کەمال میراودەلی : دەربارەی داعش بە کورتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چاوپێکەوتنی گۆڤاری رۆژی وڵات لەگەڵ دکتۆر کەمال میراودەلی

 

ئەم چاوپێکەوتنە لە دوو ژمارەی مانگانەی دوایی گۆڤارەکەدا بلاوکراوەتەوە 

                                                                                   بەشی یەکەم – تەوەری چوارەم : داعش .

رۆژی ولات : بیینە سەر داعش” ئەم رێکخراوە چۆن هەلدەسەنگێنن ؟

دایلەکتیک باشترین روونکەرەوەیە بەو مەرجەی لە روانگەیەکی عەقلیی شیکارییەوە  دروستیی یەکسانیی ئەوپەڕی دژەکانی  بسەلمێنین .

واتە بەلای منەوە هێچ دژایەتییەکی رەها نییە لە بووندا نییە ..

دژایەتی تەنیا رەوشیکی رێژەیی یە لە شیکردنەوەی دواییدا هەموو شتێک دژەکەیەتیی .. تەنیا مەسافەیەکی رێژەیی جیاوازیی لە نێواندا یە کە تێیدا دەشی دوو دژەکە لە رەویش تەباییدا بن .

کەواتە بەوە دەست پێدەکەم :

داعش هیچ نییە و هەموو شتێکە ..

شەرێکی محەللی بچووکە کە زوو تەواو دەبێت و شەرێکی جیهانیی گەورەیە کە درێژە دەکێشێ .

داعش دەربڕی جەوهەرو حەقیقەتی ئیسلامەو داعش گەورەترین دوژمن و ناشیرینکەری ئیسلامە . 

داعش دیاردەو رێکخراوێکی تازەیە کە تەنیا دوو ساڵە لە سوریا دروست بووە ، داعش یەکجار کۆنەو لە ئیسلام خۆی کۆنترە .

داعش گەورەترین تاوان بەرامبەر گەنجانی بێکەس وبیکارو لە کۆمەل نامۆ دەکات و داعش گەورەترین دەرفەت و هیواو هێزو وەهم بەو گەنجانە دەدات .

داعش هەموو هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان پشتیوانییان دەکەن و هەمووشیان دوژمنایەتی دەکەن .

داعش شەرێکی کەلتووریی –شارستانییە ، بۆ پاراستنی ئیسلام، داعش شەرێکی کەلتووریی  شارستانی دروستکراوە بۆ لەناوبردنی شارستانێتی کۆنی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و گێرانەوەی گەلەکانی بۆ قۆناغی سەرەتایی مێژوو .

داعش بانگەوازیكی ئیسلامی جیهانییە ، داعش مارکەو کەمپەینێکی بازرگانییە بۆ دروستکردنی بازارێ خوین و نەوت و چەک .

داعش سەرەتای مێژوویەکی نوێیە ، داعش بۆ سەلماندنی تییۆرییەکەی  Francis Fukuyama  فرانسز فوکویاما : کۆتایی مێژوو- و دوا مرۆڤ دروست بووە .

داعش عەقیدەیەکە بۆ دورستکردنی کۆمەل، عەقیدەیەکە  بۆ لەناوبردنی کۆمەل و بنسازیی کۆمەلایەتیی پیکەوەژیانی مرۆڤەکان .

بۆ ئیمەی کوردیش دەشێ داعش هەلێک بێت بۆ ناسین و پشتگیری و یەکگرتنەوە ئاخریی سەربەخۆبوونمان ، دەشێ هەڕەشەیەکی کوشندەش بێت بۆ لەناو بردنی هەموو هیزو دەسکەوتەکانمان [ هێزی سەربازیی پەکەکە ویەپەگەو هێزی پێشمەرگەو دەسکەوتەکانی باشوور ورۆژاوا ] ..

بەداخەوە کات ومەوداکە ئەوە نییە بە درێژیی دروستیی ئەو هاوکێشە دژانە لیک بدەمەوە : راستی لێکدانەوەی هەر یەک لەمانە بە سەرچاوەو بەلگەو داتاو شیکردنەوەی میتۆدیی زانستیی ، باسێک یان کتیبێکی دەویت .

ئەوەی کە دەمەوێ زۆر بە توندی جەختی لەسەر بکەم

 نابێ نابێ هێچ دیاردەیەک بە بێ بیرکردنەوەو شیکردنەوە وەربگرین. دوو پرینسیپی سەرەتایی بینینی فەلسەفی ئەوەن :

١. هەموو شتێک پێشینەی هەیە واتە پرۆسەیە ، لە خۆیەوە لە نەکاو هەڵنەقولاوە ، لە شتێکی کەمەوە بووە بە شتێکی زۆر، لە شتێکی بچووکەوە بووە بە شتێکی گەورە، لە شتێکی گەورەوە چووک بۆتەوەو بەرەو نەمان چووە . 

٢. هێچ شتێک بوونی تەنیای رەهای نییە واتە بەشێکە لە تۆرێکی گەورەتری شتەکان، رووداوەکان ، پێوەندییەکان ئەمە بە ئینگلیزیی پێی دەلێن: بینینی دیمەنە گەورەکە [ بیگ پیکچەر]

وەک پرۆسە :

داعش دەگەرێتەوە بۆ قاعیدە ، قاعیدە بۆ تالیبان کە بەریتانیا و سی ئای ئەی ، بە پارەی سەعودییەو خەلیج دروستیان کرد بۆ دژایەتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان ، کێشەی ئەفغانستان دەگەرێتەوە بۆ شەری ساردو گەرمی بەرەی رۆژهەلات و رۆژاوا ، دروستبوون و شەری ئەو دوو قوتبە بۆ جەنگی جیهانی دووەم دەگەڕێتەوە، جەنگی جیهانی دووەم بۆ سەرهەلدانی نازییەت لە ئاکامی جەنگی جیهانیی یەکەمدا کە ئەڵمانیا تێیدا شکاو مەرجی قورسی بەسەردا سەپێندرا ، شەڕی جیهانی یەکەم  بۆ بەربەرەکانی ولاتە سەرمایەدارییەکان دەگەڕێتەوە کە رێکەوتنی سایکس پیکۆی بۆ دابەشکردنی مومتەلەکاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تێدا ئەنجام درا،  هەرەسی دەولەتی عوسمانی بۆ بەربەرەکانی جیهانی ئیسلامی و مەسیحیی دەگەڕێتەوە کە پاشخانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی سەلیبییەکان ،  وەحشییەت و بەربەریزمی شەڕی سەلیبی بۆ بەرهەڵستی بەربەریزمی وەحشییەتگەری غەزەوات وداگیرکاریی ئیسلامی دژی رۆم و وڵاتە مەسیحییەکان دروست بوو ..

هەر دوو بەربەریزمەکە بەهانەو پاڵپشتیان ئایدیۆلۆجی دینیی بوو لە دڕندەترین و دڵرەقترین مانای جیهاد دا لە هەر دوو لاوە.. داعش بەرهەمی ئەو ئایدیۆلۆجییەو ئەو مێژووەو زۆر کۆنتر لەو مێژووەشە!

وەک دیمەنە گەورەکە داعش دەربڕینی شەڕێکی جیهانیی شاراوەیە کە رۆژهەلاتی نێوەند و ئەفریقاو ئاسیای گرتۆتەوەو هەڕەشە لە ئەوروپاش دەکات .

داعش دوور نییە لە هیرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزەو کێشەی ئۆکرانیا.. هەر دوو کێشەی ئۆکرانیا و داعش لە کۆبوونەوەی ئەم دوایی یەی ناتۆ دا پێکەوە باس کران و بڕیاریان لە سەر درا .

داعش درێژبوونەوەی شەری ئەهلی ناو لیبیاو بلاوبونەوەی چەک و چەکدارو جیهادییەکانی ولاتانی مەغریبی عەرەبییە بە پشتیوانی قەتەرو تورکیا .

 داعش بەشیکە لە هەولی ئەمریکا کە عێراق لە ئێران و دەسەلاتی شیعە دوورخاتەوەو بیخاتەوە ناو چوارچیوەی ستراتیجی غەربیی و دورستکردنی بەرەیەکی سوننە بەرامبەر بەرەی شیعەی ژیر رکیفی ئێرانیی ..

داعش و کەشتییە  نەوتەکانی حکومەتی هەرێم دوو دیمەنی تەواو کەری یەکترن . هەردووکیان بوونە هۆی دابەزینی گەورەی نرخی نەوت لە جیهاندا، داعش بەرمیلی نەوت بە ١٠ دۆلار بە تورکیا دەفرۆشێت، نەوتی هەرێم بە ١٠ دۆلاریش کەس نایکڕێت. ئەمە گەورەترین زەڕبەی لە ئابووری و توانای سەربازیی روسیا داوە کە %٢٠ دابەزینی نرخی نەوت بۆتە هۆی %٢٠ کەمهێنانی بودجەی ولاتەکەی.. لە لایەکی تریشەوە داعش بۆ چاندنی ترس و دروستکردنی نائارامی و وێنەی دۆزەخ دروست بووە، بۆیە هەموو ولاتانی دنیا بە تایبەتی ولاتە عەرەبییەکان بودجەی چەککڕینیان بە ئاستێکی زۆر زیاد کردووە و پەیمانی هاوکاری سەربازیی لە نێوان هەر هەموو وڵاتانی عەرەبیدا دژی داعش بە  ڕێبەری سعودیەو چەک و پلانی ئەمریکا دروست بووە … ئەمەش پێشبڕكێی چەک دروستکردن وچەک فرۆشتنی دروستکردۆتەوە کە غەرب دەیەوێ روسیاو چین تووشی ئەم بەزمە بکات و بەمە وهەم بە کۆنترۆلی ولاتە نەوتییەکانی رۆژهەلاتی نێوەند، گەمارۆی ئابووریی و جەنگی ئابووری دژیان بەرپا کات. ئەمە تەنیا بەشێکی بچوکی دیمەنە گەورەکەی دیاردەی داعشە بە داخەوە لەمە زیاتر باسەکە زۆر درێژە دەکێشێت . ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە داعش هەر جەبهەی نوسرە بوو ، دروستکراوی تورکیایەو ئەجندای ئەو جێەجێ دەکات .. بە بێ پشتگیری تورکیا مەحاڵ بوو ئاوا ببێتە جانەوەرێکی زەبەلاح. تا ئێستا ئاوایە و گرەوەکە ئەوەیە ئایا ئۆباما بەراستی دەیەوێ لە داعش بدات ؟

ئایا تورکیا دەبێتە بەشێک لە هەڵمەتی دژی داعش ؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت