چاوپیکەوتنێك لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دا ، حوزەیرانی 1995 .
سەرنجێك :
لە دوای هەڵاتنم بۆ لەندەن لە هاوینی ١٩٨١ دا ، گەرچی یەکسەر بەکاریی خویندنی ماستەر ، ئەوسا دکتۆرا لە ئەدەبدا خەریک بووم ، دڵم هەر لای وشەی کوردیی و ژیانی گەلەکەم بووم . بۆیە زیاد لەکاری خویندنی ئەکادیمی بە دوو کاری ترەوە گیرم خوارد : کاری ڕێکخراوەیی و چالاکی سیاسیی مەدەنی بۆ پشتگیریی کورد لە لەندەن ، کە ئەمە لە بەشداریی لە دامەزراندن و هەڵبژاردنم بۆ دوو ساڵی لە سەر یەک بە سەرۆکی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی کورد لە لەندەن و دوایی بە یەکەم بەرێوەبەری ئەو مەلبەندە ، خۆی نوان..
لە لایەکی ترەوە خولیای دامەزراندنی گۆڤارێکی ڕۆشنبیرییم هەبوو کە ڕۆشنبیرانی کورد لە ئەوروپاوە بەیەکەوە گرێ بدا . ئەوە بوو بە لەگەڵ کاک سەباح غالب لە ١٩٨٤ دا گۆڤاری هەڵوێست مان دەرکرد ، دوایی لە مەلىەند گۆڤاری پەیڤ و مەلبەند بە کوردیی و گۆڤاری الثقافە الکردیە بە عەرەبی و کوردستان ئۆبسێرڤەر بە ئینگلیزیی ..
لە سالی ١٩٩٤ ە وە دوای وەستانی گۆڤاری ( پەیڤ)، لە کاتێکی هەستیاریی شەرێ خۆکوژیی وێرانکەردا لەوڵات ، بە پشتگیریی بنکەی ڕاگەیاندنی کوردیی لەندەن ، مانگنامەی هەنگاوم دەردەکرد لەبەر باوەڕبوونی تەواوم کە هەر بلاوکراوەیەکی کوردی دەبێ یەکەم نەتەوەیی و دووەم دیمۆکراتی بێت و باوەڕی تەواوی بە ئازادیی بیرو باوەر بێت و هەوڵی دروستکردنی هاودەنگیی و کۆدەنگییەکی کوردیی بدات ، بۆ ئەم مەبەستە هەم لە هەنگاو داو هەم لە گۆڤارەکانی پێش ئەو پەیڤ و مەڵبەند وهەڵوێست و دوای ئەو مانگنامەی هەتاوو، بەشداریم وەک دەستەی دامەزرێنەرو نووسەر لە گۆڤاری رابوون ، یەکەم هەوڵی گەلالەکردنی بەرنامەی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردیی و گفتۆکردن لە سەر ئەو مژارەم دەدا سەرەرای کارکردنی پراتیکی بۆی ، دووەم دەرگای گۆڤارو بلاوکراوەکانم ئاواڵەکردبوو بۆ هەموو خوێنەران و نووسەران بەوپەری ئازادییەوە بیرورای خۆیان دەربڕن جگە لە مەش خۆم چاوپێکەوتنم لەگەڵ زۆر لە سەرکردەکانی ئەوسا و رووناکبیرەکان لە هەموو پارچەکاندا بە پێی دەرفەت و توانا دەکرد .
یەکەم چاوپێکەوتنی هەنگاو لەگەڵ بەرێز مەسعود بازانی بوو ، ئەوسا کاک جەبار فەرمان و کاک نەوشیروان و کاک هوشیار زێباری و دکتۆر مەحمود عوسمان و کاک بەشار کایا و کاک زوبێر ئەیدەرو زۆری تر . پێشتریش لە پەیڤدا لە ١٩٨٧ دا چاپێکەوتنیکی ترم لەگەڵ کاک نەوشیروان کردبوو . هەوڵ دەدەم لە مەودووا بە زنجیرە ئەم چاوپێکەوتنانە بلاو بکەمەوە . ئەمەی کاک نەوشیروان بەرێکەوت بووە یەکەم ، چونکە بە نووسراوەیی لە کۆمپیەتەردا لەبەر دەستدا بوو بەلام ئەوانی تر هێشتا نەنووسراونەوە و هەوڵ دەدەم لەمەودا ئامادەیان بکەم .
ئەو دیدارانە وەک دۆکیومێنتێ مێژوویی دەربارەی وردەکارییەکانی شەری براکوژیی و نێشاندانی بێ مێژوویی کوردو نەبوونی فەلسەفەی زانستیی بۆ تیگەیشتن و لێکدانەوە فێربون لە رووداوەکان گرنگن ..
هەروەها بۆ روونکردنەوەی ئەوەی کە هەر هیچ لە عەقلی سیاسیی سەرانی شاخ نەگۆڕاوەو ناگۆڕێت بەڵکو لە زۆر ڕووەوە پاشەکشەی عەقڵیی و سیاسیی و ئەخلاقیی تەواو کراوە ..
بۆیە هیوادارم بلاوکردنەوەی ئەم دیدارانە چ وەک بەلگەنامەی مێژوویی و چ وەک روونکرنەوەی ئێستا بە سوود بێت .
ئەو کاتە لەم چاوپێکەتنە دا ئەم پرسیارەم لە کاک نەوشیروان پرسی :
” تۆ دەلێی کە جیاوازی سەرەکی عەقڵی سیاسییە و یەکێتی زیاتر گرنگی بە پەرلەمان و حکوومەت و یاسا دەدات ، بەڵام لە مەجالی پراکتیکدا دەبینین لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا یەکێتی گرنگییەکی ئەوتۆی بە پەرلەمان نەدا پەرلەمان دەوری نەدرایە . حکوومەت ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەی خۆی نەبوو . یەکێتی لەجیاتی ئەوەی هەوڵی دروستکردنی سووپای یەکگرتوو بدا ، لیوای تایبەتی درووست دەکرد !”
چاوپێکەوتنەکە لە ماڵی کاک نەوشیروان لە لەندەندا بە ئامادەیی برای ئازیزم کاکە مین ئەنجام درا .
فەرموون لەگەڵ دەقی چاوپێکەتنەکەدا وەک لە هەنگاو دا بڵاوکراوەتەوە : دیداریی ڕۆژنامەوانی دکتۆرکەمال میراودەلی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا