ali-mustafa

 عەلی مستەفا : بەرگرییەك لە حەمەسەعید حەسەن .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند هاوڕێیەكم لە فەیسبوك وەكو گلەیی ، یان وەكو ناڕەزایی لە دەربڕینێكی حەمەسەعید حەسەن چەند پۆستێكیان بڵاوكردەوە ، كە ئەو هاوڕێیانە پێیان وابو ئەو نوسینەی شاعیر و نوسەر جۆرێك لە (نارۆشنبیری) و ( بێ‌ ئەدەبی ) و  (ناشیرینی ) یە . لە كۆمێنتی ئەو چەند هاوڕێیەدا چەندان كەس جوێن دەدەن و سوكایەتی بە حەمەسەعید حەسەن دەكەن و دواتر چەند پەیجێكیش بۆ وروژاندنی سۆزی ئاینی فوی پێدادەكەن و زۆرێك لەو جنێو تەشهیرانە بڵاودەكەنەوە كە بەو نوسەرە دەكرێت . تاكو كار گەیشتۆتە ئەوەی كادێری پێشكەوتو و مەكتەب سیاسی ئیسلامیەكانیش هاتونەتە سەرخەت و جوێن و سوكایەتی ئەو خەڵكە سادەیە دوبارە دەكەنەوە و تەبەنی دەكەن .

من رەنگە لەگەڵ ئەو دەربڕینەی حەمەسەعید حەسەندا نەبم . بەڵام لە سێ‌ لایەنەوە هەوڵدەدەم ئەو بابەتە شیبكەمەوە : ماف ، دەربڕینەكە ، جوێن و سوكایەتی .
ئایا حەمەسەعید حەسەن مافی خۆی نییە لەسەر ئاین یان لەسەر داعش چۆن رایەكی هەیە و چۆن دەریدەبڕێت ؟ مافی رادەربڕین و شیكردنەوەی هەر بابەتێك دەبێت پارێزراوبێت و فەراهەمبێت و هەمومان بۆ خۆمان و بۆ هەر كەسێكی دیكە بەرگری لێبكەین . بۆیە نوسەر مافی خۆیەتی چۆن رای خۆی دەردەبڕێت . دواتر ئایا دەربڕینەكەی حەمەسەعید حەسەن را و بۆچونە ، یان سوكایەتیە؟ حەمەسەعید حەسەن بە محەمەد پێغەمبەر دەڵێت : ( پەیامبەری داعش ) . ئایا ئەم دەربڕینە چەندە سوكایەتی و جوێنە ؟ 
ئێمە لەو لۆجیكەوە سەیری بابەتەكە دەكەین كە هەر كەسێك و كۆمەڵە و گەلێك خۆی بەچی وەسفكرد و خۆی دایە پاڵ چی و چ كەسێك ، ئەوا كەس ناتوانێت لەوە بێبەرییان بكات . واتە ئەگەر كەس و گروپێك وتیان ئێمە ماركسین ، ئەوا ئێمە ناتوانین بیانكەین بە نەتەوەیی یان ئاینی . ئەگەر لوڕەكان یان شەبەك و شنگالییەكان وتیان ئێمە كوردین ، ئیتر كەس ناتوانێت بڵێت ئەوان كورد نین . هەروەها سۆفی و شیعە و عەلەوییەكان دەڵێن ئێمە پێغەمبەرمان محەمەدە ، كەواتە سونە و سەلەفییەكان ناتوانن بڵێن كە محەمەد پێغەمبەری ئەوان نییە . بەهەمان شێوە قاعیدە و بۆكۆحەرام و تاڵیبان و داعش وەكو گروپی تیرۆریستی دەڵێن كە ئێمە پێغەمبەرمان محەمەد و تەنانەت پێیانوایە كە خەڵكانی تر فەرمان و ئامۆژگاری و سونەتەكانی ئەو جێبەجێناكەن و ئەوان كار بۆ جێبەجێكردنی دەكەن . بۆیە كەس ناتوانێت بڵێت محەمەد پێغەمبەری ئەوان نییە .
بەپێی ئەم لۆجیكە ئێمە پێمانوایە وەك چۆن محەمەد پێغەمبەری سۆفی و سەلەفی و شیعە و سوننەیە ، پێغەمبەری قاعیدە و تاڵیبان و بۆكۆحەرام و داعشیشە . وەكو چۆن پێغەمبەری عەرەبە بەهەمان شێوە پێغەمبەری بەشێكی زۆری كورد و فارس و تورك و هتد … یە . واتە ئەو دەربڕینەی حەمەسەعید حەسەن سوكایەتی و جوێن نیە و ئەو كەسانەش بە سوكایەتی و جوێنی دەبینن با رێگەی دادگا بگرنەبەر و داوای لەسەر تۆماربكەن .
لەبەرامبەردا ئیسلامییەكان ، بە كادێری سادەیانەوە ، بۆ كادێری پێشكەوتو و تەنانەت پلەدار و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و وەزیریان ، بەڕاست و چەپدا جوێن و سوكایەتی و ئیهانە بۆ ئەو نوسەرە دەنێرن بڵاودەكەنەوە . ئەم كارەی ئیسلامییەكان لە پۆستەكانی خۆیان و پەیجەكاندا بەناوی خۆیانەوە و بێپەردە بڵاویدەكەنەوە بە بەرگری دەزانن . ( عەبدولسەتار مەجید ) ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی و وەزیری كشتوكاڵی ئەم كابینەی حكومەت نمونەی ئەو جوێندەرانەیە و لە پۆستێكدا بە جوێنی (دەك روت رەشبێت ) و ( وەڕینی سەگ و تانجی) و … هتد  ، سوكایەتیەكانی ریزدەكات .

 ئەم كارەی ئیسلامییەكان دەیكەن هەر ئەوە نییە سوكایەتی جوێنبێت ، بەڵكو ئیرهابی كەسایەتی و ئیرهابی فیكرییە . واتە دەربڕین و وەڵامی ئیسلامییەكان كە هیچ گومانی تێدانییە جوێن و سوكایەتی و ئیرهابی مەعنەوی و تەنانەت كەسایەتی و جەستەیی و كۆمەڵایەتی ئەو كەسەیە و پێویستە بە زوترین كات لەسەر ئەم كارانە بدرێنە داداگا.
لەبەرامبەردا ، دەبوو ئیسلامییەكان دور لە جوێن و سوكایەتی وەڵامی ئەو دێڕەی حەمەسەعید حەسەنیان بدایەتەوە ، بەتایبەت كادێرە حیزبی و رۆشنبیرەكانیان . یان زۆر بەسادەیی ئەوەیان بكردایەتە كەیسێك و بیاندایەتە دادگا ئەگەر بە جوێن و سوكایەتی دەبینن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت