بەختیار شارەزوریی : 2015 بەردەوامى دان بەنەخشەى گۆڕانکاريیەکانى 2014 ماکیاجکردن ڕووداوەکان .
ئەگەر 2014 سەرەتاى دەرکەوتنى گۆڕانێک بێت بەسەر کۆى سیاسەتى جیهانى و ناوچەیى ناوخۆیدا ، ئەوا ئەتوانین بڵێین دەرکەوتنى داعش و وەستانى تەوژمى گۆڕانکارەییەکانى بەهارى عەرەبى زۆر هاوکێشەى گۆڕى ، بە جۆرێک خەریکە مل دەکێشى بۆ گۆڕینى جیوپۆلەتیکا و ئابورى جوگرافیاى سیاسى ، خۆ ئەگەر 2014 ببێتە سەرەتاى دەرکەوتنى قۆناغێکى تر بۆ مرۆڤایەتى ، ئەوا پێ دەچێت ، چەند ساڵێکى بوێت بۆ یەکخستنەوە و هاوسەنگکردنى کێشەو مل ملانێکان ، وە دەکرێت ئەو دیو ئەو ڕوداوانە بخوێنینەوە کە ماکیاج کراون بە کۆمەڵێک سیناریۆ و تاکتیک و بڕیارى ئەو دیو پەردە و کەوالیسەکان ، واتا ئەوەى ڕاگەیاندن باسى دەکات ڕووداوەکانە … ئەبێت بپرسین ئەى کێ دروستکەرى ڕووداوەکانە …؟ ئەم نمایشانە چى سیناریۆیەکى هەیە ..؟ کە دەکرێت لە چەند خاڵێکدا پێشبینیەکان بخەینە ڕوو … کە هەمووى ئەگەر و گریمانەیە .
1 – داعش لاواز دەبێت و لە ناو ناچێت ، چونکە سیناریۆى ( کورەى هەنگ ) درێژەى دەبێت و دەبێت شوێنێکى جوگرافى هەبێت ، تا دەوڵەتى خەڵافەت نمایشى توند و تیژییەکانى تێدا بکات ، وەک کایەیەکى موگناتیسى و فلتەرێک هەموو توندڕەوەکانى دونیا لە وڵاتە کراوەکانەوە ڕابکێشێ بۆ ئەم شوێنە جوگرافیە و وڵاتەکراوەکان فلتەر بکات .
2 – ئەم شەڕە دەبێتە بازاڕێکى باشى فرۆشتنى چەکى کۆنى کۆگا عەسکەرییەکانى وڵاتانى زل هێز .
3 – گۆڕەپانى شەڕەکان دەبێتە شوێنێکى شیاو ، بۆ تاقیکردنەوەى چەکى نوێ ى عەسکەرى .
4 – دروست کردنى داعش وەک سیناریۆى ناتۆ ، دەبێتە هۆى نزیک بونەوەى ئێران لە ئەوروپا و ئەمریکا ، وەک جەمسەرێک و شوێنیکى خاوەن نەوت و گازى سروشتى .
5 – بەرامبەر ئێران سیاسەتى دوو سەرە بەکار دەهێنرێت ، نە دەیەوێت ببێتە هۆى تێکدانى ڕێڕەوى سیاسەتى ناتۆ و نە دەیەوێت بچوک بێتەوە لە بەرامبەر داعش .
6 – دۆسییەى ئەتۆمى ئێران هیواش تر دەبێتەوە ، تا پشتوانى ڕوسیا کەمتر ببێتەوە .
7 – نرخى نەوت دەکاتە کارتێک ، بۆ ملدانى ئێران بۆ ناتۆ ، لە ڕێ ى بەکار هێنانى نەوتى ئەمریکى و دانەبەزاندنى هەناردەى نەوتى وڵاتانى عەرەبیەوە ، بۆ ئەوەى ئێران کە دەبێتە هاو بەرژەوەندى ناتۆ ، بە شێوەیەکى دەستەمۆکرا و ناچاریانە بێت .
8 – عێراق لەم ساڵیشدا پاک ناکرێتەوە لە داعش ، چونکە ئەگەر لە موسڵ دەریان بکەن ئەوا پەنا دەباتە بەر تەقینەوەکان و دەتوانێ ئەمەش بکات .
9 – کوردستان دەبێتە بەدیلى گازى سروشتى ئەوروپا و تورکیا ، بەمەش کارتى دەستى ڕوسیا دەسوتێنن ، بە تایبەت دواى بەستنەوەى گازى کوردستان بە نابۆکۆوە .
10 – ناتۆ و ئێران بە تەواوەتى لەسەر دۆسیەى هەرێمى کوردستان و عێراق و سوریا و یەمەن و فەلەستین و لیبیا و لوبنان نزیک دەبنەوە لە یەکتر .
11 – هەوڵ دەدرێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێگەى حیزبە ئیسلامیە دەسەڵاتدارەکانى ناو تورکیا لاواز بکرێت و پەنا بۆ حیزبى نۆى ببرێت .
12 – تورکیا وەک دەروازى ئابورى جیهان بۆ هەندى دۆسیەى دژ بە ئێران و ناتۆ گڵۆپى سەوزى بۆ هەڵدەکرێت .
13 – پرۆسەى ئاشتى تورکیا و پەکەکە وەک کارتێک دژ بە دەسڵاتە ئیسلامیەکانى ناو تورکیا بەکار دەهێنرێت .
14 – تورکیا درێژکراوەکانى لە ناوچەکەدا بەرە و لاوازى دەڕوات .
15 – لە بەرامبەر ئەمانەدا پێ دەچێت داعش وەک کارتى گۆشار ، زنجیرەیەک تەقینەوە لە وڵاتە کراوەکاندا بکات .
16 – داعش هەوڵى پێگەى خۆى دەدات وەک هێزى شاراوە لە وڵاتانى قەزوین و قەوقاز .
17 – سوریا دابەش دەبێت بۆ سێ ناوچە ( ناوچەى بەشار و داعش و کورد ) لە ناوەڕاستدا بەردەوامى دەدەن بە شەڕەکان لە نێوان بەرەى ئۆپۆزسیۆن و داعش بە پلەى یەکەم و بە پلەى دووەم داعش و کورد و بە پلەى سێیەم داعش و بەشار .
18 – گرنگى دەدرێت بە لیبیا وەک ترسى جێگاى دووەمى داعش .
19 – یەمەن لە نێوان سونە و شیعەدا دابەش دەبێت .
20 – ئەگەرى ئەوە هەیە کە لەهەر حاڵەتێکى بەریەککەوتنى ناتۆ و ئێراندا پەرچەکردارەکان لوبنان و فەلەستین و وڵاتانى خلیج ڕوو بدات ، بەڵام کاتى دەبێت چونکە بەرژەوەندى و ترسى هاوبەش بەهێز تر دەبێت لە ناکۆکیە کاتییەکان .
21 – سیناریۆى گۆڕینى نەخشەى جوگرافى ، دەبێتە سیناریۆى گۆڕینى نەخشەى سیاسى و ئابورى .
22 – یارى کردنى بە کارتى ئابورى بەردەوامى دەبێت ، بە تایبەت بە سەرچاوەکانى ووزە .
23 – لە ناوخۆى هەرێمدا ، ئێران دەبێتە یارکەرێکى سەرەکى و هەوڵى یەکخستنى زیاترى هێزە کوردیەکان دەدات و هەوڵ دەدات پارتى بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیەوە و کار لەسەر پەیوەندیەکانى کورد و تورکیا دەکات ، لە دیدى دەروازەى ناردنى سەرچاوەى ووزەوە .
24 – ئەمریکا بە سیناریۆکانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ، هەوڵ دەدات هەیمەنەى زیاترى هەبێت لە دۆسیەى چین و ڕوسیا .
25 – ناتۆ هەوڵى بەهێزکردن و فراوانکردنى بنکە سەربازیەکانى دەدات بە تایبەت لە لیتوانیا و ئەفغانستان و وڵاتانى خلیج .
26 – شەڕ وەک سینارێوى یەکخستن و هاوسەنگى نێوان هێزەکان وململانێکانى وڵاتان بەکار دەهێنرێت لە لایەن ناتۆ وە .
هەموو ئەمانە و دەکرێت لەسەر ئاستى پەیوەندییە هەمە جۆڕەکان گۆڕانکارى ورد ڕوو بدەن ، بەڵام گۆڕانکارى گەورە دروست ناکەن ، ئەوەى دەمێنێتەوە 2015 ئەگەرى هەیە بۆ کورد لە باشوردا باش بێت ، بە تایبەت دواى ئەوەى کە نەوتى کەرکوک لە ڕێ ى بۆرى کوردستانەوە ڕەوانەى بەندەرى جیهان دەکرێت و گرنگى زیاتر بە گازى باشور دەدەرێت ، بەڵام لەسەر ئاستى هاوکێشەکان 2015 بەردەوامى دەدات بە کێشەکانى 2014 و ئەو نەخشەیەى لە هەگبەى وڵاتانى ناتۆدا هەبوە لە 2014 دا ، بەڵام ئەوەى بۆ باشور گرنگە کورد دەبێتە بەشێکى گرنگ لە نەخشەى وزەى جیهانى و سیاسى و عەسکەرى ، ئەگەر بتوانرێت تەندروستانە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت ، ئەوا نزیک دەبێتەوە لە دەوڵەت بوون .
لە ناوخۆى باشوردا ، ئەوەى گرنگە بەشدارى گۆڕانە لە حکومەتدا ، لەم ساڵەدا تواناى دەرکەوتنى پێویستى نابێت و دەبێت پایەکانى لە ناو دەسەڵاتدا بەهێز بکات و وە کاریشى بۆ دەکات ، بە تایبەت هێزەکانى پێشمەرگە و ناوخۆ ، هەرچى بەرنامەکانیەتى لە ساڵى 2016 زیاتر دەردەکەون ، یەکێکى تر لە کێشەکانى ناوخۆ مەسەلەى سەرۆکایەتیە ، کە ئایا بخرێتە دەنگدانەوە و شەرعیەت وەربگرێ ئەو کات هەموو کەس بە پێ ى یاساى دیارى کراو ، بۆى هەبێت خۆى کاندید بکات بۆ سەرۆکى هەرێم بە مسعود بارزانیشەوە ، کە ئەگەر بڕیار بدرێت سستم سەرۆکایەتى بێت… خۆ ئەگەر وا بڕیار بێت پەرلەمانى بێت ( کە ئەم ئەگەرە زۆر نزیکە ئەوا ) پەرلەمان دەنگ دەدات بە دەستور و لە ڕەشنوس و پڕۆژەوە دەبێتە دەستورى باوەڕپێکرا و دەنگ پێدراو ، ئەو کات ماوەکانى پێشوتر ئەژمار ناکرێت و جارێکى تر مسعود بارزانى بۆى دەبێت خۆى کاندید بکاتەوە .
- Latest Posts by بەختیار شارەزوری
بەختیار نامیق: دوو ( میم ) کە.
-بەختیار نامیق: هەڵبژاردن ئەم حیزبانە بە کۆێ دەگەیەنێ؟
-بەختیار نامیق: سێ جوت برا شەش کەسیەکە.
- All Posts