عیماد عەلی : بەشداریکردن لە رزگارکردنی موسڵ لە قازانجماندا نیە .
بە تایبەتی لەم کاتەدا کە هیچ شتێک یەکلانەبۆتەوە ، رزگارکردنی موسڵ تەنها بارودۆخەکە دەگەرێنێتەوە جاری جارانی و وەک خۆی لێدێتەوە و کەس نازانێت ناوەندی عیراق داندەنێت بە فیدراڵیزمی ناوچە سونیەکان یان پارێزگاکانی سونە نشینەکاندا یان نا ، هەروەها می ئەو پرسیارە گرنگە کە لە رزگارکردنی موسڵدا ، کێ دەبێت بە دەم راستی ئەو ناوچەیە و هەڵوێستی لەمەر پرسی کورد و ناوچەدابراوەکان چۆن دەبێت .
ئەگەر پاش ئەو هەموو قوربانیدانە ، بمانەوێت تەنها وەزعەکە وەک خۆی لێبکەینەوە ئەوە زەرەرمانە . ئەوەی چاوەروان دەکرێت ئەم هەلە لە قازانجی هەرێمی کوردستان بقۆزرێتەوە ، بەڵام چون ؟
تا ئێستا هێزێکی ئەوتۆ لەئارادا نیە کە زامنی رزگارکردنی موسڵ لە چەتەکانی داعش بکات ئەمە لە لایەکەوە ، لەل ایەکی ترەوە هەڵوێستی حوکمەتی ناوەندی عیراق لە دروستکردنی پاسەوانی نیشتمانی بۆ پارێزگاگان بە روونی دیار نیە و تائێستا دەستدەستی پێوە دیارە ، نە رەتی دەکاتەوە و نەش کاری بۆدەکات و ، وا دیارە بۆ بەرچاورونی و پیشاندانی هەڵوێست لەمەر ئەو پرسە ، ناوەند چاوەرێی کات و گونجانی بارودۆخ دەکەن ، تاوەکو بزانێت بەکام لادا دەشکێتەو ، ئەوجا چی لەقازانجی بێت دەیکات .
ئەم جارە ئەمریکا سورە لەسەر خود بەرێوەبردنی ئەو ناوچانە و بەشداری راستەوخۆش لە رێکخستنی ئەو بارە دەکات و ، ئەمەش لە کاریگەری و شێوەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی سونەکان لەهەولێر بە رونی دەرکەوت ، ئەمە جگە لە نارازیبونی ئەمریکا لە هەندێک جموجوڵی سوپای عیراق ، بەتایبەتی لە مەرامی هەل قۆستنەوەی راکردن و سەرلێشێوانی داعش لەکاتی رزگارکردنی شەنکاڵدا، بۆ رزگارکردنی موسڵ .
ئەگەر حوکمەتی عیراق بیەوێت رزگارکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش پێش رێکخستنەوەی هێزەسونیەکان بخات ، ئەوە هیچ گرەنتیەک لە قازانجکردنی کورد لەم کردەوەیە نیە ، بەڵکو ئەم جارە حوکمەت دەتوانێـت موسڵ بە هێزی حەشدی شەعبی کۆنترۆڵ بکات و ، لەوبارەوە ئێران بەهەموو شێوەیەک یارمەتیدەدات و ، واقیعە سیاسیەکەی عێراق بەلای تەوەری شیعەدا بە تەواوەتی دەشکێتەوە ، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە ئەمریکا و ئێران لە سەر زەمینەی ریکەوتنی ئەتۆمیدان . ئەگەر ئەو کارە لەقازانجی ریککەوتنی ئەمریکا ئێران بێت هیچ کاردانەوەیەک لەوبارەوە نابینرێت . لەوێشدا ئێران دەیەوێت بەخۆی چونێتی بەرێوەبردنی کاروباری عیراق بە ئازادیەکی رەهاوە رێکبخات .
لەم قۆناغە گواسترەوەدا ، کورد چی بکات باشە . ئێستا هەڵوێستی کورد و وەزعی سیاسی هەرێم و قورسایی لە چەند مانگێک پێش ئێستا باشترە. وا باشترە لەم کاتەدا بیرێکی ستراتیجیانەی لێبکاتەوە و بە رەفتاری گونجاو هەنگاوێکی باش نەک تەکتیکانە لەپێناو ئەوە لە کۆتاییدا لە ئامانجەکەی خۆی نزیک بێتەوە . بۆیە ، هیچ لەقازانجی کوردا نیە کە لەم کاتەدا یارمەتی هیچ لایەک لە رزگارکردنی موسل بدات . پاش نزیکبونەوەی هێزە سونیەکان وا باشترە لەسەر دروستکردنی هێزێکی تایبەت لەژێر پەردەی پاسەوانی نیشتمانی هاوکاری سونە بکات لەگەڵ ئەواندا بە کۆمەڵیک مەرجی نهێنی پێداگری بکات و رۆڵی خۆی ببینێت ، ئەمەش لە چەندین لاوە لەقازانجی کوردایە، لەلایەک بەتاکە هێز نامێنێتەوە لەبەرامبەر ناوەندا ، لەلایەکی ترەوە ئەو هێزە دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر موسڵدا بەڵام ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئاستی کورد هیچ جموجۆڵێک بکات و ناوەندیش لەوبەینەدا هێزی کوردی پێ باشتر دەبێت و ، کورد دەتوانێت لە بەدیهێنانی داواکاریەکانی یاری بەو کارتە بکات .
بۆ زیاتر رۆڵبینینی کورد ، دەبێت پاش دروستکردنی هێزی سونە هەوڵی کۆنگرەیەکی گشتگیری عیراقی هەمەلایەن بدات بە بەشداریکردنی ناوەند و کورد و سونە و هێزەکانی هاوپەیمانی بۆ واژۆکردنی ریکەوتنێک بۆ پاش رزگاربونی عیراق لە داعش، ئەگینا دەرپەراندنی داعش یا مانەوەی لەم کاتەدا و بەتایبەتی پاش رزگارکردنی ناوچە دابراوەکانی کوردستان لە چنگی داعش هیچ سودێکی بۆ کورد نیە و ، وا باشترە کورد بە هیچ جۆرێک نەچێتە ژێر باری هیچ لایەکەوە و ، بە هەنگاونانی تۆکمەوە بچێتە پێشەوەو ، لەهەمان کاتدا سنوری رزگاریکرداوی خۆی لە چنگی داعش بەهێز و تۆکمە بکات و بەهیچ شێوەیەک بوار بۆ زەفەربردنی هیچ لایەک لە ئایندەدا نەهێلێت .