ئومێد قه‌ره‌داخی : هاوسۆزی له‌گه‌ڵ دوژمن .
له راستیدا زۆر جار هه‌وڵمداوه گومان له‌و تێزه بكه‌م كه پێیوایه ئیسلامییه‌كان دیوێكی دیكه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بین، هه‌وڵمداوه ئه‌و بۆچوونه قبوڵ نه‌كه‌م كه پێیی وایه بۆ ئیسلامییه‌كان ساده‌ترین بابه‌تی ئایینی له گرنگترین بابه‌تی نه‌ته‌وه‌یی گرنگتره و ، ئاماده‌ن له‌سه‌ر پره‌نسیپی هاوبه‌شی ئایینی هاوسۆز بن له‌گه‌ڵ (ته‌نانه‌ت) دوژمنه‌كانیش، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ڵویست و گوتاری ئیسلامییه‌كان له‌م لایه‌نه‌وه به‌رده‌وام بێ ئومێدمان ئه‌كه‌ن، به‌رده‌وام ئه‌و راستییه‌مان لا تۆخ ئه‌كه‌نه‌وه كه ئه‌وان به هۆكاری ئایدۆلۆژیای ئایینی و ئسوڵی هیچ بایه‌خێكی راسته‌قینه به پرسی نه‌ته‌وه و ئازاره‌كانی ناده‌ن، هاۆسۆز ئه‌بن له‌گه‌ڵ دوژمن، هه‌ڵویستی چه‌ند رۆژی رابردووی هه‌ردوو فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی و به‌یاننامه ده‌ركردنیان دژی برگه‌یه‌كی به‌رنامه‌ی به‌رنامه، پتر له هه‌ر شتێكی دیكه ئه‌و راستییه‌ی بۆ سه‌لماندین كه ئه‌وان هیچ رێزێك له ئازاره‌كانی نه‌ته‌وه ناگرن، هیچ به‌هایه‌ك بۆ شكۆمه‌ندی و كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه دانانێن، بۆ شتێك كه هیچ به‌هایه‌كی ئایینی نییه به‌رگری له دو‌ژمنێك ئه‌كه‌ن كه هه‌موو بوون و كیانی نه‌ته‌وه‌ی خستۆته به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی جدییه‌وه
من به وردی موتابه‌عه‌ی ئه‌و برگه‌یه‌ی به‌رنامه‌ی به‌رنامه‌م كرد، له راستیدا جگه له‌وه‌ی به‌شێوه‌ی ته‌نز ره‌خنه له داعش ئه‌گرێت هیچ شتێكی دیكه‌ی لیً ناخوێنرێته‌وه، ئه‌و برگه‌یه هیچ ره‌خنه‌یه‌ك له هیچ ده‌قێكی ئایینی و ته‌نانه‌ت هیچ حزبێكی ئیسلامیش ناگرێت، ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه كردوێتی به بابه‌تی ره‌خنه‌گرتن برییتیه له سونبوله‌كانی داعش، ئه‌و شتانه‌ی كه داعشی پێ ئه‌ناسرێته‌وه، وه‌ك ڕیشی درێژ، ئاڵاكه‌یان، هه‌روه‌ها تقه‌نگ و ستایلی جل و به‌رگیان، ئه‌مه‌ش شتێكی سروشتییه بۆ هه‌ر كارێكی هونه‌ری و ره‌خنه‌گرتنێك، كه‌چی براده‌رانی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو هه‌ر به زۆری زۆرداری ئه‌یانه‌وێت بڵێن ئه‌و به‌رنامه‌ی سوكایه‌تی به ئیسلام كردوه ، سوكایه‌تی به ریش كردوه كه سونه‌ته، ئه‌مه‌ش ئه‌كه‌نه پاساو بۆ هێرش بۆ سه‌ر به‌رنامه‌كه ،له راستیدا ئه‌و بابه‌ته‌ی كه لای كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو كراوه‌ته بنه‌ما بۆ ئه‌و هه‌ڵویسته تونده بنه‌مایه‌كی بابه‌تی و لوجیكی نییه، به‌ڵكو ته‌نها به‌رهه‌می هاوسۆزییه له‌گه‌ڵ داعش، له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: ئه‌و به‌رنامه‌یه ماده‌م ره‌خنه‌ی ته‌نز ئامێزه له‌سه‌ر داعش بێگومان پێویسته سونبول و به‌هاكانی داعش به‌كاربێنه، ماقوڵ نییه كاریكاتێر له‌سه‌ر داعش بكات و ئه‌كته‌ره‌كان به سمێل و ریشی تاشراوه‌وه ده‌ر بكه‌ون، یان به كاوبۆی جێنزه‌وه ، به‌ڵكو پێویسته هاوشێوه‌ی داعش بن ، ئه‌مه‌ش به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌گرتنه له داعش نه‌ك له ریش وه‌ك سونه‌تێك یان ته‌نانه‌ت وه‌ك سیمایه‌كی ئایینیش.
دووه‌م: هێشتنه‌وه‌ی ریش له ئیسلامدا نه فه‌رزه و نه سوونه‌تێكی عیباده‌تییه، به‌ڵكو ته‌نها سونه‌تێكی نه‌ریتییه، ئه‌و ریشه درێژه‌ی داعش‌یش نه‌ك هه‌ر هیچ ئه‌سڵ و فه‌سلێكی له ئیسلامدا نییه، به‌ڵكو به‌درێژایی مێژوو لای زانایان و ئه‌ندێچشمه‌ندانی ئیسلام مایه‌ی گاڵته‌پێكردن و توانج تێگرتن بوه، ئیمامی شافعی له باره‌ی ریشی درێژه‌وه ئه‌ڵێت:((كلما گالت اللحیه تكوسج العقل)) واته هه‌ر جارێك ریش درێژ بێت عه‌قڵ كورت ئه‌بێت ، ئیدی بۆ ئه‌بێت گاڵته‌كردن به ریشی داعش به گاڵته‌كردن به سوننه‌ت له‌قه‌ڵه‌م بدرێت؟ له كاتێكدا به‌شی زۆری ئه‌ندامانی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵیش په‌یڕه‌وی ئه‌و ریشه داعشیه ناكه‌ن( ئه‌گه‌ر ریشیشیان نه‌تاشن)،
سێیه‌م: ئه‌و كاریكاتێره له هه‌ل و مه‌رجێكدا كراوه كه داعش چه‌ندین جار و له چه‌ندین ناوچه‌ی جیاواز جینۆسایدی كوردی كردوه، له شه‌نگال و كۆبانێ و قامیشلۆ و ناوچه‌كانی دیكه، سه‌دان پیاوی كوردی سه‌ربڕیوه و سه‌دان ژن و مناڵی كوردی كردوه به كۆیله و فرۆشتوێتی، هه‌موو بوون و وجودی نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌وتۆته به‌رده‌م مه‌ترسی له‌لایه‌ن داعشه‌وه، له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا كه هه‌موو كورد خوێنی لێ ده‌چۆڕێَت ، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو ریشی داعش هه‌ڵده‌بژێرن و شه‌ری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن .