عیماد عەلی : بۆچی تەنها پرسیاری سیکسی لەئافرەتی چەپ دەکرێت ؟
وەک تێبینیەک ، زۆرجار لە سەرجەم ئامرازەکانی راگەیاندن و بەتایبەتی رۆژنامە وگۆڤارەکان ، ئەو دیاردەیە دەبینم، کە پرسیاری تایبەت بە سێکس و قوڵبونەوە بەو بابەتە لە ژنی چەپرەو دەکرێت و ، ئەوانیش نازانم لە راستگۆیی و مامەڵەکردنی ئاساییانە لەگەڵ ئەو جۆرە بابەتانەدا وەک هەر بابەتێکی تر بەئاسایی وەریدەگرن و وەڵامی دەدەنەوە ( کە زۆرباش دەکەن ) هەرچەند لە کۆمەڵگەی ئێمە بە شێوەیەکی تر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و تاپۆی پیاوە ، یان لەنەزانینەوە رۆدەچنە کونوکەلەبەری وەڵامی پرسیارەکە و جەخت لەسەر وردەکاریەکانی دەکەنەوە ، کەچی لە وەڵامی پرسیاری تردا ئەم جۆرە فراوانیە بەکارناهێنن ، یان ئامرازەکانی راگەیاندنە ئەو جۆرە مانشێت و بابەتانە بۆ مەبەستی مادی زەق دەکەنەوە ، یان بەخۆیان ئەو ژنانە مەبەستی هەندێک رۆژنامە و رۆژنامەوان نازانن کە تەنها ئەو پرسیارانە بۆ پرفرۆشی رۆژنامەکەیانە یان بۆ ناوبانگدەرکردن یان باسکردنی شتی نامۆ بۆ دەرکەوتن ( خالف تعرف) دەکەن .
زۆر ئاساییە ئەگەر بابەتی سیکسی وەک هەر بابەتێکی تر بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و ، تەنانەت ئافرەت کە هەڵگری هەر فکر و بیر وبۆچونێک بێت زۆر ئاساییە باسی بکات و بە زانستیانە شییبکاتەوە ، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە کە تەنها ئەو پرسیارانە لە ژنی چەپ بکرێت و مەبەستی شتی تری لەپشتەوە بێت و بۆ مەرامی تر بەکار بهێنرێت و وا درەبکەوێت کە ژنیتر و لەهەڵگرانی بیروبۆچونی تر ئەمەی لا مەبەست نیە ، بەڵکو ئەم بوارە زیاتر دەبێت بە وریاییەوە باس بکرێت و تەنانەت بۆ ژنی موحافزکاری موسلمان و خەفەکراو پێویستترە باس بکرێت و دەبێت ئەوان لەوبارەوە خۆیان لەم بابەتانە نزیک بکەنەوە و تەنانەت بە پێی شەرعیش توێژینەوە و رۆچونە نێو هەر زانستێک عەیبە نیە ، پێویستە ئامرازەکانی راگەیاندن لەوبارەوە زیاتر گرنگی بەوان بدات و پرسیاریش لەوان بکات ، بۆ ئەوەی لەروی ئەخلاقی باوی کۆمەڵگەوە نەقۆزرێتەوە و روانینێکی تایبەت بە ژنی چەپ لەو بوارەداە دروست نەبێت .
ئەگەر مێژووش بخوێنینەوە ئەوەی زیاتر لەم بارەوە قسەی فرەتر و فراونتری کردبێت و گرنگی پێدابێت رەوتی ئیسلامیە و ، ئەوەی زۆرجار مێشکی پێوە مەشغول کردبێت و کاریگەری لەسەر سەرجەم بوارەکانی ژیانی جێهێشتبێت هەر ئەو رەوتەیە ، کە بە ئاشکرا لەو بارەوە قسە ناکەن و بە بڤەی لەقەڵەم دەدەن و بەنهێنیش هەموو روانینێکیان بۆ هەر بابەتێکی ژیان لەو راونگەوەیە سەرچاوە دەگرێت .
بۆیە، ئامرازەکانی راگەیاندن و خەڵکی چەپرەو دەکرێت لەم رووەوە، وریایانەتر مامەڵە بکات ، ئەوەی پەیوەندی بەسەرجەم مرۆڤایەتیەوە هەیە نەکرێتە تایبەتمەندی رەوتێک و بۆ مەبەست و مەرامی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەکارنەهێنرێت و وا لەخەڵک نەگەیەنن ، ئەو رەوتانەن تەنها گرنگی بەو بابەتانە دەدەن و بۆ ئەو مەبەستە کاری نابەجێ دەکەن ، کەچی ئەو پرس و بابەتانە وەک هەر پرسێکی تر پەیوەند بە مرڤەوە هەبێت قابیلی باس و توێژینەوەیە ، بەڵام لە روانگەی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و بابەتە هەستیارەکانەوە وا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت موحافزکاران سود و ئیستفادەیان لێنەکەن و لەڕووی کۆمەڵایەتی سیاسیشەوە نەیقۆزنەوە .