عهتاقهرهداخی : یه‌کێتی و پارتی : دابه‌شبوونی بڕیاری کوردی و مه‌ترسی دوو لهتبوونهوهی هه‌رێم!
یه‌کێک له خاسێته‌کانی بوونی نه‌ته‌وه ده‌رکه‌وتنیه‌تی وه‌کو یه‌که‌یه‌کی یه‌کگرتوو. مه‌به‌ست له‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه نییه که کۆی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه وه‌کو یه‌ک بیربکه‌نه‌وه‌و یه‌ک ئاراسته‌ی لێکدانه‌وه‌و یه‌ک ئاسۆی بینینیان هه‌بێت، نه‌خێر به‌ڵکو مه‌به‌ست له‌م قسه‌یه ئه‌وه‌یه که ئایا تا چ ئاستێک ئه‌و پێکهاته‌یه خاوه‌نی یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک بڕیار‌و یه‌ک هه‌ڵوێسته سه‌باره‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانی خۆی.
ئێمه لێره‌دا ده‌مانه‌وێت جارێکی تر سه‌یری کورد بکه‌ین ته‌نیا له باشووری کوردستاندا تا بزانین ئایا به‌راستی کورد له‌م به‌شدا ساده‌ترین بنه‌ماکانی نه‌ته‌وه‌ی هه‌یه له رووی بڕیاری هاوبه‌ش و ستراتیژی هاوبه‌ش و هه‌ڵوێستی هاوبه‌شه‌وه ، یان هه‌ر هه‌مان خاسێته‌کانی دامه‌زراوه ته‌قلیدیه‌کانی پێشتری خۆیی هه‌یه له دامه‌زراوه‌کانی خێڵ و عه‌شیره‌ت و میرنشین ؟ ئایا کورد گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی که ئینتیمای بۆ خۆی و بۆ بهرژهوهندنییه باڵاکانی خۆی له ئینتیمای بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه سنوورتهسکهکانی لای ئه‌وانیتر زیاتر بێت؟ ئایا کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا به گشتی و حیزبه دیاره‌کانی به تایبه‌تی په‌ڕیووه‌ته‌وه بۆ قۆناغی ئیش‌کردن به چه‌مکی نه‌ته‌وه یان تاکو ئێستا به چه‌مکی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خێڵ و میرنشین کارده‌کات و تاکو ئێستاش هه‌رچۆن میرنشینه‌کان په‌یوه‌ندیان به ئاراسته‌ی جیاواز له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ره‌کانی کوردستاندا باشتر‌و به‌هێزتر بوو له چاو په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا، ئایا حیزبه‌کانی باشووری کوردستان ئێستا ئه‌و قۆناغه‌ی ره‌فتارو هه‌ڵوێستی میرنشینه‌کان و په‌یوه‌ندییان به فارس و تورکه‌کان و ته‌نانه‌ت به والیه‌کانی به‌غداوه به‌جێهێشتووه‌و بوونه‌ته هێزێکی یه‌کگرتوو، یان ئێستاش له نێوان هێزه ناوچه‌ییه‌کاندا دابه‌شبوون؟ ئایا نه‌توانینی بڕیاردان بۆ جۆنێتی بەشداریکردن لە حکومه‌تی عێراقدا له ماوه‌ی دوور‌و درێزی دوای هەڵبزاردندا له‌م باره‌یه‌وه چیمان پێده‌ڵێت؟ ئایا دابه‌شبوونی هه‌ڵوێستی پارتی و یه‌کێتی له نێوان ته‌وه‌ری سوونه‌و شیعه‌دا، یان له نێوان ته‌وه‌ری تورکیا، سوونه‌ی عه‌ره‌بی و کۆماری ئیسلامی و شیعه‌و شوێنکه‌وتووه‌کانی له عێراق و سووریادا چیمان وه‌یاد دێنێتـهوه؟ ئایا ئه‌و دوو هه‌ڵوێستیه‌ی یه‌کێتی و پارتی چیمان پێده‌ڵێت له باره‌ی ئه‌و دابهشبوونهوهو داخۆ زیانه‌کانی ئه‌و دابه‌شبوونه له داهاتوودا چی ده‌بێت له‌سه‌ر کورد؟ ئایا ئه‌مه خولانه‌وه نییه له‌سه‌ر هه‌مان بازنه‌ی داخراوی رابردوو؟
ئه‌گه‌ر که‌مێک بگه‌ڕێینه‌وه دواوه‌و، سه‌یری میرنشینی بابان بکه‌ین ئه‌وه ئاشکرایه لای هه‌مووان که یه‌کێک له هۆکاره سه‌رکیه‌کانی روخاندندی ئه‌و میرنشینه که یه‌کێک له گهشهسهندوترینی میرنشینه‌کانی کورد بووه، دابه‌شبوونی بنه‌ماڵه‌ی میرو میرزاده‌کان بووه له هه‌ڵوێستیاندا، به‌شێکیان لایه‌نگری تورکه عوسمانیه‌کان بوون و به‌شێکیان سه‌ربه فارسه‌کان بوون. دابه‌شبوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان له نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا سه‌رئه‌نجام بنه‌ماڵه‌ی میری هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی هه‌ره‌سهێنانی میرنشینه‌که. دیاره ئه‌و کاته‌ش ئه‌و دوو ئیمپراتۆرێتـه که یه‌کێکیان نوێنه‌رایه‌تی شیعه‌ی ئیسلامی و ئه‌ویتریشیان نوێنه‌رایه‌تی سوونه‌ی ئیسلامی کردووه، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان بنه‌ماڵه‌ی میرانیان دابه‌شکردووه‌و که‌ی ئیشیان پێیان نه‌ماوه شکستیان پێهێناون. له‌سه‌روه‌ختی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مدا که شێخ مه‌حمودی به‌رزنجی رابه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی کوردی له به‌شێکی سنوورداری باشووری کوردستاندا کردووه. نه‌ک هه‌ر به‌گزاده‌کانی جاف له هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌کانی تری باشووری کوردستان دژایه‌تی شێخ مه‌حمودیان ده‌کرد، به‌ڵکو له نێو بنه‌ماڵه شێخ و سهیدهکانیشدا زۆرێک هه‌بوون له‌گه‌ڵی نه‌بوون، ته‌نانه‌ت له نێو بنه‌ماڵه‌ی شێخانی به‌رزنجی خۆیشیاندا هه‌بوون پێیان وابوو که ئه‌وان له شێخ مه‌حمود له پێشترن. نه‌توانینی پێکهێنانی کۆده‌نگی و دابه‌شبوونی هه‌ڵوێستی کورد خۆی به خودی شێخ مه‌حمودیشه‌وه له نێوان ئینگلیز‌و تورکه‌کاندا وه‌کو یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کیه‌کانی شکستی شێخ مهحمودو ته‌نانه‌ت پاشگه‌زبوونه‌وه‌ش له به‌نده‌کانی رێکه‌وتننامه‌ی سیڤیهر دەشێ بەشێکی بەو هۆکارە ناوخۆییەوە ببەسترێتەوە. ئاشکراشه که ئینگلیز‌و تورکه‌کان هه‌ریه‌که به جۆرێک هه‌وڵیانداوه به‌شێک له کورده‌کان به تایبه‌تی خاوه‌ن پێگه‌و نفوزه‌کان به‌لای خۆیاندا رابکێشن، به‌وه‌ش رێگایان له درووستبوونی یه‌کێتی کورد گرتووه، واته بهچهمکه کلاسیکیه‌که‌ی هه‌میشه به‌رامبه‌ر به کورد هه‌مووان سیاسه‌تی په‌رتکه‌و زاڵبه‌یان به‌کار هێناوه‌و کوردیش به‌رده‌وام خۆی هۆکاری یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ به ئاکام گه‌یاندنی ئه‌و مه‌رامه‌ی داگیرکه‌رانی و نه‌یارانی کورد.
ئه‌وه‌ش ئاشکرایه که دابه‌شبوونی ساڵی 1964 چۆن روویداو رژێمی ئه‌و کاته‌ی ئێران چ رۆڵێکی له‌و رووه‌وه بینیووه. دیاره له‌و دابه‌شبوونه‌شدا ئه‌و ئامانجه‌ی ئێرانییه‌کان به‌دوایه‌وه بوون هاتۆته‌دی، ئه‌ویش دابه‌شکردنی بزووتنه‌وه‌ی کورد بووه له باشووری کوردستاندا. ئێران ئه‌وه‌ی له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیدا کردووه، به‌ڵام به‌شێک له کورد که پاڵیان دا به ئێرانه‌وه هه‌رئه‌وه نه‌بوو که بزووتنه‌وه‌که‌یان لاواز کرد، به‌ڵکو دواجار چوونه پاڵ رژێمی داگیرکه‌ری عێراق و هاوکاریی ئه‌و رژێمه‌یان کرد به به‌دژی میلله‌ته‌که‌ی خۆیان به‌جۆرێک تاکو ئێستاش رووبه‌رێکی دیاری کورد ناتوانێت دان به‌و هه‌ڵه‌یه‌دا بنێت، بێجگه له سه‌رکرده‌یه‌کی وه‌کو مام جه‌لال نه‌بێت که چه‌ند جارێک رایگه‌یاندووه خۆزگه ئه‌وه رووینه‌دایه. به‌هه‌رحاڵ ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی که ئێستا ده‌یبینین له هه‌ڵوێستی کورددا درێژکراوه‌ی ئه‌وه‌یه که له دابه‌شبوونی 1964ی نێوان سه‌رکردایه‌تی بارزانی و باڵی مه‌کته‌بی سیاسی‌دا روویدا. له ماوه‌ی دوای شه‌ڕی نێوان یه‌کێتی و پارتی به‌هۆی هه‌ڵوێستی نه‌رم و نیانی مام جه‌لاله‌وه سه‌رباری مانه‌وه‌ی ئه‌و رق و کینه‌یه به تووندی، به‌ڵام هه‌ڵوێسته جیاوازه‌کان زۆر زه‌ق نه‌ده‌بوونه‌وه. ئێستا رۆڵی مام جه‌لال ته‌واو بووه. هه‌ڵوێستی کاک مه‌سعودیش زۆرجار تووندی و ته‌شه‌نوجی پێوه‌دیاره. دوای دوورکه‌وتنه‌وه‌ی دکتۆر به‌رهه‌م و باڵاده‌ستبوونی ئاراسته‌ی زیاتر مه‌یلداری ئێران له ناو یه‌کێتیدا، پێموایه درزه‌کانی نێوان یه‌کێتی و پارتی زیاتر ده‌کات، به‌تایبه‌تیش ره‌نگه ئومێدی سه‌رکردایه‌تی باڵاده‌ستی ئێستای یه‌کێتی به ئێران، هه‌ڵوێستی یه‌کێتی له شیعه‌ی عێراق زیاتر نزیک بکاته‌وه، له‌به‌رامبه‌ر نزیکی پارتیدا له تورکیا‌و له سوونه‌ی عێراقی و ته‌نانه‌ت سوونه‌ی عه‌ره‌بیش. پێموایه پاڵنه‌ری سه‌ره‌کی ناکۆکی نێوان ئه‌م دوولایه‌نه به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌و دووجه‌مسه‌ره‌یه. بێگومان ئێستا بارودۆخی یه‌کێتی له‌وه‌دا نییه که بتوانێت رۆڵێکی زۆر گرنگ له‌و رووه‌وه بگێڕێت به تایبه‌تی له کاتێکدا که ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له داهاتوودا له‌وه‌ی ئێستاش لاوازتر ببێت و ئه‌گه‌ر بێداجوونەوەی خۆی نەکات بە تەواوی بکەوێتە بەراوێزەوە. ئه‌گه‌ر دکتۆر به‌رهه‌م ساڵحیش به بێ ده‌نگی ریزه‌کانی یه‌کێتی به‌جێبهێڵێت ره‌نگه بارودۆخه‌که‌ی زۆر له‌وه‌ی ئێستای لاوازتر نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جیابێته‌وه، یان حیزب درووست بکات، یان له‌گه‌ڵ گۆڕان نزیک بێته‌وه ئه‌وا یه‌کێتی پاشه‌کشه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراو ده‌کات و پێموانیه ئه‌و سه‌رکردایه‌تیه‌ی ئێستای یه‌کێتی بتوانن پێگه‌ی خۆیان و حیزبەکەیان بپارێزن. گومانیشی تێدانییه هه‌ر نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی زیاتری یه‌کێتی له شیعه‌ی عێراق و ئێران زیاتر پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌و حیزبه لاواز ده‌کات هه‌رچۆن نزیکبوونه‌وه‌ش له سوونه‌ی عێراقی و تورکیاش زیاتر پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی پارتی لاواز ده‌کات. ئەکەر نەتوانن لە بێناوی بەرزەوەندی باڵای کورددا ئەو بەیوەندییانە بەکاربهێنن.
دیاره یه‌کێتی به هیچ کام له‌م جۆره هه‌ڵوێستانه نایه‌ته‌وه مایه، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی سه‌رکردایه‌تی باڵاده‌ستی ئێستای یه‌کێتی به ئومێدی ئه‌وه‌ن حیزبه‌که‌یان زیندووبکه‌نه‌وه، ئه‌وا باشتر وایه واقیعیانه دان به‌وه‌دا بنێن که ئه‌وان له‌و ئاسته‌دا نین که بتوانن ئه‌و ئه‌رکه بگرنه ئه‌ستۆ، بۆیه تاکه رێگه‌چاره ئه‌وه‌یه که جێگاکانیان چۆڵ بکه‌ن بۆ نه‌وه‌یه‌کی تر له حیزبه‌که‌یان، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی که تاعونی ته‌که‌تول و مه‌نسوبیه‌ت و مه‌حسوبیه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌کان لێی نه‌داون. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌که‌ن دیاره مێژوو شه‌رمیان لێ‌ناکات و به‌ره‌و ئاینده‌یه‌کی نادیاریان ده‌بات. له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌و شێوه‌کارکردنه‌ی پارتیش که خۆی له لوتکه‌ی هه‌ره‌مێکی به‌رزدا ده‌بینێت، جۆرێکه له ناواقیعی بوون. مرۆڤ ئه‌گه‌ر به وردی سه‌یری بکات ده‌گاته ئه‌و بۆچوونه‌ی که بڵێت سه‌رکردایه‌تی پارتیش نه‌یتوانیووه عیبره‌ت له شکستی 1975 وه‌ربگرێت، چونکه کارکردن له ئاستی ناوه‌وه‌دا به‌و حساب بۆکه‌س نه‌کردنه‌وه‌و ئه‌و شێوازی مامه‌ڵه‌کردنه‌ش له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌نددا که به‌رده‌وام بارگاویکراوه به ته‌شه‌نوج و قه‌یران به‌دوای قه‌یراندا به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماده‌باشی کرابێت بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێکی چاوه‌ڕوانکراو، هه‌ر له‌ئه‌گه‌ری بڕینی بودجه‌وه تاکو ده‌گاته ئه‌گه‌ری هێرشی حکومه‌تی عێراقی بۆ سه‌ر هه‌رێم و واقیعی ئێستای هێرشی داعش، شێواوی تواناکانی بارتیش بۆ بەرکریکردن بە شەنکاڵ و مەخموورو ناوجەکانی تر ئەو بێ بەرنامەیی و خۆئامادەنەکردنە نیشان دەدات و دەریدەخات خوێندنەوەى بارتیش بۆ بارودۆخەکە ناواقیعیانەیەو سەرجاوەکەى خراب تێکەیشتن و خەیاڵ و وەهمە. ئەم خراب خوێندنەوەیەو ئەم خۆنەناسینەش کۆمه‌ڵگه‌ی باشووری کوردستانی دووچاری پشێوییه‌کی ترسناک و جۆرێک له بێ ئومێدی و ترس کردووه. ترسێک که دڵنیا نییه له ئایندهی خۆی. به تایبه‌تی ئه‌وه جەند مانگه حکومه‌تی عێراقی فشاری ئاشکرای خستۆته سه‌ر هه‌رێم، پارتی که بڕیاری حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیشی به ده‌سته‌وه‌یه، نه‌یتوانیووه کاروباری هه‌رێم له رووی داراییه‌وه رێکبخات و له‌و هه‌موو سامان و داهاته به‌لای که‌مه‌وه موچه‌ی ساڵێکی هه‌رێم دابین بکات هه‌تا هاووڵاتیان ئه‌و متمانه‌یان لادرووست بێت که پارتی رێوشوێنی پێویستی بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هه‌ر قه‌یرانێک داناوه که ئه‌گه‌ری روودانی هه‌بێت که مه‌به‌ست قه‌یرانی دارایی و قه‌یرانی سه‌ربازییه. بە تایبەتی لە کاتێکدا کە بارتی باسی سەربەخۆیی و دەوڵەت دەکات دەبێ بزانێت کە ئەو ئەو تا ئێستا کردوویەتی نەک زەمینەسازی نییە بۆ دەوڵەت بەڵکو تەنیا قسەیە بۆ سۆز‌و عاتیفەى جەماوەر کە ئەوەش جۆرێکە لە تێنەکەیشتنی واقیع و بێداویستیەکانی.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت، پارتی و یه‌کێتی هه‌ردووکیان له قه‌یراندان، قه‌یرانی یه‌کێتی قه‌یرانی شکسته له ئاستی سه‌رکردایه‌تی و جه‌ماوه‌ریدا، قه‌یرانێک که سه‌رکرده‌کانی ئێستای یه‌کێتی ناتوانن پێشی خۆیان ببینن، بۆیه ئه‌گه‌ری ده‌ربازبوونیان له‌و قه‌یرانه زه‌حمه‌ته. قه‌یرانی پارتی خراپ تێنەگهیشتن و خراپ خوێندنه‌وه‌ی واقیعی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و خراپ خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ههرێمایهتیهو وه‌کو له کورده‌واریدا باوه کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو هێلکه‌کانه له یه‌ک زهمیلهدا که ئه‌ویش زه‌میله‌ی تورکیایه. راسته تورکیا ده‌وڵەتێکی گرنگه به‌ڵام ئه‌و خه‌ریکی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌تی و له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیشیدا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارتی درووستکردوو، ئه‌گینا هه‌رگیز تورکیا روانینی بۆ کورد له روانینی عێراق و ئێران باشتر نیه. بۆیه جۆرێکه له هه‌ڵە تێگه‌یشتن ئه‌گه‌ر پارتی پێی وابێت تورکیا تاکه پشت و په‌نای هه‌رێمی کوردستانه. ئێستا به ئاشکرا هه‌ڵوێسته‌کانی تورکیا به‌رامبه‌ر به داعش دیاره‌و بێگومان ده‌شێ سه‌رباری پاڵپشتی و لایه‌نگری بۆ داعش ده‌شێ به ناوی لێدانی داعشه‌وه په‌لاماری هێزه کوردییه‌کان بدات له رۆژئاوای کوردستان به تایبه‌تی په‌یه‌ده‌و پێکه‌که.
راسته پارتی زیاترین ده‌نگی هێناوه له کوردستانداو تاکو ئێستاش به جیاوازییه‌کی زۆر له پێش رکهبهرهکانیهوهیه، به‌ڵام ده‌بێ بزانێت دابه‌شبوونێکی ئاشکرا له بڕیاری سیاسی باشووری کوردستاندا هه‌یه‌و ئه‌وه‌ش خاڵی لاوازی کورده به‌رامبه‌ر به حکومه‌تی ناوه‌ند. هه‌روه‌ها پارتی تاکو ئێستا نه‌یتوانیووه ئه‌وه به‌باشی بخوێنێـهوه که رووبه‌رێکی فراوان له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بێ ئومێدبووه له سیاسه‌تی خراپ به‌ڕێوه‌بردنی دوو ده‌یه‌ی رابردووی پارتی و یه‌کێتی و ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی رووخاندن و لاوازبوونی ئینتیمای رووبه‌رێکی فراوانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان و زۆرێک له جه‌ماوه‌ر زه‌قکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی نێوان سه‌رکردایه‌تی بارزانی و مالیکی یان بەشێک لەبەربرسانی تری بەغدا به کێشه‌ی شه‌خسی تێده‌گه‌ن، ئه‌وه‌ش وایان لێده‌کات خۆیان به به‌شێک له‌و کێشانه نه‌زانن. له‌روویه‌کی تریشه‌وه رووبه‌رێکی فراوان له جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ژیان و ئاسووده‌یی و هێمنی ده‌وێت و ناشتوانێت بڕوا به‌وه بکات که مالیکیء حکومه‌تی ناوه‌ند مه‌ترسی بن بۆسه‌ر هه‌رێمی کوردستان. ته‌نانه‌ت بۆچوونی له‌وجۆره‌ش هه‌یه که درووست‌کردنی قه‌یران له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ شاردنه‌وه‌ی قه‌یرانه ناوخۆییه‌کانی هه‌رێمه. مه‌به‌ستمان له‌م قسانه ئه‌وه‌یه که پارتی و یه‌کێتی له ئاستی سه‌ره‌وه‌یاندا به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئاسته‌کانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌و ته‌نانه‌ت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌رله‌مان و خه‌ڵک یه‌کتر تاوانبار ده‌که‌ن و له‌ژێر کاریگه‌ری ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌دا هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به‌یه‌کترو به‌رامبه‌ر به به‌غداو به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌کانی تری ناو کوردستان و جه‌ماوه‌ریش وه‌رده‌گرن که ئه‌وه‌ش لێکه‌وته‌ی نه‌رێنی ترسناکی بۆ سه‌ر ئایندهی کورد ده‌بێت.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌م شێوازه کارکردنه نه خزمه‌تی خودی یه‌کێتی و پارتی ده‌کات، نه خزمه‌تی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی دۆزی کورد ده‌کات، به‌ڵکو له‌به‌رده‌می هه‌مان مه‌ترسیه‌کانی رابردوودا رامان ده‌گرێت، بۆیه پێویسته پارتی وه‌کو هێزی یه‌که‌م و یه‌کێتیش وه‌کو هێزێک که سه‌رباری پاشه‌کشه‌و ململانێ سه‌خته‌کانی ناوخۆی هێشتا به‌رپرسیاره له رووبه‌رێکی فراوانی جوگرافیای کوردستان، پێویسته به لۆجیکی عه‌قل کاربکه‌ن و خۆیان له هه‌ڵچوونی ژێرکاریگه‌ری سۆز‌و عاتیفه‌و له کاریگه‌ری رق و کینه‌ی رابردوو رزگار بکه‌ن چونکه ئاینده به‌م فاکته‌ره لاوازانه بینا ناکرێت به‌ڵکو عه‌قڵ و مه‌نتیق و لێکدانه‌وه‌ی عه‌قڵانی و خۆناسین و خوێندنه‌وه‌ی واقیعیانه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خۆ‌و کۆمه‌ڵگه‌و ده‌وروبه‌رو ده‌ره‌وه‌ش ده‌بێته بنه‌ما بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌کی گه‌شترو بهروبیناکردنی مێژوویه‌ک که بوونی راسته‌قینه نه‌ک وه‌همیانه‌ی تێدا بسه‌لمێندرێت.