سوارە کەمال : کورتە سەرنجێک لە سەر پیلانی تورکیا .
نزدێک بە نەوەت و دوو ساڵە ئیمبراتوریەتی ئوسمانی هەرەسی هێناوە ، هەفتاو شەش سالێشە کەمال ئەتاتورک لە ژێر خاک نراوە ، کەچی سیاسەتوانی تورک لە ئێستاشدا هەمان قەوانی بیرو هزری کەمالی و ئوسمانی دەژەنن .
پاش ئەوەی حکومەتی بەغداد کەوتە دەست ” شیعەکان ” ، و بەشێک لە خاکی رۆژئاوای کوردستانش کەوتەوە دەست کورد ، پارتەکانی تورک بەگشتی ، دادو گەشەپێدانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەتایبەتی ، ئەم گۆڕانكارییانهیان وەک ههڕهشه لهسهر ئاسایش و بهرژهوهندییهکانی تورک هێناویانەتە ئەژمارکردن ، بۆیە زۆر بەوردی کەوتنە دارشتنی پیلان بۆ گەراندنەوەی ئەو سەنگ و پێگەیەی کە لە رابردوودا لە ناوچەکە هەیان بووە . بۆ ئەو مەبەستە چەندین پیلانیان پیادەکردووە ، لێردا تەنها کورتە سەرنج لە سەر سێیان دەدەین :
یەکەم : بە مەبەستی لێدانی پێگەی ئیران ، حکومەتی ترک ، بە زمانی کلتووری ئیسلامی کەوتە هاندان و فریودانی سننەی تورکمان ، عەرەب و بەشێک لە کورد ، بۆ ئەوەی هەر لایەنەو بەو شێوازەی بۆی مەیسەر دەبێ دەستبکات بە دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی لە نێو ئیراق .
دووەم : واژووکردنی رێکەوتننامەی پەنجا ساڵی لەگەل ” حکومەتی هەرێم ” ، جگە لە بەدەستهێنانی سامانێکی بێژومار ، مەبەستی بووە هەرێم دووربکاتەوە لە کۆماری ئیسلامی ئیران ، و بە کوردانی باشوورش بەتایبەت پارتی سنووری تورکیا لە گەریلاکانی پەکەکە بپارێزی .
سێیەم : پشتگیری کردنی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی ( داعش و بەرەی نسرە )، بەمەبەستی تێکشکاندنی هێزی پەیەدە و روخاندنی رژێمی ئەسەد .
دیارە ناکوکی نێوان ئەسەدو و تورکیا ، هۆکارێ مێژینەی هەیە ، لەوانە هاوسەنگەربوونی سوریا لەگەل ئیران ، بوونی لایەنگرانێ بێ ژوماری پ ک ک لە رۆژئاڤای کوردستان ( کە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی ئەسەدی باوک ) . واتە کەوتنی رژێمی سوریا بە حساباتی تورکیا ، بە کەوتنی دوو دوژمن ، دەرەکی و ناوخۆیی هاتووتە ئەژمارکردن .
پرسیار ئەمەیە تورکیا لەم پیلانە سەرکەوتوودەبێت ؟
لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە پێم وایە حکومەتی تورک بە هەڵەدا چووە .
یەکەم : پێگەی پ ک ک لە رۆژئاڤا ، ئەو قۆناخەی تێپەراندووە بە پیلانی تورکیا تێکبشکێت
، لە بەر چەندین هۆکار ، لەوانە : پ ک ک زیاتر لە ٩٠٠٠ هەزار شەهیدی رۆژئاڤایین ، ئەگەرچی لەمرۆدا زڵهێزەکان بەپاساوی ئەوەی پ ک ک لە نێو لیستی تیرۆردایە نەتوانن راستەوخۆ هاوکاری بکەن ، بەڵام حزبی یەکێتی دیموکراتی کوردستان (پەیەدە) کە رابەرایەتی رۆژئاڤا دەکات ، بەپێی پێوەرو پێوانەكانی یاسای نێودەولەتی دەبێ لەبەرەی دژە تیرۆردا ئەژماربکرێت ، بۆیە وڵاتانی هاوپەیمان ناچارن بەشێوازێک راستەوخۆبێ یان بە رێگای سێیمەوە هاوکاریان دەبن .
دووەم : ئەو ئوپوزسیونەی تورکیا پالپشتی کردووە (داعش و نسرە) دەیان قەیرانی لێدەکەوێتەوە ، زۆر سەختە تورکیا بەبێ باج لێدەربازبێ ، لەبەر دوو هۆکار ، یەکەم تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەرهەم هێنی ئیسلامی سیاسیە ، ئاسان نیە بتوانی بەکردەوە دژایەتی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش ) بکات ، ( بەپێی چەندین سەرچاوەی نافەرمی لە 10% چەکدارانی داعش تورکن ) . ئەگەر ناچاربکرێت دژایەتیان بکات ، بێگومان بەشێکی بەرچاو لە تورکەکان رازی نابن و دەکەونە دژایەتی ئەم دەسەڵاتەی ئەردۆغان . لەهەمان کاتدا ئەگەر بەپاساوی جوراوجور خۆی لە بەرەی دژە تیرۆر بدزێتەوە ، لەمەشیاندا بەمانای بەشداربوو لە زیان گەیاندن بە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە دەناسرێت . کەواتە تورکیا بەشداربێت لە بەرەی دژە داعش یان نەبێ ، یەکێکە لەو ولاتانەی محالە ئەمجارەیان بە بێ زیان دەربازی بێت .
دەبێ حزبە کوردستانیەکان چیبکەن ؟
پێم وایە ئەردۆغان ، بەرانبەر بە پرسی کورد وێرای ئەوەی ناچاربووە ملدابدات بۆ چەند مافێکی ڕووکەش ، بەڵام لە جەوهەردا ئەگەر لە حوکمدارەکانی پێشووتر خراپتر نەبێ ، باشتر نابێ ، بۆیە دەبێ حزبەکان ئەگەر لەمرۆدا نەتوانن کۆنگره ی نه ته وه یی ببەستن ، لایەنی کەم دەبێ دەستبکەن بە دارشتنی ستراتیژێكی هاوبهش ، بەپێی ئەوەش بکەونە ئاراستە کردنی ڕووداوەکان تا بە قازانجی گەلی کوردستان تەواو بێ .