی دەکرا دژ بە داعش لە شەنگال و مەخمور . دیارە پەیوەندیەکانی پارتی و تورکیا کە نێچیرڤان عەرڕابی بوو، گەیتشبوە حاڵەتێک، وایان بە خەڵک پیشاندابوو کە لە هەر نەهامەتیەکدا تورکیا دەبێتە فریادرەسمان، کە وادەرنەچو، تەنانەت کە ئێرانی سەرپەرشتیکاری بەرەکەی تر و هاوسۆزی یەکێتی بەشداری لێدانی داعشی کرد و، بەرژەوەندیەکانی تورکیا هەموو وەعد و پەیمانێکی پشتگوێ خست، ئیتر ئەستێرەی درەوشاوەی پارتی و بەتایبەتی سەرۆکی حکومەت بەرەو کزبون چوو .
لە ئاست سیاسەت و پەیوەندیە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، پاش ئەو جێگۆرکێیەی لە نێوان یەکێتی و گۆڕان لە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتیدا، کە لەپاش رێککەوتنی پارتی و گۆران روویدا، روداوەکان بە جۆرێکی تر کەوتنەوە و، ئێستاش کە ترسی داعش تارادەیەک رەویوەتەوە، ناکۆکیەکان زەقتردەردەکەون و لێدوانی وا دەبیستین، ئەگینا پرسیارەکان لەویدایە، بۆ؛
1 – لەم ماوە دورودرێژەدا کەس باسی لەوەنەکرد کە دوو سەرکردەی یەکێتی هۆکاری نەناردنی بودجەی هەرێمن لە لایەن بەغداوە .
2 – بۆ لە کاتی رۆیشتنی هەر شاندنێکی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم و شکستهێنانیان لە بەغدا باسیان لە هۆکارەکان نەکرد و بە شەفافیەت دانوستانەکان بەرێوەنەچون ، تەنها دەیانوت ناکۆکیەکان لەسەر ناردنی نەوت و میکانیزمەکەیەتی .
3 – ئەگەر بەرژەوەندی مالکی و حزبەکەی و دەسەڵاتی بەغدا رێگەی بدایە بودجە رەوانە بکات، مالکی بە قسەی دوو سەرکردەی یەکێتی دەکرد .
4 – بۆچی ئەم هەڵوێستانە کتومت پاش یەک رۆژ لە سەردانەکەی عەبادی دێت بۆ سلێمانی و کۆبونەوەی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا .
5 – بۆچی وەزیرەکانی کورد لە بەغدا تا ئێستا سوێندی یاساییان نەخواردوە کە هەڵوێستی نوێی بەغدا لەمەر ناردنی موچە بزانرێت و پێویست بەم لێدوانانە نەکات .
6 – بۆچی ناوی ئەو دوو سەرکردەیەی یەکێتی دەرناخەن تاوەکو لەلایەن خەڵکەوە سەرزەنشت بکرێن وسزا بدرێن .
تا ئێستاش هەر حزبێک خۆی لە قەیراندا ببینێتەوە هۆکارێکی خەیاڵی بۆ خۆ قوتارکردن دەدۆزیتەوە و، ئەم لێدوان و هەڵوێستانەش زۆر شتمان بۆ رون دەکاتەوە .
ئەگەر کار وابروات ململانێکان توندتر دەبنەوە و ، ئەمەش لە زەرەری خودی کورد دەکەوێتەوە و، بواری زۆریش بۆ بەغدا دەرەخسێت کە لەو نێوەندەدا یاری سیاسی و مانۆری خۆی بە ئاسانی بکات .