هێزەکانی گەریلە لە باشور دەکشێنەوەو ، هۆکارەکەی سیاسییە .
دکتۆر فایق گۆلپی : بۆچی هێزی گەریلا لە باشوری کوردستان دەکشێتەوە ؟
لە سەرەتای مانگی ئۆگۆستی سالی ٢٠١٤ دا ، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان روبەروی هێڕشی داعش بوەوە و شەنگال و گوێر و مەخمور و شوێنیتر داگیرکران ، هێزەکانی گەریلای رۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستان یەکسەر هاتنە ناو بەرەی شەر و بەربەستێکیان دژی هێرشی داعش دروستکرد و لە بەرگری و لە ئازادکردنی زۆرێک لە شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا ، دژی داعش ، شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشداری شەریان کرد و سەدان شەهید و برینداریان دا .
بەرپرسانی سیاسی و سەربازی گەریلاکان ، بەردەوام باسی ئەوەیان دەکرد تا مەترسی لەسەر دەسکەوتەکانی باشور بەردەوام بێت پاشەکشە بە هیزی گەریلا ناکەن و دژی داعش شەر دەکەن . بەلام شەوی رابوردو لە مەراسیمی ناشتنی تەرمی گەریلای شەهید ئارمانج کوردی لە بناری قەندیل ، کە لە شەری بەرگری کەرکوکدا دژی داعش لە گوندی تەلوەرد بریندار بوبو و رۆژی ٦-٢- شەهید بوو ، موراد قەرەیلانی ئەندامی کۆنسەی بەریوەبەرایەتی K C K ، رایگەیاند دەربارەی پاشەکشەپێکردنی هیزەکانایان لە بەرەکانی شەر لە باشوری کوردستان گفتوگۆ دەکەن .
چاودێرانی سیاسی وایبۆدەچن چەند هۆکارێک هەبن بۆ پاشەکشەپیکردنی هێزەکانی گەریلا لە بەرەکانی شەری دژی داعش،ئەگەر نا دەبوایە داعش زۆر لاواز بوایە و مەترسی دروستنەکردایە بۆ سەر هەرێم و پیشمەرگە زۆر بەهێزبوایە و چیتر وەک جاران پێویستی بە هاوکاری هێزی گەریلا نەبوایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی داعش ، ئەو کات گەریلا پاشەکشەی بکردایە . بەلام چاودێرانی سەربازی هەرێمی کوردستان لەو باوەرەدا نین کە لەم کاتەدا هێزی پیشمەرگە لەو ئاستەدا بێت پیویستی بە هاوکاری و پشتیوانی گەریلا نەبێت و مەترسی لەسەر هەرێم نەمابێت ، کەوابو هۆکاری تر لە پشت هەلویستی نویی بەرپرسانی بالای K C K وە هەیە بۆ ئەوەی گەریلا لە بەرەی شەری دژی داعش بکێشنەوە .
یەک لەو هۆکارانەی پالی بە بەرپرسانی K C K ناوە بیر لە گفتوگۆی پاشەکشەی گەریلا بکەنەوە ، هۆکاری سیاسیە ، لە دروستبونی شەری داعشەوە دژی دەستکەوتەکانی رۆژئاوا و باشور کوردستان ، بەرپرسانی K C K داوای کۆنگرەی نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەیی و هیزی هاوبەشی نەتەوەیی دەکەن لە هەرێمی کوردستان ، بۆ ئەوەی کورد باشترخۆی ریکبخات وبتوانێت بە باشی روبەروی تیرۆری داعش ببێتەوە ، بەلام لایەنە بەرپرسەکانی باشور تا ئەمرۆ بە فەرمی وەلامی داخوازیەکانی K C K نادەنەوە و هیچ هەنگاوێکیان بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی و هیزی پاراستنی نەتەوەیی نەناوە و تەنانەت هیزە حزبیەکانی باشوریشیان بە تەواوی لە ناو وەزارەتی پیشمەرگەدا ریکنەخستوە ..
هۆکاریکی تری هەلوێستی نوێی بەرپرسانی K C K بۆ پاشەکشەپێکردنی گەریلا ، بۆ ئەو بێمنەتیەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەگەرێتەوە بەرامبەر بە فیداکاری و قوربانی گەریلاکان لە شەرەکانی روبەروبونەوەی داعشداپیشانی دەدن ، لە کەنالەکانی راگەیندنی باشوردا رۆلی گەریلا و فیداکاریەکانی و قوربانیەکانی باس ناکرێت و پشتگوێ دەخرێت ، وا دەردەکەوێت لە دابینکردنی پیویستی سەربازی و لۆجستیکی گەریلادا لایەنی بەرپرس کەمتەرخەمی دەکەن و بە ئەرکی خۆیان هەلناسن .
هۆکاریکی تری گفتگۆی پاشەکشەی گەریلا لە بەرەکانی شەر ، بۆ ئەو هەلویستە نادیمکرات و نا یاساییە دەگەرێتەوە کە بەرپرسانی هەریمی کوردستان بەرامبەر بە دۆست و لایەنگرانی K C K لە هەرێمی کوردستان پەیرەوی دەکەن . لە دوای راپەرینەوە تا ئەمرۆ دەسەلاتدارانی هەرێم بە مۆلەت پێنەدانی چالاکی سیاسی و زیندانکردن و تۆمەت بۆ دروستکردن و هەندێک جار بە زەبروزەنگی چەکداری روبەروی ئەو رێکخستن و کەسایەتیە سیاسیانە بونەتەوە کە دۆست و لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردستان بون . ماوەی ٣ مانگ زیاترە رێکخستنێکی سیاسی بە ناوی تەڤگەری ئازادی کۆمەلگای کوردستان لە کوردانی باشوری کوردستان دروستبوە ، لەو کاتەوە داوای مۆلەتی کاری سیاسیان لە حکومەتی هەریم کردوە ، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ وەلامی داخوازی تەڤگەر نادانەوە و مۆلەتی کاری نادەنێ ، لەبەر ئەوەی ئەو تەڤگەرە لە روی فکریەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە نزیکە .
دامەزراندنی ئەنجومەنی یەزیدیەکان لە مانگی رابوردودا لە لایەن کۆمەلێک جالاکی یەزیدی لە شەنگال و دەوروبەریدا ، تورەبونێکی توندی زۆربەی لایەنە بەرپرسەکانی هەرێم و پارتی دیمۆکراتی کوردستانی لێکەوتەوە و وا لێکدرایەوە کە ئەمە پیلانی K C K یە بۆ دەستخستنە ناو کاروباری باشوری کوردستانەوە و پەسەند ناکرێت ، ئەم هەلویستەی بەرپرسانی باشور بەرامبەر بە ئیرادەی ئەنجومەنی یەزیدی و تومەتبارکردنی P K K بە دابەشکردنی باشوری کوردستان لە رێگەی ئەو ئەنجومەنەوە بەرپرسانی K C K ی نیگەران کرد .
لە رۆژی ٢٥-١-٢٠١٥ ئەندامێکی بەریوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەلگای کوردستان بە ناوی حەسەن سالح زاخۆیی لە لایەن ئاسایشی زاخۆوە دەستگیرکراوە و بیسەروشوێن کراوە ، چالاکی چەند مانگی رابوردوی حەسەن سالح ئەوەبوە کە سەرپەرشتی هێنانەوەی تەرمی ئەو گەریلا شەهیدانەی باشور و رۆژهەلاتی کوردستانی کردوە کە لە رۆژئاوای کوردستان و لە شەنگال شەهید بوون ، دەسەلاتدارانی دەڤەری زاخۆ مەرجیان بۆ ئازدکردنی حەسەن زاخۆیی ئەوەیە کۆتایی بە چالاکی سیاسی خۆی بێنێت لەگەل تەڤگەر و کورەکانیشی کە بەقسەی ئاسایشی زاخۆ لەگەل P K K کار دەکەن بگەرێنێتەوە و تەسلیم پارتیان بکاتەوە .
بە بروای من ئەمانەی ئامەژەم پێکردن بەشێک لەو هۆکارانەن کە گرژی و دورکەوتنەوەی لە نێوان بەرپرسانی هەرێم (بە تایبەتی پ د ک) و بەرپرسانی K C K ،دروستدەکردوە . هیوادارم بەرژەوەندی بالای نەتەوەیی کورد و پێشخستنی سیستەمی دیمۆکراسی هەرێم ، ببنە فاکتەری لێکتێگەیشتن و ریکەوتنی هیزە سیاسیەکانی کوردستان بە گشتی و کۆما چڤاکێ کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی .
- Latest Posts by
دکتۆر فایق گۆلپی : بێکاریگەرکردنی وەزارەتی پێشمەرگە ، پاشەکشەی ستراتیجی هەڕێمی کوردستانە
-دکتۆر فایق گۆلپی : نێچیروان بەرزانی ـ پرۆپاگەندە بۆ تورکیا و ئاشبەتاڵ بە حکومەتی هەرێم دەکات .
-دکتۆر فایق محەمەد گۆلپی : گەریلا بەرامبەر تورکیا شەر رادەگرێت ، بەڵام چەک دانانێت ! .
- All Posts