هەڵۆ بەرزنجەیی : ناساندنی کتێب .
سینگ بە سووتان ، دڵ بە گریان ، شاربەشار و دەربەدەر
کێیە وەک من هەڵوەدابێ دوورە یار و بێ دیار
خوێن لە دڵما هاتە چاو و ( بەکرەجۆ ) یەک کەوتەڕێ
وادەکەم من چاری دەردو داخی دووری ( سەرچنار )
( خالیدا ) گەر ئەشقیا و چۆڵگەرد و شێت نەبی
تۆ لە کوێ ؟ غەزنەین وکابول یاوڵاتی قەندەهار ؟
مەولانا خالید
رەنگە ، چەند ووتەیەک ، لە عۆدەی دا نەبێ ، پانتایی رێبازی مەولانا خالیدی شارەزووری ، کە نێزیکی دوو سەدە تەمەنێتی ، وەک تابلۆیەکی پێویست و دروستی کارو چالاکی و ئامانجەکان بەرجەستە بکات . مەولانایەک ، لە ١٨١٠ دا و لەو بارودۆخە دواکەوتوو و پڕ لە کێشمەکێشەی ناوچەی سلێمانی و کوردستاندا ، بە تاسەوە دوای رێبازێک بکەوێ تا هیندستان .
ئەگەرچی ئەستەمە سەدان سەرچاوە و هەزاران لێکۆڵێنەوەی ناوخۆیی و بیانی لەسەر ژیان و رێبازی مەولانا ، نادیدە بگیرین ، لێ هێشتاش وەک پێویست ئاشنایەتییەکی بەرفراوان لەسەر ئەم کەڵە پیاوە و رەهەندی رێبازەکەی لای خوێنەری کورد وەک پێویست نییە . بە واتایەکی دیکە ، هێشتا نەبۆتە بەشێکی دیار و زیندووی رۆشنبیریی کوردیی . چونکە ئێمە لەبەردەم ئەو ئەگەرەدا رادەوەستین و دەپرسین: گەر ئەم پیاوە دەرفەتێکی لەبارتری لەسەر گۆڕەپانی کوردستان هەبوایە ، یان بۆ سازبووایە ، رەنگە گەلێ لە پرسە کۆمەڵایەتی و دینی و سیاسییەکانی ئێستامان ، رەهەندی دیکەیان لە خۆ بگرتایە و چارەنووسی کوردستانیش بە ئاڕاستەیەکی تردا ڕەوتی بکردایە .
گەرچی تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەلی ئەوتۆ لەسەر ئەم دیاردەیە لەبەردەستدا نییە ، کوردستانیبوونی ئەم رێبازە بێ چەندوچوون بسەلمێنێ ، یان بنەما دیارەکانی پرۆژەیەکی نەتەوەیی تێدا بەرچاوبکەوێ . لەو رۆژگارەدا دەوڵەتی عوسمانی ومیرنشینی بابان لە سەر شانۆی سیاسی بوون .
عەباسعەزاوی دەڵێ : مەولانا کەسێکی ناوازەبوو لە ئاکاریدا ، تاک و بێ وێنە بوو لە ئازایەتی و پیاوەتی و سەخاوەتدا ، توانای عەقڵی و پێشبینیکردنی بێسنوور بوو، لە خۆڕاگری و ئارامیدا بێکۆتابوو ، تواناو دانایی تەواوی هەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت سەرلەنوێ دەوڵەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە و لە قاڵبێکی نوێدا دایبمەزرێنێتەوە.
د. بتروس ئەبو مانح ، لە تێزی دکتۆراکەیدا لەسەر مەولانا ئاماژە بەوە دەکات ،کە مەولانا لە لایەن شێخ مارفی نۆدێ و دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانییەوە ، تاوانبار دەکرێت بەوەی ئارەزووی بەدەستگرتنی دەسەڵاتی هەیە.
ئەم هەڵکەوتووە مەزنە و رێبازەکەی لە دوو بەرەوە رروبەرووی ئاستەنگ دەبێتەوە ، دەرئەنجام بۆ خۆ بەدوورگرتن لە پێکداهەڵپژان بە تایبەتی لە سنووری میرنشینی باباندا ، بڕیاری جێهێشتنی وڵات دەدات و رووەوە بەخداوپاشان شام ملی رێی نامۆیی دەگرێت . بەوەدا شیعری بۆ ئەورەحمان پاشای بابان گوتووە ، پێدەچێت بە چاوێکی پڕ بە نرخەوە لەو دەسەڵاتە کوردییەی نۆڕیبێت . گەرچی مەولانا پەرۆشی زۆری بۆ چالاکی و کاری کۆمەڵایەتی و سیااسی هەبووە ، کەچی بەردەوام داوای لە لایەنگرانی کردووە ، خۆیان لە قاجاریی و عوسمانی بە دوور بگرن . دیارە هەستی بە مەترسییەکانی ئەم دوو ناوەندەی دەسەڵات کردووە ، نەیویستووە ، سەرەرۆیی بەخۆیی و لایەنگرەکانی بکات . بە تایبەت ئەو لە سەرەتای راگەیاندنی پەیامەکەیدابووە و مەبەستی بووە ، بە هۆشیارییەوە بیگەێنێتە کەناری ئارامیی .
ئامانجی ئەم کورتە نووسینە ، ناساندنی بەرهەمێکی نازدارو تژی لە زانیاریی و زانینە لەسەر مەولانا و رێبازەکەیی و کاریگەرێتییان لە رووبەرێکی پانوبەرینی وڵاتانی ئاسیاو و لەم رۆژگارەشدالە ئەمریکاو ئەوروپا .
رێبازی سۆفیگەریی نەقشبەندی ـ خالیدی /// مەولانا خالید و تەریقەتی خالیدی
و. لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق ، چاپی دووەم ٢٠١٤ سلێمانی …
لە بڵاوکراوەکانی دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان ٤٦٦ لاپەڕە .
ئەم بەرهەمە لە لایەن نوسەر و وەرگێڕی بە تواناو خاوەن سەلیقە و پسپۆڕی بواری ئەنفال و ژینۆساید ، مامۆستا محەمەد حەمە ساڵح تۆفیقەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردیی . نوسەر بە زمانێکی کوردی رەوان وپاراو بابەتەکانی دووتوێ ئەم بەرهەمەی وەرگێڕاوە ، کە بریتی لە (١٣) بابەت و لە لایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و زانستکارو ئەکادیمیستی بێگانەوە نووسراون .
پوتروس ئەبو مەننە ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی حەیفا / ئیسحاق وایزمان ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی حەیفا / تیری زارکۆن ، توێژەر لە مەڵبەندی لێکۆڵینەوی زانستی لە فەرەنسا / حامید ئالگەر ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی کالیفۆڕنیا ـ ئەمریکا / میشیل کامپەر ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئەمستەردام ـ هۆڵەندا / مارتن ڤان بروینەسن ، لەزانکۆی ئوتریشت ـ هۆڵەندا / فلۆریان سۆبیرۆژ ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی فەریدریک شیللەر ـ ئەڵمانیا
ساموێلا پاگانی ، پرۆفیسۆر لەزانکۆی لێچی ـ ئیتالیا / ئەرسەر بوهلەر ، توێژەر لە
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا .
هەر وەک مامۆستاش ، لە کورتە پێشەکییەکەیدا ئاماژەی پێداوە ، خوێنەر باوەڕ ناکات ، ئەم نووسەرانە ، هێندە بە ووردیی و بە دیقەتەوە شوێنپێی ئەم رێبازەیان هەڵگرتووە و بۆ لێکۆڵینەوەکانیان ئەمەندە بە سەلیقە و فرە زانیاری کاریان کردووە . هەمان کات بەو ئەندازەیە پشوو درێژبوون و سەریان بەسەر سەدان سەرچاوە و کتێبخانەی کۆن و نوێی جۆراوجۆردای پەرشوبڵاوی تەپوتۆز لێ نیشتوودا شۆڕکردۆتەوە .
خۆ گەر وا نەبووایە ، تێگەیشتن و ساخکردنەوە و بەداو گەڕانی ئەم هەموو کۆدو کلیل و مانا و هێمای ئالۆزو قورسی رێبازی سۆفیگەرییەکەی مەولاناخالید ، هەروا کارێکی ساناو سەرپێی نییە . مەگەر خوێندنەوەیەکی ووردی ئەم بەرهەمە ، باشتر ئەم راستییە دەربخات ، چۆن ئەم نوسەرانە و تاکوێ عەوداڵی گەیشتن بە سەچاوەو وبنجوبناوانی ئەم رێبازەبوون و چ کۆشش و ماندووبوونێکیان خستۆتە سەرشانی خۆیان تا دەستیان لە چمکی ئەو مێژووە فەرامۆشکراوە گیر ببێت.
وەک ئاماژەمان پێدا ، مەولانا خالید ، تا هیندستان دوای باوەڕەکەی کەوتووە. پاش وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن لە شاعەبدوڵڵای دەهلەوی ، دەگەڕێتەوە سلێمانی و لە هەلومەرچێکی دژوار و ئالۆزی پڕ لە کێشمەکێشدا ، دەست بە بڵاوکردنەوەی رێبازەکەیی و بانگاشە بۆکردنی دەکات … چەندجارێ سلێمانی جێدێڵێ و بەرەو بەخداو هەورامان دەڕوات و دواجار ساڵی ١٨٢٢ بە یەکجاریی روو لە دیمەشق دەکات دەیکات و لێێ نیشتەجێ دەبێت . هەڵبژاردنی دیمەشق ، وەک لێکدراوەتەوە ، بۆ نێزیکی ئەم ناوەندە لە ئەستەمبوڵ ، دەگەڕیتەوە و هەمان کات سەرەڕێی حەجی مەککەوە بووە . لە ماوەی تەنیا ١٦ ساڵ چالاکی نواندندانێزیکی ٧٠ خەلیفە لە پاش خۆی پێدەگەێنێ .
هەرکەسێ بیەوێ زانین و زانیاریی لەسەر ئەم رێبازە فراوانتر بکات ، یان شتی نوێ فێربێت و ئاسۆیی مەعریفی زیاد بکات و لە نێزیکەوە خۆی بکاتە هاوگەشتی رێبازەکەی مەولانا و بڕەک بەو مێژوو و فەرهەنگە ئاشنابێت ، گەرەکە خۆی لە خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە بێبەش نەکات .
مامۆستا وەرگێر ، پەراوێزەکانیشی وەرگێڕاوە . لە کاتێکدا ، نووسەر هەیە پشتی بە ١١٢ سەرچاوە بۆ وتارەکەی بەستووە . بەم کارەش وەرگێڕ خزمەتێکی گەورە پێشکەش بە خوێنەر دەکات …
هەرچۆنێک بێت ، کتێبخانەی کوردیی زۆر پێویستی بە بەرهەمی لەم چەشنە هەیە . وێڕای دەستخۆشی لە وەرگێڕی بە توانا ، مامۆستا محەمەد ، هیوادارم بەردەوام بێت لەسەر ئەم رێچکەی خزمەتە نایابە .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرنج : بۆ ئەم ناساندنە ، سودم لە کتێبی مەولاناخالید موسافیرە بێ نیشتمانەکە . ئامادەکردنی عەلی عەبدوڵڵا وەرگرتووە .