Refiq-Sabir

دکتۆر رەفیق سابیر : لە بارەی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە ناردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

شاخەکە زا و مشکێکی بوو!

  * چۆن مرۆڤ دەتوانێت باوەڕ بهێنێ کە دوژمنی هەرەگەورەی کورد، کە داعشی لە کۆبانی بەرداوە ، ئێستا دەیەوێ پێشمەرگە بە ناو تورکیادا بڕوات تا داکۆکی لە کۆبانی بکات!

رۆژی ٢٢ ئوکتۆبەر پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانەوە ، بە رێی تورکیادا، بنێرێت بۆ کۆبانی. ئەم بڕیارەی پەرلەمان دوای ئەوە هات کە هێزی سەربازی ئەمێریکا ، بە فرۆکەی تایبەت کۆمەکی سەربازی و مرۆیی گەیاندە کۆبانی . لە هەمان کاتدا حکومەتی ئەمێریکا تورکیای ناچار کرد کە رای بگەیەنێت کە رازییە هێزی پێشمەرگە بە تورکیادا بچێتە کۆبانی.
ئەم بڕیارەی پەرلەمان ، ئەگەر تەڵەیەکی تورکیا نەبێت بۆ کۆبانی و رۆژئاڤا نرابێتەوە، لە رووی سیاسی و مەعنەوی و رەمزییشەوە، بڕیاریکی باشە. بەڵام بڕیارەکە هەم زۆر درەنگ دەرچووە ، هەم بڕیارێکی لاواز و نیوەچڵە و کەمترین داخوازی و پێداویستتەکانیی خەڵکی کۆبانی بەخۆ گرتووە چونکە:
یەکەم : لە کاتیکدا خەڵکی کۆبانی و دەیان وڵاتی دنیا ، لە ئەمێریکا و رۆژئاواوە بۆ هەندێک وڵاتی ئاسیا ، داوا لە ئەردوگان و حکومەتەکەی دەکەن کە دەست لە گەمارۆدانی خەڵکی کۆبانی هەڵبگرێت و سنوورەکەی ، کە تاکە دەروازەی خەڵکی کۆبانییە ، بکاتەوە ، بۆ ئەوەی کۆمەکی سەربازی و مرۆیی بە خەڵکەکەی بگات . کەچی پەرلەمانی کوردستان لە بڕیارەکەیدا ، چاو لەم مەسەلەیە دەپۆشیت و لەخۆی رانابینێت داوای لەم جۆرە لە حکومەتی تورکیا بکات!
دووەم : بڕیارەکەی پەرلەمان تەنیا باسی ناردنی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ کۆبانی ( کە دەوتری سەدوپەنجا تا دووسەد پێشمەرگە دەبێت ) بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ کۆمەکێکی دیکەی سەربازیی وەک ناردنی چەک و تەقەمەنی ، یان کۆمەکی ئابووری و مرۆیی بکات. لە کاتیکدا ئەرکی نەتەوەیی ، مرۆیی و ئەخلاقیی پەرلەمان بوو ، کە لە بڕیارەکەیدای ئاماژە بەم جۆرە هاریکارییانە بدات ، تەنانەت ئەگەر هەرێمی کوردستان لە ئێستادا نەشتوانێت ، وەک پێویست ئەم کارە بکات . چونکە ئەمەشیان داخوازییەکی زۆر گرنگی خەڵکی کۆبانییە.
سێیەم : نوێنەرانی خەڵکی کۆبانی بەردەوام دەڵێن کە داوای پێشمەرگەیان نەکردووە و پێویستیان بە هیزی پێشمەرگە نییە ، ئەردوگان و حکومەتەکەی، دوای فشاری ئەمێریکا ، ئەم مەسەلەیان هێناوەتە گۆڕ ، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە خۆیان لە فشاری جیهانی دەرباز بکەن ، بێ ئەوەی چنگیان لە گەرووی کۆبانی بەربدەن . هەروا تورکیا مەبەست و پلانی خۆی هەیە. تورکیا بە نیازە لەگەڵ چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانی ، هێزێکی گەورەی سوپای ئازادی سوریا ، کە داردەستی تورکیان، بە ناوی هاوکاریی کۆبانییەوە، بنێرێتە کۆبانی بۆ ئەوەی دواتر لە ناوەوە پەلاماری ئیدارەی کۆبانی بدات و بیرووخێنێت . ئەمڕۆ ٢٤ی ئوکتۆبەر ئەردوگان ، لە تالین ، پایتەختی ئیستۆنیا رای گەیاند کە یەدەپە رازییە سەدوسی پێشمەرگە و هەزارو سێسەد چەکداری سوپای ئازاد لە دەروازەی سنووری کۆبانییەوە بچنە کۆبانی. بەڵام پەیەدە ( یەکێتیی پارتی دیموکرات) هەواڵی رازیبوونی چوونی لەشکری سوپای ئازادی بۆ کۆبانیی بە درۆ خستەوە. مایەی سەرنجە هەر ئەمڕۆ ، لە کەناڵی تەلەڤزیۆنی سکای نیوز، پەخشی عارەبی، لە کاتی پەخشی هەواڵی سەعاتی حەوتی ئێوارێ ، شیکەرەوەیەکی سیاسیی تورک محەمەد زاهیر گوڵ ، کە لە حیزبەکەی ئەردوگانەوە نزیکە ، وتی تورکیا و هەندێک وڵاتی عەرەبی و کورد ، بڕیاریان داوە هاوکاریی کۆبانی بکەن ، بەڵام نەک لە رێی پەیەدە و ساڵح موسلیمەوە ، بەڵکو لە رێی ئەو کوردانەی کە تورکیا دانی پێدا ناون و بە رەسمیی دەیان ناسێت. کەواتا روونە پلانێکی نوێ لە دژی کۆبانی بەڕێوەیە . تورکیا دوای ئەوەی نەیتوانی لەرێی داعشەوە کۆبانی بگرێت، ئێستا دەیەوێت لە رێی داردەستانی خۆیەوە ، سوپای ئازاد و جلخوارانی کورد، کۆبانی لەناوەوە بڕوخێنن و دەستی بەسەردا بگرن.
خەڵکی کۆبانی چەندان جار دووپاتیان کردۆتەوە کە ئەوان تەنیا پێویستییان بە چەکی قورس و کۆمەکی مرۆیی و کردنەوەی سنووری تورکیایە. کەواتا بۆ پێشمەرگەیان بۆ دەنێرن؟! ئایا دەیانەوێ بە گوڵیک بەهار بهێنن؟ چۆن مرۆڤ دەتوانێت باوەڕ بهێنێ کە دوژمنی هەرەگەورەی کورد، کە داعشی لە کۆبانی بەرداوە و رێگە نادات لاوانی مەدەنیی کۆبانی، لە تورکیا بگەڕێنەوە بۆ کۆبانی، کەچی رێگە دەدات پێشمەرگە بە ناو تورکیادا بڕوات تا داکۆکی لە کۆبانی بکات. ئەم ماستە بێ موو نییە!! ئایا باشتر نییە حکومەتی هەرێم لە جیاتی ئەوە، لە ناوچەی شەنگال بەرەیەکی نوێی شەڕ لە دژی داعش بکاتەوە، نەک سەرئێشەیەکی تر بۆ خەڵکی کۆبانی زیاد بکات.؟
سێیەم: دیارە ئەم بڕیارەی پەرلەمان ، ئەگەر بەو جۆرەی پەرلەمان نیاز و ئامانجی بووە، جێبەجێ بکرێت، سوودێک بە خەڵکی کۆبانی دەگەیەنێت، بەڵام بەلای زۆرەوە تورکیا و هاوکارانی ئامانج و پلانی دیکەیان هەیە. بۆیە حکومەتی تورکیا سوودمەندی هەرەگەورە دەبێت لەم بڕیارە. ئێستا تورکیا دەتوانێت بە ئەمێریکا و دنیا بڵێت کە ئەو گەمارۆی کۆبانی نەداوە، ئەوەتا رێگە دەدات سوپای ئازاد و دوای ئەوانیش پێشمەرگە بچنە کۆبانی. تورکیا لەم رێگەیەوە هەم دەیەوێ فشاری نێودەوڵەتیی سەبارەت بە گەمارۆدانی کۆبانی، لەسەر خۆی کەم بکاتەوە، هەم دەیەوێت لە کاتی گونجاودا و لە رێی هێز و داردەستانی خۆیەوە، حکومەتی کۆبانی بڕوخێنێت و تەسلیمی سوپای ئازاد و جلخوارانی کوردی بکات. لە لایەکی ترەوە کاتێک حکومەتی تورکیا ناچار کرا رازی ببێت سنوورەکەی بۆ پێشمەرگە بکاتەوە تا بچێتە کۆبانی، زۆرینەی خەڵکی تورک ( ببە ناسیۆنالیستە عەلمانی و ئیسلامییەکانەوە) کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی کەوتنی کۆبانی و کۆکوژیی خەڵکەکەی دەکەن ، ناڕازی بوون و فشاریان بۆ حکومەت هێنا. ئێستا کە سەرەتای پلانەکەی تورکیا دەرکەوتووە، فشاری نێوخۆ لەسەر حکومەتی تورکیا کەم بۆتەوە. چونکە خەڵکی تورکیا دەزانن ئەمە فێڵێکی تری حکومەتی تورکیایە لە کورد دەکرێت.
لە کاتی ئێستادا مەحاڵە و سەد جار مەحاڵە کورد و تورکیا لە مەسەلەی کۆبانی و هیچ مەسەلەیەکی دیکەی سیاسی و ئابووریدا ، هاوبەرژەوەند و هاوئامانج بن.
ئەم بڕیارەی پەرلەمانی کوردستان ، لەگەڵ هەموو ناتەواوییەکانی ، دوو لایەنی باشی هەیە ، بەو مەرجەی بڕیارەکە تەڵەیەکی تورک نەبێت ، کە بە دەستی کورد بۆ کۆبانی نرابێتەوە:
لایەنی یەکەمیان ئەوەیە کورد بۆ تورکیا و دنیای دەسەلمێنێت کە یەک جەستەیە، یەک نەتەوەیە و پرسی گەلی کوردستان، لە هەر بەشێکی کوردستاندا، پرسی هەموو کوردە.
لایەنی دووەمیشیان ئەوەیە، بە پێی قانوونی ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥ پەرلەمانی کوردستان، وەک نوێنەری هەڵبژێردراوی گەلی کوردستان ، مەرجەعی بڕیاردانە لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان. ئاشکرایە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم، ئەگەر بەپێی دەستووری عێراق، پرسێکی عیراقی بێت و لە دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقدا بێت، ئەوا ئەم پرسە، بۆ هەرێمی کوردستان پرسێکی چارەنووسسازە و پەیوەندیی بە پەرلەمان و دەسەڵاتی پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە. ئەمەش دەبێتە پێشینەیەکی گرنگ، کە دەتواندرێت لە داهاتوودا وەک عورفێک سوودی لێوەربگیرێت و لە دەستووری هەرێمدا بچەسپێندرێت. لە هەمان کاتدا دەبێت ئەم هەنگاوەی پەرلەمان لەم سنوورەدا نەوەستێت ، بەڵکو پەرلەمان بە جیدی پێدابگرێ تا قانوون لە هەرێمی کوردستاندا سەوروەر بێت، بۆ ئەوەی هەموو مەسەلە چارەنووسوسسازەکانی هەرێم، لە دەستی حیزب و تاکەکەس دەربهیندرێن و بخرێنە بەردەستی پەرلەمان و لەوێ باس بکرێن و بڕیاریان لەبارەوە بدرێت ، بۆ نموونە کێشەی سیاسی و دارایی هەرێم لەگەل بەغدا، پەیوەندیی دەرەوەی هەرێم ، هەروا مەسەلەی بەرهەمهێنان و ناردنەدەرەوەی نەوت و داهاتەکەی ، گرێبەستی نهێنی و ناقانوونییانەی پەنجاساڵەی فرۆشتنی نەوت بە تورکیا، کە ئەمانە بوونەتە مایەی کێشەی مەترسیدار و درووستبوونی کێشەی سیاسی لەگەڵ بەغدا ( رەنگە سبەینێ لەگەڵ ئێرانیشدا) هەروا بوونەتە هۆکاری بڕینی موچەی فەرمانبەران و راگرتنی پرۆژەکان و بیکارکردن و برسیکردنی سەدان هەزار کەس.
ئەم بریارەی پەرلەمان ، لەبارەی ناردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانی ، باری تورکیا و پەرلەمانی کوردستانی سووکتر کرد، بەڵام باری گرانی خەڵکی کۆبانی و رۆژئاوای سووکتر نەکردووە و بەلای زۆرەوە باریان قورستر دەکات . چۆن دەکرێت بڕیارێک بۆ کۆمەک و هاریکاریی خەڵکی کۆبانی بێت ، بەڵام داخوازییە هەرە پێویست و هەرە بەپەلە و گرنگەکانی ئەوان ( چەک و کۆمەکی مرۆیی و کردنەوەی سنوور) لە بڕیارەکەدا نەبن ، لە جیاتیان تەواوی بڕیارەکە تاکە شتیکیان پێ رەوا ببینێت ، ئەویش ناردنی هێزی پێشمەرگە ، کە ئەوان دەڵین پێویستمان نییە. بەراستی ئەمە مایەی سەرنجە!!. بۆیە خەڵکی کۆبانی و رۆژاڤای کوردستان ناهەقیان نییە ئەگەر بڵین : شاخەکە زا و مشکێکی بوو.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت