داعش نامەیەکیشی بۆ هێزی پیشمەرگەی کوردستان نارد .
دکتۆر فایق گولپی : هێرشەکەی سەر گوێر چاوەڕوانکراو بوو .
لە کۆتایی سالی رابوردودا ، وە بە تایبەت دوای رزگارکردنی زوممار و رەبیعە ، هاوسەنگی هێز لە بەرەکانی شەری پێشمەرگە و داعشدا بە لای هێزی پێشمەرگەدا شکایەوە ، رزگارکردنی جەلەولا و سەعدیەو زلوعیە و سننونە و بەشێکی شەنگال لە دەستی داعش ، بە تەواوی ئەو راستیەی سەلماند ، داعش بە خۆشی دانی بەو شکستەدا ناوە و هۆکارەکەشی گەراندۆتەوە بۆ خیانەتی بەرپرسەکانی لە بەرەی شەڕدا .
داعش هەمو کات لە بیرکردنەوەدا بوە چۆن جارێکی تر تەرازوی هێز بە لای خۆیدا بشکێنێتەوە و ، وەک هاوینی سالی رابوردو ، کە موسل وتەلعەفەر و شەنگال و مەخمور و گوێری گرت بێتەوە مەیدان . کردە تیرۆریستیەکەی رۆژی ٧-١-پاریس کەمێک مۆرالی چەتەکانی داعشیان بەرزکردەوە ، بەرپرسی وتارخوێنانی داعش ئەم دەرفەتەی قوستەوە و لە لێدوانێکدا لە موسل باسی لەوەکرد کە لە ئایندەدا هێرش دەکەن بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچەو شارۆچکانەی لە ماوەی چەند مانگی رابوردودا لە شەردا لە دەستیانداوە *١ .
بەلام رۆژی ٩-١- جیگری سەرۆک کۆماری عراق و وەزیری بەرگری عراق سەردانی گوێریان کرد و لەگەل بەرپرسی محوەری گویری هێزی پێشمەرگە کۆبونەوە ، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا بەرپرسانی عراقی و کوردستانی باسی هەماهەنگی نیوان هیزی پێشمەرگە وسوپای عراقیان کرد و پێکەوە بەرنامەی خۆیان بۆ ئازادکردنەوەی موسل راگەیاند .
http://www.sbeiy.com/Detail.aspx?id=41654&LinkID=4.
ئەو کۆنگرە رۆژنامەنوسیە بۆ داعش مەترسیدار بو،لەبەر ئەوەی بۆ یەکەم جار بو هێزی پیشمەرگەی کوردستان و سوپای عراق پێکەوە بە فەرمی هاریکاری یەکدی بکەن و باس لە ئازادکردنی موسل بکەن . ئەو کۆنگرە رۆژنامەنوسیە بۆ داعش مەترسیدار بو ، لەبەر ئەوەی دو بەرپرسی بالای سوننەی عەرەبی عراقی هاتونەتە نزیک موسل و باس لە رزگارکردنی موسل دەکەن لە دەستی داعش ، ئەم جۆرە کۆبونەوانە کاریگەری خراپیان لەسەر ورەی چەتەکانی داعش دەبێت کە زۆربەیان عەرەبی سوننەن ، لەبەر ئەوەی یەک لە بنەما سەرەکیەکانی سیاسەتی داعش بۆ کۆکردنەوەی عەرەبی سوننەی عراقی لە دەوری خۆی ، ئەوەبوە کە عەرەبی سوننە لە عراقدا زولمی لێکراوە و خاوەنیان نیە داکۆکیان لێبکات و داعش بۆ داکۆکی کردن و رزگارکردنی عەرەبی سوننە دامەزراوە ، بەلام ئەمرۆ عەرەبی سوننە دەبینێت وەزیری بەرگری عراق عەرەبی سوننەیە ، سەرۆکی پەرلەمانی عراق عەرەبی سوننەیە ، جیگری سەرۆک کۆماری عراق عەرەبی سوننەیە و بەرپرسیارێتی ئازادکردنی موسلی لە ئەستۆ گرتوە و لەگەل وەزیری بەرگری عراق هاتۆتە نزیک موسل و پەیام بۆ عەرەبە سوننەکان دەنێرێت کە ئازادکردنیان لە دەستی داعش نزیک بۆتەوە ، لە لای عەرەبی سوننە گومان لەسەر راستی سیاسەتی داعش دروست دەبێت .
بەو شێوەیە دەبینین کە کۆبونەوەی گوێر لە روی سیاسی و سەربازیەوە مەترسی بۆ سەر داعش دروستدەکات ، بۆیە بۆ سەرکردایەتی داعش گرنگ بوو ، ورە بەرزی چەتەکانی بە روداوەکەی فەرەنسا ، بە کۆبونەوەکەی گوێر لە کیس نەدا ، بۆیە پیویست بوو سەرکردایەتی داعش وەلامێکی بە پەلەی کۆبونەوەکەی گوێر بداتەوە و نامەیەک بۆ عەربە سوننەکان و بۆ چەکدارانی داعش بنێرێت کە داعش دەسەلاتی بەسەر گوێردا هەیەو دەتوانێت پلانەکەی کۆبونەوەی گوێر پوچەڵبکاتەوە ، بەو شێوەیە بە جەماوەری داعش و جەکدارانی داعش بڵێت ئێوە ورەتان بەرز بێت . لە شەری گوێردا داعش نامەیەکیشی بۆ هێزی پیشمەرگەی کوردستان نارد ، کە ئەگەر هەماهەنگی لەگەل سوپای عراق بکەن بۆ گرتنەوەی موسل دەستان لێناپارێزین .
ئەوەبو شەوی ١٠-١ داعش لە چەند بەرەیەکی شەردا ( سەرێکانی ، شەنگال ، کەرکوک و گویر) ،هیرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی گەریلا و هیزی پیشمەرگە ، بەڵام هێرشی سەرەکی و ستراتیجی داعش هێرشەکەی گوێر بو ، کە لە ٩ نۆ قۆلەوە هیرشیان کردبو ، وە ریگەی ئاویشیان بەکارهێنابو ، زیانێکی زۆریشیان بە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی ناو گوێر گەیاند و وەلامی کۆبونەوەکەی گوێری دایەوە .
لیرەدا خالی گرنگ ئەوەیە کە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی هەرێم ، حسابیان بۆ گۆرانکاری هاوکێشە سیاسیەکانی ئەو دو رۆژەی دوایی کوردستان و عراق و جیهان نەکردوە ، روداوەکەی فەرەنسا و لیدوانی بەرپرسی وتارخوینانی داعش و کۆبونەوەکەی گویریان بە یەکەوە گرێنەداوە و چاوەروانی وەلامی داعشیان نەکردوە . دەبو بەرپرسانی سیاسی و هەوالگری هەرێم بە گرنگیەوە سەیری کۆبەنەوەی گوێریان بکردایە ، دەبو بریاری جێگیکردنی هێزێکی باشی پێشمەرگەیان لە گوێر بدایە و چاوەروانی هێرشی داعشیان بکردایە ، بەلام بەرپرسانی سیاسی دەڤەری گوێر دەڵێن جاوەروانی هێرشی وا نەبوین ، ئەم لێدوانەی بەرپرسانی سیاسی هێزی پێشمەرگە ، هیچ نیە بێجگە لە کورتبینی سیاسی و تێنەگەیشتن لە سیاسەت .
لە روی سەربازیشەوە پێشمەرگە هیچ ئامادەکاریان نەبوە بۆ ئەگەری هێرشی داعش ، ئەگەر ئامادەکاری هەبوایە ، هێزی ئاسایش و خەلکی مەدەنی بەشداری شەریان نەدەکرد و شەهید نەدەبون ، ئەمەش نیشانی دەدات کە بەرپرسە سەربازیەکانی محوەری گوێر ئەگەر شارەزاییان لە پیشەی تردا هەبێت لە کاروباری سەربازیدا شارەزا نین .
*١ : کەنالی تەلەفزیۆنی روداو .
- Latest Posts by
دکتۆر فایق گۆلپی : بێکاریگەرکردنی وەزارەتی پێشمەرگە ، پاشەکشەی ستراتیجی هەڕێمی کوردستانە
-دکتۆر فایق گۆلپی : نێچیروان بەرزانی ـ پرۆپاگەندە بۆ تورکیا و ئاشبەتاڵ بە حکومەتی هەرێم دەکات .
-دکتۆر فایق محەمەد گۆلپی : گەریلا بەرامبەر تورکیا شەر رادەگرێت ، بەڵام چەک دانانێت ! .
- All Posts