سوارە کەمال : ئایا بە دەستورو دەستهەڵگرتن لە بەشێکی دەگەرێتەوە ؟
هەوڵی حزبە کوردستانیەکان و حوکومەتی هەرێم ، بۆ گەراندنەوەی خاک ( کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەكان ) ، تا ئەم ساتەش بە شکستخواردو و هاتووتە ئەژمار .
لە دە ساڵی رابردوو ، سەرجەم هیواکانیان گرێدا بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ وە ، بەڵام کردەکانی حوکومەتی ” فیدرال ” دەریخست دەستووری عیراق بە پێ بەرژەوەندیی حزبە دەسەڵاتدارەکان تەفسیر دەکرێت ، ئەوەی لە بەرژەوەندیاندا نەبێ لە جێبەجێکردا پشتگوێ دەخەن . ئەزموونەکانی رابردووش دەریان خستووە کە بریار بەدەستانی عەرەب بەراست و چەپیانەوە ، ئەگەر هەندێک جار لە تاکتیکدا بە نەرم دەرکەوتبێتن ، هەردەم لە ستراتیجدا لەگەل ویست و خواستی گەلی کوردا نین .
وێرای نەرێنی بوونی هەڵوێستی بەغدا ، زۆرێک لە شارەزایانی پەیوەست بەو بوارە ، پێان وایە بریار بەدەستانی کوردش تومەتبارن ، لەبەر ئەوەی چەندین دەرفەتیان هاتووتە پێش بۆ یەک لاکردنەوەی کەیسی ناوچە دابرێنراوەکان ، کەچی بە هۆی پەیوەستبوونیان بە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی ، ئەو هەلانەیان نەقۆزتۆتەوە .
دیارە لە ئێستادا بوونی گرژی لە ناوچە سونیەکان و بێ سەروبەرەیی سوپای عێراق ، دۆخێکی هێناوەتە پێش لەگەل ئەوەی بێ مەترسی نیە لە سەر هەرێم ، لە هەمان کاتدا دیڤاکتۆیەکی رەخساندووە ئەگەر بەووردی و ئاقلانە بەرخۆردی لەتەکدا بکرێت وا پێدەچی زەمینەی گەراندنەوەی خاک لە جاران باشتر مەیسەربووبێ ! .
لەسەر ئاستى نێو دەوڵەتى و ئیقلیمى ، هەڵوێست و کردەی زیاتر لە شەست وڵات ، لەوانە ئەمریکا و ئەوروپا بەرانبەر بەم ڕەوشەی کوردستانی تێدایە ، ئەگەر چی نەگەیشتووتە ئاستی خواست و ویستی گەلی کورد ، بەڵام زۆرێک لە شرۆڤەكارانی کوردو بیانی بەئەرێنی دەیبینن ، خالێکی تریش کە لەبەرژەوەندی گەلی کوردە ، تا ئەم ساتەش حوکومەتی عیراق جورئەتی پێدانی حهسانهی یاسایی به راوێژكارە ئەمریکیەکان نیە ، پێموایە ئەمەش بێ دەرکەوتەی نەرێنی نابێ بۆ بەغدا .
ئەوەی لە ئێستادا بەتەنگەژەی بەردەم گەراندنەوەی خاک دەبینرێت ، جگە لە نەبوونی یەکگوتاری حزبەکان و یەکریزی دانشتوانی ئەو ناوچانە ، هەڵوێستی هەردوو حوکومەتی ئێران و تورکیایە کە مشتومری زۆر هەڵدەگرن ، وێرای ئەوەی ترسی گەرانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر کوردستان بە هاتنە کایەی دەوڵەتی ” سەربەخۆ ” دەبینن ، بەڵام بۆچوون و هەڵوێستان خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگری . بۆ نموونە تورکیا بەراورد بەرابردوو ناچار بووە لایەنی کەم تا ئاستێک شێوازی دژایەتێکەی بەراورد بە ئێران نەرمتر دەرکەوێ ، لایەنی کەم ئەگەر بە روگەشش بێت ویستویانە وا لە کوردی باشوور بگەینن کە ” نایەوێت ” دوژمنایەتی بکەن .
بەڵام ئێران وێرای ئەوەی پهیوهندیی جۆراوجۆری لهگهڵ حزبە کوردیەکانی باشوور هەیە ، بەهۆی ئایدۆلۆژیەکەی ، هەڵویستی بەرانبەر بە سەر بەخۆبوونی کورد زۆر نەرێنی ترە لە تورکیا . لەگەڵ ئەوەی رۆڵێ ئێران لە نێو بریار بەدەستانی عیراق زۆر گهورهترو کارێگەرترە بەراورد بە رۆڵی تورکیا ، بەڵام پێگەی ئێران لە نێو دونیابینی و سیاسەتی نێودەوڵەتێدا ، لە ئاستێکە هێچ وڵاتێک ئێرەیی پێنابات .
دیارە وێرای نەرێنی هەڵویستی هەر هەردوو حوکومەت ، بە شێوەو شێوازی جیاواز کۆمەڵی بەرژەوەندی سیاسی ، سەربازی ، ئەمنی و ئابووریان لەگەڵ هەرێمدا هەیە ، بۆیە لە ئێستادا ناچارن رەچاوی هەندی لە بەرژەوەندیە رووگەشەکانی کۆرد بکەن . بۆ نمونە ئەگەر لە دوێنێدا داخستنی مەرز ، زەرمەندی یەکەم هەرێم دەبوو ، لەم روودا ئەگەر رووبدات کورد زەرەر مەندی دووەم دەبێ و ئەوان یەکەم ، لەبەر ئەوەی قەبارەی ئەو سوودانەی لە هەرێمدا بەدەستیان هێناوەو دەیهێنن ، بەداخستنی سنوورەکانیان چەندین بەرابەر زەرەرمەند دەبن ، دیارە ئەمەش بەو مانایە ناوترێت کە پەیوەندی ( حوکومەتی هەرێم نەک حزب ) لەگەڵیاندا پشتگوێبخرێت ، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێ بەردەوام لە هەوڵدابێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوسنووردا .
ئەوەی دەمێنێتەوە قسەی لەسەر بکرێت ، بریار بەدەستانی عەرەب و دانشتوانی ئەو ناوچانەیە . ئەگەر لە دوێنێدا سەرجەم هەوڵی دەسەڵاتدارانی عەرەب لە عیراق سەرتاپاخوازی بوو ، بەڵام لە ئێستادا دەکرێت وەک هەرێمێکی وابەستەی سیاسەتی دەرەکی بهێندرێتە ئەژمارکردن ، وێرای ئەوەش ئەو توانایەی حکومەتەکانی پێش ٢٠٠٣ هەیان بوو بۆ دژایەتیکردنی کورد ، نەک هەر لە دەستیان داوە ، بەڵکو لەو باوەرەدان کورد بەرەو سەربەخۆیی هەنگاوی جدی ناوەو پاشگەز نابێتەوە . ئەگینا لە خۆرا نیە حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت ” هەڕەشەکانی داعش وامان لێدەکات رێکبکەوین ” .
ئەنجامنامە ؛
ئەگەر کورد هەنگاوی جدی بنێ بۆ گەراندنەوەی خاک ، هەڵوێستی وڵاتە زڵهێزەکان نەرێنی نابێ ، لەهەمان کاتدا هەڵوێستی ئێران و تورکیاش ئەگەر سەرەتاکەی بەنەرێنی بێت ، درێژە ناکێشی ، کەواتە حزبەکانیش یەک هەڵوێست دەبن ، کەواتە حوکومەتی هەرێم لەتوانایدایە سەرجەم ئەو گرفتانەی دێتە پێش گەراندنەوەی خاک رێگا چارەی هەبێ بۆی ، تەنها یەکێکیان نەبێ ئەویش یەکخستن و یەکرێزکردنی هەڵویستی دانشتوانی ئەو ناوچانەیە ، ئەمێس تەنها بە قایلکردنی دانشتوانی ئەو ناوچانە مەیسەر دەبێ ، هەنگاونان بۆ ئەمەش لە باشکرنی ڕەوشی ژیانی دانشتوانی ئەو ناوچانەوە دەست پێدەکات ، ئەگینا بە دەست هەڵگرتن لەچەند ناوچەیەك بە پاساوی ئەوەی كوردی تێدا نەماوە ، یان بە دەستوورو بەهێز ، ئەگەر بشگەرێندرێتەوە هەردەم ئەو ناوچانە بە نا سەقامگیری دەمێنێتەوە .