هە ژار نامیق : ئینتیماى نیشتمانى یان ئینتیماى حیزبى ؟
هەر گەل و نەتەوەیەک ئەگەر خاوەن ئاڵاو خاکى تایبەتى خۆى نەبێت ئەوا ئەو گەلە ژێردەستەیە و بە هەر شێوازێکى کە بتەوێت ئەتوانیت یارى بە هەست و سۆزى و عەقڵى ئەو میللەتە بکەیت ! کوردستان خاوەن ئاڵاو خاک و پەرلەمان و نیشتمانى تایبەت بە خۆیەتى ڕاستە لێرەو لەوێ هەندێک شوێن لە کوردستان بە هۆى بارى سیاسیەوە دابڕێنراوە ، بەڵام کوردستان خاوەن کیانی تایبەت بە خۆیەتى بەڵام ئەوەى مەبەستى باسەکەى منە باس کردن نیە لەو شتانە ، بەڵکو دەمەوێت باسى ئەو شتە بکەم کە دەتوانم بڵێم لە کوردستان بە هەڵە دەیکەین و بیرى لێ دەکەینەوە ئەویش ئەوەیە لێرە حیزب پێش هەموو شتێک خراوە ..
لە هەموو دونیا حیزب کە دروست دەبێت بۆ بەدیهێنان و ئامانج و خەونى میللەتێک یان دەستەیەک و تەنها ئامرازێکە بۆ ئەوەى مافەکان و پێداویستیەکانى ئەو میللەتە یان ئەو چینە و نوخبەیە فەراهەم بکات نە زیاتر ، ئەگەر هاتوو نەیتوانى ئەوە بکات ئەو حیزبە دەبێت لە مەیدانى سیاسەت و کارکردن بکشێتەوە وەک دەوترێت **ئەگەر ناتوانێت خزمەت بکەیت بڕۆ با خیانەت نەکەیت ** لە کوردستان زۆر حیزبمان هەیە کە دەکرێت پێ بڵێن ووڵاتێکى فرە حیزبى ، ئەگەر بوونى تەنها حیزبێک لە ووڵات نیشانەى دیکتاتۆریەت و ستەمکارى بێت ئەوا ناکرێت بوونى فرە حیزبى بە نیشانە و ئامرازێکى دیموکراسى لە قەڵەم بدرێت .
بە داخەوە دەبێت ئەوە بڵێم لە کوردستان حیزب لە پێش خاک و نیشتمان و ئاڵاشەوە دانراوە ، زۆر کەس لە لایەنگرو کەسانى حیزبى ئامادەن لە پێناو بە دەست هێنانى چەند بەرژەوەندیەکى تاکە کەسى خاک و نیشتمان تاڵان فرۆش بکەن ، لێرە حیزبایەتى پێش هەموو شتەکانى تر خراوە ئەم تێڕوانین و بیرکردنەوەیە بە داخەوە دەبێت بڵێم زۆر هەڵەیە و دەبێت ڕۆشنبیران و ڕۆژنامە نوسان و مامۆستایانى ئاینى وئوستازه کانى زانکۆ و سیاسیەکان ئەم هەڵانە ڕاست . نەوەک لێرە هەر سیاسیەک و کۆمەڵ و چین و توێژێک ئەگرێتە خۆى هەر کات ئیشى پێیان هەبوو ئەوا کاریان پێ دەکات و لە دواى نەمانى کارەکەش دەستبەرداریان ئەبێت ، هەبوونى ئەم جۆرە کەسانە لە نیشتمان تەنها دەبێت هۆى ئەوەى کە نیشتمانەکەمان بەرەو دواوە بڕوات و دەبێت کەسانى بەرپرس و هاوڵاتیان هەرگیز ئەم جۆرە کەسانەو ئەم جۆرە کردارانە قبوڵ نەکەن و بە هەموو شێوازەکان دژایەتیان بکەن ..
نیشتمان ئەو شتەیە کە دەبێت هەمووان لە پێناو ئەودا واز لە بەرژەوەندیە تاکە کەسى و حیزبیەکانمان بهێنین وەک ئاشکرایە ئه گەر نیشتمانمان نەبێت ئەوا خاوەن هیچ شتێک نین بەڵام ئه گەر هاتوو نیشتمانمان هەبوو دەبینە خاوەن هەموو شتێک ، ناکرێت لە پێناو بەرژەوەندى حیزبێک و کەسێک و لایەنێک نیشتمانەکەمان فەرامۆش بکەین ئامادەبین هەموو شتێک لە پێناو خۆمان بکەین تەنانەت فرۆشتنى نیشتمانیش جار بە هەر شێوەیەک لە شێوە سیاسیەکانى ببێت ، دەبێت هەموو حیزبەکان دەست بخەنە ناو دەستى یەک بۆ بەرگرى کردن لە نیشتمان و پاراستنى بە هەموو شێوازەکان هەر حیزب و کەس و لایەنێک بە شێوەیەک لە شێوەکان دەبێت ئەو کارە بکات ، نەوەک حیزبێک ببێتە هەموو شتێک و حیزبێکى تر دژایەتى ئەمە بکات و حیزبێکى تر لەم نێوەندەدا بتوێتەوە ، ئه گەر دەست نەخەینە ناو دەستى یەک و لە پشتى یەک نەبین هەرگیز ناگەین بەو ئاوات و ئامانجەى کە هەمانە ئەویش کوردستانێکى ئازاد و سەربەخۆیە ، کوردستانێک کە خۆمان خاوەنی خۆمان بین نەوەک هەر ڕۆژەو بە ئاڕاستەو ئاماژەى ووڵاتێک بجوڵێن ، کوردستانێک کە هەمووان لە ئاستی ئەو دا بچوک بین ونەوەک حیزبێک لە هەموو هاوڵاتیان و کوردستانیش گەورەتر بێت، لەبەر ئەوەی حیزب پێکهاتووە لە هاوڵاتیانى ئاسایى و دواتر پلەپەندى دەکرێت به پێ ئەزموون و شارەزایى ، هەر کەس ئازادە لەوەى چى حیزب و دەنگ و ڕەنگێک هەڵدەبژێرێت بەڵام نەک ئەوەی ئەو حیزب و لایەنە هەڵە بکات و ئەمیش لە ئاست هەڵەکانى کەڕ و کوێر و لالڕ بێت….بەرەو کوردستانێکى ئازاد و سەربەخۆ …