دکتۆر محه‌مه‌د گه‌ناویی : ئاسایشی خۆراک و ڕه‌هه‌نده‌کانی .
ساکارترین پێناسه‌ی ئاسایشی خۆراک له‌روی ستراتیجیه‌وه ( درێژخایه‌نه‌وه ) ئه‌وه‌یه گه‌لێ بتوانێ که‌ره‌سه سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆراک که‌بۆ ژیان گرنگن و پێویستن به‌رهه‌م بهێنێ ، هه‌روه‌ها له‌روی کورت خایه‌نیه‌وه بتوانێ به‌لای که‌می بۆ ماوه‌ی سێ مانگ پاشه‌که‌وتی خۆراکی هه‌بێ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی حاڵه‌تی کتوپڕی سروشتی یان جه‌نگ و ئابڵوقه . بیری ئاسایشی خۆراک هه‌میشه یه‌کێ له‌ڕه‌هه‌نده گرنگه‌کانی ژیان بوه‌و ده‌بێ مرۆڤ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ژیانیه‌وه ئه‌گه‌ر بیری له‌ئاسایشی خۆراک نه‌کردبایه‌وه چه‌نده‌ها ڕێگه‌و شوێنی به‌کارنه‌هێنابایه بۆ به‌رهه‌مهێنان و پاشه‌که‌وت و هه‌ڵگرتنی خۆراک ئه‌وا نه‌ئه‌توانرا به‌رده‌وامی به‌ژیانی مرۆڤایه‌تی بدرێ . بیری ئاسایشی خۆراک هه‌ر لای مرۆڤ نیه ، به‌ڵکو هه‌تا ئاژه‌ڵه‌کان بۆ پاراستنی ژیان و بونیان له‌مێرویه‌که‌وه تا ئه‌گاته ئاژه‌ڵی گه‌وره بیر له‌ئاسایش واته دابینکردنی خۆراک ئه‌کاته‌وه بۆ ئه‌م کاتانه‌ی که خۆراک ده‌ست ناکه‌وێ به‌تایبه‌تی له وه‌رزه سارده‌کاندا .
له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگاو ئابوری و ته‌کنه‌لۆجیای به‌رهه‌مهێنان و پاراستنی خۆراک، ئاسایشی خۆراک بوو به‌سیاسه‌تی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی وڵاتانی خاوه‌ن خاوه‌نداریه‌تی راسته‌قینه ، به‌وه‌ی که‌وا هه‌موو توانای مرۆیی و نیشتمانی ئه‌خه‌نه خزمه‌ت کردنی ئاسایشی خۆراک . بەڵام له‌م وڵات و کۆمه‌ڵگایانه‌دا که‌خاوه‌نداریه‌تی راسته‌قینه نیه ( بێ صاحبن هه‌میشه له‌گه‌ڵ برسيه‌تى نه‌بونی ئاسایشی خۆراک ،سه‌روه‌ری تاک و گه‌ل و نیشتمان و نه‌بونی به‌هاکانی مرۆڤدا ئه‌ناڵێنن .
له‌یه‌کێ له‌گۆشه‌کانی ئابوری له‌هاوڵاتی دا باسی په‌یوه‌ندی ( ئابوری و فه‌رهه‌نگ) م کردبوو که لێره‌دا پێویست به‌دوباره کردنه‌وه‌ی ناکات به‌ڵام ئه‌توانین بڵێین هه‌مان په‌یوه‌ندی ئاسایشی خۆراک به‌فه‌رهه‌نگه‌وه هه‌یه، به‌م جیاوازیه که‌لێره‌دا زیاتر په‌یوه‌ندی به فه‌رهه‌نگ و عه‌قڵ و فکرو شعورو ئیراده‌و ئیداره‌و دڵسۆزی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه هه‌یه نه‌ک فه‌رهه‌نگ و تێگه‌یشتنی گشتی میلله‌ت یان کۆمه‌ڵگا بۆ ژیان و ده‌وروبه‌ری. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به هه‌ستکردن بێ به‌بونی وه‌پێویستی ئاسایشی خۆراکه‌وه، هه‌روه‌ها ترسی مرۆڤه‌کان بێ له‌نه‌بونی خۆراک و برسیه‌تی، هه‌موو مرۆڤه‌کان له‌هه‌ر شوێنێ بن وه‌کو یه‌کن له‌م هه‌ست و ترسه‌دا ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاواز بێ له‌نێوان مرۆڤه‌کان و گه‌لاندا بون یان نه‌بونی خاوه‌نداریه‌تی راسته‌قینه‌یه که‌له‌ده‌سه‌ڵات دارانی شایسته‌و نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵک له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی جۆراوجۆری نیشتمانی و زانستی و حرفی ( professional) دا خۆی ئه‌بینێته‌وه. پێوه‌ری شه‌رعیه‌ت وه نه‌بونی شه‌رعیه‌تی هه‌ر حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێ له‌مه‌دایه که تاکوێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌توانێ ئاسایش به‌هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه له‌هه‌موشیان گرنگتر ئاسایشی خۆراک بۆ هاوڵاتیان فه‌راهه‌م بکات . هه‌ر ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تێ یان حوکمه‌تێ نه‌توانێ ژیان و ئاسایش و خۆراک بۆ هاوڵاتیانی دابین بکات شه‌رعیه‌تی خۆی له‌ده‌ست ئه‌دا، مافی ئه‌وه‌ی نیه یه‌ک رۆژیش مماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات بکات ، که‌باسی ئاسایشی خۆراک ئه‌کرێ له‌هه‌ر وڵاتێک‌دا ته‌نها مه‌به‌ست ئه‌وه نیه که‌ده‌سه‌ڵاتداران به‌هه‌ر به‌هایه‌ک بێ هه‌تا به‌قه‌رزو فرۆشتنی وڵاتاکه‌شیان بێ ، خۆراک بۆ هاوڵاتیانیان بکڕن وه‌کو چۆن حکومه‌تی هه‌رێم خه‌ريكه پاره قه‌رز بکات بۆ موچه‌ی خه‌ڵک تا خۆراکی پێ بکڕن به‌ڵام له‌سه‌ر حسابی ژیان و که‌رامه‌تی نه‌وه‌کانی داهاتوو ، واته بۆ ئه‌م خۆراکه‌ی ئه‌مرۆ كه‌خه‌ڵک له‌کوردستاندا ئه‌یخوات ئه‌بێ نه‌وه‌کانی داهاتوو له‌سه‌ری قه‌رزداربن .
ئاسایشی خۆراک گه‌لێ ڕه‌هه‌ندی تر جگه له‌ماناکه‌ی خۆی له‌خۆئه‌گرێ که‌گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن :
1 – ڕه‌هه‌ندی ئابوری
بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ر وڵات و شوێنێ بتوانرێ ئاسایشی خۆراک فه‌راهه‌م بکرێ ، پێویسته ژێرخانێکی ئاماده‌ی ئابوری هه‌بێ ، که‌هه‌م ژێرخانی مادی وه‌کو جاده‌و ڕێگاوبان و ساختمان و پرد و تونێل و قوتابخانه‌و فێرگه‌و زانکۆ‌و نه‌خۆشخانه له‌خۆ ئه‌گرێ وه‌هه‌م ژێرخانی معرفی و زانستی له‌خۆ ئه‌گرێ که بریتیه له‌به‌رنامه‌و ستراتیجی بۆ پێگه‌یاندنی کادری زانا‌و به‌تواناو ڕۆشنبیرو شاره‌زا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌شێوه‌یه‌کی دروست و راست که‌ڵک له‌ژێرخانه مادده‌یه‌کان وه‌ربگرن ، وه‌هه‌روه‌ها بتوانن سه‌ربه‌خۆیانه به اعتماد له‌سه‌ر توانای خۆ کاره‌کانیان ئه‌نجام بده‌ن له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌کردنی ده‌ستی کاری حرفی له‌بواره جۆراوجۆره‌کاندا بۆ نمونه گرنگی دان و کاراکردنی قوتابخانه پیشه‌یه‌کان .
2 – ڕه‌هه‌ندی سیاسی
له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی ئاسایشی خۆاک بۆ هاوڵاتیانی هه‌ساره‌ی زه‌وی ڕه‌هه‌ندی سیاسی وه‌رگرتووه نه‌ک وه‌ک مافێکی سروشتی بۆ مرۆڤه‌کان که‌پێویست بێ بؤ مانه‌وه له‌ژیاندا . وه هه‌تا له‌م وڵاته نانیشتمانی و نا دیموکرات و نابه‌رپرسانه‌شدا ئاسایشی خۆراک بۆ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆیان ڕه‌هه‌ندێکی سیاسی پێ ئه‌به‌خشن ، واته مافی کار‌و نان بۆ ئه‌وانه‌یه که به‌شوێن په‌تی ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌ڕۆن .
ئه‌م وته‌یه‌ی که ئه‌ڵێ ( به‌کۆنتڕۆڵ کردنی نان ئه‌توانرێ میلله‌تان کۆنتڕۆڵ بکرێ ) ئاماژه‌یه بۆ که‌ئاسایشی خۆراک ئه‌شێ به‌کاربێ وه‌ک چه‌کێکی سیاسی له‌په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کاندا له‌لایه‌ن ئه‌م وڵات و گه‌لانه‌وه که‌خاوه‌ن خۆراک و سیاسه‌تی خۆراکن له‌سه‌ر ئاستی جیهان ، هه‌روه‌کو له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا له‌وڵاتانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی نادیموکرات و نامه‌ده‌نیش خۆراک و نان به‌کاردێ وه‌ک چه‌کێ بۆ کۆنترۆڵ کردنی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا . مهزه‌له‌و گاڵته‌جاری ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهانی دواکه‌وتوو دیکتاتۆر له‌مه‌دایه که‌به‌هه‌مان چه‌ک سیاسه‌ت و شێوه که‌خۆیانی پێ سه‌رشۆڕو ، ته‌سلیم و بێ ئیراده کراوه به‌کاردێنن دژی هاوڵاتیانی خۆیان ، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌له‌که‌یان ته‌سلیمی ده‌سه‌ڵاتی ساخته‌ی خۆیان بکه‌ن له‌ڕێگه‌ی کۆنترۆڵ کردنی هه‌موو سه‌رچاوه‌کانی ئابوری و ده‌سه‌ڵات بۆخۆیان و نوخبه‌ی فاسدو دژه‌گه‌ل و وڵات .
ئه‌م ڕونکردنه‌وه‌ی سه‌ره‌وه بۆمان ده‌رئه‌خات ئه‌گه‌ر وڵات و میلله‌تێ نه‌توانێ قوتی ژیانی به‌ده‌ستی خۆی فه‌راهه‌م بکات ئه‌بێ ته‌سلیمی ئیراده‌ی خه‌ڵکی تر‌و وڵاتانی تربێ وه له‌خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی بێگانه‌دا بێ وه‌ئیتر شتێ نامێنێ به‌ناوی شانازی و که‌رامه‌ت، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م حاڵه له‌سه‌ر ئاستی تاکیش هه‌ر وایه به‌تایبه‌ت له‌وڵاتانی جیهانی خوارو ( جیهانی سێ هه‌م )
3- ڕه‌هه‌ندی ژینگه‌و ته‌ندروستی
مه‌رجی فه‌راهه‌م کردنی ئاسایشی خۆراک بونی که‌رتی کشتوکاڵه به‌هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه له‌گه‌ڵ پیشه‌سازی کردنی کشتوکاڵ .
کشتوکاڵ واته به‌روبومی خۆراکی و سه‌وزایی وه‌ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی و نیشتمانی مماره‌سه( پراکتیزه ) بکرێ جگه له‌دابین کردنی ئاسایشی خۆراک که‌گرنگیه‌کی سه‌ره‌کی و ژیانی هه‌یه ، بۆ پاراستنی ژینگه‌و که‌ش و هه‌واو ته‌ندروستیش مه‌رجی سه‌ره‌کیه . به‌ڵام دیسان له‌م وڵاتانه که ئاسایشی خۆراک نیه واته که‌رتی کشتوکاڵ بونی نیه یان زۆر لاوازه که توانای به‌رهه‌می نیه ، بۆیه له‌م وڵاتانه‌دا گرفتی ئه‌وه هه‌یه که‌رووبه‌رووی قاتی و برسیه‌تی و وێران بونی ژینگه و ته‌ندروستی ئه‌بنه‌وه تاوای لێ دێ کۆمه‌ڵ هه‌موی توشی روخان و نه‌خۆشی ئه‌بێته‌وه که تراجیدیای انسانی لێ ئه‌که‌وێته‌وه . به‌داخه‌وه نیشانه‌کانی په‌یدابونی ئه‌م تراجیدیایه له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان به‌ره‌و فراوان بون ئه‌روات و ته‌نها و ته‌نها ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی دڵسۆز ، دیموکرات ، مرۆڤ و نیشتمان دۆست و مه‌ده‌نی و خاوه‌ن دامه‌زراوه‌یی و زانستی و دیموکرات و کارا ئه‌توانێ ڕێگه له هاتنی تراجیدیاکان بگرێ .