شاناز ئیبراهیم ئەحمەد : هەق وایە بەم جۆرە ئیتیفاق بکرێت .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
هەمووان دەزانین کە تەبایی و یەک دەنگی و یەک دەستی و هاوپەیمانیتی لایەنە سیاسیەکان زەرورەتێکە بۆ ئەمرۆی کوردستان و هەمووانیش چاوەروانین. چەند رۆژێکە کە چەندین کۆبونەوەی دوو قۆڵی و چەند قۆڵی بۆ ئەو مەبەستە ساز کراوە و یەکێتی و پارتیش بە نیازن ئیتیفاقی ستراتیژی نێوانیان دابرێژنەوە من پێم وایە کە خاڵی یەکەمی هەر ئیتیفاقێکی سەرکەوتوو دەبێ بە کۆتایی هێنان بە حوکم و بریاری تاکرەوانە لە هەرێمدا دەست پێ بکات کە هۆی سەرکی کێشە نەتەوایەتی و ئابوری و ناوچەیی و ناوخوێی و دەرەکیەکانن .
دەبێ لیژانی بەهێز لە کەسانی یاسایی و شارەزا و خاوەن ئەزمونی کورد و غیرە کوردی ووڵاتانی دەرەوە پێک بهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوەیکی شەفاف لە هەموو ئەو بابەتانەدا کە بونەتە مایەی نیگەرانی خۆمان و خەڵکی کوردستان وەک: تاوانی بەدەستەوە دانی شنگال، پشت کردنە کۆبانی و خەڵکی کۆبانی ، گرێبەستە نەوتیەکانی هەرێم و بەتایبەتی گرێبەستە پەنجا ساڵیەکەی نێوان هەرێم و تورکیا، لێکۆڵینەوە لە داهات و خەرجی هەرێم، هۆ و شێوازی بەفیرۆدانی سەروەت و سامانی گشتی، لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی دابەشکردنی هاوکاری خێرخوازی و پارە و چەکو تەقەمەنیەکانی کە لەسەرتاسەری جیهانەوە رەوانەی هەرێم دەکرێن ، هۆی راستەقێنەی بێ بەش کردنی هەرێم لە لە ٪١٧ی بودجەکەی و برسی کردنی خەڵک، ئەنجامی بریارە تاک رەوانە و میزاجیەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لە کات و ساتە جیاوازەکاندا، هۆکاری نەگەراندنەوەی دەستور بۆ پەرلەمان و … هتد . هەروەها پێداگری بکرێت لە هەڵوەشاندنەوە و راست کردنەوەی هەموو ئەو بریارانەی کە بەناوی هەرێمەوە دراون بە بێ گەرانەوە بۆ هیچ حزب و لایەنێکی تر و تەنانەت زۆر جار بۆ پەرلەمانیش .. لەوانە هەڵکەندنی خەندەق.. داخستن و کردنەوەی سنور.. هێشتنەوەی سوپای بێگانە بە بەردەوامی لە هەرێمدا.. دەستکاری کردن و گۆرینی کتێبی خۆێندگەکان و بە حزبی کردنیان.. قورخ کردنی پەیوەندیە دیبلۆماسی و ئابوری و سەربازی و ئەمنی و ناوخۆیەکانی هەرێم و هتد … ئەمانە تەنیا چەند خاڵێکن لە کۆی ٢٦ خاڵی کە دەبێت لەو کۆبونەوە و ئیتیفاقانەدا بچەسپێنرێن .. چونکە هەر ئەوکات دەتوانرێ باس لە تەبایی و یەکریزی راستەقینە بکرێ دەنا گەر ئەو ئیتیفاقانە تەنیا بۆ ئەوە دەبێت کە یەکێتی بکرێتە شەریک و هاوپەیمان لە تاوان و هەڵەکاندا و همدیس یەکێتی ناچار دەکرێت کە باجی بریارە تاکرەوانە و یەک لایەنەکانی بەرامبەرەکەی بدات ئەوا لەو بروایەدا نیم کە کادرو ئەندامانی دڵسۆزی یەکێتی پەسەندی بکەن و خۆ ئەگەر بۆ ئەوە دەبێت کە دەمی میدیاکانی یەکێتی و هەندێک گۆڤارو رۆژنامەی وەک لڤین و هاووڵاتی و ئاوێنە و میدیا ئازادەکانی پێ کپ بکرێت ئەوا هەر پێویست ناکات ئەو بەرێزانە خۆیان ماندوو بکەن چونکە قبوڵکردنی ئەو جۆرە ئیتیفاقانە لەم سەردەمەدا محاڵە و نابێت ناوی لێ بنرێت ئیتیفاقی ستراتیژی .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە