Ibadi

ئارام قزلەریی : کەچەڵ حەسەن .. حەسەن کەچەڵ .

چەندساڵێک  لەمەوبەر بە هەمان ناونیشان وتارێکم نوسی . مەبەست لەو وتارە ئەوەبو جگە لە گۆڕینی دەموچاوەکان ، هیچ جیوازیەک نیە لە نێوان صەدام و جەعفەری و عەلاوی و هەموو ئەو دەسەڵاتدارە عەرەبانەی دەبنە سەرۆک وەزیران یان دەبنە وەزیر لەناو حکومەتی بەناو فیدڕاڵی عێراقدا .

لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە لەلایەن ئەمەریکاو هاوپەیمانیەکانی ، حکومەتی عیراق بە دەورگێڕانی کورد وەک هێزێکی سەرەکی سەرلەنوێ دامەزرایەوە . ئیتر لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ کورد لەگەڵ دەموچاوە نوێکانی حکومڕانی دوای سەدام لەمشتومڕدایە بۆ وەدەستهێنانی ماف . ئەوەی حکومڕانەکانی عێراقی نوێی لە وانی پێشتر جیادەکتەوە چەند فاکتەرێکە .

1 / گەورەیی ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعە .

2 / ناڕێکی ماڵی سونە .

3 / ناڕێکی کۆی پێکهاتەکانی عێراق .

4 / هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان .

5 / نەبوونی زەمینەیەکی بەهێز بۆ دروستکردنی کارەکتەرێکی هاوشێوەی صەدام .

گەڕانەوە  بۆڕابردوو نەبینینی  جیاوازییەکانە  لەگەڵ ئەمڕۆ ، کلتورێک  درێژ بۆتەوە بۆ ئەمڕۆ ، شمشێرەکان هەمان شمشێرن ، بەدەست هەمان هۆزی داگیرکارو پەلهاوێژ لە نیوە دورگەی عەرەبییەوە تا ئەمرۆ چۆن بیردەکاتەوە و چۆن هەوڵیان داوە کۆنتڕۆڵی بیرو رەفتار و زەویی گەلانی تر بکەن ، ئەمڕۆ بەهەمان شێوە هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە جگە لە گۆڕینی دەموچاوەکان .

تاکی کورد بێزار بووە لەبەڵێنە بێ بنەماکان ، عێراق پێکهاتەیەکە لەبنەمادا لەسەر خواستی گشتی دانەڕێژراوە ، کورد پێهاتەیەکی ئەو سێکوچکە نەخوازراوەیە لەژێر ڕەشماڵی بەناو عێراقدا بەزۆر خزاوەتە گۆشەیەکییەوە ، گەر گۆرانکاریی بەهێزەکانی ناوچەکە نەبووایە ، کورد لەهەمان گۆشەدا دەمایەوە لەدوورەوە دەبوایە بیڕوانیایە پێگەی بەغداد و بڕیارەکانی بەغدادیش تەنها لەسەر خاکداگیرکردن و جینۆسایدکردن و کۆتایی هاتنی دەبوو . لەو ماوەدا کۆمەڵێک بڕیار و ڕێکەوتنی ژێر بەژێر پڕ لەپیلان  ، هیچ کارێکی باش چاوەڕوانی لەدەسەڵاتە یەکبەیەکەکانی عێراق بۆ کورد ناکرا ، ئێستاش پاش ئەوەی عێراقی نوێ بنیادنراو ، کورد وەک فاکتەرێکی باش و نیت پاکی لەوەی وەک گەلێکی دوور لە تۆڵەسەندنەوە هاتەوە پێشەوەو خوازیار بوو لە عێراقی نوێدا دەوریی باش و مافی باشی هەبێت ، کەچی هەر ڕۆژەی بەبیانووی  کارێکەوە بە ئاراستەیەک مافی پێشەل دەکرێت ، گەر بڵانسی هێزی سەربازی و سیاسی نەبێت بەهەمان زەمەنی دەسەڵاتەکانی پێستر ڕەفتاری لەگەڵ دەکرێت .

لەوەدەچێت رووخانی سەدام ، وانەو شەرم نەبووبێت بۆ دەسەلاتە نوێکان ، لەماوەی دەسەڵاتە نوێکەدا کۆمەڵیک بەڵێنو گفت درا ، بۆئەوەی کورد وەک هێزێکی دەرکەوتەو هاوبەش لە عێراقدا بەشدار بێت ، بەڵام داڕشتە فێڵاوییەکان بۆ دورخستنەوەو پێشەلکردنی داخوازییەکانی کورد ، سەرۆک وەزیران لەدوای سەرۆک وەزیران تەنها بەڵێنەکان دەبنە مەرەکەبی سەر پەڕەو لە ئەرشیڤی بەڵێندانانی عێراقدا هەڵدەگیردرێن .

 کەواتە بیرکردنەوەکان بەردەوام دەبن و خولیاکان لەبەغداد و لەماڵی پێکهاتە عەرەبییەکەی حاکمدا ، گۆرانکاریی لێ چاوەروان ناکرێت  ، لەلای کورد ئەوەی دڵخۆشکەرەیەو ساڵ لەدوای ساڵ خۆی پێ دەخەڵەتینیت  ، ڕەفتارکردنە لەگەڵ ناو و دەموچاوە نوێکاندا ..

عەبادی بێت یان مالیکی و … هتد ، لەهەر نەرمونیانیەکیاندا بەهۆی گۆڕنکارییە بەهێزەکانی سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازیی ماڵی کوردەوەیە ، نەک لەخۆشی خۆیان  …

 

نەفرەت لە فاشست وردو درشتی

دوژمنی کوردن هەموو بەگشتی

جەعفەر مالکی حەیدەر عەلاویی

صدام و عودەی عەلی کیمایی

نیە جیاوازی  لە نێوانیانا

مەگەر لەدەنگ و دەموچاویانا

هەر هەموو مارن بۆ گەردنی کورد

کوردیش بۆ ئەوان خۆی کردوە بە پرد

ئیتر وەختیەتی بە نەعلەتیان کەین

چاک تا خراپیان لە وڵات دەرکەین