Borduman-Daesh

شەریف هەژاریی : بۆ ئەمریکا بە خاوی لە داعش ئەدا ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خوێنەرانی بەڕێز لەو ڕوانگەیەوە کە لە ڕووی ئەکادیمییەوە بۆ خۆم ماستەرم لە ‘ سیاسەت و ستراتیجی بەریتانیا لە خاکی ئەمریکا دا لە زانکۆی لەندەن ‘ دا هەیە و بە ووردی ‘ مێژووی سیاسیی ئەمریکا و بەریتانیا ‘ م خوێندووە , ئەوا پێموایە زۆرینەی هەڵسوکەوتەکانی ووڵاتانی زلهێز و بەتایبەت ‘ ئەمریکا ‘ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا ستراتیژێکی لە پشتەو سیاسەتی ڕۆژانەشی تەنهاو تەنها لە پێناو وەدیهێنانی ئەو ستراتیژەدایە ، هەرچەنە ئەمریکا بۆ کەمێک لە ستراتیژەکەی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش خستووەتەڕوو ، بەڵام تا ئێستاش زۆرینەی ئامانج و لێکەوتەکانی ئەو ستراتیژەی ئەمریکا بۆ ناوچەکە نا ڕوونە و تەنها خودی دەزگا سیاسییە -ستراتیژییە حکومییەکانی ئەو ووڵاتە مەگەر پلانەکانی بە ووردی دابڕێژن و بزانن، لەم تەمومژاوییەی ستراتیژی زلهێزێکی وەک ئەمریکا دا یەکێک لە مەنتیقیترین پرسیارەکان ئەوەیە : بۆ تائێستاش ئەمریکا هەر بە خاوی لە داعش ئەدا!؟  لەم بابەتەشمانا هەوڵ دەدەین گرنگترین ئەگەرەکانی لێدانی داعش ‘بە خاویی و لەسەرخۆیی’ لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بگێڕینەوە :

١ – لە ئەمریکا دا دیموکراتەکان لەسەر حوکمن، بە درێژایی مێژووی حوکمی دیموکراتەکان ‘زۆر بە کەمیی’ ڕوویداوە کە هێز ڕەوانەی دەرەوەی سنورەکانی ئەمریکا بکەن بۆ جەنگ. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئۆباماش کە لەسەر کارە ئەوا زۆرینەی ناوەندی توێژینەوە سیاسییەکانی ئەمریکا بە یەکێک لە لاوازترین سەرۆکەکانی ئەمریکای هەڵەسەنگێنن .

زیاتر لەوانەش، دووان لە هۆکارە بنەڕەتییەکان کە ئۆباما لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکان دەیکرد بریتی بوو لە: ‘نەهێشتنی بێ کاری لە ناوخۆی ووڵات دا کە پەیوەندی بە باری ئابوری تاکەکەسەوە هەبوو لە ناو ئەمریکا دا و، گەڕاندنەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بوو بەتایبەت لە عێراق و ئەفغانستان بۆ ئەوەی وەلائی کەسوکاریان بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن ڕابکێشێت’. بە پێی ئامارەکانیش، لە لایەک نە ڕێژەی بێ کاری بە شێوەیەکی ‘زۆر’ لە ناوخۆی ئەمریکا دا کەمی کردووە و ، نە گەڕاندنەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکاش بەتایبەت لە عێراقەوە بۆ ئەمریکا سوودی بۆ زاڵبوونی هێژموونی ئەمریکا هەبووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە عێراق دا. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە دوو مانگی ڕابردوو هەریەکە لە ‘جۆرج دەبلیو بۆش، دیک چینی جێگریی سەرۆکی ئەمریکا لە دەورانی سەرۆکایەتی بۆش دا و سیناتۆر مەککەینی کۆماری’ ڕەخنەی ئەوەیان لە ئۆباما گرت کە گەڕاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بنەڕەتیترین فاکتەری دروستبوونی داعش بووە لە ناوچەکە دا. بەم پێیە ئەکرێت بڵێین دیموکراتەکان زیاتر لەگەڵ ململانێی سیاسیی و هێرشی ئاسمانین هەتا ناردنەوەی سەرباز چونکە پێشتریش هەمان پڕوپاگەندەیان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، ئەمەش وایکردووە کە پرۆسەی لە ناوبردنی داعش خاوی بەخۆوە ببینێ و هێرشی ئاسمانی کافی نەبێت بۆ بنەبڕ کردنیان .

٢-  ئەم ئەگەرە پەیوەندی بە ئەگەری پراکتیزەکردنی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێی ئەمریکا بۆ داڕشتنەوەی سنورەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. لە هەبوونی ئەگەرێکی وادا، پێویستە ماوە بە مانەوە داعش بدرێت، بۆ !؟

چونکە داعش زۆربەی هەرە زۆری سنورەکانی عێراق-سوریای بەدەستەوەیە، تەنها دەرچەیەکی بچوکی سنوری باشوری کوردستان لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان ماوە کە دەرچەیەکی کەم و تەنگەبەرە کە بیگرێت، لە ئەگەری زاڵبوونی داعش بەسەر ناوچە عەرەبییە-سونییەکانی سنورەکانی عێراق-سوریا دا ئەوا چی ئەخولقێت!؟ دیفاکتۆیەک دێتە بوون وەک ئەوەی هاتووەتەکایەوە کە ‘سنوری عێراق-سوریا’ لەسەر ئەساسی بوونیەتی پێشوتری و لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی سایکس-بیکۆ نامێنێت. ئێستا داعش وەک دیفاکتۆ ئەو سنورەی نەهێشتووە، بۆ ئەوەی ئەمریکاش دەوڵەتێکی عەرەبی بۆ عەرەبە سونییەکانی عێراق-سوریا دروست بکات پێویستی بە هێزێکە کە ئەو سنورە بکاتە دیفاکتۆ و ئاسانکاری بکات بۆ دروستبوونی ئەو دەوڵەتە عەرەبییە سونییە، کە ئێستا بە تەواوی دەبینین هەر لە ڕومادییەوە هەتا موسڵ و لەوێشەوە بۆ ڕەقە ئەوا سنوری عێراق-سوریا بوونی نەماوە و دەوڵەتەکەی داعش حوکمی تێدا ئەکات، کە زۆرینەی ناوچە سونییە سنورییەکانی عێراق-سوریایە. بە جۆرێکی دیکە ئەتوانم بڵێم: ‘داعش عەرەبە سونییەکانی عێراق-سوریای یەکانگیرکردەوە و سنوری نەهێشتووە لە نێوانیان دا، کە ئەمەش ئاسانکارییەکە بۆ پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکا چونکە داعش لە ئێستاوە بیری عێراقیی بوون و سوریی بوونی لای عەرەبە سونییەکانی ڕومادی و موسڵی ‘عێراقی سەر کاغەز’ و ‘ڕەقەی سوریای سەر کاغەز’ تاڕادەیەک شۆردووەتەوە و وەک واقیعیەتیش ڕومادی و موسڵ و ڕەقە لە ناو دەوڵەتەکەی داعشدان. دروستبوونی بیری یەکگرتنی عەرەبە سونییەکانی عێراق-سوریا لە ئاکامیشدا ئەگەری هەیە وەک دەوڵەتی لێ بکرێتەوە چونکە تاڕادەیەک لە ئێستادا شتێک بە ناوی سنور و وەک واقیعیەت سنوریش بێت لە نێوان عەرەبە سونیەکانی ڕومادی، موسڵ و ڕەقە دا نەماوە !

٣- بە خاوی هێرشکردنە سەر داعش لە لایەن ئەمریکاوە ئەو چانسەش بە ئەمریکا دەداتەوە کە خودی عێراق خۆی داوای هێنانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بکات بۆ عێراق! چونکە ئێمە ئەزانین چ موقتەدا سەدر و چ میلیشیا شیعە عێراقییەکانی سەر بە ئێران بە توندی دژی هاتنەوەی هێزەکانی ئەمریکان بۆ عێراق، بەڵام ئەگەر بێت و داعش توانای مانەوەی هەبێت و سوپای عێراق بە تەواوی نەتوانێت سەرکەوتوو بێت دژ بە داعش ئەوا ئەو ئەگەرەش بەهێز دەکات کە لایەنە عێراقییەکان داوای هاتنەوەی سوپای ئەمریکا بۆ عێراق بکەن.

٤-  ڕێی تێ دەچێت و ئەتوانین ئەوەش بە ئەگەرێک بزانین کە هەتا ئێستاش ئەمریکا ‘بە تەواوی و بە دۆکیۆمێنت’ دڵنیا نەبێت کامانەن ئەو دەوڵەتانەی پشتیوانی سەرەکی داعشن!؟ بە مانەوەی ‘کاتیی’ داعش، ئەمریکا بە ووردی نامەی ئەعمالی دەوڵەتانی دروسێی داعش و دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ دەرئەکەوێ کە ئایا چ دەوڵەتگەلێک پەیوەندی نهێنیی، بازرگانی و ئابوری، سەربازی و سیاسییان لەگەڵ داعش دا هەیە، بە پێی ئەم ئەگەرەش بێت ئەوا ئەمریکا هەر ئەبێ بە خاوی لە داعش بدا .

٥-  بە خاوی لێدانی داعش و مانەوەی داعش بە شێوەی کاتی ئەوا شەڕی شیعە و سونە گەرمتر و توندتر ئەکا، ئەمەش هۆکارێکی باش ئەبێت بۆ بردنی نەوتی ناوچەکە بە تاڵانی فرۆش و فرۆشتنی چەک پێیان و دیسانەوە ئاسانکاریکردن بۆ دەستخستنە ناوەوەی کاروباری ناوچەکە لەلایەن ئەمریکا وە، ئەم هۆکارەش دیسانەوە ڕێ-خۆشکەر ئەبێت بۆ پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکا .

 ٦-  وای ئەبینم یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دیکەی ئەجێندای ئەمریکا ئەگەری تووشکردنی ئێرانە لە شەڕی داعش دا ، بەڵام ئێرانیش هێزێکی فێڵاوی سیخوڕیکارە و زۆر زوو دەرکەوت ئەگەر ئێران پەیوەندی لەگەڵ داعش دا نەبووبێت ئەوا دانیشتنی سیخوڕانەی هەبووە لەگەڵیان دا، بەتایبەت گۆڕینی ئاراستەی داعش لە شەڕی شیعەوە بۆ شەڕی کورد چ لە سوریادا و چ لە عێراق دا، کە بێگوومان ئەم هۆکارە نایەتەبوون ‘وەک ئەوەی ئێستا داعش لە هەردوو ووڵات دا دژ بە کورد شەڕ ئەکات هەتا دژ بە شیعە’ بەبێ ساتوسەودای ئێران لەگەڵیاندا .

٧-  ئەگەرێکی دیکەی خاوی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر داعش  ناساندنی کوردە لە شەقام و ڕۆژنامەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و جیهان دا وەک تاکە شەڕکەی سەرەکی دژ بە داعش کە داعش گەورەترین هێزی تیرۆریستیی جیهانین. کەوابوو ئاشناکردنی جیهانە بە پرسی کورد. بەتایبەت من بۆ خۆم ماستەرم لە زانکۆی لەندەن خوێندووە زۆر بە ووردی ئاگادارم کە هەندێ لە خەڵکانی ئەوروپا و چین نەیان ئەزانی کە : کورد نەتەوەیە، خێڵە، یان چییە!؟  یان بە جۆرێکی تر بڵێم: ئاشنا نەبوون بە دۆز و مەسەلەی هەق-نەتەوایەتیی کوردیی! بەڵام دوای ئەوەی تەواوی ڕۆژنامە و سایت و تەلەفزیۆنە جیهانییەکان سەدان ڕاپۆرتیان لەسەر گیانبازی کورد دژ بە داعش کردو دەکەن و ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ‘کورد لە جیاتی جیهان جەنگی زەمینی داعش دەکات’، ئەمەش ناساندنی زیاتری کورد و پرسی کوردە بە جیهان! بۆیە ئەمریکا ئەگەر لە پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ئەجێندای دەوڵەتی کوردی هەبێت ئەوا ئەم کارەشی بە سوودی ستراتیژی خودی ئەمریکا و بێ گوومان کوردیش کۆتایی دیت .

٨-  لێدانی داعش بە خاوی لە لایەن ئەمریکاوە ئەکرێت ئەجێندایەکی دیکەی ئەمریکاشی لە پشتەوە بێت کە ئەویش لە لایەک پیشاندانی کردەوە و بوونی داعشە وەک خەلافەتێکی ئیسلامی لە ناو خەڵک و بەتایبەت گەنجانی ئەوروپا، ئەمریکا و چین و ئوسترالیا. ئەم ئەجێنداش ڕاستەوخۆ ئەچێتە چوارچێوەی ناشیرینکردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لای خەڵکانی مەسیحی و بەتایبەت ئەو ملیۆنان مرۆڤەی کە هیچ باوەڕێکیان نییە! ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە لە داهاتووش دا ‘نووسینەوەی مێژووش لە ڕوانگە لایەنگریخوازییەکەی’ وەک خەلافەتێکی دیکە داعش بناسێنێت! زیاتر لە مانەش، مانەوەی کاتی داعش ئەبێتە هۆی هاتن و کۆچکردنی زۆرینەی ئەو توندڕەوانەی کە لە ئەوروپا و ئەمریکا و چین داهەن بۆ ناو دەوڵەتەکەی داعش، بەمەش ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی لە دەست مەترسی ئەو توندڕەوانە ڕزگاریان ئەبێ و بە ئاسانی لە ناو سنورەکانی داعش دا گەمارۆیان دەدەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی گەشەسەندنی بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە چین و ڕۆژئاواش دا لاواز ئەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت