بورهان شێخ رەئوف : کورد لۆجیاو بێشکچى .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواى ئەوەى کتێبى کورد لۆجیام خوێندەوە 421 لاپەڕە چاپى یەکەم 2014 لە نووسین وەرگێڕانى نووسەرجەلال زەنگابادى بە زمانى عەرەبى کە هەوڵێکى باشە بۆ ئاشناکردنى خوێنەرانى عەرەب بە کوردلۆجیا ، بە شێوەیەکى گشتى کتێبەکە پێک هاتووە لەسەرەتایەک لە کوردلۆجیاو چۆنیەتى سەرهەڵدانو گەشەکردن و ڕۆڵ و ئاسۆکانى بەردەمى و کورتەیەک لە کوردلۆجى ئەڵمانى و ڕوسى و سۆڤیەتى و ئیتالى و پۆلەندى و تورکى و کازاخستانى و لە گەڵ چەند نمونەیەک لەکارى کوردلۆجیەکان و هەروەها چەند چاوپێکەوتن و ووتووێژێک لە گەڵ کوردلۆجیەکاندا و ئەلبومێکى وێنەو نەخشە و بەرگى کتێبەکان و وێنەى گشتى .

بەڵام لە گەڵ ڕێزو خۆشەویستیم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەى کەناویان لەو ئینسکلۆپیدیاکورتە ى کوردلۆجیادا هاتووە کەهەموویان خزمەتى گەورەیان بە مێژوو کەلتورى کورد کردووە لە ووتارێکى واکورتدا باس ناکرێت ، بەڵام ئەوەى سەرنجى زیاتر ڕاکێشام و گەورەترین خزمەتى بە کوردو کێشە ڕەواکەى کردووە هەوڵ و کۆشش و گیانفیداییە سەرسەخت و کۆڵنەدەریەکانى گەورە بیرمەندو زاناى کۆمەڵناسى تورک دکتۆر ئیسماعیل بێشکچى یە ، هەر لەوکاتەى کە بۆ یەکەم جار کوردى دى و کوردى ناسى لە ساڵى 1962-1964 لەکاتى بە جێهێنانى خزمەتى سەربازى لە هەردوو ولایەتى بەدلیس و هەکارى لە باکورى کوردستان کە لەڕاگەیاندنەکانى دەوڵەتى تورکیادا بە باشورى ڕۆژهەڵاتى ئەنازۆڵ ناودەبرێت کاتێک گەیشتە ئەوێندەرێ واتە باشورى ڕۆژهەڵاتى ئەنازۆڵ بینى گەلێک هەیە زمان و مێژوو داب و نەریتیان جودایە لە تورک هەتا ئەو ناوەشى کە پێ ى دەڵێن تورکى کێوى ناوى خۆیان نیە ئەوان کوردن .

بەڵێ ناسینى کورد لەلایەن بێشکچیەوە وەکو دۆزینەوەى  جیهانێکى وون بوو کە هەموو حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى تورکیا هەر لەسەردەمى دەوڵەتى عوسمانیەوە و دواتریش بە تایبەتى لە  سەردەمى کۆماری دا هەموو هەوڵ و تواناکانیان خستبووە کار بۆ توانەوەى کوردو نەهێشتنى هیچ سیمایەکى نەتەوایەتیان و لەناوبردنى هەرشتێک کە پەیوەندى بە مێژوو کەلتورو زمانى کوردیەوە هەبێت ، بەڵى بێشکچى لە ئاوا ژینگەو  کەشێکدا وەدەرکەوت کە بیرو بۆچوونى شۆڤینى فاشیستى باڵى بەسەر تەواوى دامودەزگاکانى دەوڵەتدا کێشابوو ، ئەمیش بەتەنیا بە گژ ئایدیولوجیاى فەرمى دەوڵەتدا چووەو و ژیانى خۆى تەرخانکرد بۆ ئابڕوبردن و ڕیسواکردنى هەموو ئەو کردەوە ناهەقیانەى دژ بە کوردو هەموو کەمە نەتەوە و ئاینەکانى تر  لە تورکیادا دەکرا.

بەڵى لە بارودۆخێکدا کە ووشەى کوردو کوردستان قەدەغەبوو چ بە نووسین وچ بە ووتن لەوەتەى کۆمارى تورکیاى شۆڤێنى دامەزرابوو سەرپێچیکار( هەڵبەتە لە دیدى حکومەتى تورکیاوە ) تووشى لێپێچینەوەى یاسایى و غەرامەو زیندانى دەبوو،  بێشکچى لە ئاوا دۆخێکدا وەکو ڕۆشنبیرێکى بە هەڵوێست و پەروەردەکراو وەکو لێکۆڵیارێکى پاک و بێگەرد بەتەنها بەرەنگارى بیرى شۆڤێنى تورکى بووەوە و لایەنگرى لە بوونى گەلى کوردو هەسەلە ڕەواکەى دەکرد بە ئیرادەو عەزمێکى پۆڵایینەوە کە کاربەدەستانى تورک نەیان توانى پەشیمانى بکەنەوە سەرەڕاى ڕاوەدوونان ولێپێچینەوەو برسى کردن و دەربەدەرى وزیندانیکردنى دەجار زیاتر بە شێوەیەک کە 17 ساڵى تەمەنى لە زینداندا بردەسەر تا بووە یەکێک لە سمبوولە هەردیارەکانى زیندان و ڕاى ئازاد لە تورکیاو جیهانیشدا . بەڵێ بێشکچى سەلماندى لە چەند دەیەى ڕابردوودا چ دڵسۆزێکى زانست وڕاستیە وئامادەیى بێسنوورو لە ڕادەبەدەرى هەیە بۆ ئەوەى قوربانى بدات لە پێناویدا هەر ئەو بوو ووتى (( چ شتێک جوانترە لەوەى لە پێناوى زانست و ڕاستیدا تێبکۆشیت و قوربانى بدەیت لە پێناوى سەروەریاندا ))تاوەکو جارێکیان لە وەڵامى ڕۆژنامە نووسێکدا ووتى(( تورکیا زیندانێکى گەورەیە :جیاوازى چیە لەیەکێ لە ژوورى زیندانەکاندا بیت یان لە دەرەوەى ))هەتاوەکو کاربەدەستانى تورک ناچاربوون  مل کەچى ئیرادەو عەزمى پۆلایینى بێشکچى ببن و ئازادى بکەن کەهاتە دەرەوە لە وەڵامى ڕۆژنامە نووساندا ووتى بەرنامەو پڕۆگرامم هەرئەوەیە بەرگرى و داکۆکى و نووسین لەسەر کوردو کێشە ڕەواکەى دەکەم ، پارێزەرەکەى ویستى قایلى بکات کە ئەو لێدوانە نەدات لەبەردەم دادگادا کە هەر ئەو کاتە دەرچووبوو لە زیندان پێ ى  ووت ئەزیزم هیچ هەڵەیەکم کردووە ؟؟ ووتى من تابمێنم داکۆکى لە ڕاستى دەکەم و هیچ شتێک لەوە جوانتر نیە و کاردەکەم لە پێناو بەدی هاتنیا .

خاڵێکى ترى لێکچوون لە نێوان ماندێلا و بێشکچى  دا هەیە ئەگەر نیلسۆن ماندێلا خەڵاتى ئەتاتورکى رەتکردەوە لەبەرئەوەى لە تورکیادا مافەکانى گەلى کورد زەوتکراوە  ، ئەوا بێشکچیش خەڵاتى دامەزراووەى وەقفى ڕادەربڕینى ئازادى ئەمریکى رەتکردەوە کە بەهاکەى 10 هەزار دۆلارى ئەمریکی بوو لە کاتێکدا لە زیندانى بەیرەم پاشاى ئەستەمبوڵ   بوو بۆ جارى دووەم خەڵاتەکەیان بۆ ناردەوە قایل نەبوو وەرى بگرێت بە نامەیەکى درێژ وەڵامى دانەوە کە هەوڵدەدەم چەند پەرەگرافێکى پوخت و جوان وپرواتاى لێرادە بنوسم کەنامەکەى بۆ بەڕێز گارا لاماراش نوسیوە وادیارە سەرۆکى وەقفەکەیە دەڵێت : کێشەى کورد مەسەلى ئازادى نوسەرێک یان کتێبێک نیە مەسەلەى نەتەوەیەکە کە ژمارەیان زیاتر لە 30 ملیۆن کەسە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕستدا مەسەلەى گەلێکى گەورەیە ،مەسەلەى گەلێکە کە بەشبەش کراوەو هەموومافە دیموکراتیەکانى لێزەوتکراوە بۆیە بەم حاڵەوە کێشەى کورد کێشەى هەموو مرۆڤایەتیە بەتەنها کێشەى کورد نیە ، کورد ئێستە بە چەکى قەدەغەکراوى کیمیاوى قڕ دەکرێن ، کوردناچاردەکرێن بە زۆر پیسایى (گوو) بخۆن ،مرۆڤ  لە هیچ کوێ ى ئەم جیهانەدا بەم شێوە دڕندانەو وەحشیانە ڕەفتارى لە گەڵدا نەکراوە نە لە تورکیا نەلە ترکستان نە عەرەبستان ونە لە ئەفریقیاى باشور ونەلە تشیلى بۆیە پێویستە مرۆڤ ڕووبەڕووى ئاوا ستەمێک ببێتەوە ، کورد هەمیشە بەر شاڵاوو سزاى وادەکەون کە شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتى ، بۆیە ئەگەر ئەمریکا پشتیوانى ئەو حکومەتو ڕژێمانە دەکات کە ڕەفتارى وا لە گەل خەڵکیدا دەکەن پێویستە  گەلى ئەمریکا هەست بە شەرمەزارى بکات .

من ویستم بەکورتى بوارەکانى هاوکارى نێوان هەردوو حکومەتى تورکیاو ئەمریکا ت بۆ باس بکەم لە پێناو هێشتنەوەى دۆخى ئێستاى کوردستان وەکو خۆى ، هەرچەندە من باش دەزانم ئێوە حکومەتى ئەمریکا نین بەڵکو ئێوە ڕێکخراوێکى مرۆڤدۆستى کاران لەهەمان کاتیشدا چاودێرى پێشێلکاریەکانى مافى میلەتان دەکەن لە هەموو جیهاندا ،هەروەها ڕادەى یارمەتیەکانتان دەزانم بۆ ئەو نووسەرانەى کە لەژێر هەڕەشەى تیرۆرو تۆقاندندان بە هۆى بیروڕاکانیانەوە بەهەر هۆیەکەوە هەبێت ،هەروەها دەزانم دامەزراوەکەتان چەند ڕاسگۆو کاریگەرە لەو بوارانەدا بۆیە دەخوازم ببینم ئەو کاریگەرى و ڕاستگۆییە بەکاربهێنن بۆ ڕەخنە گرتن لە سیاسەتى ئەمریکا ى یارمەتیدەر ى کۆلۆنیالیستى و کۆنەپەرستى و ڕەگەزپەرستى .

بەڕێز گارا لاماراش

لەبەر هەموو ئەو هۆیانەى کەلەسەرەوە بەکورتى باسمکردن زۆر هەست بە سەربەرزى وشانازى دەکەم بەو پشتیوانى و هەست و سۆزەتان بەرامبەرم ، بەڵام بەهۆى پشتگیرى حکومەتەکەتان لە حکومەتى کۆلۆنیالیست و ڕەگەزپەرستى  تورکیا کە زوڵم وزۆر لە کورد دەکات ناتوانم خەڵاتە ماڵیە کەتان وەربگرم .

وە دەتوانن ئەم نامەیەو ئەو نامەیەش کە بۆ منتان ناردووە بڵاوبکەنەوە و بەردەوام بین لە ووتوێژو چاوپێکەوتنەکانماندا .

ڕێزو سەڵاوم دەنێرم بۆ ئێوەو برادەرانتان لە The fund for free Expression    وە هیواى سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم .

                                                                             ئیسماعیل بێشکچى

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت