عەتا قەرەداخی : پێشمەرگەو جەماوەری نەتەوەیی و نوخبەى سیاسی بیرتەسکی حیزبی .
تێبینی – ئەم وتارە لە دوێنی شەوەوەگەیشتۆتە دەستی ئێمە ، بەڵام بەهۆی زۆری بابەتەوە هێشتمانەوە بۆ ئەمڕۆ .
ئێستا ئومێدی رزگارکردنی شەنگاڵ ئومێدێکی نزیکە بە تایبەتی دوای ئەوەى کە هێزەکانی داعش لە هەردوو بەرەى سەعدیە – جەلەولا ، ربیعە – زومار لەبەردەمی ورەى پۆڵاینی هێزی پێشمەرگەى کوردستاندا شکستیان هێنا. ئومێدی ئەوە دەکرێت کە لە نزیکترین کاتدا شەنگاڵیش لە ژێر پۆستاڵی رەشی ئەو هێزە دژ مرۆییە دەربهێنرێت. لێرەدا دووخاڵ بەلای منەوە زۆر گرنگن کە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردی و سەرکردایەتی حیزبەکان و نوخبەى سیاسی پەیڕەوی بکەن :
یەکەم : پێویستە دوای رزگارکردنی شەنگاڵ کە دوا دواناوچەى باشووری کوردستانە تا ئێستا داگیرکراوە، بەهیچ شێوەیەک کورد هەڵەى بەشداریکردن لە شەڕی داعشدا لە ناوچە عەرەبیەکانی عێراقدا نەکات بە تایبەتی لە موسڵدا. هەەروەک ئێمە لە وتارێکماندا هەفتەى رابردوو بەدرێژی باسی نەبوونی پەیوەندی کوردمان بە موسڵەوە کردبوو. جارێکی تریش دەیڵیمەوە رزگارکردنی موسڵ بۆخۆی وەهمە، ئەنجا موسڵ لە دەستی کێ رزگار دەکرێت ؟ چونکە ئاشکرایە روانینی عەرەبی موسڵ بە تایبەتی و کۆی عەرەب بۆ کورد بە گشتی جیاواز نییە لە روانینی داعش بۆ کورد. هەر ئەمشەو لە کۆی هەواڵەکانی قەناتی الجزیرەى ناسیونالیستی عەربیدا باسی کوژرانی دوو سێ داعش و چەند سەربازێکی عێراقی کرا لە رومادی، بەڵام بە وشەیەکیش باسی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی شەنگاڵ نەکرا.
بەشداریکردنی کورد لە رزگارکردنی موسڵ لە دەستی داعیش هەم بە فیڕۆدانی تواناو خوێنی پێشمەرگەى کوردستانە، هەم دەبێتە تێوەگلانی کورد لەشەڕێکەوە کە دیارنییە بەرەو کوێ دەچێت و لە راستیشدا بۆ کورد دەبێتە دوژمنایەتی کردنی هەموو سوونەى عەرەبی واتە دوژمنایەتی کردنی ئومەى عەرەەبی کە ئەوەش هەرگیز لە قازانجی کورد نییە. دووەم: دیارە لە دوای رزگار کردنی کوردستان لە دەستی داعش چیتر بە هیچ شێوەیەک ئەو بۆچوونە راست نییە کە کورد لە بری جیهان شەڕی داعش دەکات. بەڵکو لە ناوەرۆکدا ئەوە جۆرێک لە ساویلکەیی تێدایە. کورد بەرپرسیارە لە پاراستنی خۆی ، جیهان با خۆی بەرگری لە خۆی بکات، ئەو جیهانە سیاسیە هیچ و پۆچ و بێئەخلاقەى کە تاکو ئێستا ئەوە بە کورد رەوا نابینێت دەوڵەتێکی هەبێت، ئیتر بۆچی کوردی داماو لەبری ئەو شەڕی داعش بکات؟ بەڵێ ئەو جیهانە بڕیاربەدەستەى کە بەو شێخە عەرەبانەى دوورگەى عەرەبی راوابینیووە کە چەندین دەوڵەتیان هەبێت کە بە بەراورد بە کورد لە هەموو روویەکی گەشەکردنەوە زۆر لە کورد دواکەوتووترن. هەروەک ئەو بۆچوونەش کە پێی وایە دەبێ کورد لە بری بەرگری، ستراتیژی خۆی بگۆڕێت بۆ هێرش کردن بۆ سەر داعش، دیسان ئەوەش بۆچوونێکی ئاوەژوو ساویلکانەیەو لە پێناوی رازیکردنی براگەورەى شیعەی کۆنەپەرستی عیراق و میلیشیاکانی بەدردا لەدایکبووە کە دوای شەهیدبوونی زیاتر لە دووسەد پێشمەرگەى خەباتگێڕی کوردستان لە جەلەولاو سەعدیە ئێستا هێزی باڵادەست لەو ناوچەیە ئەوانن نەک کورد. کەواتە ئەوەش ساویلکەییە کە کورد دوای رزگارکردنی ناوچەکانی خۆی لەدەەرەوەى سنووری کوردستان نەک هێرش بەڵکو بەشداری هەر هێرشێکیش بکات بۆ سەر داعش یان هەرهێزێکی تر. بەڵکو ئەرکی هێزی پێشمەرگەى کوردستان پاراستنی سنوورەکانی کوردستانە، ئەگەرچی وای بۆ دەچم دواتر کورد ناچاردەبێت شەڕێکی تر لە جەلەولاو سەعدیە بکات بە دژی میلیشیا شیعەکان ئەگەر بەراستی بە تەمابێت ئەو ناوچەیەش بێـتەوە سەر کوردستان.
بەهەرحاڵ دوای رزگارکردنی شەنگاڵ پێویستە پێشمەرگە تەنیا پارێزگاری لە سنوورەکانی کوردستان بکات، با عەرەبی عێراقیش خۆیان ناوچەکانی خۆیان رزگار بکەن ئەگەر بەراستی دەیانەوێت، رەنگە دواجار عەرەبەکان و داعش رێکبکەون یان هەر یەک شتبن.
هێزی پێشمەرگەى کوردستان ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیی سەربەرزانە جێبەجێکردووەو دڵنیاشم بە خوێن و ژیانی خۆی سنوورەکانی کوردستان دەپارێزێت، بەڵام ئەوە ناپاکیە لەو هێزە خەباتگێڕە کە بیئاڵێنیت لەشەڕی رزگارکردنی موسڵ و شوێنەکانی تری عێراقی عەرەبیەوە. هیوادارم بەو ئەندازەیەی هێزی پێشمەرگەى کوردستان وەکو هێزی نەتەوە بە ژیانی خۆی پارێزگاری و بەرگری لە کوردستان دەکات و بەو ئەندازەى جەماوەری خەڵکی کوردستان پشتگیرو پاڵپشتی پیشمەرگەکانی خۆیەتی و بەوئەندازەیەی کە جەماوەری خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە سەختی ژیان و نەبوونی کارو دواکەوتنی موچەو بژێوی ژیانیان دانبەخۆدا گرتوون و خەمی نیشتیمان و ئازادی زۆر شتی تری لەبیربردوونەتەوە، نوخبەی سەرکردایەیاتی حیزبەکانیش شتێک لە پێشمەرگەو جەماوەرەوە فێرببن و دەست لەو هەموو موزایەدە سیاسیە بێگەوهەرە هەڵبگرن، بە تایبەتی بەشێک لە سەرکردە رق لە دڵەکانی یەکێتی و پارتی ئەوانەى تاکو ئێستا ئالودەن بە ژەهری دوژمنایەتی نێوان جەلالی و مەلایی ، یان ئەوانەى گرێی هەست بەکەمیکردن پاڵنەری هەموو جوڵەیەکیانە لە ژیانی سیاسیانداو سەرجەم قسەو تەسریحدانەکانیان بە ئاراستەى درز دروستکردنەو دژی یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەیی دەجوڵێن و کاردەکەن، ئەو یەکێتی و یەکبوونەى کە ئەگەر ئەو ژمارەیە لەسەرکردەى حیزبەکان فڕێ بدرێنە دەرەوەى بازنەى سەرکردایەتی حیزبەکانیانەوە ، جەماوەرو پێشمەرگە بە جەماوەرو پێشمەرگەى حیزبەکانیشەوە بەجیدی کاری بۆ دەکەن و وەکو چاویان دەیپارێزن چونکە دیارە پێشمەرگەو جەماوەر تەنیا نیشتیمان و نەتەوەیان هەیە، نەک وەکو ئەو نوخبەیەی سەرکردایەتی سیاسی و بلوێرژەنەکانیان بەرژەوەندیان لە دابەشبوون و لاوازبوونی یەکێتی نەتەوەیدا بێت.
گومانم نییە دواجار ئیرادەی پۆڵاینی پێشمەرگەی کوردستان و جەماوەری خەڵکی کوردستان و زۆرینەى سەرکردەی حیزبەکان کە ئەوانیش دڵسۆزانە بۆ یەکێتی و یەکبوون کاردەکەن بە تایبەتی ئەوبەرپرسانەى بە راستی پێشمەرگەبوون و ئێستاش شانبەشانی پێشمەرگە تێدەکۆشن سەرکەوتن بەدەست دێنێت و هەموو ئەوانەشی بە قسەو بە هەڵویست و بەکارکردنیان بە پێچەوانەى یەکێتی و یەکبوونی کوردەوە کاردەکەن، رووزەردی مێژوو دەبن .