دکتۆر کەمال میراودەلی: با شەری سەربەخۆیی نەتەوەیی بکەین نەک جاشێتییەکی تر.
چاوپێکەوتنی گۆڤاری رۆژی وڵات لەگەڵ دکتۆر کەمال میراودەلی
ئەم چاوپێکەوتنە بە دوو بەش بلاو بۆتەوە – بەشی یەکەم
تەوەری سێیەم : شەڕی پاشەرۆژی نەتەوەیی زامنکراو یان شەڕی جاشێتیی .
*** ئەم شەڕە پێشمەرگە نایکات. پێشمەرگە تێوە گلاوە . پێشمەرگە بزانێت شەری نانەتەوەیی ناکات . پێشمەرگە بە نانەزگیی بە خێو دەکرێ و چەوساوەترین و غەدرلێکراوترین توێژی خەلکی وڵاتەکەمانە .. ئەوانەی راستەخۆ بۆ بنەمالەو حیزب شەڕ دەکەن پێشمەرگە نین و شەرەفی پێشمەرگایەتییان نییە وەک ئەوانەی شەنگال و مە خمووریان تەسلیمی داعشەکان کرد..
گەر شەری پێشمەرگەو کورد بووایە ئەوا لە پێش هەموو شتێکدا کورد دەبوو شەڕی شەرەف بکات ، دەبوو پێش ئازادکردنی شەنگال شەڕی هیچ شوێنێکی تر نەکەن. شەر دەبێت ستراتیجییەتێکی نەتەوەیی و ئامانجی نەتەوەیی لە پشت ىێت. دەبێ پرینسیپێکی نەگۆڕی شەرەفی نەتەوەیی شەڕ بەڕیوە بەرێت .
*** کەس ناڵێت : تورکیا هەرە گرنگ نییە بۆ کورد. کەس نالێت : دۆستایەتی تورکیا نەکەن و هەول نەدەن بەدیلێک بۆ عێراق گەر بە یەکجاری تێکچووین بدۆزنەوە. بەلام دۆستایەتیی و نۆکەریی جیایە . گەوادی سیاسیی و سیاسەت جیایە . گەوادی سیاسیی ئەوەیە تۆ وەک زەعیفەیەک لە ژوورە تاریکەکاندا لەگەڵ دەعبای وەک ئەردۆگان دانیشی و ولاتەکەتی کەس نازانێت بە چ نرخێک پێ بفرۆشی . سیاسەت ئەوەیە بە رۆژی رووناک و سەربەرزانە ، وەک نوێنەری خۆت و خێلەکەت و حیزبەکەت نا، وەک نوێنەری گەلەکەت و نەوەکانی و پەرلەمانەکەت ، بە تورکیا بلێین راستە دۆستین و دۆستایەتیمان دەوێت بەلام فەرموو وەرە با [ پەیمانێکی دۆستایەتی] بە ئاگاداری نەتەوە یەکگرتۆکان ببەستین ، زۆربەی لە بەرژەوەندی تۆدا بێت و بە ئاشکرا ئیمزای بکەین و بیبەین لە پەرلەمانی ولاتەکەماندا موناقەشەی بکەین و رازی بین لە سەری و ببیتە پەیمانی یاسایی و نێونەتەوەیی دۆستایەتیمان بۆ ٢٠ یان سی سالی داهاتوو..
رۆژی ولات : بەڵام سەرکردایەتی کورد بە گٶرانیشەوە دەلێن ، کە ئەمڕۆ دنیا یارمەتی کورد دەداو چەکی بۆ دەنێرێ و ئەمەش زامنی پاراستنی کوردستانە ؟
کەمال میراودەلی : ئەمە سەخیفترین شتە کە دەوتڕێت. نازانم سەرانی کوردو حیزبە مافیاکان و بۆشنبیرانی حیزبیی و سێبەریی حیزب کەی واز لەو فشەو دیماگۆگییە تاوانکارانە لە سەر حیسابی راستگۆیی و شەرەف و کەرامەتی خەلک دێنن.
١. چەکدار کردنی کورد لەوەوە هاتووە کە وێنای کورد لای ئەوروپاو غەرب ئەوەیە کە کورد هێزێکی جەنگاوەرە کە بە درێژایی مێژوو وەک جاش و مورتەزەقە بۆ خەلکی تر بە تایبەتی دەولەتانی دوروبەری داگیرکەری خۆی جەنگاوە. بۆیە هەموو کاتێک وەک لەشکرێکی مورتەزەقە دەشێ کەڵکیان لێ وەربگیرێت ، بەکارهێنانی کورد بۆ دروستکردنەوەی عێراق لە جیاتی سەربەخۆیی کوردستان دوای رووخانی سەددام و چەکدارکردن و بەکارهێنانی ئیستاش دژی داعش لەم تێگەیشتنەوە هاتووە. شایانی باسە پێش ئەم رایەی ئەوروپا دەربارەی کورد ، ئەحمەدی خانی نەمر ئەو حەقیقەتەی دەرخست کە کورد جەنگاوەری ئازان بەلام هاوکاری یەکتر ناکەن و دەوڵەت بۆ داگیرکەرانیان دروست دەکەن و خۆیان کردووە بە سەددی خوێن لە نێوانیاندا .
٢. دۆکترینی [ باوەڕی سیاسیی ] نوێی ئەمریکا ئەوەیە لەو کێشانەی جیهان کە زۆربەیان خۆی دروستی کردوون .
١- دەوڵەتە ناوچەییەکان تێوە بگلێنێ بە تەنیا ، بە کۆمەڵ، یان هاوپەیمانیی فراوان وەک ئێستا گوایە دژی داعش دەیکات و هەموو ئەرکەکە خۆی نەیکێشێت
٢ – بە شێوەیەکی رەها ئەمریکا دوای ئەزموونی ئەفغانستان و عێراق نایەوێت هێزی سەربازیی زەمینی خۆی بەکاربێنێت بە ژمارەیەکی کەم نەبێ وەک جاسووس و چاودێرو ئامۆژگارو ، دەبێ لە بری ئەمە لەشکرو هێزی ولاتانی تر بەکاربێنێت ، هێزی پێشمەرگەی کورد هێزێکی خوێن بەلاش و بێ خاوەنە بە تایبەتی دوای هەرەسی هەولێر لە بەردەم داعشداو بە فریاکەوتنی ئەمریکا ، دەسەلاتی کوردی ئەو نرخەی نەماوە بتوانێت بڵێ : نا و ئەمریکا لە کوێ جاشایەتی پێ بکات دەبێت قبوڵی بکات .
٣ – بەشێک لە دۆکترینی نوێی ئەمریکا ئەوەیە لە جیاتی کێشەکانی ئەو ولاتانە چارەسەربکات کە راستەوخۆ هەرەشە لە ئەمریکا ناکەن زیاتر ئالٶزو خەستیان بکات و ولاتانی زیاتر و زیاتر تێوە بگلێنێت ، بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە رێگای بازاری ڕەشەوە هەردوو یان فرە تەرەفەکانی نیزاع چەکدار بکەن بۆ ئەوەی تا دەتوانن یەکتر ببڕنەوە ، ئەمەش لە لایەکەوە بە ئامانجی دروستکردنی بازارێکی جیهانیی گەورەی جەنگ و خوێن و نائارامیی بۆ گەرمکردنی بازاڕی چەکفرۆشتن کە گەورەترین داهاتی ئەمریکا لە چەکفرۆشتنەوە دێت و مونافەسەی روسیاو چینی پێ دەکات . لە لایەکی ترەوە بۆ دروستکردنی نائارامیی و ترسی دەولەتەکان لە رووخان و هەرەسهێنان کە وایان لێ دەکات زیاتر و زیاتر بچنە باوەشی ئەمریکاوەو بۆ لابردنی هەتاهەتایی هەر هەڕەشەیەکیش کە دەشێت لە سەر مانی ئیسرائیل و نەخشەکانی بێت.
٤ – دانی چەک بە کوردستان بۆ ئەوەیە راستەخۆ ئەمریکاو ولاتانی ناتۆ هەرێمی کوردستان و نەوتەکەی کۆنترۆل بکەن ، کورد تەنیا شەڕێکی پاشەرۆکی لاوازو ناپرۆفێشنال دەکات . هێزی ئاسمانی بەپلەی یەکەم و هێزی تایبەتی پسپۆری بەریتانی و ئەمریکی لە سەر زەمین ، ئەوسا هێزە عێراقییە پرۆفیشناڵەکان وەک تیمی ئەلغام دەرهێنانەوەو بەتاڵکردنەوەی بۆمبرێژکراوەکان… هتد ، نەخشەو پرۆسەکان بەڕێوەدەبەن . ئەمە خەتەری ئەوە دەکات کە سەربەخۆبوونی کوردستان خەتەرتریش بێت لە سەربەخۆنەبوونیی چونکە وەک هەرێمێكی نەوتیی تەنیا دەبێتە بازارێک بۆ چەک ساغکردنەوەو جەنگانی جاشانە بەرامبەر هەر دەولەتێک ئەمریکاو ئیسرائیل و تورکیا بیانەوێت جا ئێران بێ یان هێزە کوردییەکانی ناوچەکانی تر. بەلام بەدڵنیایی یەوە لەبەرنامەی ئەمریکاو ناتۆ و تورکیادا نییە کە دەولەتۆکەیەکی کوردیش دروست بکات .
رۆژی وڵات : واتە بە ڕای تۆ ئەم شەڕەی ئێستا پێشمەرگە دەیکات شەرێکی جاشایەتییە بۆ ئەمریکاو ولاتانی تر ؟
بەڵی بۆ ئەمریکاو بۆ تورکیا و بۆ ئێرانێش . ئەم شەڕە پێشمەرگە نایکات. پێشمەرگە تێوە گلاوە. پێشمەرگە بزانێت شەری نانەتەوەیی ناکات . پێشمەرگە بە نانەزگیی بەخێو دەکرێ و چەوساوەترین و غەدرلێکراوترین توێژی خەلکی وڵاتەکەمانە .. ئەوانەی راستەخۆ بۆ بنەمالەو حیزب شەڕ دەکەن پێشمەرگە نین و شەرەفی پێشمەرگایەتییان نییە وەک ئەوانەی شەنگال و مەخمووریان تەسلیمی داعشەکان کرد..
گەر شەری پێشمەرگەو کورد بووایە ئەوا لە پێش هەموو شتێکدا کورد دەبوو شەڕی شەرەف بکات ، دەبوو پێش ئازادکردنی مەخموور [ لەبەر نزیکی لە هەولێر) و شەنگال [ وەک شەرێ شەرەف و نەتەوایەتی کوردیی ] شەڕی هیچ شوێنێکی تر نەکەن . شەر دەبێت ستراتیجییەتێکی نەتەوەیی و ئامانجی نەتەوەیی لەپشت بێت . دەبێ پرینسیپێکی نەگۆڕی شەرەفی نەتەوەیی شەڕ بەڕێوەبەرێت .. شەری جەلەولاو ئەو هەموو قوربانییانە لەوێ بۆ ؟ لە کاتێکدا خۆیان دەلێن %٨٠ ی خەلکی جەلەولا ئێستا عەرەبن واتە ئەم شەڕە نەخوازراوە تەنیا دوژمنی عونسوری بۆ کورد زیاد دەکات و گەر کورد ئازادیشی بکات بە قوربانییەکی زۆر نەبێت ناتوانێت بمێنێتەوە ؟ ئایا زامنی ئەوەی کردووە عێراق رێی دەدا بمێنێتەوە ؟ بەلام ئەمە شەڕێک بوو بە بەشداری پاسداری ئێرانیی و بۆ خاتری ئێران کە جەلەولا لەسنوورەکەیەوە نزیکە . هەروەها شەری سەددی موسڵ بۆ ئەمریکا کرا ، دیارە هێزی ئاسمانی ئەمریکی کردی لەگەڵ هێزی تایبەتی بەریتانی و پرۆفێشنالی عێراقی و مورتەزەقەی کوردیی . هەروەها شەری ئامێرلی … هێزی ئاسمانی ئەمریکیی و پاسداری ئێرانیی و وەک دەوترێ خودی قاسم سلێمانی تێیدا بەشدار بوو لەگەڵ میلیشیای شیعی و سوپای عێراقی کوردیش وەک مورتەزەقە .. چونکە بۆ شیعەکان شەڕی شەرەف بوو ، شەری رزگارکردنی ١٧٠٠٠ ژن و مندال و خەلکی شیعە. بۆیە وا بە جددی ئێران هاتە سەر خەت ، کەچی لە شەنگال ٢٠٠،٠٠٠ ژن و مندالی کورد لە خاکی خۆیان هەڵکەنران ، کوژران ، قەلاچۆکران ، بە زۆر لە دین وەرگێڕدران ، کچ و ژنەکانیان بردران و فرۆشران ، هەزارانیان کۆمەلکوژران … ئەمە هەر نەبووە هەوالێکی گرنگیش تاقە یەک هەوال لەلایەن وەزارەت و دەزگاکانی کوردییەوە بڵاو نەبۆوە ، تاقە هەولێکی جیهانی بۆ رزگارکردنی خەلک و کچەکان نەدرا ، لە کاتێکدا ئەو هەموو سەفیرو گزیرو گەوادەیان بە ناوی کوردەوە لە دنیادا هەیە ، ، هەموو هەوالەکان لە وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق و ئاژانسە بێگانەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە ئەوانیش لە دەزگای میدیایی مافیایی بێشەرەفی کوردیی بڵاوناکرێنەوە. میدیای میتیی ودەزگای داعشیی [ رووداو ] هێشتا زەمینەی شەری کوردو کورد خۆش دەکات . کەواتە بۆ کورد شەرێک نییە خۆی بە ئیرادەی خۆی بۆ شەرەفی نەتەوەیی و ئامانجی نەتەوەیی خۆی بیکات .. شەری زەعیفیی و خیانەت و سەرشۆڕیی وجاشەتیی و ئاشبەتالی ئەوانەیە پێیان دەوترێ سەرکردەکانی کورد.
رۆژی وڵات : ئەی چار چییە ؟ کورد چی بکات ؟
بەداخەوە دیسان دێینەوە سەر جوغزێکی بٶش کورد کێیە تا چی بکات؟ گەر کوردی هەموو کوردستان وەک ستراتیچ و سەرکرادیەتییەکی یەکگرتوو سەیر کەین ، زۆر شتی گەورە هەیە بیکات ، گەر پارتی و بارزانی بۆ خاتری تورکیا رێگایان لە کۆنگرەی نەتەوەیی و یەکخستنی ستراتیجی نەتەوەیی کورد نە گرتبا ، ئێستا کورد لە لوتکەی هێزو دەسەلاتدا دەبوو.. دەبووە کاریگەرترین هێزی سەربازیی و سیاسیی رۆژهەلاتی نێوەند .. بەلام ئێستا دیسان کورد، مەبەست کوردی باشوورە ، وەک لەعنەت تووشی ئەو سەکرادیەتییە شاخییە دواکەوتووە ئاشبەتاڵییانە بووە ..
من لە هەشتاکانەوە دەربارەی سیاسەتی کوردیی و حیزبەکان دەنووسم . هەمیشە دەبێ هەمان هۆکار، هەمان راستیی هەمان وابوویی هەمان چارەسەری دووبارە کەینەوە . راستیی ئەحمەدی خانی و دوای ئەو حاجی قادری کۆیی هێچ شتێکیان لە دەستنیشانکردنی دەردەکان و چارەسەرەییەکان و دانانی پرۆگرامێکی نەتەوەیی نوێخواز بۆ نەهێشتووینەوە. بە داخەوە ئێرە جێی نییە بە درێژی باسی ئەمە بکەم .
ئەوەی من هەمیشە وتوومە لە کۆژیریی یان (کۆمنسینس) زیاتر نییە کە پێویستە هەموو سەرکردەو سیاسیی و رووناکبیرو مرۆڤێکی کورد هەیبێت ئەویش ئەوەیە :
١. کەس ناڵێت تورکیا هەرە گرنگ نییە بۆ کورد. کەس نالێت دۆستایەتی تورکیا نەکەن و هەول نەدەن بەدیلێک بۆ عێراق گەر بە یەکجاری تێکچووین بدۆزنەوە. بەلام دۆستایەتیی و نۆکەریی جیایە . گەوادی سیاسیی و سیاسەت جیایە. گەوادی سیاسیی ئەوەیە تۆ وەک زەعیفەیەک لە ژوورە تاریکەکاندا لەگەڵ دەعبای وەک ئەردۆگان دانیشی و ولاتەکەتی کەس نازانێت بە چ نرخێک پێ بفرۆشی. سیاسەت ئەوەیە بە رۆژی رووناک و سەربەرزانە ، وەک نوێنەری خۆت و خێلەکەت و حیزبەکەت نا ، وەک نوێنەری گەلەکەت و نەوەکانی و پەرلەمانەکەت ، بە تورکیا بلێین راستە دۆستین و دۆستایەتیمان دەوێت بەلام فەرموو وەرە با [ پەیمانێکی دۆستایەتی ] بە ئاگاداری نەتەوە یەکگرتۆکان ببەستین زۆربەی لە بەرژەوەندی تۆدا بێت و بە ئاشکرا ئیمزای بکەین و بیبەین لە پەرلەمانی ولاتەکەماندا موناقەشەی بکەین و رازی بین لە سەری و ببیتە پەیمانی یاسایی و نێونەتەوەیی دۆستایەتیمان بۆ ٢٠ یان سی سالی داهاتوو … بە بی بوونی پرۆسەو پەیمانێکی فەرمیی ئاوا کە پەرلەمانی هەردوو وڵات دیباتی بکاو بریاری لە سەر بدات ، هەموو رێکەوتنێکی فشەی دوو قٶلی لە ژوورە تاریکەکاندا دەچێتە خانەی گەوادیی سیاسیی یەوە . ئایا ئەوە شتێکی هێندە زۆرە گەر دۆستین داوای پەیمانێکی دۆستایەتی مۆرکراو بریاردراو لە تورکیا بکەین ؟ ئەوسا دەزانین ئێمە لە کوێ وەستاوین ، کە لەگەڵ عێراق تێکمان دا بە دیلمان هەیە یان نا . بەلام قسەی زارەکی و پەیمانی نەنووسراو لە گەوادنامە زیاتر نین .
٢. ئازادی و سەبەخۆیی ئاواتی هەموو کوردێکە بەلام چۆن سەربەخۆ دەبی؟ بە دوو سێ قسەی مەزاجی هەردوو ساڵ جاڕێک بە فیت و نەقیزەی ئەم یان ئەو دوژمن یان دەڵاڵ؟
کەمێ کەمتر لە پێش سەد ساڵ لە ١٩١٦ دا سایکس پێکۆی بەریتانیا و فەرەنسا بە پێی پەیمانێكی نووسراو رۆژەلاتی نێوەراستی میراتی عوسمانییان بەش کرد. دوای ئەوە بە ساڵێک لە ١٩١٧ دا بەریتانیا بە ئاشکرا بەلێنی بەلفۆری وەزیری دەرەوەی بەریتانیای وەک بەلگەنامەیەکی فەرمیی راگەیاند کە پشتگیری دامەزراندنی دەوڵەتێکی جوولەکە دەکات لە سەر خاکی فەلەستین هێشتا تا ساڵی ١٩٤٨ هەلومەرجی دروستبوونی ئەو دەولەتە فەراهەم نەبوو . ئێستا لەم سەردەمەدا کە تەکنۆلۆجیای زانیاری ئەوەندە زۆرو بەهێزە ، کەس ناتوانێ لە دایکبوونی منالێکی زۆلێش بشارێتەوە ، چۆن دەولەتی کوردیی بە نهێنی و بە فشە دروست دەبێت . نابێت پرۆژەی دەولەتەکەمان دابێتە نەتەوە یەکگرتۆکان و لۆبیمان بۆ کردىێت و هەر نەبێ یەک لە زلهێزەکان بە ئاشکرایی پشتگیری رەسمیی و نووسراوی خۆی بۆ راگەیاندبێت؟ کوا.. هەموو بەڵگەو فشەی دەولەتی کوردی ئەوە بوو ، گەر مالکی بمێنێ دیکتاتۆرە و لەگەڵی هەڵناکەین بۆیە جیا دەبینەوە.. تو خودا ئەمە بەهانەو بەلگەی سەربەخۆ بوونە ؟
٣. لە لایەکی تریشەوە ئەوە ئەو پەڕی سەخافەت و جێگەی گاڵتەپێکردنە کە ٢٣ ساڵە حکومەت بیت لە وڵاتی خۆتدا و زۆر لە سەروەرییەکانی دەولەتت هەبێت ئەم سەروەرییە لە دەستووریک بۆ ولاتەکەتدا بەرجەستە نەکەیت و ئیرادەو ئیدارەی نەتەوەکەت یەک نەخەیت و ماف و ئەرکەکان و مەسئولیەت و موحاسەبە دیاری نەکەیت ؟ کەچی بێ ئابرووانە جار لەدوای جار رەخنە لە مالکی بگریت کە پێڕەوی دەستووری ئەو ولاتە ناکات بە هی خۆتی نازانی و دەتەوێ بێ ئەوەی دەستووری خۆت هەبێ یان بێدەرپێ لێی جیابیەوەو گلەیی لە مالکی بکەی کە عەورەی تۆ ناشارێتەوە ؟ ئەم مەهزەلەی خۆریسواکردنە تاکەی ؟
٤. لە ئاستی نەتەوەییدا ئەمرۆ سەربەخۆییی هەر بەشێک بە بێ زامنی ئاشتی وپشتیوانی بەشەکانی تری کوردستان و پەیمانەی شەرەفی نەتەوەیی کە هیچ چەکێک. هێزێک ، پێشمەرگەیەک دژی هیچ شۆرشگێرو کوردێکی هیچ بەشێکی دیکەی کوردستان بەکار نایات و کورد شەری کورد ناکات و ئەمریکییەکان و تورکەکان وئێرانییەکان و عێراق ئەمە قبوڵ دەکەن ، ئەوسا دەتوانین باس لە سەربەخۆیی یەک ناوچەو بەش بکەین . لە ١٩٨٤ ەوە سەدان وتارو پرۆگرام و دەستووری ئامادەشم بۆ ئەم مەبەستە پێشکەش کردووەو ئەنجامی سفر بووە.
رۆژی ولات : ئەی بۆ ئێستا کە ئەمریکاو ولاتانی غەربی کورد چەکدار دەکەن و تەدریب بە پێشمەرگە دەکەن ، دەبی هەڵوێستی هەنووکەیی کورد چ بێت ؟
کەمال میراودەلی : هەمان لۆجێک . ناتوانن بە ئەمریکا ، ئەوروپاو تورکیا ، ئێران ، عێراق بڵێن ئەرێ ئێمە بۆچی دەجەنگین ، بۆ ئەو هەموو دنیایە دەیەوێت ئێمە چەکدار بکات و ئێمە ئەو هەموو شەهیدە بدەین ؟ ئەرێ دوای رزگارکردنی جەلەولاو سەددی موسل و زومارو بەعشیقەو ئامێرلی و چاڵە نەوتییەکان چ بۆ کورد دەبێت ؟
بە ئەمریکا بلێن ئێمە بۆچی دەجەنگین ؟ ئایا دەهێلن لە کەرکوک وکوردستانی دەرەوەی هەرێم بــمێنینەوە یان بە شەق ، خۆتان یان لە رێگەی عێراقەوە دیسان پێمان چۆل دەکەنەوە و دەمانخەنەوە ناو خەتی ٣٦ – ەوە؟
ئایا دەهێلن دەولەت راگەیەنێن و نەوتەکەمان خۆمان بیفرۆشین ؟
گەر ئا ، فەرموو بەلینێکی بلفۆرمان بە نووسراوی بدەنێ. فەرموو با پەیمانێک ئیمزا بکەین تا میللەتەکەمان دڵنیا بکەین ، فەرموون وەرن قسە بۆ پەرلەمانەکەمان بکەن .
گەر نا. با درۆ لەگەڵ خەڵکی کورد نەکەن و دان بە نەزۆکی و جاشێتی خۆیاندا بنێن . بێ پەیمان و بەلێنی ئاشکراو نووسراو کە پەرلەمان رازی بێت لەسەر ، ئەم شەڕە شەڕی جاشێتیی یە ..
با خەڵک خۆی مشوری خۆی بخوات ..
لە لایەکی تریشەوە گرنگە بۆ پەرلەمانە فشەکەی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە کە هەوڵ دەن بەخێرایی پەیمانی شەرەف لە نێوان هەموو هێزە کوردستانییەکان ئیمزا بکڕێت کە ئەو چەکانە هەرگیز رۆژێ لە رۆژان دژی کورد لە لایەن کورد خۆیەوە بە کار نایەت و پێویستە کوردی باکوورو رۆژاواش بەشیان لەو چەکانەدا هەبێت مادام بۆ شەڕی داعشن .