دەقی پرۆژەی چاكسازی هەردوو جێگرەكەی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتیمانی کوردستان .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
دەقی پرۆژەی چاكسازی هەردوو جێگرەكەی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتیمانی و سەركردایەتی ، كە ئیمزایان لەسەر كردووە ، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی .
بەرنامەی كار بۆ بوژاندنەوە و چارەسەركردنی كێشەكانی یەكێتی
سەڕەڕای پەرۆشی و خۆشەویستی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ، بۆ یەكێتی . سەڕەڕای سەركەوتنە مەزنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ، لە نەبەردییەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤكوژانی داعش ، دۆخی ئێستای یەكێتیی گەیشتۆتە بنبەست و كاریگەریی مەترسیداری لەسەر رەوشی نێوخۆی یەكێتیی و بڕیاری سیاسی و پێگەی نێو كوردەواری و ناوچەكە داناوە .
یەكێتیە دڵسۆزەكان نیگەران و ناڕازین لە :
ئاراستەی سیاسی و حكومڕانی ئێستای یەكێتی . جۆری بڕیار وەرگرتن . بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی و پەیوەندییەكان . لە دەستدانی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی . شێواندنی شیرازەكانی رێكخستن . پاوانكردنی جومگەكانی بڕیار و دەرامەتی یەكێتیی و بەكارهێنانی بۆ دەستەمۆكردنی كادیر و خزمخزمێنە و خزمەتكردنی بەرژوەندیی تایبەت و كپكردنی دەنگە جیاوازەكانی ، بە پێچەوانەی تێزەی چەپكە گوڵەكەی ( مام جەلال ) ی رێبەر و سەروەرمان .
ئەم ئاراستە چەوتە بێباكە لە مێژوو و سەنگی یەكێتی ، بێباك لە بەرژەوەندی گەل ، یەكێتی بەرەو هەڵدێری پەراوێزخستن و پوكانەوە دەبات . بۆیە ، بۆ یەكێتیە دڵسۆز و ڕەسەنەكان ، بەردەوام بوونی دۆخی ئێستای یەكێتیی چیتر قابیلی قبوڵ نیە .
لە ڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ ئێستا و ئایندەی یەكێتی، لە دڵسۆزیمان بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان ، بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان . لە وەفا و دڵسۆزیمان بۆ ( مام جەلال ) ی سەروەر و ڕابەرمان ، بە ئەركی نیشتیمانی و نەتەوەیی و حیزبی خۆمانی دەزانین ، پێداگیری بكەین بۆ گێڕانەوەی یەكێتی بۆ راستەڕێی خەباتی دیموكراتی و نەتەوەیی و زامنكردنی ئایندەیەكی گەش بۆ یەكێتی وەك هێزێكی پێشڕەو و كاریگەر .
لەم ساتە مێژووییەدا ، هەڵوێستی خۆمان دوپاتدەكەینەوە ، بۆ پێویستی رێكخستنەوەی نێوخۆی یەكێتی و دەربازكردنی لە گێژاوی كێشەكان . ئەمەش بەندە بە جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی هەمەلایەنە ، بۆ چارەسەریی بە كردەوەیی كێشەكان ، نەك تێەڕكردنیان بەسەر قسە و دروشمی گشتی و چەواشەكاری . دەبێت بەكردار و بەكردەوە ، بە جێبەێكردنی داواكانی زۆرینەی كادیر و ئەندامان و جەماوەری یەكێتی، لە رێزگرتن لە پێگەی شەرعی دامەزراوەكانی یەكێتیی و دادپەروەری و شەفافیەت .
لە پێناو یەكێتی ، بۆ یەكڕیزی نێو یەكێتی ، وەك هەنگاوی یەكەم بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئێستامان ، بەكردەوە ، بە رێككەوتنی دیاریكراو، نەك دروشمی چەواشەكارانە ، ئەم ئەركانەی خوارەوە جێبەجێی بكەین :
(1)_ ناوەندی بڕیار بگەرێتەوە دەزگا شەرعیەكانی یەكێتی . بڕیار بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ و بە ڕیِژگرتن لە دامەزراوە شەرعیەكانی یەكێتی بێت . لەسەر بنەمای سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی یەكێتی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەل بێت .
(2)_ ڕاگەیاندنی یەكێتی ، سەرلەنوێ پێناسە و حصر بكرێت و یەك بخرێتەوە و بە پێی سیاسەتی دیاریكراوی دەستەجەمعی یەكێتی ڕابەرایەتی بكرێت .
(3)_ تا یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە هێزە نیشتیمانیەكانی هەرێم، تەواوی هێزە چەكدارەكانی یەكێتی ، بخرێنەوە سەر فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگە و لە لایەن ئەو فەرماندەییەوە سەركردایەتی بكرێن .
(4)_ بۆئەوەی بتوانین كۆنگرەیەكی شەرعی و بێ خەوش و دواجار سەركەوتوو ببەستین ، پێویستە ئاڵوگۆر لە هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتی بكرێت ، لە پێش هەموویانەوە ، ئەو ئۆرگان و ناوەندانەوەیی پەیوەستن بە كاروباری كۆنگرە . پێویستە چارەسەری ئەو بڕیارانە بكرێت كە بوونەتە مایەی شێواندنی ئۆرگانەكانی یەكێتی بە مەبەستی دەستەمۆكردنی كۆنگرە و بە پێچەوانەی پەیرەوی ناوخۆ ئەنجامدراون .
(5)_ دارایی یەكێتی ، لە هەركوێیەك بێت ، لە دامەزراوەی شەرعی خۆی كە مەكتەبی داراییە كۆبكرێتەوە و بە شێوەیەكی سیستەم و شەفاف لە پێناو بەرژوەندییە گشتیەكانی یەكێتی بەكار بهێنرێت .
4/ 12 / 2014
س / ف ن گ
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە