پەشێو حەمە ئەمین : یەکێتی وپارتی وەك خۆیان بناسن بەرامبەر بە پەکەکە .
هەر کەسێك دەیەوێت ڕووی ڕاستەقینەی پارتی ویەکێتی ببینێ ، با بچێ کتێبی (مێژویەك لە ئاگر) ی جەمیل بایك بخوێنێتەوە ، بۆئەوەی تۆزێك هۆشی نەتەوەیی بکاتەوە بەبەرگی خۆیداو قێز لەو ساتانە بکاتاوە ، کە یەکێتی وپارتی تیا خۆشویستووە ، من وەك خۆم نەعلەت لەو ساتانە دەکەم .
هەرچەندە نوسینەوەی مێژوو لە لایەن بەرەیەکەوە لەوانەیە کەم وکوڕی تێ بکەوێت ، بەڵام چەندین ساڵە ئەو مێژووە نوسراوەتەوەو کەچی هیچ وەڵامێکی بۆنیە ، ئەمەش سەلمێنەری ڕاستی ودروستی ئەو چەمکانەن کە لە نێو ئەو کتابەدا باس کراون .
ساڵانێکی دوورو درێژە ئەوە ڕوون بۆتەوە کە هەڵوێستی پارتی بەرامبەر پەکەکە هەڵوێستێکی بەرهەڵستکارانەو دوژمنانەیە ، وە یەکێتیش بە هەمان شێوە ، بەڵام یەکێتی توانیویەتی بە سەر ئەوەدا زاڵ بێت ولە ڕاگەیاندنەکانیدا بە شێوەیەکی تر خۆی نمایش بکات .
یەکێتی وپارتی ئەو دوو هێزە بێ ئامانج و بێ ستراتیجەن ، کە لەهیچ کاتێکدا خاوەنی ووزەو توانای خۆیان نەبونەو نابن ، بەڵکو تواناو سەلیقەی سیاسەت کردن لە ووڵاتانێکەوە وەر دەگرن کە چەندین ساڵە کورد لەو ووڵاتانەدا بە خراپترین شێوە دەچەوسێنرێتەوە و، مافی نەتەوەیی وپاراستنی کلتورو زمان وهاوڵاتی بوونیان لێ سەندراوەتەوە ، کە بریتین لە ئێران وتورکیا .
یەکێتی وپارتی دوو حیزبی بچوکی ناوچەیی و لۆکاڵین ، لە باشترین کات وساتدا جەماوەری هەر یەك لەم دوو هێزە نەگەیشتۆتە ملیۆنێك کەس ، بۆیە بەردەوام لە جوگرافیایەکی دیاری کراودا چەق بەستوو بونەو هیچ فکرو پلانێکی دەوڵەتداریان لە ئامانج وستراتیژدا نەبوەو نابێ .
کەچی پەکەکە لە خراپترین کات وساتدا ، لەو دەمەی گەورەترین ئابڵوقەی سەربازی وئابووری ناوخۆیی وجیهانی خراوەتە سەر ، خاوەنی زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس بووە و توانیویەتی پەل بهاوێت بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان .
لێرەدا من دەمەوێ باس لە وتاوانکاری ودوژمنکاری وخیانەتکاریەی یەکێتی وپارتی بکەم کە لە ماوەی ڕابردوودا دەرحەق بە پەکەکە ئەنجامدراون ، ئەویش بە پشت بە ستنێکی تەواو بەو کتابەی جەمیل بایك
چونکە یەکێتی لە ئیستادا بە شێوەیەك خۆی نمایش دەکات وەك ئەوەی باڵێکی سەر بەپەکەکە بێت وئۆجەلان سکرتێریان بێت . بەڵام بە داخەوە واقیعەکە بەو شێوەیە نیە کە وێنایان کردووە ، ئەم هەڵوێستانە ش بە تەنها بۆ سڕێنەوەی ئەو مێژووە پڕ لە شەرمەزاریەیە کە دەرحەق بەپەکەکە ئەنجامی داون .
لاتان سەیر نەبێت کە یەکێتی وپارتی دەورێکی باڵایان لە گرتنی سەرۆك ئاپۆو پیلانگێڕیە مەزنەکەدا هەبووە لە پاڵ (ئەمریکا وبریتانیا وئیسڕایل وتورکیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و میصرو یۆنان و ئیتاڵیاو ڕوسیا )
جەمیل بایك نوسیویەتی : گەر بەژداری یەکێتی وپارتی لەو پیلانگێڕیە نەبوایە هەرگیز سەرۆك ئاپۆ دەستگیر نەدەکرا .
لە ساڵی ١٩٩٦ تورکیا پەیوەندیەکانی لەگەڵ یەکێتی دا ڕێك دەخاتەوەو بەڵێنی دروستکردنی مەرزێكی هاوشێوەی ئیبراهیم خەلیل دەداتە یەکێتی لە شەمزینان کە تەواوی داراییەکەی بە قازانجی یەکێتی بێت ، بەلام لە یەکێتی دەپرسێت چی بۆ دەکات ؟ یەکێتی لە ساڵی ١٩٩٧دا لە قەرەداخ هێرشی کردە سەر کەمپێکی هەڤاڵانی پەکەکە وئەوەی لەو ێدا بەردەستیان کەوت کوشتیان وقەتڵ وعامێکی گەورەیان تێدا ئەنجامدا ، یەکێتی لە ساڵی ٢٠٠٠ دا کاتێك پەکەکە سەرقاڵی بەستنی کۆنگرەی حەوتەم بووکە تەنها ساڵێك بە سەر گرتنی سەرۆك ئاپۆدا تێپەڕ بوبوو ، بەیانی شەڕی لەگەڵ پەکەکە داو گەورەترین زەرەریان بەو تەڤگەرە گەیاند و زیاتر لە سەد هەڤاڵی کاراو تێکۆشەری لێ شەهید کردن .
پارتی لە ساڵی ١٩٩٧دا بە پیلانگێڕیەکی دەوڵەتی تورك هێرش دەکاتە سەر هەڤاڵانی پەکەکە لە شاری هەولێرو کۆمەڵکوژیەکی مەزن ئەنجام دەدات و بە دەیان هەڤاڵ تێیدا شەهید دەبن ، پارتی ڕێگەی بە دەوڵەتی تورك دا بارەگاکانی بێنێتە ناوسنووری هەرێمی کوردستانەوە ، بۆئەوەی بە ئاسانی بتوانێت بۆردوومانی ئەو ناوچانە بکات کە خەباتی چەکداری پەکەکەی لێیە .
باشە گەلی کورد بۆ ناپرسێ سەرۆك ئاپۆ بۆ لە کینیا دەستگیر کرا ؟ لە چیاکانی کوردستان دەستگیر نەکرا ؟
لە ساڵی ١٩٩٨ کاتێك ئامادە کاری دەکرا بۆ پیلانگێڕیە مەزنەکە ، ئەمریکا بانگێشتی یەکێتی وپارتی کرد بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە نێوئەو پیلانەوەو دەورێکی باڵایان هەبێ لە گرتنی سەرۆك ئاپۆدا ، ئەوانیش بەڵێنیان بە ئەمریکا دا ، کە تێیدا بەژدار بن وبۆ ئەو مەبەستەش ڕێککەوتن نامەی واشنتۆنیان مۆرکرد .
ئا بەدبەختی کوردان لەوەدایە ، سەرۆکێك کە مژولی هەر چوار پارچەی کوردستان بێت کە چی شوێنێك نەبێت ڕووی تێ بکات وکینیا دەکاتە مەنزڵی خۆی ، ئالەبەر ئەو هۆکارانە سەرۆك نەیتوانی لە قەندیل بگیرسێتەوە و ڕووی لە کینیا کرد.
جەمیل بایك باس دەکات گەر یەکێتی وپارتی نەبونایە ئیستا سەرۆك ئاپۆ لە زینداندا نە دەبوو ، دۆزی کوردیش لە پێگەیەکی تری پێشکەوتندا بوو .
کاتێك بە قازی محەمەد دەڵێن ئیستا تۆ لە سێدارە دەدرێیت چیت هەیە بۆ میللەتەکەت بینوسیت ، ئەویش بۆ ئەوەی خۆی وا نیشان بدات کە هیچ سڵ لەمردن وفیداکاری لە پێناو میللەتەکەیدا ناکاتەوە ، مەلایەکی کورد لەوێدا ئامادە دەبێت وپێی دەڵی: بۆ ئەوەی ئەوان تێبگەن کە من سڵ ناکەمەوە ، من بە فارسی وەسیەت نامەکە دەخوێنم وتۆش بە کوردی بینوسەوە ، ئەویش دەڵێ ناتوانم ، لەوێدا قازی پێی دەڵی ئەمەش بەدبەختیەکی گەورەی کوردانە ، ئالێرەدا ڕۆڵی یەکێتی وپارتی هەر بە هەڵوێستی ترسنۆکانەی ئەو مەلایە دێتە پێش چاو .
لە کتێبی ( داستانی ژیانەوە) ی سەرۆك ئاپۆدا ، ڕۆژنامەنووس ( یاڵچین کوچەك) لە سەرۆك ئاپۆ دەپرسێ ڕۆڵی بارزانیەکان چۆن دەنرخێنی لە نێو بزاڤی شۆڕشگێڕیدا ، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ : بە درێژایی چڵ ساڵە وا خیانەت لە مێژووی کورد دەکەن ، دەپرسێ ئەی تاڵەبانی ؟ لە وەڵامدا ئەڵێ : ئەویش دیویست ئەوە بکات بەڵام چانس یاوەری نەبوو .