دکتۆر کەمال میراودەلی : ئەرشیفی قەلەم و مێژوو .
چوارچێوه‌ی ئیش
( لە ژمارە سێی گۆڤاری هەڵوێست دا ساڵی 1984 بڵاو كراوەتەوە .)
ته‌نیا ئاوات خواستن به‌س نییه .. ته‌نیا نیازی چاک به‌س نییه .. ته‌نیا ( ڕاسته ، وایه ) به‌س نییه . نیازی چاك پیرۆزه . بیر کردنه‌وه‌ی ڕاست پێویسته . خواستی باش گرنگه .. به‌ڵام نیاز ، بیر ، خواست ، ئه‌و ساته ده‌بێته هێزێکی ماددی ، هێزێکی مێژوویی ، هێزێکی هه‌ره‌وه‌زیی کاریگه‌ر ، که بگۆڕدرێ به کردار … که بخرێته ئیش …
مه‌ودای نێوان نیازی چاك و بیر کردنه‌وه‌ی ڕوون و خواستی دڵسۆزانه و کرده‌وه‌ی ڕۆژانه ، چه‌ندین بۆشاییان تێدایه که ده‌بێ پڕ بکرێنه‌وه. ئه‌وه‌نده به‌س نییه که کورد بی .. ئه‌وه‌نده به‌س نییه خۆت به کورد بزانی ، به کوردی چاك بزانی ، سه‌رکه‌وتنی کوردت گه‌ره‌ك بێ . ئه‌مه له ئاستی نیاز به‌ده‌ر نییه . مانه‌وه‌ت له‌م ئاسته‌دا وه‌ك ئه‌وه وایه ژماره‌یه‌کی ڕووت بی . ببی یان نه‌بی ، ده‌ورێکی کاریگه‌رت نابێ . به چ ده‌چێ بڵێین : کورد بیست ملیۆنه . نه بابه بیست و پێنج . نه‌ء سییه . مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه ، مه‌سه‌له‌ی ژماره‌ی ڕووت نییه . ئێمه ژماره‌یه‌کمان ده‌وێ که مانای هه‌بێ … ژماره‌یه‌کمان ده‌وێ که شوێنی هه‌بێ .. ژماره‌یه‌کمان ده‌وێ که له موعاده‌له‌ی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی مێژووی گه‌لی کوردستاندا جێی خۆی بگرێ ، ئه‌رکی خۆی هه‌بێ .. کاریگه‌ری خۆی بنوێنێ. که‌می به کار و کاریگه‌ر ، له زۆری زۆر و بێبه‌ر باشتره . پێشینان وتوویانه : که‌م و پوخت ، نه‌ك زۆر و بۆر .
به‌ڵام ئێمه که باوه‌ڕمان به مرۆڤه که باوه‌ڕمان به توانستی له بننه‌هاتووی مرۆڤه .. که باوه‌ڕمان به هێزی گه‌ردوونی و خواستی مێژوو دروستکه‌رانه‌ی مرۆڤه : باوه‌ڕمان وایه که هیچ مرۆڤێك ژن یا پیاو ژماره نییه.. که هیچ مرۆڤێك ، گه‌ر هه‌ل و مه‌رجی دروستی بۆ بڕه‌خسێ ، گه‌ر هێزی مرۆڤایه‌تی خۆی بدۆزێته‌وه و بخاته کار ، دره‌ختێکی زڕ نییه …. ئاژه‌ڵێکی بێ هۆش و گۆش نییه … به‌ڵکو هێزێکی بنیاتنه‌ر و داهێنه‌ره . باوه‌ڕیشمان وایه که مرۆڤی کورد، هه‌ر مرۆڤێکی کورد ده‌توانێ ده‌وری خۆی، نه‌ك ته‌نیا له ناو چورچێوه‌ی خه‌باتی گه‌لی کوردستاندا ، به‌ڵکو له چواچێوه‌ی خه‌باتی دیموکراسی و گه‌ردوونی مرۆڤایه‌تی هاوچه‌رخدا ، ببینێ : ده‌وری خۆی ببینێ ،وه‌ك ئه‌رکێکی مرۆڤانه‌ی پیرۆز و مه‌زن ، نه‌ك وه‌ك ژماره‌یه‌کی ڕووت . به‌ڵام له سه‌رمانه ئه‌م ده‌وره وه‌ك کورد ببینین : نه‌ك بیژووه کورد ، کوردی تواوه ، کوردی کۆزمۆپۆلیتان .
ئێمه ، به درێژایی مێژوو ، دوژمنانمان ، دوژمنانی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی، ئه‌و هه‌ل و مه‌رجانه‌یان لێ سه‌ندووین که وه‌کو مرۆڤی کورد ، وه‌کو کورده‌واری و کۆمه‌ڵگای کورد، وه‌کو نه‌ته‌وه‌ی کورد ، به‌شداری خۆمان له ڕێڕه‌وی پێشکه‌وتنی شارستانێتی جیهانیدا بنوێنین . دوژمنانمان جگه له هێرش و شاڵاوی دڕندانه و وێرانکارانه و داگیر که‌رانه‌ی ڕاسته‌وخۆ ، توانیویانه ، له به‌ر زۆر هۆی جوگرافی و مێژوویی ، ( چوارچێوه‌یه‌کی تواندنه‌وه ) له ده‌وری گه‌له‌که‌ماندا درووست بکه‌ن … توانیویانه : سه‌رباری تاڵان کردنی ئابووری وڵاته‌که‌مان ، هێز و وزه و توانست و لێهاتوویی مرۆڤی کوردیش بۆ خۆیان بدزن ، بمژن ، بیتوێننه‌وه .
جه‌نگاوه‌ری گه‌وره دڵ ، سه‌رکرده‌ی بی هاوتا ، زانای بیر فراوان ، سیاسه‌تمه‌داری لێزان ، مێژوو نووس و شاعیر و نووسه‌ری به‌ناوبانگ ، که‌ڵه ڕووناکبیرانی تازه خواز ، سنعه‌تکار و هونه‌ر زانانی بێ وێنه … هه‌موو ئه‌مانه و زیاتر له‌مانه ، به درێژایی مێژوو ، خاکی پیرۆزی کوردستان ژیانی پێ به‌خشیون ، ئاو و هه‌وای پاکی چیاکان په‌روه‌رده‌ی کردوون ، باوه‌شی گه‌رم و لایلایه و مه‌ته‌ڵ و داستانی دایکی کورد پێی گه‌یاندوون : که‌چی له‌ناو (چوارچێوه‌ی تواندنه‌وه ) دا سه‌ریان هه‌ڵداوه … گه‌رچی زۆریان مۆرك و نیشانه‌ی تایبه‌تێتی کوردستانیان بزر نه‌کردووه .. به‌ڵام هه‌رچۆنێ بێ ، بوونه‌ته موڵکی که‌لتووری بێگانه .. بوونه‌ته سامان و جێگه‌ی شانازی بێگانه … بوونه‌ته به‌شێك له مێژوو و شارستانێتی بێگانه …. هۆکانی ئه‌م دیارده‌یه گه‌لێکن … تێکه‌ڵ و به گرێ و گۆڵن .. ڕه‌نگه له ده‌رفه‌تێکی دی‌دا به درێژی لێیان بدوێین .
بۆ ئێستا ده‌ڵێین : هۆی بنچینه‌یی سیاسییه … واته نه‌بوونی هه‌وێتی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆ له شێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ ، یان ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی سه‌ربه‌خۆدا … ڕه‌گه مێژووه‌کانی ئه‌م هۆیه‌ش زۆر له مێژینه‌ن : سه‌ره‌تا له ڕووخانی ئیمپراتۆریه‌تی میدیا به ده‌ستی فارسه‌کانه‌وه و ، دوایی پێهاتنی یه‌که‌م پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانی له مێژوودا … ده‌ست پێده‌کا له‌وساوه کوردستان بوو به مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌کانی ئیمپراتۆریه‌تی دراوسێکان … له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزدهههمیشهوه بوو به مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌کانی هێزه ئیمپریالیسته‌کان .
له دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌میشه‌وه پارچه پارچه و دابه‌ش کرا. به‌م جۆره، گه‌رچی گه‌لی کورد هه‌میشه ئازادی خۆی پاراستووه، به‌ردوه‌وام میرنشینی سه‌ربه‌خۆی هه‌بووه، بڵێسه‌ی شۆڕشی نه‌کوژاوه‌ته‌وه، له هیچ کاتێکدا کوردستان نه‌یتوانیوه یه‌کێتییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی (سه‌ربازی، سیاسی، شارستانی) وه‌ك سه‌رده‌می میدیا به ده‌ست بێنێته‌وه… به‌ڵکو هه‌ر له‌و ساوه (چوارچێوه‌ی تواندنه‌وه) خۆی دروست کردووه. تواندنه‌وه‌که، وه‌نه‌بێ له شێوه‌ی له ناوبردنی که‌لتووری میدیا (کوردستان) و سه‌پاندنی کەلتوورێکی دیکه بووبێ.
هیرۆدتس، باوکی مێژوو، له کتێبه‌که‌یدا، باسی ئه‌وه ده‌کا چۆن فارسه‌کان شهیدایکەلتوور و شارستانێتی میدیا بوون، چۆن ته‌واوی شێوه‌ی ژیانی خۆیان له خواردن و جل و به‌رگ و ڕه‌وشت و نه‌رێتی کۆمه‌ڵی گۆڕی و شێوه‌کانی میدیایان وه‌رگرت و له دواییدا، کردیانن به هی خۆیان!! (سترابۆ) هه‌ر ئه‌و ڕاستیییه، له ڕوانگه‌یه‌کی ماددی زانستییه‌وه شی ده‌کاته‌وه.. ئه‌مه یه‌که‌م نموونه‌ی (تواندنه‌وه‌ی بهراوهژوومان) له مێژوودا ده‌داتێ..
واته: کەلتووری خاکێکی داگیر کراو، هێزی داگیرکه‌ر له ناو خۆیدا ده‌توێنێته‌وه!!.
وه‌نه‌بێ ئه‌مه ته‌نها ڕێکه‌وتێکی مێژووی بێ. دۆزینه‌وه ئارکۆلۆجیهکانی کوردستان، به تایبه‌تی له په‌نجاکانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا: ئه‌و ڕاستییه مێژووییه گرنگه‌یان ده‌رخست که کوردستان یه‌کێکه له هه‌ره کۆنترینی ئه‌و ناوچانه‌ی شۆڕشی (نیولتیکی) واته گواستنه‌وه له سه‌رده‌می به‌ردییه‌وه “له ئه‌شکه‌وته‌وه” بۆ نیشته‌جێ بوون له گوندی کشت و کاڵیدا) تێدا ڕووداوه..
به‌لای که‌مه‌وه (3500) پێش ئه‌وروپا، کوردستاننشینهکان توانیویانه ده‌ست به‌سه‌ر هونه‌ره مه‌زنه‌کانی بنیاتنانی شارستانیه‌تدا بگرن.. توانیویانه سروشت ڕام بکه‌ن، زه‌وی بکێڵن و بچێنن و کشت و کاڵ و به‌رهه‌م بێنن.. توانیویانه چنین بێننه کایه‌وه و جل و به‌رگ دروست بکه‌ن.. توانیویانه ئاژه‌ڵ ماڵی بکه‌ن و به‌خێوکه‌ن و به‌رهه‌مه‌که‌ی وه‌ك خوارده‌مه‌نی جیاواز درووست بکه‌ن، توانیویانه قاپ و قاچاغی ناو ماڵ دروست بکه‌ن.
ئه‌وروپا، له ڕه‌وانگه‌ی ۆرو-ناوه‌ندییه‌وه، که له ناوه‌ڕۆکدا ڕه‌وانگه‌یه‌کی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه و ئیمپریالیستانه‌یه، هه‌موو پێشکه‌وتنێکی زانستی به‌هی خۆی حسێب ده‌کا… له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، زانست ته‌نیا له‌م دوو سێ سه‌ده‌ی دواییه‌وه ده‌ست پێ ده‌کا… بەلام وه‌ك زانا و (ئهنثرۆپۆلجیست)ی به‌ناوبانگی فه‌ڕه‌نسی (کلود لیڤی ستراوس) زۆر زانستانه ڕوونی کردۆته‌وه: (ئه‌و ڕاستییه‌ی که زانستی نوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند سه‌ده‌یه‌کی که‌م، گیر و گرفتێك دێنێته پێشه‌وه که “ئیثۆلۆجیستهکان” به ته‌واوی لێی وورد نه‌بوونه‌ته‌وه… ” ناکۆکی نیولتیکی Neolithic paradox ناونانێکی گونجاوی ئه‌م گیر و گرفته‌یه).
لیڤی ستراوس ده‌ری ده‌خا، که هه‌موو هونه‌رێك له‌و هونه‌ره مه‌زنانه‌ی بنیاتنانی شارستانێتی نیولوتیکی، هه‌ر ته‌کنیکێك له‌و ته‌کنیکانه به شانس و ڕێکه‌وت درووست نه‌بوون، به‌ڵکو له ئه‌نجامی (چه‌نده‌ها سه‌ده تێڕوانین و ووردبوونه‌وه‌ی چالاك و میتۆدییانهوه گریمانی ئازایانه که به هۆی ئه‌زموونی بێ کۆتایی دووباره کراوه‌ته‌وه و ڕاست و چه‌وتیان ده‌رکه‌وتووه، هاتوونه کایه‌وه).
که‌وایه: که ئێمه ده‌ڵێین کوردستانه‌که‌مان لانکه‌ی شارستانیه‌ت و زانسته، تفه‌نگ به تاریکیه‌وه نانێین و ئێمه ته‌نیا ڕاستییه‌کی مێژوویی، زانستی ده‌خه‌ینه ڕوو. به هه‌رحاڵ ئه‌و پرسیاره‌ی لێره‌دا خۆی ده‌سه‌پێنێ: دروست بوونی شارستانیه‌ت، خۆی له خۆیدا، نییه… به‌ڵکو به‌رده‌وامبوونی شارستانییه‌ته…. به‌ر له‌وه‌ی جارێکی دی، ده‌ستنیشانی هۆیه مێژووه‌کان بکه‌ین، مه‌رجه بزانین به‌رده‌وامبوونی شارستانییه‌ت، چییه و چۆنه……… ناوه‌ڕۆکی شارستانێتی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك کەلتوورەکهیهتی.
کەلتووریش له هه‌ر قۆناغ و سه‌رده‌مێکی مێژوویی‌دا، له سێ جۆوره (بوون)دا خۆی ده‌نوێنێ:
1- شێوه‌ی بوونی ماددی کەلتوور: واته ئه‌و به‌رهه‌م و که‌ره‌سه و دروستکراوه مادییانه‌ی له ئارادان و وه‌ك بابه‌تی به‌رهه‌مهێنان، یان ژیان به کاردههێنرێن.
2- شێوه‌ی پراوه کردنی کەلتوور: کەلتوور شتێك نییه ته‌نیا بوونێك، بابه‌تی هه‌بێ… کەلتوور نێوه‌ندی ژیانه: کەلتوور پراوه ده‌کرێ، کاری پێ ده‌کرێ، دهخرێتیه ئیش (موماره‌سه) ده‌کرێ. کەلتوور: له‌گه‌ڵ هۆشیاری مرۆڤدا تێکه‌ڵ ده‌بێ.. ناوه‌وه‌یی ده‌کرێ: له شێوه‌ی خوو- و ڕه‌وشت و سایکۆلۆژی کۆمه‌ڵایه‌تیدا خۆی ده‌رده‌بڕێ، له شێوه‌ی هه‌ڵس و که‌وت و پێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیدا خۆی ده‌نوێنێ.. ده‌بێته نێوه‌ندی بیر و باوه‌ڕ و بۆچوون و لێکدانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌بێته بۆته‌ی ڕه‌گه‌ز و بنه‌کانی جیهانبینیی نه‌ته‌وه… زمان و شێوه‌کانی ده‌ربڕین و به کارهێنانی زمان سه‌ر به‌م جۆره بوونه‌ی کەلتوورن وه‌ك پراکتیك.
3- شێوه‌ی تۆمار کراویکەلتوور، چ وه‌ك وێنه و نه‌خش و نووسینی سه‌ر به‌رد و پێست و چ وه‌ك جۆره نووسینه‌کانی تر. کەلتووری نووسراو و تۆمار کراو ڕاسته‌وخۆترین به‌ڵگه‌ی مێژوویی پێشکه‌ش ده‌کا و ده‌رگای زانین سه‌باره‌ت به ڕابردووی نه‌ته‌وه‌کان ده‌خاته سه‌ر پشت. کەلتووری به زمانی نه‌ته‌وه‌یی نووسراو ده‌بێته موڵك و میراتی نه‌ته‌وه و سامانی زیندووی نه‌ته‌وه یه‌ك له دوای یه‌کان.. ده‌بێته بنه‌مای هه‌وێتی نه‌ته‌وه‌یی. ده‌بێته تۆماری ژیان و شارستانێتی و مێژوویی نه‌ته‌وه.
ئه‌م سێ شێوه بوونه‌ی کەلتوور لێک دابڕاو نین.. به‌ستراون به یه‌که‌وه، به هه‌رسێکیان یه‌کێتی کەلتووری نه‌ته‌وه‌یه‌ك له قۆناغی مێژووی دیاریکراودا پێك دێنن.
دۆزینه‌وه ئهرکۆلۆجییهکانی کوردستان: کۆنی و مه‌زنی شارستانێتی کۆنی کوردستان نیشان ده‌ده‌ن. گۆزه و دیزه و هیزه و کوپه و که‌ندوو و کاسه و که‌وچك و قاپ و قاچاغی ناوماڵ و به‌ڕه و مافوور و جۆره‌ها چنینی تر، ئه‌و بابه‌تانه نین که ڕه‌نگه ئێستا زۆرمان به چاوێکی سووکه‌وه سه‌یریان که‌ین… گرنگی ئه‌وانه… وه‌ك لیڤی ستراوس ڕوونی کردۆته‌وه له‌و پرسیاره مهزنانهدایه که ده‌یانخه‌نه به‌رده‌م هۆشی ئێستای مرۆڤ: داخۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی له ئه‌نجامی چه‌نده‌ها ئه‌رك و هه‌ڵه و ماندوێتی و تاقیکردنه‌وه و پێشکه‌وتنی بیر کردنه‌وه‌ی شارستانی و کۆمه‌ڵی مرۆڤ، داهێنراون و درووست کراون؟!
به‌ڵام گومانی نییه شێوه‌ی زیندوو و کاریگه‌ری کەلتوور: شێوه‌ی بوونێتی وه‌ك پراتیك.. ئهنترۆپۆلۆجیسته بۆرژوازییه‌کان، له ڕوانگه‌ی یۆروناوهندی و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌وه بۆ مه‌به‌ستی ئیمپیریالیستانه، چاوپۆشی له‌م لایه‌نه زیندووه‌ی کەلتووری نه‌ته‌وه‌کان، به تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی جیهانی سێ، ده‌که‌ن، یان له چوارچێوه‌ی مێژوویییه ماتریالییه‌که‌ی ده‌رده‌هاون، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕابردوودا، ده‌پچڕێنن، ئه‌و لایه‌نانه هه‌ڵده‌بژێرن و ده‌خه‌نه به‌ر چاو که به لای ئه‌وانه‌وه سه‌یر و سه‌مه‌ره و عه‌نتیکه‌ن و نیشانه‌ی دواکه‌وتوویی و (به‌ربه‌رێتی) ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ن.. ته‌ماشاکه‌رانی ته‌له‌فزیۆنی به‌ریتانی بۆ نموونه، زۆر جار بینویانه، چۆن له هه‌ر گه‌شتێکی شا ژن‌دا بۆ ئه‌فریقا، ئه‌فریقیه‌کان وا نیشان ده‌درێن که (به‌ربه‌رین) و له سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕین و خۆ ڕه‌نگ کردن به‌و لاوه هیچ نازانن.. به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و ڕاستیه ناشارێته‌وه که هه‌ر باب و باپیرانی ئه‌و ئه‌فریقیه ڕه‌شانه‌ی بوون که مه‌زنترین شارستانیتیان له مێژوودا درووست کردووه، که ده‌ورێکی گه‌وره‌یان له دامه‌زراندنی شارستانێتی میسری کۆندا هه‌بووه، که ئه‌و سه‌ما و عاده‌ت و نه‌ریتانه‌ی ئه‌مڕۆشیان، به‌رده‌وامی ئه‌و ڕه‌گه شارستانییه کۆنانه‌ن که ئۆباڵی دوا که‌وتنی ئه‌مڕۆی ئه‌فریقا و گه‌لانی جیهانی سێ، به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی، له ئه‌ستۆی ئیمپریالیستان و جیهانخۆرانی سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوادایه!!
گه‌لی کوردستانیش، شارستانێتی کۆنی خۆی، نه‌ك هه‌ر له به هێزی و به پێزی و جوانی زمانه‌که‌ی و ده‌وڵه‌مه‌ندی و فراوانی فۆلکلۆرهکهیدا پاراستووه، به‌ڵکو (مرۆڤی کورد) خۆی وه‌ك که‌سێتی و ڕوانگه‌ی جیهانبینی، له نه‌وه‌یه‌که‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌کی تر، خو و ڕه‌وشتی شارستانێتی کۆنی هه‌ڵگرتووه و پاراستووه… بنچینه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و پاراستنه‌ش: په‌یوه‌ندی ڕۆحی ماددی نێوان مرۆڤی کورد و خاکه پیرۆزه‌که‌ی کوردستان، بووه!!.. خاکی کوردستان چیا سه‌رکه‌شه‌کانی و که‌ژ و گرده ڕازاوه‌کانی و ده‌شته به پیت و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی، سه‌رچاوه‌ی هێز و وزه‌ی ڕۆحی و جوانی خوازیی و ژیانپه‌رستی مرۆڤی کورد بوون. شاخ… گه‌ر چی له هه‌ندێ ڕووه‌وه ڕێی له یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و تێکه‌ڵاوی کۆمه‌ڵایه‌تی گرتووه، له لایه‌کی تره‌وه: بۆته گۆرانییەکی ڕۆحی هاوبه‌ش له نێو هه‌موو تیره و هۆزه‌کانی خه‌ڵکی کوردستاندا…
جوانی چیا به‌فرینه‌کانی کوردستان: به‌سته‌ی سه‌ر زاری هه‌موو لایه‌کی کورده‌واری بووه… داستانه‌کانی ئه‌وینی چیا، وه‌ك، خه‌ج و سیامه‌ند، له‌م شاخه‌وه بۆ شاخ، له‌م دۆڵه‌وه بۆ دۆڵ، له‌م گونده‌وه و بۆ گوند، ده‌نگیان داوه‌ته‌وه… دانیشتوانی هه‌ر به‌شێکی کوردستان به زاری خۆیان دایان ڕشتووه…له بادینان و بۆتان، له سۆران، له بابان، له موکریان و ئه‌رده‌ڵان، داستانی خه‌ج و سیامه‌ند بێژراوه و گێڕدراوه‌ته‌وه. داستانی خه‌باتی مێژوویی هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستانیش، وه‌ك قه‌ڵای دمدم، ده‌نگدانه‌وه‌ی له ناو ویژدان و دڵ و ده‌روونی جه‌ماوه‌ری سهرانسهوی کوردستاندا به‌رپا کردووه… بۆیه سه‌یر نییه: کورده‌کانی ئازه‌ربایجانی سۆڤیاتیش دمدم به شێوه زاری خۆیان بڵێنه‌وه.
په‌نده‌کانی پێشینان، که تۆمارێکی زیندووی تاقیکراوه‌ی له مێژینه‌ی کۆمه‌ڵیی و شارستانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانن، له هه‌ر لایه‌کی کوردستاندا، به شێوه زمانێکی جیا هه‌ن: به‌ڵام ناوه‌ڕۆکه‌که‌یان یه‌که: هه‌موویان ده‌ربڕینی جۆره ژیانی جیهانبینی و لێکچوونی مرۆڤی کوردن. جیا له هه‌موو گه‌لانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند، کورد نەبۆته یه‌خسیری بیری ئاینی… جیاوازی که‌رتی دینی له نێو گه‌لی کوردستاندا نییه…پڕوپاگه‌نده‌ی ئاینی ناتوانێ کار بکاته سه‌ر خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراتی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان و ڕێبازیان لێ بگۆڕێ.
مرۆڤی کورد زیره‌ك و وریایه… چاوکراوه و بیر فراوانه.. تازه خوازه… ئازا و له خۆ بوردووه.. ژیانی خۆش ده‌وێ و به ته‌نگه‌وه‌یه ئاشتی و به‌خته‌وه‌ری بۆ کۆمه‌ڵه‌که‌ی زامن کا.. به هاوبایهخی مرۆڤانه‌ی به‌رزی هه‌ن و ده‌یانپارێزێ… باوه‌ڕی به فێڵ و فوت و تاوان نییه… باوه‌ڕی به (یه‌کێتی مرۆڤ) و برایه‌تی یه‌کسانی و هاوچه‌ره‌نووسی هه‌موو مرۆڤ هه‌یه.. له درێژایی خه‌باتیدا، شۆڕشگێڕی کورد شێوه‌ی (تیرۆریزم)ی به کار نه‌هێناوه.. دیلی نه‌کوشتووه.. نه‌یویستووه له سه‌ر حسێبی پانکردنه‌وه‌ی بێ هێز، هێز بۆ خۆی دروست کا. .پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، هه‌میشه تا ئێستاش، نه‌یویستووه سه‌ربازی ئاسایی بکوژێ، گه‌ر به حوکمی به‌رگری کردن ناچار نه‌کرابێ. کوردستان، هه‌میشه قه‌ڵای سه‌ختی ئازادی و به‌ربه‌ره‌کانی ئیمپریاتۆریهته گه‌نده‌ڵ و سته‌مکاره‌کان بووه.. باوه‌شی داڵده‌ی ئازادیخواز و دیموکراتانی گه‌لانی برا و دراوسێ بووه… کورد شه‌ڕی نه‌ویستووه و نایه‌وێ… پیلانی ئههریمانانهی ئیمپریالیزمه، که ئه‌م داوه جوگرافییه‌ی بۆ کورد ناوه‌ته‌وه و، شه‌ڕێکی دڕندانه و نا مرۆڤانه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه.
شاعیری کورد، نووسه‌ری کورد، ڕووناک‌بیری کورد هه‌میشه چاوی له هه‌موو جیهانه، له قه‌ڵه‌مه‌که‌ی خۆێنی هه‌موو گه‌لانی خه‌باتکه‌ر ده‌تکێ… گۆرانی بۆ هه‌موو ئازادیخوازانی دنیا ده‌ڵێ! خه‌باتی هه‌موو چه‌وساوه‌کانی جیهان به‌هی خۆی ده‌زانێ. هه‌ستی ئینته‌رناسیونالی خاسیه‌تێکی مێژوویی ئه‌ده‌بی کورده….
ئه‌مانه هه‌موو به‌شێکن له که‌سێتی شارستانی مێژوویی به‌رده‌وامی گه‌لی کوردستان. به‌ڵام چوارچێوه‌ی تواندنه‌وه له زۆر کاتدا، زۆربه‌ی ئه‌و خاسیه‌تانه‌ی هه‌ڵ لووشیوه…
ئێستاش، وای کردووه، وه‌ك شێوه‌یه‌کی بێ ناوهڕۆك بمێننه‌وه… وه‌ك بۆته‌یه‌کی بۆش… ئه‌م بۆشایییه له که‌سێتی مرۆڤی کورد خۆشی‌دا، زیاتر و زیاتر ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.. تا ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کانی داگیرکه‌ر به‌سه‌ر کوردستاندا زیاتر بێ، تا شاڵاوی تواندنه‌وه‌ی کەلتوور و شارستانێتی کورد، به‌هێز تر بکرێ، تا دیواری (په‌روه‌رده‌یی و کەلتووری) بێگانه زیاتر له نێوان مرۆڤی کورد و هه‌وێتی تایبه‌تی خۆیدا دروست بکرێ، زیاتر و زیاتر، مرۆڤی کورد ده‌بێته ژماره‌یه‌کی ڕووت، شێوه‌یه‌کی بێ ناوهڕۆك، قسه‌یه‌کی بێ کرده‌وه… نیازێکی ڕووتی بێ نه‌خشه و ڕێباز…
ئه‌م دیارده‌یه له زۆر هه‌ڵوێستدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه… زۆر جار که‌سێك ده‌بینی خۆی زۆر به کورد ده‌زانێ، به‌ڵام زمانه‌که‌ی خۆی نازانێ، به خۆشی ڕه‌وا نه‌بینیوه فێری بێ، گه‌رچی زمانی داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌ی، یان زمانه ئه‌وروپاییه‌کان، باش ده‌زانێ و شانازی به‌مه‌وه ده‌کا. کوردێك ده‌بینی زمانه‌که‌ی خۆی زۆر خۆش ده‌وێ، به‌ڵام هیچ نووسینێك به زمانه‌که‌ی خۆی ناخوێنێته‌وه!!
کوردێك ده‌بینی له ووت و وێژ و قسه و گوفتاردا تا بڵێی کورده! به‌ڵام که دێته سه‌ر ئیش و کردار، دێته‌وه سه‌ر سفر!! هه‌یه، خۆی له‌سه‌ر کورد ئاواره کردووه؟ یان وای داده‌نێ؟ که‌چی ئاماده نییه (سێ دۆلار) بۆ گۆڤارێکی کوردی، یان پاڵپشتی کردنی پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی کورد سه‌رف بکا.. له کاتێکدا به‌لایه‌وه زۆر ئاساییه که (30) دۆلار له باڕێکدا سه‌رف بکا..
له‌م دیاردانه‌وه ده‌بێ: جۆری بیرکردنه‌وه‌مان دیاری که‌ین… ده‌بێ به خۆماندا بچینه‌وه…. ده‌بێ بیر بکه‌ینه‌وه تووشی چ نهعلهتیکی مێژوویی بووین که وامان لێ ده‌کا: ئه‌و بۆشاییه له هۆش و که‌سێتیماندا درووست بێ.. که‌وا (دوو ڕوو) ده‌رکه‌وین، که وای دانێن: بۆ کورد خۆ به‌خت ده‌که‌ین، چه‌وساوه‌یی و کوێره‌وه‌ری ئاواره‌ییمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که کوردین: که‌چی بچووکترین کار، یان هه‌ڵوێست چییه که خزمه‌تی گه‌له‌که‌مان بکا، خۆی لێ دوور بگرین. ئه‌رکی یه‌که‌ممان ئه‌وه‌یه، هه‌ر یه‌که له شوێنی خۆمانه‌وه، چواچێوه‌ی تواندنه‌وه له ناو به‌رین.
ئه‌وه‌ش ته‌نیا ته‌نیا به‌وه ده‌بێ که به خۆتدا بچیته‌وه… که خۆت له‌و بۆشایییه ده‌رباز که‌ی که په‌روه‌رده و بیر و سیاسه‌تی داگیرکه‌ران له مێشك و که‌سێتی تۆدا دروستیان کردووه.. ته‌نیا به‌وه ده‌بێ، که له ژماره‌یه‌کی ڕووته‌وه ببیته ئه‌ندامێکی کاریگه‌ر… ئه‌و کاته ده‌بیته ئه‌ندامێکی کاریگه‌ر که له پێناوی نه‌ته‌وه‌که‌تدا بژی… وه‌ك ئه‌ندامێکی نه‌ته‌وه‌که‌ت بژی.
ژیان له پێناوی نه‌ته‌وه‌دا، گرنگ تره له مردن له پێناوی نه‌ته‌وه‌دا، مردن له له‌حزه‌یه‌کدا ته‌واو ده‌بێ.
به‌ڵام ژیان له پێناوی نه‌ته‌وه‌دا له تۆ ده‌خوازێ هه‌موو له‌حزه‌یه‌کی ژیانت بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ت به‌خت بکه‌ی. ڕێگا نه‌ده‌ی سات و ڕۆژ و ساڵه‌کانی ته‌مه‌نت له چوارچێوه‌ی تواندنه‌وه دا به‌سه‌ربچن.. ڕێگا نه‌ده‌ی (کات) تۆ سه‌رف کا.. به‌ڵکو تۆ کات سه‌رف که‌ی… ڕێگا نه‌ده‌ی خه‌و و خواردنه‌وه و ته‌مبه‌ڵی و بێزاری و دوودڵی و گومان و دووره‌په‌رێزی: ته‌مه‌نت گهمارۆدهن. ئه‌و کاته له چواچێوه‌ی تواندنه‌وه ده‌رباز ده‌بی که وه‌ك ئه‌ندامێکی ڕاسته‌قینه و کاریگه‌ری نه‌ته‌وه‌که‌ت بژی.
ژیان، وه‌ك ئه‌ندامێکی نه‌ته‌وه، مانای خۆ گه‌وره کردنه به قه‌ده‌ر گه‌وره‌یی نه‌ته‌وه… نه‌ته‌وه له تاکه که‌س گه‌وره تره، له عه‌شیره‌ت گه‌وره تره، له پارت و ده‌سته‌یه‌ك گه‌وره تره، له شار و ناوچه‌یه‌ك گه‌وره تره…. ژیان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ت، تێکۆشان بۆ کوردستانه‌که‌ت، به‌ر له هه‌موو شتێکدا ئه‌و گه‌وره‌یییه‌ی له تۆ ده‌وێ… گه‌وره تر بی له خۆت… له هه‌ستی خۆ په‌رستانه‌ی خۆت… له ڕه‌وشت و خووی ته‌مه‌ن به فیڕۆدهرانهی خۆت، له هه‌ڵوێستی دوور له کرده‌وه‌ی خۆت…. ئه‌و کاته وه‌ك نه‌ته‌وه‌که‌ت گه‌وره ده‌بی، که ببیته به‌شێکی کاریگه‌ر له نه‌ته‌وه‌که‌ت…
وه‌ك نه‌ته‌وه‌که‌ت گه‌وره ده‌بی، چونکه نه‌ته‌وه‌که‌شت له تۆدا، له هه‌ڵوێستی تۆدا، له بیرکردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ی تۆدا، له کرده‌وه‌ی سوود به‌خشی تۆدا، گه‌وره ده‌بێ! بۆ ئه‌نجام دانی ئه‌مه‌ش: مه‌رج نیه کاری گه‌وره بکه‌ی! مه‌رج نیه خۆت به کوشت ده‌ی!!
نه‌ء.. بچوکترین کار.. به‌ڵام کار.. ده‌تکاته به‌شێك له نه‌ته‌وه‌که‌ت.. تۆش و نه‌ته‌وه‌که‌شت گه‌وره ده‌کا..
چاره‌که ملیۆنێك کوردی ئاواره، له ئه‌وروپادا هه‌یه. گه‌ر هه‌ر یه‌کێك مانگی ته‌نیا ( پاوه‌نێك) بۆ پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی، یان بۆ پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، پێشکه‌ش بکا: ده‌کاته چاره‌که ملیۆنێك پاوه‌ن.
ئایا ئه‌م کاره بچووکه نه‌ته‌وه گه‌وره ناکا؟
یان هه‌ر یه‌کێك له‌وانه‌ی ئه‌م یارمه‌تی یه ده‌به‌خشن گه‌وره ناکا؟
با بڵێین ( 2000) خوێنده‌واری کوردی له ئه‌وروپادا هه‌یه. ئایا گه‌ر هه‌ر یه‌کێك له‌وانه گۆڤارێکی ( هه‌تیو) ی وه‌ك ( هیوا)، ( چریکه‌ی کوردستان) ، ( هه‌ڵوێست) ، بکڕێ.
ناکرێ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و گۆڤارانه به‌چه‌ند مانگێك جارێك ده‌رچن، هه‌موو مانگێك ده‌رچن و هێزو ووزه‌یه‌کی نوێ به کەلتووری گه‌له‌که‌مان بده‌ن؟ ئایا نه‌ته‌وه گه‌وره ناکا؟ ئایا گه‌ر هه‌ر یه‌که ( ئیمزایه‌ك) بۆ پاڵپشتی مافی چاره‌نووسی کوردستان کۆکاته‌وه، ئه‌مه نه‌ته‌وه گه‌وره ناکا؟… هتد.
ته‌نیا ( ڕاسته ، وایه) به‌س نییه….
گه‌رچی دڵنیام ( بۆشایی یه‌که) ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه، زۆر که‌س ئاماده نین ئه‌م گۆڤاره بکڕن و بخوێننه‌وه: تا ( ڕاسته ، وایه) یان به‌ده‌مدا بێ..
به‌ڵام باوه‌ڕمان به‌هێزه، که ئه‌مڕۆ نا سبه‌ی مرۆڤی کورد هۆشیار ده‌بێته‌وه، هۆشیارییه‌کی نوێ، هۆشیارییه‌کی زانستی… ڕه‌سه‌نێتی شارستانێتی خۆی ده‌ستێنێته‌وه.. خۆی له چوارچێوه‌ی تواندنه‌وه ده‌رباز ده‌کا.. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش یه‌که‌م هه‌نگاو ئه‌وه‌یه: له نیازی چاکه‌وه به‌ره‌و بیرکردنه‌وه‌ی ڕاست بڕۆین.. بیرکردنه‌وه‌شمان له کرده‌وه‌دا بنوێنین:
نیازی چاك – بیرکردنه‌وه‌ی ڕاست –
کرده‌وه‌ی سوود به‌خش :
بچووکترین کاری باش گه‌وره‌ت ده‌کا :
نه‌ته‌وه‌که‌ت گه‌وره‌یی له‌تۆ ده‌وێ .
روون کردنه‌وه :
ئارکیولۆجی: کۆڵینه‌وه‌ی زانستی له پاشماوه‌و په‌یکه‌ره‌کانی ڕابردووی دوور .
ئه‌نترۆپۆلۆجی : زانستی لێکۆڵینه‌وه‌ی سروشتی مرۆڤ له ڕووی خاسیه‌ته سایکۆلۆجی و تایبه‌تییه کەلتوورییهکانی و په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه .
ئیثنۆلۆجی : کۆڵینه‌وه‌ی زانستی له ڕه‌گه‌زه‌کان و که‌ڵچه‌ر و نه‌ریت و ڕه‌وشته‌کانی مرۆڤ . ( شایانی باسه که ئه‌م دوو لکه زانیارییانه داهێراوی زانستی بۆرژوان و زۆر جار بۆ مه‌به‌ستی ئیمپریالیستی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی به کار ده‌هێنرێن . جگه له‌وه‌ی ڕوانگه‌ی زانستی بۆ په‌ره‌سه‌ندنی مرۆڤ له‌ت ده‌که‌ن له تێگڕای په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی جیا ده‌که‌نه‌وه ) .