دکتۆر کەمال میراودەلی : ئەمە دوا حەیران نییە بۆ ساکینە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

کیژۆرە گچکەکەی خۆم پێمدەرێ بابە ئەرێ چمە ناسەکنی ؟؟

چمە شەوو رۆژت نییە هەر خەریکی گریەو زاریی

 دەرێم ئاخر چلۆن بسەکنم سۆمای دیدەکەم ،

ساکینەم رۆێشتووە ،

 لەبەرم هەڵگیراوە حەجمین و قەراریی

 وەڵڵاهی هەر داخی ئەوەم نییە شۆڕەژنەکەم شەهیدە ،

 وەلی غەدرێکی ‌هێندە گەورەیە ، هێندە تاوانە ، لە درمدا بۆتە گرێ

 باس ناکرێ بەزاری

 ئاخ ، ئاخ ، ئاخ بابی من

 ساکینەم هیشتاکانێ گچکە بوو

 لێوی سووردەکردن وە ک سوورەگوڵی ،

 گۆنای زەرد دەکرد وەک لیمۆیە ،

١

سنگی سەوز دەکرد وەک داربەرووی بناری

 دەبووە هاوکوفی فریشتان ، دەچۆ حەوت تەبەقەی ئاسمانان ،

 باڵی لێکدەدان دەفڕی ،

 لە شاخی ، لەدەشتی ، لە گوندی ، لە باژێری ، لە شاری

٢

لە ئەلعەزیزی ئازیزان ، لە دەرسیمی سەید رەزایە ، لە ئامەدی میدیایە

هەڤاڵی خۆی دەدیتن بە زستانێ، بە هاوینێ ، بە پاییزێ و بە بەهاریی

 ئاخ ، ئاخم ئاخ ، بابی من

٣

دری وی قەلای ئامەدێ بوو ، ترس و خۆف و وەسوەسە

 نە دەوێران نزیک بن لێی

 هەڵدەهاتن بە روو زەردیی و شەرمەزاریی

 دوژمن چەند حەلان لێی هێنا فرسەتێ ،

 بە تەڵەو بە تەپکەو کەمین و کەوخوێن و خۆوەشاریی

 دە سالان خستیانە ناو زیندانێ

 ئەشکەنجەیان دا لە ئەلعەزیزی ، دەمیان دروو لە دەرسیمی ،

 مەمکیان بڕی لەدیاربەکری ،

 شێرەکچەکەم دڵی نەلەرزی لە بەر داگیرکەری غەدداری

٤

پێیان دەوت : ئەتۆ تورکی شاخیی

دەیگوت : نا من خانزادی میدیام ، کچەزای زەردەشتم ، زمانم زمانی جودی و برایمە ،

٥

هەزار نەفرەت لە ئەتاتورکی ، لە فاشیستی ،

لە خێنخۆری ، لە داگیرکەری ، لە نەیاری

ئازاد بوو فڕی بۆ قەندیلی ، دوژمن وەدووی کەوت

هێرشی بردێ بە جێتان ، بەهێلیکۆپتەران ، بە درۆنان ،

٦

بە موشەکان ، بە هاوەنان

بە بۆمبای فسفۆریی و

سەف سفی دەبابە و لەشکری هەزار بە هەزاریی

شێرتر لە شێری ، بەورتر لە بەوری ، پلنگتر لە پڵنگێ ،

ساکینەی من لێی دەگرتن مەیدانی جەنگێ

دەیشکان لەشکری خوێنکاریی

ئاخ ئاخ ئاخ بابی من

 وەکی فریشتەی ئاسمانێ دەفڕی بۆ پاریسێ بۆ بەرلینێ بۆ برۆکسلێ

 دەیوت بەشکم ئەوانە ئازادن دیمۆکراتن هەقزانن

 لە تاوانی کۆنیان ژێوانن

 بۆ گەلی برینداری من دەبنە دۆست و یاریی

 ئاخ ئاخ ئاخ بابی من

 وەلی بۆ هەرلایێ دەفڕی تەڵەیان بۆ دادەنا ،

٧

لە بەرلینێ خستیانە ناو قەفەزی ، دەیچریکان بە زاری

 هەی لۆ هەی لۆ هەی لۆ

 خەیاڵێ مەکەن ئەز تەنیامە ، بێ هیوامە ، نە دۆستم هەیە نە پەنا ،

 نیمە زانست و هشیاریی

 من کچی ئاگرم، هەڤالی ئاپۆمە ، هەڵۆی قەندیلم ،

 نە لە ئێوە دەترسم نە هەڵدێم نە دەکەم فیراری

 دەیان وت : دەباشە هەڵۆی قەندیلێ

 ئەتۆ فرە زاناو زیرەک و بەجەرگی ، زمانان دەزانی

 وەرە گفتوگۆیان بکە لەگەل سەرۆکی فەرەنگان

 گەورە پیاوی دە ئەوروپایە

 بۆ خۆت بفڕە بە ئازادی

 لە هەموو شارو هەواری

 ئاخ ئاخ ئاخ بابی من

 ئەوی رۆژێ لە دوای ئەرک و رەنج وئازاری

 ساکینەم پشوویەکی دەدا لە مالی کوردان لە پاریسێ

 دەیروانیە پێتەختی ئازادی و یەکسانی

 شاری جوانیی و دڵداریی

 لە گەل دوو تەیرە عاشقان لە خەوێدا سەریان بڕین

 فرسەتیان لێ هێنان بە ترسنۆکیی، بە غایەنەتی،

 بە بێ رەحمی ، بە نامەردی ، بە تاوانکاریی

 شۆڕەژنەکەی منیان لە خوێندا نوقم کرد

 بۆ میتی تورکانیان ناردەوە بە دیاری

 ئا درەکەم  ، ساکینەم رۆێشتووە ،

 لەبەرم هەڵگیراوە حەجمین و قەراریی

 وەڵڵاهی هەر داخی ئەوەم نییە شۆڕەژنەکەم شەهیدە ،

 وەلی غەدرێکی ‌هێندە گەورەیە ، هێندە تاوانە، لە درمدا بۆتە گرێ

 باس ناکرێ بەزاری

 وەڵڵاهی ، دری من ناسەکنێ هەتا رۆژی حەشرێ

 هەتا ئامەد نەبینێ رۆژی ئازادیی و رزگاریی

سەرنج :

١ – رەنگی سوورو زەردو سەوز رەنگی ئالای کوردستانە، نیشانەیە بۆ هەستی کوردایەتی پێشکەوتووی ساکینە لە مناڵییەوە

٢ – ئەلعەزیز یەکەم شارۆچکەیە ساکینە بە مێردمندالی خەباتی تێداکردووە . دەرسیم شاری شۆرشی دەرسیم بە رێبەرایەتی سەید رەزا کە خۆی و هاوەلەکانی  بە دەستی فاشیستەکانی تورک شەهیدکران. کۆمەلکوژی دەرسیم یەکێکە لەو هەلەبجانەی پێشووی کورد، بە دەستی تورک کە  بەداخەوە لە بیرچۆتەوە . بروانە :

http://ckb.wikipedia.org/wiki/ ڕەشەکوژیی _ دەرسیم

ناوی ئامەد پێتەختی باکووروشاری ئامیدی لە باشوورو ناوی کرمانج ( کوردمانج ، کورد – ماگ – کوردماد) هەندێ نیشانەی رەگی قووڵ و بەردەوامی میدییبوونی کوردە لە خاک و زمان و کەلتوورو رۆحدا

٣ – دری : دڵی ، دەرێ : دەڵێ . لە سەر شێوەی حەیرانەکانی ناوچەی هەولیر/ سۆران

٤ – تورکی شاخی : ئەوناوەیەکە تورکەکان دوای داگیرکردنی کوردستانی باکوورو دامەزراندنی دەولەتی رەگەزپەرستی تورک بە سەر کوردیاندا دابڕی  و لە سەرچیاکانیان هالەکەند : بەختەوەرە ئەوەی بەخۆی دەلێ تورک و زمانی کوردییان قەدەغەکردو فۆلکلۆروئاوازو مۆسیقای گۆرانی و بەیت و کەلتووری کوردیان تەرجەمە کرد بۆ تورکی و کردیانە هی خۆیان و هەموو شتێکیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد.

٥ – جودی : [ گوتی ، گودی ، گوردی ، کوردیی] کە ناوی خودا [گۆت و گۆد لە زمانی  ئەلمانی و ئینگلیزیی لەوەوە هاتووە ]  شاخی جودی لە کوردستانی باکوور لە ناوچەی سلۆپی کە لە قورئانی پیرۆزدا ناوی هاتووەو وەک مەکە بە شوێنە دینییە پیرۆزەکان دانراوە، چونکە لە کوردستانەو هی کوردە فرامۆشکراوە. بە پێی ئایەتی قورئان خاکێکی موبارەکەو کەشتی نۆح لەوێ نیشتۆتەوەو ژیان لەوێوە دەستیپیکردۆتەوەو زمانی کوردی دەرکەوتووەو دەبێ قەومی زالم و زۆردار[ تورک] لێی دوورکەونەوە :

{وقل رب أنزلني منزلا مباركا وأنت خير المنزلين} سورة المؤمنون آية رقم 29 ….

قال تعالى (( وقيل يا أرض ابلعي ماءك ويا سماء أقلعي وغيض الماء وقضي الأمر واستوت على الجودي وقيل بعدا للقوم الظالمين ))

بە پیی هەندێ بیروبۆچوون پەیامبەر ئیبراهیم [ برایم ، ئەبراهام ] و زەردەشت یەکن و لە کوردستان بوون.

٦ – درۆن : جۆری نوێی هەرەکوشندەی تەیارەی جاسووسی و کوشتار بە بێ تەیارەوان و لە ڕێگای سەتەلایت و کۆمپیوتەر کۆنترۆل دەکڕێ و زەبری پێدەوەشێندرێ ، لە حەجمی شقارتەیەکەوە تا تەیارەی گەورە دەتوانێت دروست بکرێ و خۆ بە هەموو مال و کۆلان و شارو شاخ و کون وئەشکەوتێکدا بکات هەم بۆ وینەگرتن و جاسووسی هەم بۆ مەبەستی زانست و زانیاری هەم وەک چەکێکی هەرە نادیارو لە نەکاوو کوشندەو بێ مەسرەف . سەدان سەرکردەی تالیبان لە لایەن ئەمریکاوە بە درۆن لە ناوبراون و سەدان مەدەنیشیان لەگەڵ قڕانکراون . ئەمریکا بۆ تورکیا پێشنیازی کردووە کە بە بەکارهێنانی درۆن سەرکردەو گەریلاکانی کورد لە قەندیل لە ناوبەرێت بەلام تا ئێستا نەزانراوە ئەردۆگان رازی بووبێت ، تورک درۆنی جاسووسی هەیە بەلام هی بکوژی جارێ نییە . بروانە ‌:

http://www.huffingtonpost.com/kevin-mckiernan/obama-kurds-drones_b_2363383.html

٧ –  بەپێی راپۆرتەکەی سەفیری ئەمریکی ویلیکس ساکینە مانگێک لە ئەلمانیا زیندانی کراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت