Ferydu-Rafiq-Hilmi

دکتۆر کەمال میراودەلی : بۆ کاکی گەورەم ، کاکە فەرەیدون ڕەفیق حیلمی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چیایەک ڕووخا بەسەر دڵمدا ، 

نووزەم دەرنەهات
چۆن چیاش دەرووخێ، ئەی کاکی گەورەم ؟!
گەورەیە وەڵلا تینی کارەسات
یەخەی کێ بگریـن ؟
بێدادیی دنیا ، جەهل و خەرافات
یەخەی کێ بگرین
بۆو مەرگە ڕەشەی کەس قوتار نادات
بێ کەسە بیری تیژی کوردانە ،
بێ نازە قەڵەم
وەک دوو چاوەکەت ،
کز وکوژاوەن دوو چاوی وڵات
وڵات کام وڵات ؟
هەزاران وتار
بەرزایی بیر و، پڕجوانیی کردار
سەربەرزیی چیاییی و
سەرگەرمیی خەبات
چی بە تۆ بەخشی جگە لە غوربەت
لە خەونی مەحاڵ :
گەلێ تێ بگات ؟!

بمبەخشە گەورەم !
ئێستاو دوێنێ ، هاوبەشیی خەم بووم
هاوبەشیی خەون ، هاوبەشی ئازار
هاوڕێی کاروانێ ،
کە قەت ناوەستێ ،
کە هەر دەڕوات و ،
کە هەرگیز ناگات
چبکەم؟ کوا ولات ؟
کوا گەل
کوا خەون و پرۆژەی حیلمی
حیلمی باوک و کوڕ
کێ گوڵ دەچێنێ ،
چ گایە دەیخوات ؟!
ئەی کاکی گەورەم !!
نەفرەت لە لەندەن
کە ڕەش ناپۆشێ
کە شینت ناکات
نەفرەت لەو شارەی
کە شاری خۆت بوو
شاری دڵت بوو،
شاری دوا ئاوات
دەبوو پێتەختی سەروەریی تۆ بێ
گەورەو بچووکی بێنە پێشوازییت
بەرز بوەستن،
هەموو لەسەر یەک ،
هەتا باڵایان بگاتە باڵات
گەورەم! نا ئەتۆ
زۆر مەزنتری لەوەی موحتاجی
تاجی هیچ کەس بی
لە ژین و مەرگا سەرت نانەوێ
هیچ دەست پێی ناگات
کە بینیم هەوال
دڵ بوو بە زووخال
وەڵلا نەمتوانی ڕستە تەواو کەم
کوێر بوو دیدەکەم
ئاخر کاکی من !!
چیا چۆن دەڕووخێ ؟
ئاخر کاکی من !!
بیری من چی بکات ؟
بمبەخشە وەڵلا ئازاری کوردبوون
دەمێکە دڵمی کردە خەرابات
تۆش فرامۆش بووی
لە کونجی عیشقی
خنکاو بە ئافات
وەللا حەزم بوو نووری دیدەت بم ،
خزمەتکارت بم لە ئەرک و داوات
تۆش بە ناکامی وا بەجێت هێشتم
هێندەی تر ئەتۆش غەریبت کردم
غەمبارت کردم
سەرسامت کردم
بەرامبەر هەزار پرسیاری بێ کات
پشكۆیەکی وا داخت داگیرسان
هەزاران فرمێسک گەر ببارێنم
قەت خەفەی ناکات .
ئەی کاکی گەورەم
بۆچی پێت نەوتم
کە چیاش دەڕووخێ
ئاگام لە خۆم بێ
هەتاکوو هەرەس
دڵم هەرس نەکات .
بەڵام نەمریی تۆ
لە ناو بیرت دا
ئۆقیانوسێکە
قەت وشک ناکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت