Snduqi-Pare

ژماره‌ی‌ ملیاردێره‌كانی‌ جیهان ده‌گاته‌ ئاستێكی‌ پێوانه‌یی‌

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ژماره‌ی‌ خاوه‌ن ملیاره‌كان له‌جیهان ده‌گاته‌ ژماره‌یه‌كی‌ پێوانه‌یی‌ كه‌ له‌ئێستادا 2089 ملیاردێره‌ ، بۆ یه‌كه‌مجاریش هند ژماره‌ی‌ ملیاردێره‌كانی‌ زیاتره‌ له‌وانه‌ی‌ به‌ریتانیا‌و روسیا، وه‌ك ئه‌و راپۆرته‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ده‌وڵه‌مه‌ندانی‌ جیهان له‌ساڵی‌ 2015 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ، له‌كاتێكدا 22%ی‌ دانیشتوانی‌ جیهان له‌ژێر هێڵی‌ هه‌ژارییه‌وه‌ن .

ئیلاف، ئاوێنه‌نیوز : راپۆرته‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن په‌یمانگای‌ هورون بۆ توێژینه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتوه‌ ، له‌ساڵی‌ 2014 ملیاردێره‌كانی‌ جیهان 222 ملیاردێری‌ تریان بۆ زیاد بوه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێیان له‌چین – ن ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تائێستا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌پێشه‌نگی‌ وڵاتانی‌ جیهاندایه‌ له‌روی‌ ژماره‌ی‌ خاوه‌ن ملیاره‌كان كه‌ ده‌گه‌نه‌ 537 ملیاردێری‌ نیشته‌جێی‌ ئه‌و وڵاته‌ ، به‌دوای‌ ئه‌ویش چین دێت به‌ 430 ملیار دێر ، پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2014دا له‌و وڵاته‌ 72 ملیاردێری‌ تر تۆماركران .

لای‌ خۆیه‌وه‌ وڵاتی‌ هندستان سه‌ركه‌وت بۆ پله‌ی‌ سێیه‌م پاش ئه‌وه‌ی‌ ئاماری‌ خاوه‌ن ملیاره‌كانی‌ له‌ 70 وه‌ بۆ 97 ملیاردێر زیادیكرد ، به‌مه‌ش پێش روسیا كه‌وته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی‌ 93 ملیاردێره‌ ، له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا كه‌ 80 ملیاردێری‌ هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌لیستی‌ په‌یمانگای‌ هورون هه‌یه‌ .

راپۆرته‌كه‌ ده‌شڵێت ، ملیاردێره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ به‌سه‌ر 67 وڵاتی‌ جیهاندا دابه‌شبون .

له‌روی‌ شاره‌كانیشه‌وه‌ تائێستا نیویۆرك پایته‌ختی‌ جیهانه‌ له‌ژماره‌ی‌ ملیاردێره‌كاندا به‌ 91 ملیاردێر ، له‌نده‌نیش له‌پله‌ی‌ پێنجه‌مدا ماوه‌ته‌وه‌ به‌ 49 ملیاردێر ، به‌ڵام شه‌ش شاری‌ ئاسیایی‌ چونه‌ته‌ ناو ده‌ یه‌كه‌می‌ شاری‌ ملیاردێره‌كان كه‌ ئه‌وانیش مۆمبای‌ ، هۆنگ كۆنگ ، په‌كین ، شینجین ، تاپێ‌و شه‌نگه‌های‌ – ن .

به‌پێی‌ راپۆرته‌كه‌ بیڵ گه‌یتس له‌پێشه‌نگی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین كه‌سی‌ جیهان ماوه‌ته‌وه‌ به‌سامانی‌ 85 ملیار دۆلار . له‌دوای‌ ئه‌ویش ملیاردێری‌ مه‌كسیكی‌ – لوبنانی‌ ، كارلۆس سه‌لیم له‌پله‌ی‌ دوه‌مدا دێت به‌ 83 ملیار دۆلار ، دواتریش وارن بافیت به‌سێه‌م‌و 76 ملیار دۆلار . هاوكات دامه‌زرێنه‌ری‌ فه‌بسبوك ، مارك زوكربیرگ ( ته‌مه‌ن 30 ساڵ ) بۆ جاری‌ یه‌كه‌م به‌رزبوه‌ته‌وه‌ بۆ لیستی‌ 10 ده‌وڵه‌مه‌ندترینی‌ جیهان .

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌و ئافره‌تانه‌ش ده‌دات كه‌ به‌پشت به‌ستن به‌خۆیان سه‌روه‌ت‌و سامانیان به‌هه‌وڵی‌ خودی‌ پێكه‌وه‌ ناوه‌و رایگه‌یاند ، چین له‌پێشه‌نگی‌ وڵاتانی‌ جیهاندا له‌ژماره‌ی‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌دا به‌جۆرێك له‌كۆی‌ 69 ئافره‌تی‌ گه‌یشتو به‌سه‌روه‌ت‌و سامان 35یان له‌چینن .

زیادبونی‌ ژماره‌ی‌ ملیاردێره‌كان له‌كاتێكدا به‌پێی‌ راپۆرتی‌ رێكخراوه‌ مرۆڤدۆست‌و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش ئاستی‌ هه‌ژاری‌ له‌جیهان بۆ پله‌یه‌كی‌ باڵا سه‌ركه‌وتوه‌ .

له‌و باره‌یه‌وه‌ رێكخراوی‌ گلوپی‌ جیهانی‌ راپۆرتێكی‌ له‌باره‌ی‌ هه‌ژاری‌ له‌جیهان له‌ساڵی‌ 2014 بڵاوكردوه‌ته‌وه‌‌و تیایدا ئاماژه‌دات نزیكه‌ی‌ 22%ی‌ دانیشتوانی‌ جیهان له‌ژێر هێڵی‌ هه‌ژارییه‌وه‌ن .

س – ئا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت