ئەبوبەکر جاف : جارێكمان نەبوو نەڵێین ـ ڕەحەمەت لە كفن دز ! .
پیاوی دەویست دژ بهو شەپۆلە بوەستێت ، هەڵوێستێكی جیاوازتر، روئیایەكی پێچەوانە ، هەم جورئەتێكی گەورە بوو ، هەم ڕیسكێك بوو ، ماڵ نەمابوو ، كوڵانیان نەهێشتبوو ، مزگەوت ، مەكتەب ، زانكۆ ، دار و بەرد .! چییە ؟ . یەكێك دەیچواند بە شۆڕشی گەورەی فەرهنسی ، یەكێكی تر بە شۆڕشی خوێندكارانی شەست و هەشت ، یەكێكی تر باسی لە ئەزمونی شۆرش و ئەزمونی سیاسی و دیموكراسی و مەدەنی ئەمەریكا دەكرد . خەوتن باشترین چارە سەر بوو ، خۆ كڕكردن . نەشتدەتوانی بێ ئاگا بیت لەوەی ڕوودەدات ، شێخ هاواری دەكرد و دەیقیژاند فریادڕەس گەیشت ، مەهدی كوردی دابەزی ، چ ڕیتوێڵ و تەقسێكی كارەساتاوی پڕ حەماس و وەهم خەونی زل زل و قەبە ، دەیگۆڕین بۆ باشتر، دونیایهكی باشتر! ئێمە هێزە چاوەڕوانكراوەكەین ، ئێمە ئەو بەڵێنە ئیلاهییەین كە ڕۆحمان لە چاوەڕوانیدا وشك بویەوە .
كەسێك دەبایە بە ” دزی و جۆرێك لە شەرمەوە “هاتوچۆی مەڵبەندو لقێكی بكردایە ! یاخود دەوامیان خستبووە شەو … لێرەو لەوێ ڕوناكبیر و ژورنالیست و ئەو مەخلوقە ئینتیهازییە بە سەردانێكی گردەكە ، بە زیارهتكردنی ماڵی نوێ ، پیاوكوژێك ، جاشێك ، كۆنە ئیستخباراتێك ، كۆنە هینێك . بە سەردانێكی گردەكە دەبوو بە مناڵێكی تازە لە دایك بوو . لەم سەروبەندەدا داوەتكراین بۆ ” كەی ئێن ئێن ” لەبەرنامەیهكی تایبەتدا وتمان ئەمە ” بزوتنەوەی كۆمەڵایەتی نییە ” كاكە بوەستن هیچ نەبێت ئەخلاق دابەش مەكەن ! وتمان : ئەم بەڕێزانەش لە ئاسمانەوە نەهاتون و كوڕی ئەم نەتەوەن ، ، كۆمەڵێك ڕابەرایەتی حەماسەت و توڕبونی و نیگەرانییەك دەكەن كە ڕەوایە بەڵام ، وەك پۆپۆلیست و ئینتیهازییەك سواری شەپۆلەكە مەبن و دواتر بیكەنەوە ناو دەریای ” سیستەمەكەوە “, وتمان ئۆپۆزسیۆن تەنیا پەرلەمانتێری نییە ، وتمان دەبێت گروپەكان دابەشبكرێن و جەنگی گروپی و سەندیكایی دەستپێبكات ، وتمان وەك ئەوەی دولوز دەڵێت ” ئۆپۆزسیۆنی گروپی عەساباتی ” گرنگترە . ئەم قسانەو بڕێكی تریش وای لێكردین لە دابەزینمان لە گردەكە بەشی” خودا حافیزییەكمان بۆ خۆمان نەهێشتبووەوە !. دانیشتن و لیرەو لەوێ و دور لە عەوام و ماس و كەڵكەڵەی تۆڵەسەندنەوەی عەوام ” لە نێوان چەند دۆستێكی كەمدا بێئومێدی و بێهیوای بهۆنینەوە .
ئێرەو ئێستامان لێوە دیار بوو! فاڵگر نەبوین بەڵام كۆمەڵگەو بزوتنەوەكەو ئەكتەرەكان و بكەرەكان و سەرمایەكان و گەمەكانمان دەبینی .. بەڵام به قهولی خزمان ئێمە پیاوی دەەسەڵات و مفتخۆرەكان بوین ، بە قهولی مەهدییەكان سبەی ڕۆژ شۆڕگێڕان و گۆڕانخوازان لێمانخۆشنابن و باجەكەی دەدەین . تهنانهت خوداوهند و رهحم و و میهرهبانی و سۆز و پالپشتی ئیلاهیانهش كهوتبووه لای ئۆپۆزسیۆن . ئهوهی له گهل ئهوانبا خودا له گهلیدا دهبوو؟! زەمەن كەفیلە بە چارەسەرو هەڵدانەوەی دیوی ناوەوەو ئەودیوی شتەكان ، ئەودیوی دروشمەكان ، ئەو دیو موزایەدەوە پۆپۆلیزم ، زهمهن كەفیلە بە زۆر شت .
سوپاس بۆ زەمەن . زەمەن و هات و زەمەن ڕۆیی ، ئێمە لەو بڕوایەدابوین مۆتیڤەكان بیماری ڕۆح و دەرونی و حقد و ڕق و كینەی شەخسین و تیۆریزە دەكرێن ، ئەمانە دەیان شەیتان و دەیان ئەژدیها لە ڕۆح و گیرفانیاندایە !. هەرواش دەرچوو . زەمینەو هەلومەرجێكی وردو سەرهتایی هەبوو بۆ فشار و گۆڕانكاری ، بۆ دەستكاری شتەكان ، بۆ سەرلەنوێ ناو لێنانەوەی شتەكان و پەیوەندییەكان ، لە ئۆپۆزسیۆن و مایكرۆئۆپۆزسیۆن و وردە ئۆپۆزسیۆنەوە كرا بە ئۆپۆزسینیو ڕق و كینەیەكی كەلهكەبوو لە چوارچێوەی حزبدا . ئومێد و خەیالێك بۆ ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی و سیاسی و سەندیكایی و گروپی هەبوو .. هەمویان ، سەرجەم ئەم جوگەلە ئومێد بەخشانەیان خزاندە ناو دەریا و زەلكاوێكەوە كە عەوام و ماس لە حەشمەتی پەلامارداندا بنی پیسی دەریاكەیان لێوە دیار نەبوو . قسە بكە بە مەدەنیەت ، قسە بە سیاسەت ، قسەو جنێو بە حومەت و هونەری حكومەتداری و سیاسەتكردن و دەوڵەتداری و دەسەڵات …. كەچی ئەوەیان لەبیرنەبوو ئەمانە پەرەنسیپ و چەمكن ؟! ئەمانەسبەی خۆتان مامەڵەی لە گەڵدا دەكەن . ئەی ئەگەر سبەی خۆیان چونە ناو هەمان چوارچێوەوە دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بن خەڵك هەر وێنەیەكی ئەژدیهایانەی دەسەڵات و سیاسەتی لایە ..
گۆڕان دواهەمین بزماربوو لە تابوتی خەون و خەیاڵی ناڕەزایەتی و ئۆپۆزسیۆنبون و فشاری مەدەنی وسیاسی . ئێستا هیچ نەمایەوە،بە دەستی بەتاڵەوە یان دەبێت لە سەرەتاوە دەستپێبكرێتەوە ” یان دەبێت پاسیڤ پاسیڤ لێی دانیشین . هیچ نەبێت ئەم نائومێدی و یەئس و نیگەرانییە ماوەیەك دەبات تا ئەزمونكردنێكی تری فشارو گروپی فشار و گروپی پاشهكشهپێكردن .. خولقاندنی ئهوگروپ و گروپبەندییە عەسابەیی و میكرۆ گروپانە وەختی دەوێت . گروپی كەمینەكان ، چێژو تام و بۆی بە كەمینە بون و بون به كهمینه . ئەوەی ئێستا پێویستە و ناچارییە نیگەرانی و بێ ئومێدییەكە كە تاكە ئومێدمانە .