عه‌تا قه‌ره‌داخی : ئایا كورد بنه‌ماكانی سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه ؟ .
له راستیدا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره له خۆیدا هه‌روا ئاسان نییه هه‌روه‌ك به بێ باسكردنی باری كۆمه‌ڵایه‌تی كوردی و ئاخاوتنكردنی ئه‌و هۆكارانه‌ی كه نه‌یانهێشتووه ده‌وڵه‌تی كوردی وه‌كو به‌رهه‌می په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی درووست ببێت ره‌نگه جۆرێك له رووكه‌شی و بێبنه‌مایی نیشان بدات بۆیه پێمباشه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره هه‌ندێ له كۆمه‌ڵگای كوردی و راستی و ناراستی ئه‌و بۆچوونه بدوێین. سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین مرۆڤ به گشتی له درووستبوونیدا هاوشێوه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی كه جیاوازی له ره‌نگ و پێستیشیدا درووست كردووه ژینگه‌یه . مه‌به‌ستمان له‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه بوونی هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیكی ، ئایینی ، كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یوه‌سته به‌و ژینگه‌یه‌وه كه تێیدا ده‌ژی كه دیاره هۆكاری دهركیش كاریگه‌ری له‌سه‌ری ده‌بێت به‌ڵام به پله‌ی دووه‌م.
مه‌سه‌له‌ی كاری هاوبه‌ش په‌یوه‌ندی به ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی هه‌ر پێكهاته‌یه‌كه‌وه هه‌یه. مرۆڤ به غه‌ریزه بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌و سته‌مه بتوانێت به ته‌نیا بژی. كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی كوردیش له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنیه‌وه وه‌كو كۆمه‌ڵگاكانی تری مرۆڤایه‌تی ده‌ستی پێكردووه. به‌ڵام كۆمه‌ڵێ هۆكار هه‌ن كه ده‌شێ ده‌وری له‌به‌رچاویان بینیبێت له شێواندنی سرووشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی كورددا‌و هه‌ر به‌وپێیه‌ش كاریگه‌ری نێگه‌تیفیان هه‌بووه له سه‌ر شێوازی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه له هه‌موو ئاسته‌كاندا كه ئه‌وه‌ش وایكردووه كاری هاوبه‌ش له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا له سنووری هه‌موو نه‌ته‌وه‌دا نه‌بوو بێت به‌ڵكو كۆمه‌ڵگاكه خۆی وه‌كو چه‌ندین پێكهاته‌ی ناوچه‌یی بچووك بچووك ده‌ركه‌وتووه‌و كاری هاوبه‌شیش ته‌نیا له سنووری ئه‌و پێكهاته ناوچه‌ییانه‌دا بووه به‌تایبه‌تی له‌و كاته‌وه كه قۆناغی نیشتهحێ بوون و ده‌ستپێكردنی كشتوكاڵ ده‌ستی پێكردووه . بێگومان یه‌كه‌م هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و دابه‌شبوونه‌ش تۆپۆگرافیای ناجۆرو ئاڵۆزی كوردستان بووه.
تۆپۆگرافیایه‌كی هه‌ڵتۆقیو له ناوه‌نده‌وه‌و داڕماوو شۆڕبووه‌وه به‌سه‌ر ده‌ورو به‌رداو ریزبوونی چیاكانی كوردستان له شێوه‌ی په‌ڕه‌ی كتێبدا یه‌ك به‌دوای یهكداو بوونی ده‌شتی ته‌سك و كانیاو كارێز له نێوانی چیاكان و له نێو دۆڵ و شیوهكاندا كه هه‌ریه‌كه‌یان زه‌وییه‌كی زۆر كه‌می له دهوربووه كه به‌شی ژیانی چه‌ند خێزانێك زیاتری نه‌كردووه‌و ئه‌وه‌ش له نیشته‌جێ بووندا بووه به هۆی دابه‌شبوونی سه‌رجه‌م خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كان بۆ یه‌كه‌ی زۆر بچووكتر كه له سنووری چه‌ند بنهماڵیهك تێپه‌ڕی نه‌كردووه كه ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به‌هێزی خۆێن و ده‌مار پێكه‌وه‌ی به‌ستوون و هه‌موو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان له سنووری خۆیاندا بووه‌و كاری هاوبه‌شیشیان هه‌ر له‌و سنووره‌دا بووه به جۆرێك ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی هه‌مان خێلیش په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و كاری هاوبه‌ش بوونی نه‌بووه. له كاتێكدا له كۆمه‌ڵگا خێڵایه‌تیه ئاساییه‌كاندا له به‌ر ئه‌وه‌ی كه خێڵ وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌ركه‌وتووه توانیوێتی رایه‌ڵه‌ی كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ خێهكانی تردا ببه‌ستێت و سه‌رئه‌نجام فیدراسیۆنی خێڵایه‌تی درووست بكات كه دواتر ده‌وڵه‌تی خێڵی لێدرووست بووه به‌ڵام خێڵی كوردی نه‌یتوانیوه ئه‌و په‌یوه‌ندی و رایه‌ڵه‌یه بۆ كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ خێڵه‌كانی تردا درووست بكات چونكه له بنه‌ڕه‌تدا له سنووری پێكهاته ناوخۆییه‌كانی خودی هه‌ر خێڵێكدا بوونی رایه‌ڵه‌و په‌یوه‌ندی و كاری هاوبه‌ش لاواز بووه ئیتر چۆن بتوانێت وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو په‌یوه‌ندی بۆ كاری هاوبه‌ش و بۆ درووستكردنی فیدراسیۆن له‌گه‌ڵ خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كانی تردا درووست بكات. ئه‌مه ئه‌گه‌ر سه‌یری رابردوو بكه‌ین واته قۆناغی ژیانی خێڵایه‌تی ، له قوَناغهشدا كه به قۆناغی ده‌ركه‌وتنی چینی بۆرژوا ناو ده‌برێت به زاراوه‌ی ماركسیزم یان به قۆناغی پیشه‌سازی و مۆدێرنێته به ده‌ربڕینێكی تر كه ناسیونالیزم به‌رهه‌می ئه‌م قۆناغهیهو درووستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یش به‌رهه‌می ناسیونالیزمه كه ئه‌ویش ئه‌و قۆناغه‌یه كه پێی ده‌وترێت قۆناغی درووستبوونی نه‌ته‌وه .
به گوێره‌ی كوردستان له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمان كردن و له‌سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه مه‌سه‌له‌ی داگیركردن و دابه‌شكردن و باری تۆپۆگرافیای كوردستان و درووستبوونی بۆچوونێكی باڵاده‌ست له كوردستاندا كه قایلبوونه به ژیانێكی ساده‌و رازیبوون به‌وه‌ی كه بتوانێت ئه‌وه‌نده‌ی به‌رهه‌م هه‌بێت كه بژی واته چه‌مكی به‌شی خۆكردن وایكردووه كه له كوردستاندا سه‌رمایه یان ئابووری كۆنه‌بێته‌وه هه‌تا ده‌وری هه‌بێت له درووستكردنی بازاڕی هاوبه‌شدا بێگومان هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه كه شار به مانای شار له كوردستاندا درووست نه‌بێت، كه شار له راستیدا مانای پیشه سازی و بازرگانی كه‌له هه‌ردووكیاندا كاری هاوبه‌ش درووست ده‌بێت و به‌و پێیه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره درووست ده‌بێت كه پێویستی به جۆرێك لهیهكبوون هه‌یه بۆ پارێزگاری لێكردنی كه ئه‌و یهكبوونهش چاره‌نووسی هه‌موو چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پێكه‌وه ده‌به‌ستێت و ئه‌وه‌ی كه له چه‌مكی كۆمه‌ڵناسیدا پێی ده‌گوترێت ( یه‌كبوون) به‌رهه‌م دێت كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆر لاوازه له هیچ كۆمه‌ڵگایه‌كدا به‌بێ بوونی ئه‌و یه‌كبوونه ده‌وڵه‌ت درووست ببێت . بێگومان له‌م روانگه‌یه‌وه‌یه كه لاوازی كاری هاوبه‌ش و لاوازی یه‌كبوون و یه‌كگرتن ده‌وری كاریگه‌ریان بینیووه له درووستنه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردیدا.
ئایا سرووشتی كه‌سێتی كوردی چ رۆڵێكی هه‌بووه له مانه‌وه‌ی كورددا له ده‌ره‌وه‌ی مێژوو؟ بێگومان بۆ وه‌ڵامدنه‌وه‌ی پرسیارێكی له‌م جۆره پێویستمان به ئاخاوتنی راسته‌خۆیه له‌سه‌ر حودی تاكی كوردی له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع. تاكی كورد به‌رهه‌می ئه‌و واقیعه ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی و كهلتوورییهیه كه تیایدا په‌روه‌رده بووه. كه ئه‌ویش واقیعێكی دواكه‌وتووه له‌رووی خوێنده‌وارییه‌وه دواكه‌وتووه له رووی ئابووریه‌وه، ناجۆره له رووی كۆمهڵایهتیهوهو سهركوتكراوو كه‌سێتی تێكشكێندراوه له‌ژێر كاریگه‌ری پرۆسه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی داگیر كردن‌دا.
هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێكه‌وه ده‌وریان بینیووه له تێكشكاندنی كه‌سێتی كوردیدا له مێژوودا. ئه‌و كه‌سێته تێكشكاوه پێویستی به بیناكردنه‌وه هه‌یه كه بێگومان ئه‌وه‌ش پێویستی به پرۆسه‌یه‌كی گشتگرو هه‌مه‌لایه‌نه‌ی رێنیسانسی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌وهه‌ره‌وه به پرۆژه كه‌سێتی كوردی بینا بكرێته‌وه چونكه وه‌كو ده‌یزانین كه‌سێتی كوردی له ئه‌نجامی پرۆسه‌كانی داگیركردندا دووچاری تێكشكاندن بووه‌و كه‌سێتی تێكشكاویش ئه‌گه‌ر نه‌توانێت وه‌كو بزووتنه‌وه‌ی یه‌هودیه‌ت ته‌سامی به‌و هه‌ستی تێكچكاندن و به‌و باری كه‌سێتیه تێكشكاوه‌ی خۆی بكات ئه‌وه هه‌میشه له بارێكی هه‌ست به دوونیهت كردن و خۆ به‌بچووك بینین‌دا ده‌بێت له‌به‌رده‌م ئه‌وانی تردا‌و له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م كه‌سێتیه له بری هه‌وڵدان بۆ ته‌سامی پێكردنی ئه‌و حاڵه‌تی تێكشكاندنهو به‌رزكردنه‌وه‌ی كه‌سێتی خۆی بۆ ئاستێكی به‌رز كه بتوانێت به‌راستی بكه‌ر بێت، وای لێده‌كات هه‌میشه وه‌كو قوربانی سه‌یری خۆی بكات و خۆی به جێگای به‌زه‌یی بزانێت و هه‌میشه چاوه‌ڕوانی به‌زه‌یی ئه‌وانی تر بێت. ئه‌مه‌ش باری ئاسایی كه‌سێتی كوردییه به كه‌سه سیاسی و سهركردهكانیشیهوه كه زۆربه‌ی كات وه‌ها ده‌رده‌كه‌ون كه لهبهردهی ئه‌وانی تردا بپاڕێنه‌وه‌و ته‌نانه‌ت له داواكردنی مافه ره‌واكانی خۆیشیاندا ناتوانن وه‌كو خاوه‌ن ماف داوابكه‌ن و پێدابگرن به‌ڵكو له شێوه‌ی جۆرێك له پاڕانه‌وه‌و كڕوزاندنهوهدا له به‌رامبه‌ر ئه‌وی ماف خۆریدا ده‌رده‌كه‌ون. یان باشتر بڵێین كه‌سێتی كوردی به گشتی به‌م حاڵه‌ته‌وه ده‌رده‌كه‌وێت .