کارزان کۆیی : قەیوان سیتی یا قەیوان قەیران و بەرپرسان ؟
بەشی یەکەم
لەم وتارەماندا مەبەستمان تەنها لەبەر پرسە گەندەڵ و کاسەلێ سەرەوەکانە . هەرکەسێ لەدادگا خۆی بەگەندەڵ و کاسەلێ سەرەوە بناسێنێ مافی خۆیەتی داوای یاسایم لەسەر تۆمار بکات .
ئای زەمانە ، جاران دەسەڵاتداران و بەرپرسان و سیاسەت مەداران دزەکانیان دەگرت . هەمێستا دزەکان پڕۆفیشیناڵانە کاردەکەن ئەوان بەرپرسان و دەسەڵاتداران و سیاسەتمەداران دەگرن و دەیانکەنە گەمەی دەستیان و دزییان پێ دەکەن . ئەمەیە بیرۆکەو پڕۆسەی ئەو پیاوانەی وەک قاچک لەم هەرێمەدا هەڵ تۆقین و نیشتمان و حکومەتیان ناشرین کرد . ئای دکتۆر .. بەڵێ تۆدەڵێم .. دکتۆر … ؟ ئای بەرپرسانی شاری سلێمانی . دەزانن ئێوە گوناحن . خەڵکانێک هەن لەژێر سێبەرو ڕکێفی ئێوەدا بوونە خاوەنی فڕۆکەی تایبەت و پاسپۆرتی ئەمریکی تایبەت و … هتد . کەخۆتان نیتانە . لەوتارەکانی داهاتودا بەووردی بەداتاوە ئاماژەی پێ ئەدەم . بەڵام نابێ ئەوە لەیاد کەن کەسانی بورژوا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی زۆر ئاساییە لەژێرسێبەری ئێوەدا کۆسپی بەرژەوەندی خۆی تیرۆر بکا ، کە ئێمەین .
قەیوان سیتی ئەو پڕۆژەیەیە کەچەند بەرپڕسێک بەئاشکراو نهێنی لەپشت و پاش و پێشین . چەندین بەرپرسێکی زەبەلاحیش ئەملاو ئەو لایان گرتوە . زۆرێکیش لەبەرپرسان کرێچین لەو پڕۆژیەدا . هێندێکیش کاسەلێ سەرەوەن . لە تارەکانی داهاتودا ئاماژە بەناویان ئەدرێ . هەر ئەم هۆکارەشە بۆتە فاکتەرێ کە ئەم پڕۆژەیە بەئاشکراو بێ سڵەمینەوەو ڕێزگرتن لەهەمو بەها مرۆییەکان . هەموو یاساو ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی بخاتە ژێر پێی بەرژەوەندیەکانیەوەو بێمنەت بێت لەیاساو ڕێساکان . چونکە زۆرکەمن لەبەرپرسان پشکی ئەو خێرو بێرەیان بەرنەکەوتبێ دەنا خێرە ئەو بێدەنگیە لەئاست ئەم هەموو سەرپێچیە . سەرپێچی و سوکایەتی کردن بەدانیشتوانی ئەم پڕۆژەیە ئەوەندە زۆرە لەوتارێک و دواندا جێگەی نابێتەوە لەبەر ئەوە ناچار دەیکەمە چەند وتارێک .
بەڕێزان من ئاماژە بەکێشەی تایبەت و خانوەکەی خۆم نادەم کەبەدووری نازانم لەچەند ساڵی داهاتودا بڕوخێ بەسەرماندا . ئەوە کێشەی خۆمە لەڕێگەی دادگاو داواکاری گشتیەوە کاری لەسەر دەکەم . بەڵکو تەنها باس لە گرفتە گشتیەکان دەکەم و بەشی یەکەمی تایبەت دەکەم بە کێشەی کارەباو سەرپێچیەکانی کارەبا .
1- بەپێی ڕێنماییەکانی پارێزگای سلێمانی وقایم قامیەت و لیژنە تایبەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی وەرشەی مەرکەزی / موەلیداتی ئەهلی نرخی یەک ئەمپێر تەنها 8500هەشت هەزارو پێنج سەد دینارە بەڵام لە قەیوان سیتی بەقودرەتی قادرو بێ دەنگی دەستەی وەبەرهێنان . یەک ئەمپێر بە 15000 پانزە هەزارە و کەسیش لەلیژنەکان فزەی لێوەنایەت .
2- بەپێی ڕێنماییەکان بڕگەی 2 هەر مووەلیدەیەک لەکار بکەوێ دەبێت قەرەبو بکاتەوە . دانیشتوانی قەیوان سیتی شتی وایان نەبینیوە .
3- پێش ماوەیەک لەهەرماڵێک لەوپڕۆژەیە کە لەسەدان ماڵ زیاترە بڕی 100$ یان وەر گرت بۆ دانانی سەعات بۆ کارەبا کەبەهاکەی لە50000 هەزار دینار تێپەڕ ناکات کە دەبوایە لەسەر ئەرکی خۆیان بوایە . چەند رۆژێک کاریان پێ کرد وە پەیرەوی کیلۆ واتیان کرد وەک پڕۆژە سەرکەوتوەکانی پاشاسیتی و گۆیژەو … هتد . بەڵام یەکسەر وەستانیان و ئێستا کاری پێ ناکەن . کێ هەیە ئەم ڕابواردنە قبوڵ بکا سەعاتێکی پێ بکڕن بە دوو قات لەبەهاکەی وەکاریشی پێ نەکەن .
4- زۆرێک لەماڵەکان کارەبایان ثری فەیستە ئەگەر 10 ئەمپێر بەکار بێنن ئەوا 30 ئەمپێریان لەسەر دەنوسرێ . نازانم لەهیچ ڕێنماییەکاندا شتی وام بەدی نەکردوە .
لەو پڕۆژە گەورانەدا بەدەر لە ڕێنمایی ، گەر وەک مرۆڤ بیر لە ئاسودەیی خەڵک بکرێتە وە . دەبێت کار بە مولیدەی مۆدێرن و بێ دەنگ بکرێ . بەڵام دەنگی موەلیدەکانی ئەم پڕۆژەیە نەک چەند گەرەکێکی ناو قەیوانی کاس کردوە. بەڵکو بەهای شوقەکانی پاشا سیت یشی بەچەند هەزار دۆڵارێ دابەزاندوە ، لەبەر ئەوەی کەس ناتوانی گوزەربکا لە شوقە تازەکانی بەهۆی نزیکی لە مولیدەکانی قەیوان قەیرانەوە . هەرچەند خزمەت گوزاریەکانی پڕۆژەی پاشا سیتی زۆر مۆدێرنە و بەدەرە لە هەمو کەمو کورتیەک ، هۆکاریش نەبوونی بەرپرسە لەپاش و پێشی ئەو پڕۆژەیە و خاوەنەکانی خەڵکانێکی جوان و خاوەن ویژدانن . مزگەوت ناکەنەوە بۆ ڕیکڵام .
بەڕێزان ئەگەر پێ شەنگایەک بکرێتەوە لە کوردستانە بۆ نمایشکردنی ئامێری کارەبایی سووتاو بەهۆی بەرزو نزمی کارەباوە ئەوە ماڵەکانی قەیوان سیتی پشکی شێریان بەر دەکەوێ و یەکەم دەبن . چونکە ماڵ نیە چەند ئامێرێک و سەدان گڵۆپی نەکردبێتە قوربانی مولیدەکانی قەیوان قەیران . لەهەموی سەیرو سەمەرە تر بەرپرسی ئارامی ناو پرۆژەکە بەیەکێ لە دانیشتوانی پڕۆژەکەی وتوە ئێمە پارەی زیاد وەردەگرین لەبەر ئەوەی هاوکاریی پێشمەرگە دەکەین ! زۆر بەداخەوە بۆ ئەم لێدوانە چونکە پێشمەرگە زۆر لەوە گەورەترو پیرۆزترو سەروەر ترە بەپارەی سەرانە بژی .
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەدواکاری خزمەت گوزاری قەیوان سیتی بدەین . لەم پرۆژەیەدا گۆڕەپانێکی ( تاتان ) ی تیابوو ، کە دانیشتوانی ئەو پڕۆژەیە بەپارە وەرزشیان تیا دەکرد . پڕۆژەکە هەستا بەگواستنەوەی مۆلیدەکان بۆ تەنیشت ئەو گۆڕەپانە ، کە تەنها چەند مەترێک مۆلیدەکان دوورە لەو گۆڕەپانەوە . بەومەبەستەی وەرزشکاران بەرگری پەیدا بکەن بەرامبەر وڕەوڕ و دوکەڵی گاز . لەکۆتایدا دەڵێم ، ئەمە بۆچونی تەنها من نیە دەیان کەس لەو پڕۆژەیە ئامادەییان پیشان داوە ، کە بۆ ڕاگەیاندنەکان بدوێن وەکاتی خۆی دێت هەمو ڕاگەیاندنەکان بانگهێشت دەکەین تا دانیشتوانی ئەو پڕۆژەیە داخی دڵیان هەڵڕێژن . .چاوەڕوانی بەشی دووهەم و سێهەم بن . کە وتارەکانم ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێم و داواکاری گشتی دەکەم . لەبەرئەوەی پێ دەچێ پارێزگاریی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ، دەسەڵاتی لێ پرسینەوەیان نەبێ لەم پڕۆژەیەدا .