دکتۆر کەمال میراودەلی : دەستووری هەرێمی باشووری کوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

سەرەتاو بنەماو چوارچێوە سەرەکییەکان

ئێمە گەلی کوردستان
ئێمه‌ گه‌لی خوارووی کوردستان

* به‌ ئاگاداری له‌ مێژووی جێنۆساید و وێرانکاریی و تاوان و زۆڵم و زۆری رابردوومان
* بۆ به‌رز راگرتنی یادو خەباتی هەموو ئه‌و شەهیدانەو ڕۆلانەی بۆ دادو ئازادیی له‌ خاکی ئێمه‌دا و لە پێناوی ئێمەدا قوربانیان دا
* بۆ رێزگرتن له‌ ئەوانه‌ی بۆ بنیاتنان و گه‌شه‌کردنی وڵاته‌که‌مان ره‌نجیان داوه و
* له‌ باوه‌ڕمانه‌وه‌ که‌ ئه‌م وڵاته‌ هی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ که‌ تێیدا ده‌ژین ، یه‌کێتیمان هه‌یه‌ له‌ جیاوازیدا ، و دیمۆکراسی و دادو یەکسانیی پتەوترین بنەمای هاولاتیێتی و یەکێتی نەتەوەیین ،
* لە باوەری پتەومانەوە کە کوردستان هۆکارو هێزیکی دیمۆکراتیی و ئاشتیخوازانەیە لە ناو عێراق و تەواوی ناوچەی رۆژهەلاتی نێوەندا بۆ پاراستنی سەقامگیریی و پێکەوەژیانی بەئاشتیی نەتەوەکان و چارەسەری دیمۆکراتی بۆ کێشەکان
ئێمه‌ ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ، بە هەستی بەرپرسیارێتی و شانازییەوە .
ئه‌م ده‌ستووره‌ وه‌ک به‌رزترین یاسای بنچینەیی هەرێم رادەگەیەنین ‌ له‌ پێناوی :
** سارێژکردنه‌وه‌ی برینه‌کانی ناکۆکی رابردوو – و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌ سه‌ر به‌ها‌کانی دیمۆکراتیی و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و مافه‌ بنه‌ره‌تییه‌کانی مرۆڤ دامه‌زرابێ .
** دانانی بناغه‌و چوارچێوەی دەستووریی بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی دیمۆکراتیی کراوه‌و ئازاد که‌ تێیدا حکومه‌ت له‌ سه‌ر خواستی خه‌ڵک دامه‌زراوه‌و و هه‌موو هاولاتییه‌ک وه‌ک یه‌ک له‌ لایه‌ن یاساوه‌ پارێزراوه و ماف و ئازادییەکانی زامنکراون‌
** باشکردنی چۆنێتی ژیانی هه‌موو هاووڵاتیان و ئازادکردنی وزه‌و توانای په‌نهانی هه‌موو که‌سه‌کان و
** بنیاتنانی کوردساتانیکی دەستووریی دیمۆکراتی پێشکەتوو که‌ بتوانێ لە پاشەرۆژدا شوێنی شایانی خۆی له‌ ناو خێزانی نه‌ته‌وه‌کاندا وه‌ک ده‌وله‌تێکی سەربەخۆۆو سه‌روه‌رییدار بگرێت

بەندی یەک : بنەما بنچینەییەکان
١ . هەرێمی کوردستان ، بە خاکە مێژووییەکەیەوە وەک ویلایەتی موسڵ ، هەرێمێکی فیدرالی دیمۆکراتی باکووری عێراق و باشووری کوردستانە خاوەن حکومەتی سەربەخۆی هەلبژێردراوە و بەشێکە لە خاکی مێژوویی و جوگرافی و کەلتووریی کوردستان و کوردەواریی
٢ . هەرێمی کوردستان ولاتی هاونیشتمانێکانێتی . هەبوون و حوکمرانییەکەی پەیوەستە بە ڕێزگرتنی خواستی دیمۆکراتییانەی خەلکەکەی بە هەموو چین و توێژو نەژادەکانیەوە ، بە زامنکردنی مافی مرۆڤیی و ئازادییەکان و حوکمی یاسا بۆ هەموو هاولاتییان و تاکەکەسانێک کە لە سەر خاکەکەیدا دەژین یان کاروباریان دەگوزەرێنن .
٣ . هەرێمی کوردستان باوەڕی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەو هاوکاریی شارستانیی لەگەل هەموو گەلانی هاوسێ و ناوچەی خۆرهەلاتی نێوەندا هەیە کە رابردووی پێوەندی دینیی و شارستانیی و، پاشەڕۆژی ئاشتی و خۆشگوزەرانی ئابووریی و پێشکەوتنی کۆمەلایەتیی و کەلتووریی هاوبەشی لەگەلیاندا هەیە
٤ . لە هەلومەرجی بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژیی و دیفاع لە مانەوەو ناسنامەو ژیان و ماف و ئازادیی و کەرامەتی هاولاتییانیدا نەبێت ، هەرێمی کوردستان بە هیچ جۆرێک باوەڕی بە توندوتیژیی و شەڕ و بەربەرەکانی جەنگیی نییەو بەکاری ناهێنێت و هەمیشە وەک باوەڕێکی پیرۆزو پراوەیەکی ژییرانە ، هۆکارو شێوازی ئاشتییانەو دیمۆکراتییانە و میکانیزمی هاورایی و بەرژەوەندی هاوبەش بۆ چارەسەری هەمووگیروگرفتی کۆنەماوو رووداوو ئایندەیی رەچاو دەکات
٥ . پێوەندییەکانی هەرێم بە حکومەتی فیدرالی عێراقەوە بە پێی چوارچێوەی دەستووریی و بنەما یاساییەکانی پێشەکی و ماددە پێوەندییدارەکانی دەستووری هەمێشەیی عێراق ڕێکخراوە کە لە رێفراندۆمی ١٥ ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥ دا دەنگی لەسەردراوە . چارەسەری کێشەی ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی هەرێم لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و ماددەی ١٤٠ وبەرژەوەندی و پێشکەوتنی هاوبەش و کۆرایی و پێوەندی دۆستانە و رێزگرتنی رای دیمۆکراتی خەڵکی ئەو ناوچانە لە رێفراندۆمێکی ئازاددا دەبێت.
٦ . گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری خەباتی ئاشتیخوازانەو مەدەنییانەو دیمۆکراتییانەی گەلی کوردستان لە ناوچەکانی تری کوردستاندا دەکەن بۆ چارەسەرییەکی ئاشتیخوازانەی دیمۆکراتیی و فیدرالیی ، یان کۆنفیدرالیی کێشەی کورد یان هەر شێوەیەکی تری مافی خۆ – بڕیاردانی جارەنووس کە خەلکی هەرێمەکانی کوردستان بە خواستی دیمۆکراتی ئازادانەی خۆیان هەڵی بژێرن . سەرۆکایەتی و گەل و حکومەت و حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بە هێچ جۆرێک بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ نابێ دەستنبخەنە ناو کاروباری سیاسیی و سەربازیی ناوخۆیی کوردی بەشەکانی ترەوە. هەموو هاوکارییەکی نەتەوەیی دەبێ ئاشتیخاازانەو بنیاتنەرانەو لە ئەنجامی کۆنفرانسی نەتەوەیی و بەستنی پەیمانی نەتەوەیی دیمۆکراتییدا بێت .
٧ . گەلی هەرێمی کوردستان سەروەرە لە خاکی خۆیدا و هیچ کام لە بەندەکانی ئەم دەستوورە رێگری لە خواستی دیمکراتییانەی بە ئازادیی دەربڕدراوی گەلی کوردستان ناگرێت کە بڕیاری چارەنووسی خۆی بە ئازادیی و بەزۆربەی دەنگی هاولاتیییان بدات بە مەرجێ ئەم کارە بە شێوازی ئاشتی و تەبایی و بە هاوسازیی ئەنجامبدرێت و لەگەل بنەماکانی نەتەوەیەکگرتۆکان و یاسای نێونەتەوەییدا تەبا بێت
٨ . هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ هاوپەیمانییەک و پرۆژەو پلانێکی ئەمنیی و سەربازیی و جەنگیی کە دوژمنایەتی ناوچەیی، میژوویی ، نەتەوەیی و تایەفی خۆش بکات و ئاسۆی پێکەوەژیانی ئاشتیی و دیمۆکراتی و شارستانی گەلان تێکبدات

بەندی دووم : سەروەریی
١ . سەروەریی هەرێمی کوردستان لە گەلی هەرێمی کوردستانەوە دێت و بۆ ئەو دەگەڕێتەوەو گەل ئەو سەروەرییەی بە پێی ئەم دەستوورنامەیە لە رێگای رێفراندۆمی ئازاد و نوێنەرانی بە ئازادیی هەڵبژێردراوو بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان و ناوچەکان و دادگای دەستووری و سەرۆکایەتی هەرێم و هەر شیوازێکی تر پەرلەمان بریاری بداو بە پێچەوانەی سروشتی دیمۆکراتی ئەم دەستوورە نەبێت ، پراکتیس دەکرێت
٢ . یەکپارچەیی خاکی هەرێمی کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیشەوە پارێزراوەو شایانی موساوەمە لەسەرکردن نییە
٣ . هەرێمی کوردستان دەشێت پەیمانی سیاسیی و ئابووریی نێونەتەوەیی لەگەڵ ولاتانی دنیادا ، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و دامەزراندن و بەهێزکردنی دامودەزگای دیمۆکراتی و ستراتیجی نەتەوەیی و وەبەرهێنانی سامانە سروشتییەکان و پێشکەوتنی ئابووریی و تەکنۆلۆجی درێژخایەن ، ببەستێت . ئەم دەستوورە میکانیزمی یاسایی ئەم . پرۆسەیە لە بەندیکی تردا روون دەکاتەوە .
٤ . هەرێمی کوردستان فرە – نەتەوەیی و فرە – دینیی و پلورالییە ، لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی ئاشوورییی و کلدان و تورکمان و عەرەب پێک دێت . هەموو مافی دیمۆکراتی وەک یەکیان وەک هاولاتی هەرێمی کوردستان هەیە و ئەم دەستوورە مافی پراکتیسی دینیی و بەکارهێنانی زمان و پاراستنی میراتی نەتەوەیی و چالاکی کەلتووریی و دیمۆکراتی لە چوارچێوەی دەستوررو یاسادا ، بۆ هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان و هاولاتییان زامن دەکات

بەندی سێیەم : کۆبەندیی حوکمڕانیی
١. هەرێمی کوردستان هەرێمێکی حوکمڕانیی فیدرالیی دیمۆکراتییە سسیتمی حوکمڕانییەکەی لە سەر بنەمای جیاکردنەوەو ناساندن و بەرپرسکردنی دەسەلاتەکانی ئیدارەی ولات دانراوە
٢ . دەسەلاتی یاسادانان :
پەرلەمانی کوردستان دەسەلاتی یاسادانان بە پێی دەستوورنامەو و پێڕەوی ناوخۆی پراکتیس دەکات . پەرلەمان دەسەلاتی چاوگەیی [ مەرجەعیی ] باڵایەو هەموو دەسەلاتەکانی تر ، لێپرسراو دەبن بەرامبەر پەرلەمان و لێژنەکانی بە پێی یاسابەند و رێنمایی و پێرەوی نوێی تایبەت بە ئەم مەبەستە .
٣ . سەرۆکایەتی هەرێم :
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەمزو بەرجەستەکاری یەکێتی گەلە لە سەرووی جیاوازییە حیزبیی و ناوچەیی و بیرەوەریی و پاشماوەی کارەساتەکانی رابردووەوە . زامنی یەکێتی خاک و گەل و پاراستنی دەستوورو دیمۆکراسیی ویەکسانی هاولاتییان بەرامبەر یاسا و کارکردنی یاسایی و داپەروەرانەی دەزگا دەستووریی و ئیدارییەکانی وڵاتە . نوێنەری شەرعیی هەرێمی کوردستانە لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییدا. ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی هەرێم لە بەندێکی تری ئەم دەستوورەدا روون کراوەتەوە ..
٤ . دەسەڵاتی جێبەجێکردن :
حکومەت دەسەلاتی جێبەجێکارە. لیپرسراوە لە جێبەجێکردنی یاساکان و سیاسەتی هەرێم و دانان و ئەنجامدانی نەخشەی بنسازیی نەتەوەیی و گەشەپێکردنی کەرتەکانی پەروەردەیی ، پیشەسازیی و تەکنۆلۆجی و کشتوکالیی و خانووبەرەو گەشتوگوزارو وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی سەرچاوە ئابوورییەکانی ولات بە مەرجێ کارەکانی هاوساز بن لە گەل بنەما بنچینەییەکانی ئەم دەستوورنامەیەو باڵادەسەڵاتیی پەرلەمان و پرینسیپی هاوبەشیی هاولاتیان لە نیشتمان و یەکسانی دەرفەت و ماف و ئازادییەکان بۆ هەمووان . حکومەت لیپرسراوە بەرابەر پەرلەمان . پەرلەمان و لێژنەکانی ڕێنمایی و چاودێریی و کۆنترۆلی سیاسەت و کارەکانی حکومەت دەکەن .
٥ . دەسەلاتی دادوەریی :
دەسەلاتی داوەریی دەسەلاتیكی پیرۆزی تاک و سەربەخۆیە . رەمزی پاکیی و دەربڕی ویژدانی ئینسانیی و زامنی پاراستی ژیان و ماف و کەرامەتی هاولاتییانەو و قەڵای دژ بە گەندەڵبوون و فەسادو دروستبوونی جیاوازیی و نادادییەکانە لە نێو خەلک و کۆمەلگاو ئیدارەی سیاسسیدا . دەسەلاتی دادوەریی لە رێگای دادگاکانەوە بەپێی بنەماکانی دەستوور و یاساکانی پەرلەمان پراکتیس دەکرێت .
٦. دادگای دەستووریی :
دادگای دەستووری دامەزراوەیەکی دەستووریی سەربەخۆیە و ئامانج و ئەرکی بریتییە لە پاراستنی دەستووریبوونی دەسەلاتەکان و ئۆرگانەکانی هەرێم و کارەکانی سەرۆکی هەرێم و حکومەت و دادگاکان. دادگای دەستووریی دوا دەسەلاتی لێکدانەوەی دەستورو بریاردانە لە سەر ناکۆککییە دەستوورییەکان و کێشە چارەسەرنەبۆکان و پرس و پرۆسەکانی هەڵبژاردن و رەوایی کارەکان .
٧. کۆمەلگای مەدەنی :
لە پێناوی پێشخستنی پەیام و ئامانج و ئەرکی پیرۆزی نەتەوەسازیی و نیشتمانسازیی و بنسازیی دیمۆکراتیی، هەرێمی کوردستان پشتگیری بەهیزبوونیی کەرتی کۆمەلگایی و مەدەنی دیمۆکراتی لە هەرێمی کوردستاندا دەکا لە رێگەی دامەزراند ن و پێکهێنانی سەربەخۆیانەی هەزاران رێکخراوی دیمۆکراتی ، مەدەنی و خێرەمەندیی و ناحکومیییەوە لە هەموو بوارەکانی چالاکی پەروەردەیی و رۆشنبیریی و رۆژنامەگەریی و کۆمەلگایی و ژینگەیی و خێرەومەندیی و وەرزشیی و ئاسانکاریی بۆ دۆزینەوەو چارەسەری کێشەو پێویستییە کۆەمەلایەتییەکان لەلایەن کۆمەلانی خەلک خۆیانەوە بە پشتگیری حکومەت و دەزگاکانی .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت