Kubani

گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور : كۆبانێ و ڕاچه‌نینی نه‌ته‌وه‌یی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵانێكی زۆره‌ قه‌ندیل نه‌بێت ، ئه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییه‌ لای تاكی كورد و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بوونی نه‌بووه ‌.

له‌ ڕۆژهه‌ڵات ، كامپنشینی هێزه‌ سیاسییه‌كان و به‌رنامه‌ڕێژیی كۆماری ئیسلامی بۆ خووگرتنی گه‌نجان به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر، له‌ باشوور شه‌ڕی ناوخۆو دواتر مژینی خوێنی گه‌ل له‌لایه‌ن دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ، له‌ باكور و رۆژئاواش به‌ هۆكاری جیا هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی مردبوون .
به‌هاری عه‌ره‌بی ته‌كانێكی به‌ ڕاپه‌ڕین و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاری له‌ ڕۆژئاوادا ، به‌ڵام قوت بوونه‌وه‌ی داعش وه‌ك دوژمنێكی ده‌ره‌كی ڕاچه‌نینی له‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیدا دروست كرد و خرۆشانی ئه‌م هه‌سته‌ی گه‌یانده‌ لوتكه ‌.
ئه‌و ده‌مه‌ی شه‌نگال له‌لایه‌ن هێزێكی كوردییه‌وه‌ ڕاده‌ستكراو كوردانی ئێزیدی به‌و ده‌رده‌ بران، كچان و كوڕانی ڕۆژئاوا سه‌رباری ئه‌ركی خۆیان، پاراستنی هاوزمانیان به‌ ئه‌ركێكی تر ده‌زانی و گه‌شتنه‌ باشوور، گه‌ریلا له‌ قه‌ندیله‌وه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌و مه‌خموریان ڕزگار ده‌كرده‌وه‌ ، نیگار حسیه‌نی له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌چێته‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ و ده‌بێته‌ یه‌كه‌م شه‌هیدی ڕۆژهه‌ڵات له‌ كاتی به‌رگری له‌ باشووری نیشتمانه‌كه‌ی!
قووڵ بوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان به‌ جۆرێك هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی لای كورد گه‌یانده‌ لوتكه‌ كه‌ سنووره‌ ده‌ستكرده‌كانیان سڕییه‌وه ‌.
كۆبانێ هه‌موومانی كۆ كرده‌وه‌، ئه‌وه‌تا كاتێك مه‌ترسی داگیر كردنی ئه‌و شاره‌ زیاتر ده‌بێت ، به‌ جارێك له‌ ڕۆژهه‌ڵات شه‌قامه‌كان ده‌بنه‌ جێی هاواری كورد و هاوار بۆ به‌ هاناوه‌ چوونی ئه‌و شاره‌ كوردییه‌ ده‌كه‌ن، له‌ باشوور لاوان ته‌نانه‌ت ژنان و منداڵان به‌ ڕۆژ و شه‌و له‌سه‌ر شه‌قام ده‌بن و ده‌یان خۆپیشاندان و ڕێپێوان بۆ وورووژانی ڕای گشتی جیهان ڕێك ده‌خه‌ن ، له‌ باكووری وڵات گه‌نجان ڕاپه‌ڕین به‌رپا ده‌كه‌ن و وڵاتێكی داگیركه‌ر ناچار ده‌كه‌ن له‌ پشتیوانی تیرۆریزم و كاری تیرۆریستی ده‌ست هه‌ڵگرێت .
له‌ ڕۆژئاوا دایكان منداڵان جێ ده‌هێڵن و به‌رگری له‌ خاك ده‌كه‌ن ، باشوور جه‌نگاوه‌ر بۆ پشتویانی هاوزمانیان ده‌نێرن و پێشوزایش له‌ پێشمه‌رگه‌و جه‌نگاوه‌رانی باشوور له‌ باكوور و ڕۆژئاوا فرمێسكی شادیی له‌ چاوی بێ هه‌ستترین مرۆڤیش خسته‌ سه‌ر گۆنا!
ئه‌م ڕاچه‌نینه‌ هه‌موو دنیای سه‌رسام كردووه ‌، ئه‌وه‌تا زۆر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ خۆیان به‌ كه‌م ده‌زانن له‌ چاو ئه‌و بوێری و خه‌باته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كورد بۆ پشتیوانی له‌ یه‌ك ده‌یكات .
من له‌وه‌ ده‌گه‌ڕێم كه‌ جیهان ڕۆڵی له‌م هه‌موو گۆڕانه‌ سیاسییه‌ و سه‌ربازییه‌ چییه‌و كه‌ی و چۆن گۆڕانكاری له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی جیهان ڕوو ده‌دات و جوگرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین چی لێ دێ و داهاتووی كورد چی ده‌بێت و ڕۆژ ئاواو ئامریكا به‌ تایبه‌ت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورد و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ چی ده‌بێت؟
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ ڕاچه‌نینێكی نه‌ته‌وه‌ییه ‌، ڕاچه‌نینێك كه‌ هه‌ر لایه‌نێكی كوردی ئه‌گه‌ر نه‌یویستبێت له‌م قه‌تاره‌دا سه‌ركه‌وێت ، به‌ خائین و نه‌ته‌وه‌ فرۆش دانراوه‌و ناچار كراوه‌ ببێته‌ سه‌رنشینێكی گوێڕایه‌ڵ .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت