هەڵۆ بەرزنجەیی : زەردەشت و ئاڤێستا و فەلسەفەی یەکتاپەرستی .
ناساندن و خوێندنەوەی کتێب :
کۆکردنەوە و ئامادەکردنی فەرهاد عەبدولحەمید ( پاڵەوان )
خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە / هەولێر ٢٠١٣/ ٦٠٧ لاپەڕە
کوردستان لەدێرزەمانەوە رووبەرووی شەپۆلی دڕندایەتی و داگیرکاریی بۆتەوە و بوون و هەبوونی ، کەوتۆتە بەردەم مەترسییەوە. کاتێکیش ، بێگانە دەسەڵاتی تەواوی لەناوبردنی کوردی نەبووبێ ، هەوڵی داوە، بە تواندنەوە و سڕینەوە و شێواندن و بزرکردنی مۆرک و بنەما نەتەوەییەکانی هەڕەشە ، لەسەر بونیادی دروست بکات.
ناپلیۆن میسر داگیر دەکات ، دەزگای ” چاپ ” ییان لەگەڵ خۆیدا بۆ دەبات ، ، کەچی داگیرکەرانی کوردستان سەرەتا کتێبخانەکان تاڵان دەکەن و بەڵگەنامەکان ئاگر تێبەردەدەن. رەنگە وەبیرهێنانەوەی ئەم دەقە شیعرە. کە گوزارە لە گێڕانەوەی مێژوویەکی پڕ لە مەرگەسات دەگەێنێ . بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگر بێت ، بۆ ئەو کارەساتانەی کە داگیرکەر لەگەڵ خۆیدا هێناوێتی.
هورمزگان رمان ئاتوان کوژران وێشان شاردەوە گەورە گاوران
زۆر کار ئەرەب کردنە خاپوور گونا و پاڵە هەتا شارەزوور
ژن و کەنیکان وە دیل پشینان مەرد ئازاتلی ژەروی هونیان
هورمزگان رمان ئەتیران کوژران هویژشان شاردەوە گەورەی گەورەکان
ئایین زەردەشت مانەوە بیکەس بەزەیی کانا هورموزد و هیچ کەس
سیاحەتنامەی ئەولییای چەلەبیش بۆ خۆی وەک سەرچاوەیەکی زیندوو ، تژییە ، لە گێڕانەوە و بەسەرهاتی سووتاندنی کتێب و کتێبخانەکان لە کوردستان دا .
نەتەوەیەکی وەک کورد، کە سەرتاپای مێژووی ٢٧٠٠ساڵەی ، نوقمی خوێن و جوگرافیای وڵاتی ، جێی پێخووستی پۆستاڵی لەشکری داگیرکار بێت و سەری سەرکردەکانی گۆی شەقشەقێنی مەیدان بێت و زمان و مێژووی لە ریشەوە هەڵکەندرابێ و هەڕەشە لەسەر بوونی هەبێ ، دەبێ نیشتمانەکەی چ دارێکی بەسەر بەردەوە مابێت ؟!. بنۆڕن ئێستا سەدەی ٢١ ەکەو هێزێکی تاریکپەرست و وەحشیگەریی وەک ( داعش) دێ و کوردستان داگیر و وێران دەکات، کچ و ژنی لاقرتە دەکات و لە بازاڕدا هەراجی دەکات . جا تۆ بگەڕێوە بۆ رۆژگاری زیاتر لە ٢٥٠٠ساڵ بەر لە ئێستا ، بزانە ئەسکەندەری مەکدۆنی و هۆلاکۆ و تەیموری لەنگ و سەقەفی و قەعقاع و خالیدی کوری وەلید ، چ کارەسات و کوێرەوەرییەکیان بەسەر کورد دا هێناوە . ئەنقەرە و تاران و بەخداو دیمەشقیش هەتا ئێستا درێژە بەو تاوانکارییە دەدەن .
رەنگە لەم سۆنگەیەوە ئێستا تێبگەین ، چەند گرنگە قسەکردن لەسەر ئەوەی ، بۆ ئەم میللەتە زۆر لە فەرهەنگ و رابووردووی دوورکەوتۆتەوە و ملی بەرەو نامۆیی ناوە ، دین و فەرهەنگی بە تاڵان براوە. بە واتایەکی دیکە ، کورد چەند ، بنەما سەرەکییەکانی خۆناسین و سەروەرییەکانی رابووردووی لێ شێوێندراوە . بە کورتی ئاشکرا دەبێ، دەسەڵاتی بێگانە و فەرهەنگی نامۆیی و ئەقڵێتی نا کوردی لە نیشتمانەکەمان دا حوکمی کردووە … ئەم فاکتەش وای کردووە ، زەمینەی سەوزبوونی هیچ نەمامێک لەسەر شەقڵی کوردی دروست نەبێت .
لەم بارەدا خۆراستکردنەوە و خۆڕاپسکان، لەژێر باری قورس و گرانی ژێردەستیدا ، بە ئەندازەیەکی زۆر دژوار و سەختە . لە ئالییەکی دیکەوە تێدەگەین ، گەیشتن بە وێستگەی بە ئاگابوون و خۆناسیین و شانازیکردن ، بە مێژووەوە،لای کورد کام تروسکە کزی نیوە هیوابەخشی لارەملە . کەواتە دۆزینەوەی توولەرێی خۆقوتارکردن لە دارستانێکی چڕ و ئەنگوستەچاودا ، کاری مەحاڵە و هەڵگەڕان بە هەورازی پڕ لە هەڵەمووتیشدا ، بە رێی سەرچڵی و مەرگ دادەنرێت .
لێرەدا ، نامانەوێ پانۆڕامای مەرگەساتی کورد نمایشت بکەین ، لێ گەرەکمان ئاوڕی لە زمان و فەرهەنگ و دین و شارستانێتی بەتاڵانبراومان ـ بەتایبەت زەردەشت و پەیامە ئایینییەکە ـ بدەینەوە .
دیارە کەسێک بیەوێ پێڕەوی لە دابونەریتی ئایینی زەردەشت بکات ، بۆخۆی ئازادە و پێویستە بە سنگفراوانییەوە لێی بسەلمێندرێ . چونکە زەردەشتێتیش ، ئایینێکە فەرمانی چاکەکردن و مرۆڤدۆستی و ئاشتیی و سروشتخوازی بە تاکەکان دەبەخشێ . بە پێی جیهانبینی زەردەشت و ئایینەکەی ، مرۆڤ و کارەکتەرە جوان و خەسڵەتە ئەرێنییەکانی ، سەنگ و قورساییەکی باڵایان هەیە و سێکوچکەی {{ بیری چاک ( هومت ) ، وتەی چاک ( هوخت ) ، کرداری چاک( هورشت )} ئەو زەمینەیەن ، کە تەلار و کۆشکی هزر و ئەندێشەی زەردەشتێتی لەسەر هەڵچنراوە . هەرسێ کردارەکە ( چاک ) ە کە ، کە داواکراوە ، گرێدراوە بە مرۆڤەوە ، مرۆڤی باش و بەرەوشت و راستگۆ و هەقدۆستەوە . بە مانایەکی دیکە ، چەقی هاوکێشەکە ، بە پێگەو رۆڵی مرۆڤەوە بەستراوەتەوە . مرۆڤ نێوەندی کردارەکان و پاڵەوانی رووداوەکانی سەر شانۆی ژیانە …
ساتەوەختێکیش هەموو لەوە بە ئاگاین ، مرۆڤ و کردارەکانی لە نێو پرۆسەی پەلەی ژیان و مامەڵە لەگەڵ سروشت و رۆڵی داهێنان و پەیبردن بە نهێنییەکانی گەردوون و رەفتارە ماڵوێرانکەرەکانی ، دیسانەوە لە ناوەڕاستی رووبەری پرس و هاوکێشەکاندایە . کەواتە هەر خودی مرۆڤە ، دەتوانێ بەختەوەری یاخود کوێرەوەری بۆ مرۆڤەکان فەراهەم بکات ، ئیدی بەرپرسی یەکەم ، هەر مرۆڤ خۆیەتی . بەم جۆرە ، ساتێ فەلسەفە و دید و تێڕوانین و ئایین و رێبازێک ، هەموو ووزە و توانای خۆی ، بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ، مرۆڤ ، فاکتەرە سەرەکی و بەهێز و کاریگەریەکەی ژیان ، رۆڵی ئەرێنی خۆی لەسەر سکەی ئاسایی و سروشتی کاروانی ژیان بگێڕێ ، دەبێ بۆ مرۆڤایەتی چ لەمە پیرۆزتر و ئابڕوومەندتر هەبێت …!!؟؟
لەبەر رۆشنایی ئەم راستیی و جوانی و پیرۆزییانە،و بەها بەرزەکانی ژیانەوە ، سەبارەت بە ئێمەی کورد ، چەند لە هەوڵ و تەقەڵای زیندووکردنەوە و ئاگالێبوون ، لەدید و فەلسەفە و ئایینی کوردانەدا ،کە لە بازنەی نرخ و ئاماژە رازاوەکانی ئەم هزردا ، خول دەخۆن و کاردەکەن کارێکی سوودبەخش بەخۆیان و مرۆڤایەتی دەکەن و ئیشێ ئەنجام دەدەن ، ئەو مۆمە جوان و رووناکیبەخشە کوژاوەوەی خۆمان ، جارێکی دیکە بۆ ژیان بۆ شارستانێتی و بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی دادەگیرسێنین. هەمان کات هەوڵ دەدەین بەشداریی لە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی مرۆڤدۆستیشدا بکەین .
لە دیدی ئەم ئامانجەوە ، کارێکی لەم چەشنە چەند پیرۆزە ، هاوکات لە خاڵێکی دیکەشەوە هەوڵە بۆ بیناکردنەوەی و هەڵچنینەوەی تەلاری خاپوورکراومان و راستکردنەوەی فەرهەنگی شێواوی نەتەوەمان ، کە بەدرێژایی بوونی خۆی بەشداریی گەورەی کردووە ، لە شارستانێتی ناوچەکەدا ، لێ لەوەتەی بێ قەوارە ماوەتەوە و بووە بە ژێر رەوڕەوەی مێژووی زۆردارییەوە ، ناوی بزر و رۆڵی نادیار کراوە . لێرەدا قسەمان لەسەر خۆهەڵدانەوە و خۆ گیڤکردنەوە نییە . ئاخر دەزانین گەلێ لە میللەت و دەوڵەتان ، هەتا ئیمڕۆش لەسەر تایبەتمەندی ووشەیەک ، دیاردەیەکی پەیوەست بە فەرهەنگ ومێژوویان ، یان کەسایەتییەکی خۆیان ، شەڕ دەکەن و هەموو توانای ماکی و مینۆکی خۆیانی بۆ دەخەنەگەڕ .
مەبەست لە درێژەدان بەم باسە ئەوەیە ، تا لەم دەروازەیەوە بچمە نێو جیهانی پانوبەرینی زەردەشت و ئایینەکەیی و کتێبەکەی ئاڤێستاوە و چەند چەپک و سوواڵەیەک لە مەڵۆ و خەرمانی پڕ لە فەڕ و جوانتان پێشکەش بکەم … ئەویش لەڕێی ناساندنی بەرهەمێکی هێجگار ناوازە و لێوانلێو لە زانین و زانیاریی دروست و راستەوە .
ئەم بەرهەمە ، لە دووتوێی ٦٠٧ لاپەڕەدا کۆکراوەتەوە و بە پێشەکییەکی چڕ و پوختی ، فەرهاد پاڵەوان دەستپێدەکات و کتێبەکە چەندین سەرناوی بۆ بەندەکانی لە خۆ گرتووە . هەر لە ژیاننامەی زەردەشتەوە ، تا دەگاتە بچووکترین شت و دیاردەیەک شوێن و مانای لە رووبەری فەلسەفە و ئایین و جیهانبینی زەردەشتدا هەبێت . تێدەکۆشم هەر لەبەرەوە ، کۆمەڵێ کۆپلە و سوڵەتان لەم بەرهەمە نازدارە ، لە تەک نووسینەکەمدا بۆ رادەگوێزم ، بەو هیوایەی بێتە چەردەیەکی باش بۆ ناسین و تێگەیشتن لە بنەما سەرەکییەکانی زەردەشتی.
مەبەستی نووسەر ، لە کارکردن لەسەر ئەم بەهەمە کە ماوەی زیاتر لە دوو دەیە پێوەی سەرقاڵە ، وەک دەڵێ : مەبەست لە کۆکردنەوە و نووسینی ئەم باسە ئەوەیە ، کە نەوەی نوێی نەتەوەکەمان ، زانیارییەکی پوخت و دروستیان ، دەربارەی گرنگترین کەلەپووری نەتەوایەتیمان هەبێت .
ئەگەرچی تا هەنووکە زانایان و لێکۆڵەرەوان ( دارمستتەر ، عباس پرویز ، سیسیل جی ئەدمۆنز ، مینۆڕسکی ، بارتلومە ، سایکس ، موشیر الدولة حسن پیرینا ، سیرولسن ، دیاکۆنۆف و ئەحمەد ئەمین … هتد) بیروڕایان ، لەسەر نەژاد و زێد و و زمانی زەردەشت تەبا نین ، لێ زۆرینەیان ، لەسەر ئەوەکۆکن ، زەردەشت ئارییە و لە ناوچەی ورمێ لە دایک بووە و ئاڤێستا بە زمانی ماددەکان نووسراوە.
زەردەشتیش بەم مانایانە لێکدراوەتەوە : خاوەن وشتری زەرد، رووناکی زێڕین ، هەسارەی زێڕین و دەستەیە تیشکی زێڕینی خۆر . دەربارەی سەردەمی هاتن و بڵاوبوونەوەی زەردەشتێتی ، گەرچی لەمەشدا بیروڕای زانایان ( پرۆفیسۆر رامپیسی ئەڵمانی ، قازی صاعد الاندلوسی ، ئەدوار مایر ، بارتلومە ، مولتون ، پرۆفیسۆر هیپلو … ) یەکگرتوو نییە،لێ بۆ ٦ ـ٧ سەدە پ. ز دەیگێڕنەوە. نوسەری یۆنانی پرۆفیریۆس لەسەدەی سێیەمدا ژیاوە، دەڵێ : فیساغۆرس زانای بەناوبانگی یۆنانی (٤٩٧ـ٥٨٢ پ . ز ) قوتابی زەردەشت بووە .
رۆژگاری زەردەشت ، پڕبووە لە جەور و ستەم ، کە بە ناوی ئایین و خوداوە دەکرا ، بەڵام بە هاتنی پەیامی زەردەشت ، وەرچەرخانی لە هزرو تێڕامانی کۆمەڵدا کرد و فەلسەفەی یەکتاپەرستی خستە شوێنی فرەخودایی .. زەردەشت ساڵانێکی زۆری ژیانی بە تێفکرین و قوڵبوونەوە و چوونە خەڵوەتەوە دەباتە سەر بۆ ئەوەی لە بنەمای پەیامە ئایینەکەی باشتر بگات. تا لە دەرئەنجامدا کاتێ زەردەشت هەست بەم هەموو زوڵم و ناهەقی و نادادپەروەریی و ناراستییەدا دەکات ، دەکەێتە تێفکرین و بیر لە گۆڕانکاریی و چارەسەر دەکاتەوە …
زەردەشت ، بۆی دەرکەوت هەروەکو چلۆن کات پێکهاتووە لە شەو و رۆژ ،تاریکی و رووناکی ، هەرگیز شەو و رۆژ کۆتاییان پێنایەت ، هەروەها لە جیهانیشدا ، ناحەزی و ناشیرینی هەیەو جوانیش هەیە ، خراپە هەیە و چاکەش هەیە . کەوتە بیرکردنەوە لەوەی ، کەوا هەر بەو شێوەیەی لە رۆژدا هەمیشە رووناکی هەیە و تاریکی ناتوانێت ، زەفەری پێبەرێت ، شەویش هەمیشە تاریکە و رووناکی سروشتی دەستی پێناگات ، چاکە هەمیشە چاکە و خراپەش هەر خراپەیە …
لە ئاکامی بێزاربوون و وەڕسبوون لەدەست خراپەکار و ناپەسەندی رەفتارەکانی مرۆڤ ، زەردەشت دەکەوێتە تەقەلای بانگەوازکردن بۆ گۆڕینی مرۆڤی خراپ بۆ مرۆڤی سوودبەخش لە جاڤاتدا ، ئەویش بە هۆی چاککردنی کاراکتەریانەوە. دەبا هەموو لەم بۆچوونە بنۆڕین ، داخۆ زەردەشت چی لە مرۆڤ دەوێ :
زەردەشت ، پتر لە سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر ، پڕ بەدەم هاواریکرد ” ئەی ئادەمیزاد تۆ هۆش و هەست و بیرت هەیە ، سوود و بەهرە لەم نیعمەتە مەعنەوییە وەربگرە ، کە ئافەریدەگار پێی داویت . بگەڕێوە سەر رەسەنێتی خۆت و مرۆیەکی فەرزانە بە ، ویژدانی پاک و رۆشنی خۆت بکەرە مەشخەڵی رێی رۆشنکەرەوەت و ژیانت . دوورەپەرێز بە لە دابونەریتی ناڕەسەن و زیانبەخش “.
زەردەشت بەقووڵی سەرنج لە کردار و گوفتاری مرۆڤ دەدا و چاک دەزانێ، هەر ئەم خەسڵەتە دەتوانێ مرۆڤ لە کوێرەوەریی رزگار بکات . بۆیەکا بە خستنەگەڕی لایەنی خراپ نیگەران و وەڕس دەبێ ، واتە لە رووی مۆڕاڵی و جڤاتییەوە زەمینەکە تەواو لەبار دەکات بۆ راگەیاندنی پەیامەکەی ..
سەروەختێ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە پەیام و ئایینەکەی زەردەشت ئاگادار دەبن ، کۆمەڵێ لێکۆڵینەوەو قسە لە بارەیەوە دەکەن وەک:
رابندرات تاگوو ، هەستیار وفەیلەسووفی بە ناوبانگی هیند دەبێژێ : ” زەردەشت مەزنترین پەیامبەرە کە لە مێژووی دێرینی ئادەمیزاد دا پەیدابووە ، بە هۆی فەلسەفەو بنەڕەتەکانی ئایینەکەی ئامیزادی لە بارودۆخێکی فرە نالەبار و دژوار رزگار کردووە “.
جیمز دار مستتەر ، دەربارەی ئایینی زەردەشت دەبێژێ :” ئایینی زەردەشت بە مانایەکی فراوان بریتییە لە ئایینی ژیان ، ئەم ئایینە دوو شتی بۆ مرۆڤ بە خەڵات هێناوە : یەکەمیان ئاکار و دووەمیان هیوایە ، هەر کەسێک بەم دوو چەکە چەکدار بێت دەتوانێت بە ئارامی بڕوانێتە ژیان و چارەنووس ، بەسەر گشت کێشەو گرفتەکانی ژیاندا سەربکەوێت “.
زانای ئەمریکی ویتنی ، ساموئل لنگ زانای ئینگلیزی ، پرۆفیسۆر جان راچر ، چترجی ، پرۆفیسۆر میلزو زۆری دیکەشلەمەڕکەسایەتی و پەیامەکەی زەردەشت قسەیان کردووە …
نووسەر لە ٦٨ ـ ٨٩ بە کورتی پوختەی چل وتەی لە گوفتارەکانی زەردەشت ، کە لە گاتاکاندا تۆمارکراوە ، و قسە دەربارەی زۆر دیاردە ژیان و جیهانبینی خۆی دەکات { بە بیر و ئەقڵ و هۆش ئاهورامەزدای ناسیوە ، ئاهورامەزدا گێتی دروست کردووە ، خودابە رووناکی دەژمێرێت ، جیهان رۆشن دەکاتەوە ، هەمیشە بوون لەژێر دەسەڵاتی ئاهورامەزدادایە ، مرۆف ، یەکسانی ، ئازادیبەختەوەریی و …. تا دوایی } دەخاتە روو . بە نموونە : دەربارەی راستی و دروستی کردار ، کە بە تەنیا هۆیەک بۆ بڵندی و پلەبەرزێتی مرۆڤی دادەنێ دەبێژێ :
ئەی مەزدا ، درۆزن و خراپەکارانێک کە روو لە بیری خاس وەردەگێڕن
تووشی رەنجو ئازار و ئەشکەنجە دەبن
خاسان و راستکردەوەکان ، کە ئەم کارە ناکەن ، گیرۆدە نابن
راستکردەوە ، هەرچەند هەژاریش بێت و هێز و تواناشی کەم بێت
لای راست کردەوەکان ، بەڕێزە. درۆزن و خراپەکار ،
ئەگەر تواناو بە دەسەڵاتیش بێت ، بێ بایەخ و بێ نرخە . هات٤٧ بەندی ٤
لە شوێنێکی دیکەدا هاتووە ،” کەوا زەردشت بە هۆی سروودە دڵڕفێنەکانییەوە ، داوا لە ئاهورامەزدا دەکات کە رێگەی راست و دروست پیشان خەڵک بدات . ئیدی نە داوای خۆشی بەهەشت دەکا و نە داوا دەکا کە لە ئاگری دۆزەخ بیانپارێزێ ، بەڵکو تەنیا دەخوازێ رێگەی راست و چاکەیان بۆ رووناک بکات . ئایینی خۆی لەسەر بنچینەی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵایەتی و ئاکاری خەڵک دادەمەزرێنێت “.
کەواتە مژدەی نادیار و پاش ماڵاوایی لە ژیان بە کەس نادات ، چونکە ئەو عەوداڵی بەختەوەریی مرۆڤە ، لە کات و سەردەمی ژیانی خۆیاندا ، واتە لەم دنیا . هەر بۆیە بیروڕاکانی سەنگی گەورە و نرخی بەرزیان هەیە ، چونکە بەردەوام سەردەمییانەو دوور لە ئەفسانە و فەنتازیای قۆناخی دوای ژیانە . هەروەک فەرهاد پاڵەوان ، لەلاپەڕە ٩١ ـ٩٥ دا بیروڕای کۆمەڵێ زانا و مێژوونووس و شارەزایانی گاتاکانی زەردەشت ، ئاماژە پێدەدات . لەوانە ( ئەدوارد مایەر ، زولتسر ، جاکسون ، داوسون ، س . ج . شاو ، زهنر ، تاگوور ، وتین ، مێڵز ، هومباخ ، ویل دورانت ، ئلمستد ، ئەشتینر و سرپرسی سایکس ) . بۆ نموونە زانا و توێژەری ئەڵمانی ئەشتینر دەبێژێ : ” زەردەشت یەکێکە لە هەرە گەورەترین کەسایەتییەکان کە رۆڵێکی پێشڕەویان هەبووە لە گۆڕین و پێشخستنی بیر و شارستانێتی ئادەمیزاد ، لە ریزی ئەو کەسانەیە کە بە بیری خۆیان گەیشتوونەتە راستی و حیکمەتێک کە فرە لە کات و سەردەمی خۆیانپێشتر بوون “.
ویل دورانت دەبێژێ : ” ئایینی زەردەشت ئاینێکی بە شکۆ بووە و کەمتر لە ئایینەکانی دیکە باوەڕی بە ئەفسانە و بتپەرستی و خوێنڕێژی بووە ، ئەم ئایینە شایانی ئەوە نەبوو ، کە بەم جۆرە کزو لاواز بێت . هۆی سەرەکی ئەم لاوازییە بریتییە لەوەی کە ئادەمیزاد زێتر ڕوو لە شعر و خەیاڵ دەکاتەوە تا لۆژیک و ناتوانن دوور لە ئەفسانە بژین “.
زەردەشت ، بە هەموو ووزە و توانا و لێوەشاوەیی خۆیەوە و لە گشت مەیدانەکاندا ، چەکی ئایینە مرۆڤدۆستییەکەی دیسان بۆ خۆشگوزەرانی مرۆڤ دەخاتە کار و بە شێوەی ئاشتی و میتۆدی راسیونالیستی بەردەوام دەبێ بۆ گەیشتن بە ئامانج . دەبینین لەم چوارچێوەیەدا ، زەردەشت دەستوورێکی زێڕین دەدا و دەبێژێ ئەو شتەی بۆ خۆتت گەرەک نییە بۆ خەڵکیش بە ڕەوا مەبینە ، ئەرکی سەرشانی ئادەمیزاد سێ شتە : ” رەفتارت لەتەک دوژمنان وەها بێت کە بەرە بەرە ببێتە دۆستت ، مرۆڤی خراپ بەرەو راستی و دروستی رێنمایی بکە ، نەزان زانا بکە “. دوای ئەم رێنماییە بە سوود و بە نرخانە ، مرۆڤ لەو خەڵات و دەستکەوتە مۆڕاڵییە ئاگادار دەکاتەوە،کە لە ئاکامی رەفتاری خاسی پێیدەبڕێت و دەڵێ : ” دڵنیابە کە بە کار و کرداری خاس و دروستکەر ، لە رێگەی راستی و یاسای هەق ، ئافەریدەگار لە خۆت رازی و خۆش وەش دەکەیت . پشت بە خۆت ببەستە و کار و پیشەت بکە بە ئامراز بۆ گەیشتن و نزیکبوونەوە لە ئافەریدەگار “.
بەردەوام کارکردن لەسەر ئەم رەوتە لای زەردەشت درێژەی هەیە . چونکە زەردەشت زوو ئاوەزی بە گەردوون و ژیانی سەر هەسارەی زەوی دەشکێ ، کە مرۆڤ ئەکتەر و چالاکڤانی سەرەکییەتی ، داوا دەکات ” سوود و بەهرە لە خۆشییەکانی ژیان ببینن ” و یەکبینە هەوڵ بۆ ئاسوودەیی مرۆڤ بدەن .
هەروەها پێمان دەڵێ :” کە تەنیا ئەنجامدانی کاری خاس بەس نییە ، بەڵکو پێویستە ئەوانەی بە هەڵەداچوون و رێی چەوتیان گرتۆتەبەر بە پەند و ئامۆژگاری بیخانخەینە سەر رێی راست و دروست “. لێرەشدا مانای کاری خاس فراوانترە و تێگەیشنی باشتری گەرەکە . بەو واتایەی ، زەردەشت هێندە لە پەرۆشی مرۆڤدایە ، لە کۆڵ ئەوانەش نابێتەوە کە خراپەکارن و داوامان لێدەکات ، ئەوانیش بەرەو لای خاسی و راکێشینەوە . هەروەک خۆی بۆ تەواوکردنی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکەی ، لەم میانەدا دەڵێ :” تا هێز و توانام هەبێت ، ووزەم مابێت ، خەڵکی هاندەدەم و فێریان دەکەم کە راستی بکەنە پیشەیان و راستگۆبن “.
زەردەشت لە پاکی و بێگەرد و میهری ئاهورامەزدا یەقینە ، بۆیەکا دەخوازێ مرۆڤەکان لەڕێی بیرکردنەوە و لۆژیکەوە بۆ لای خۆشەویستی و سۆزی ئەو کێش بکات . هەر وەک دواتر لە پەرەگرافێکدا بەرچاومان دەکەوێ ، پەیامی زەردەشت ،کە ئەوینداری مرۆڤایەتییە دەڵێ : ” هیوادارم بە زمانی ئەقڵ و بە هۆی ئەم ئایینەوە ، گومڕایان و خراپەکاران بەرەو ئەو کەسەی لەهەمووان مەزنترە رابکێشم و رێنماییان بکەم “.
لەم دوو گەوهەرە ، لایەنگری درۆ ، خراپترین کردارەکان هەڵدەبژێرێت ،
ئەوەی پاکترین بیری هەیە ، بە تیشکی رووناهی هەمیشەیی رازاوەتەوە
ئەوەی کە بە باوەڕی پتەو و کرداری دروستەوە
مەزدا خۆشحاڵ دەکات ، راستی هەڵدەبژێرێت
یاخود دەڵێ :
ئەی مەزدا ، هەر لەساتەوە کە ، بە بیروهۆشی خۆتەوە ،
ژیان و ویژدان و هۆشت بۆ دروستکردین ، رۆحت کردە نێو لەشمان
توانایی گفتوگۆ و کارکردنت پێ بەخشین ،
هەر لەو کاتەوە ویستت کە ئێمە بە شێوەیەکی ئازاد ،
باوەڕ و ڕێ و ڕەوشی ئایینی خۆمان هەڵبژێرین
سەبارەت بە راستگۆیی و درۆزنی ، تێکست و بیروڕای هەمەچەشن و فرە لە ئایینەکەی زەردەشتدا بەرچاو دەکەون . هەر بۆیە ” دەتوانین بێژین بنچینەی فەلسەفەی ئایینی زەردەشتی ئالێرەدا خۆی دەنوێنێ ، کە گشت رێ و رەوشەکانی ئەم ئایینە لە قوڵیی بیری مرۆڤ خۆیەوە هەڵقوڵاوە “.
هەرچۆنێک بێت ، سەروەختێ وێڵی ماناو تێگەیشنی ژیان لای زەردەشت دەبین ، دەکەوین بەسەر ئەم دەقە تۆمار کراوەدا ، وەک نووسەر بۆی ئامادەکردووین :” بە گوێرەی فەلسەفەی ئایینی زەردەشتی ، ژیان مانای ئافراندن ( خوڵقاندن) و جموجوڵ و پێگەیاندنە . مانای نیشاندانی ئەقڵ و هۆش ( بوون ) ، واتە نیشانەی ئاهورامەزدایە کە بریتییە لە گەوهەری ( بوون ) ە ، بە مانایەکی دیکە ، بریتییە لە ئەڵقەی زنجیری لە یەک نەپچڕاوی خوڵقێنەری توانای ( بوون ) ە ، کە لە رووناکییەوە دەستپێدەکات ، لە ئاکامدا دەگاتەوە رووناکی”.
وەک ئاماژەمان پێدا ، سەنگ و بەهای سەرەکی ئایینی زەردەشتێتی ، بە دەوری رۆڵی مرۆڤدا خول دەخوات ، و تیشکی رووناکی دەخاتە بەردەم هەنگاوەکانی مرۆڤ ، تا بەرەو کامەرانی و سەرکەوتن و نێزیک بوونەوە لە ئافەریدەگار و بەدەستهێنانی رەزامەندی ئەو بە پێپلیکانەی ژیاندا هەڵگەڕێ . لەم زەمینەیەدا چەندان ئامۆژگاریی و رێنمایی جۆراوجۆر دەخاتە بەردەم مرۆڤ ، هەر بۆ خۆدوورە پەرێزگرتن لە خراپەکاری و ئاوێتەبوونی بە راستگۆیی. گەر لەم دیدەوە جارێکی تریش ئاوڕێک لە ئایینەکە بدەینەوە ، دەبینین کە :” پەیامی زەردەشت ، پەیامی چاککردنی هەڵسوکەوتی مرۆڤ و پەیوەندییەکانی نێوان ئادەمیزادە لەم جیهانەدا. ئەمەش لە رێی پەروەردەکردنی بیر و ئەقڵ و هۆشی مرۆڤەوە دێتە دی “. ئەمانە مشتێ دیدو بۆچوونی زەردەشت بوون لەسەر چاکە و خراپە .. دیارە مامۆستا فەرهاد ، بە درێژی و ووردتر لەسەر ئەمانە دوواوە .
ئاخاوتن لەسەر مرۆڤیش لە هەموو گۆشەنیکانەوە،لە پەیامەکەی زەردەشتدا بەرچاو دەکەوێ ، چونکە مرۆڤ چەقی باسە گەرمەکانی زەردەشتە و بەخۆی بە دووی ئەو پرسیار و شێوازەدا وێڵە ، ئەم بوونەوەرە بەختەوەر بکا و ببێت . سەرجەم پرسەکانیش لە روانگەی چاکە و خراپەوە بە رەوشتی مرۆڤەوە گرێ دراوە. زەردەشتی مەزن لەم روانگە و پەیوەست بەم خاڵە گەوهەرییە دەبێژێ :
” لە هەر قوژبنێکی ئەم جیهانی بوونەدا ، ئەگەرکو زیندەوەرێکی ژیر و ئاقڵی وەک ئادەمیزادی تێدا نەبێت ، بێگومان بایەخێک بە واتەی ( چاکە ) یا ( خراپە) یش لە ئارادا نابێت “. وەک ئاماژەمان پێدا ، کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی هەڵگری ساباتی پەیامی زەردەشت ، لەسەر چاکە و خراپەی بیر و رەفتاری مرۆڤ وەستاوە . بۆیەکا جارێکی دیکە لەم زەمینەیەدا دەفەرمووێ :
” ( چاکە ) و ( خراپە ) لە لایەن بیری ئادەمیزادەوە دێتەئارا ، پاش بیرکردنەوە ، ئەوسا ئەم( چاکە) یا( خراپە ) یە لە وتەو کرداریدا خۆی دەنوێنێ . هەر لەبەر ئەم هۆیەیە کە زەردەشت پلەوپایە بایەخێکی تایبەتی بۆ بیرکردنەوە داناوە “. چاکە و خراپە بەرهەمی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی مرۆیە ، و هەر مرۆڤ بکەریانە و لێیان بەرپرسە ، کاتێ ئەم بوونەوەرە ئامادەگی نەبێ ، قسەکردن لەسەر چاکە و خراپە ، دەچێتە خانەی مەحاڵەوە … سەرلەنوێ دەگەینەوە بەو باوەڕە چەسپاوەی ، کە دەڵێ ، مرۆڤ پاڵەوانی سەرەکی سەر شانۆی ژیانە.
بە لای زەردەشتەوە ئادەمیزاد دەبن بە دوو دەستەوە :
١ ـ ئەوانەی کە زانیاری،ئەقڵ و هۆش و توانای بیرکردنەوەی پێویستیان هەیە ، ئەمانە ( چاکە) هەڵدەبژێرن .
٢ ـ ئەوانەی بە هەر هۆیەک بێت لەو تایبەتکارییانە بێ بەهرەن و فریو دەخۆن و روودەکەنە خراپە .
لێ بنۆڕن ، زەردەشت چەند ئاوەزمەند و ئاسۆی بیری فراوان بووە ، لەو سەردەم و رۆژگارەدا ، باس لە رێنیسانس لە بیر و ئەقڵی و مرۆدا دەکات. بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی لە کارەسات وماڵوێرانی ، داوای وتە و رەفتار و بیری چاک دەکات …
دیسان بە لای زەردەشتەوە هەڵبژاردنی رێی راست یان چەوت ، راستەوخۆ پەیوەندی بە چلۆنایەتی و چەندایەتی بیر و هۆشی ئادەمیزادەوە هەیە . هاوکات ( زانین ) بە هۆکاری بەختەوەریی و ( نەزانین ) بە هۆی سەرەکی راکێشانی مرۆڤ بەرەو خراپە دادەنێ . کەواتە زانین ، کە سەرچاوە و مایەی بەختەوەرییە ، بریتییە لە فێربوون و سەوداسەریی خوێندن و سەراسۆیی زانست … هەر ئەم فاکتانەش کۆمەڵگای وڵاتە پێشکەوتووەکانی گەیاندۆتە ئەم ئاستەی ئێستای شارستانێتی بە تایبەت لە رۆژاوادا.
لە لاپەڕە ١٠٩ دا ، ئەم نموونە لەسەر مرۆڤی خاس و مرۆڤی خراپ هاتووە ، کە دەیەوێ بیسەلمێنێ لە راستیدا چاکە و خراپە لە جیهاندانییە ، بەڵکو مرۆڤی خاس و خراپ بوونی هەیە . گەلەک خەڵک پێیان وایە ، یاخود وا تێگەیشتوون کەوا زەردەشت باسی ململانێیەکی بەردەوامی بێبڕانەوەی لە نێوان ئاهورامەزدا و ئەهریمەن کردووە ، کە ئەمە لە بنەڕەتدا دەکاتە دوو خوایی و پێچەوانەی ئاینی زەردەشتە . نەخێر بەڵکو بەم شێوەیە روونکراوەتەوە:
ژوورێکی بێ دەرگا و پەنجەرە بێنە بەرچاو کە بە هۆی چرایەک ( رووناکی= چاکە ) بۆتەوە ، تا ئەو کاتەیچراکە داگیرساوە ، دەبێژین کە دروستکەر و پێکهێنەری رووناکی ژوورەکە چراکەیە . ئێستا چراکە بکوژێنەوە ، دیارە ژوووورەکە تاریک دەبێت ، لێرەدا دەتوانین بێژین کێ دروستکەر و یا پێکهێنەری تاریکییەکەیە ؟ بێگومان هەرچی تێبفکرین ناتوانین دروستکەر یا بە دیهێنەری تاریکییەکە بناسین ( چونکە تاریکی لە ئارادا نییە تا دروستکەرێکی هەبێت ) ، تەنێ دەتوانین بێژین کە پاش ئەوەی رووناکییەکە نەما ( چراکە کوژایەوە ) ، تاریکی جێگەی گرتەوە ، واتە تاریکی بۆشایی نەبوونی رووناکی پڕکردەوە . ئێستا کونێ لە بریتی رووناکی ، چاکە ( رووناکی = چاکە ) و لە بریتی تاریکی ، خراپە ( تاریکی = خراپە ) رەچاو بکەین ، لەم حاڵەتەدا ، دەبێژین کە هەرچی شتێکی خاسە خوا دروستیکردووە ، بەڵام خراپە هەروەکو تاریکی ناتوانێت خوایەکی هەبێت ، بەڵکو بە هۆی نەبوونی چاکە ، خراپۆە دێتە ئارا.
ناحەزان و بێئاگایان لەم ئایینە ، گەلێ جار ، بە هەڵە و نەزانی باس لە ململانێی بێکۆتایی لە نێوان دوو خودای ئاهورامەزدا و ئەهریمەن دەکەن. لە بنەڕەتدا،شەڕ لە نێوان بیری باش و خراپ دا ، بەرقەرارە ، بیریش بەرهەمی چالاکی هۆشمەندانەی مرۆڤە . کەواتە شەڕەکە ، ململانێی مرۆڤی خاس و خراپە . زەردەشت بە خەبات و تێکۆشانی ئاوەزمەندانەی ، سەداسەری زەمینەسازییەکە ، هەموو مرۆڤەکان بێنە سەر سکەی ( بیری چاک ، وتەی چاک ، کرداری چاک ) ، لە هەوڵی ئەوەشدا بین ، خۆمان بکەینە فریادڕەسی ئەوانەی گومڕابوون . نووسەریش ، راڤەی ئەم خاڵە بەم شێوەیە دەکات :
” کەوایە ( خراپە ) لە کرداری خودادانییە و لە بیری چەوتی ئادەمیزاد خۆی هەڵقوڵاوە . لەبەرئەوە لە بریتی ئەوەی بێژین ( چاکە) و ( خراپە ) لە ئارادایە ، خاستر وایە بێژین ( باش بیرکردنەوە ) و ( خراپ بیرکردنەوە ) لە ئارادایە … شەڕ و نەبەرد لە نێوان بیری خاس و دروستکەر و پاک ، لە تەک بیری ناپاک وخراپ و روخێنەرە . کەوایە زەردەشت هەرگیز باسی شەڕ و نەبەرد لە نێوان ئاهورامەزدا و ئەهریمەنی نەکردووە ، یاخود بە هیچ جۆرێک باسی دوو خوایی نەکردووە ، کە بڕێ کەس ئێستاش باسی لێدەکەن “. ئاخر شیکار و راڤەی زەردەشت بۆ چاکە و خراپە ، بەم جۆرەیە :
” فەلسەفەی زەردەشت و مەزد یەسنا ( مەزداپەرستی ـ خواپەرستی ) بریتییە لە تێکۆشان و ململانێکردنی توند دژی شەڕ و خراپە . زەردەشت بەو رەوشەی گرتبویە بەر و خستبوویە بەرچاو کە بریتییە لە رێکنەکەوتن لەتەک خراپە و ناراستی ، ئەوەی روونکردۆتەوە و سەلمانوویەتی کە هەرگیز لە تەک بیری ئەهریمەنی سازش ناکات “.
لە ل ١٠٩ دا هاتووە :” بە گوێرەی گوتەی گاتاکان ، خوا ، ئادەمیزادی وەک زیندەوەرێکی هۆشمەند و ئاگا و خاوەن هەست ئافراندووە و هێز و توانای تێگەیشتن و هەڵبژاردنی پێبەخشیوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانێت رێگەی ژیانی خۆی هەڵبژێرێت و چارەنووسی خۆی دیاری بکات “. زەردەشت لەم سیاقەدا خودا زۆر بێلایەن دادەنێ و هیچ دەست تێوەردانێ لە کاروباری مرۆڤدا ناکات . بە واتایەکی دی ئاهورامەزدا ، لە بیرکردنەوە و ئاخافتن و کرداری مرۆڤدا ، لایەنگری ناکات .
ئازادی ، یەکێ لەو چەمکە دینامیکییانەیە ، کە زەردەشت باوەڕی بنچینەیی پێی هەبووە و سەرسەختانە داکۆکی لێکردووە . ئازادی وەک چرایەک ، هەر مرۆڤی هەڵیگرێت ، بۆ رووناککردنەوەی دەیجوری ژیان و نیگابڕینە ئاسۆی دەم کەلی خۆشگوزەرانی . لە بەردەم دووڕیانی خاس و خراپ دا ، مرۆڤ ئازادانە ، سەرپشک کراوە . هەڵبەت داوای لێ دەکرێت حیکمەتی ئاوەزی ، بخاتەگەڕ .
” لە ئایین و باوەڕی زەردەشتدا ، ئادەمیزاد لە لایەنی خواوە ، ئازاد خوڵقاوە و دەتوانێ چاکە یا خراپە بە ویستی خۆی هەڵبژێریت … کەواتە لە یاسای ئافراندندا کە بە ( یاسای راستی ) ناوی لێبرا ، ئاهورامەزدا تەنیا ( چاکە) ی ئافراندووە و ئەمە ئادەمیزاد خۆیەتی ، کە بە بیرێکی خراپەوە ( خراپە ) ی خوڵقاندووە “.
لەم نووسینەدا ، گەلەکجاران ، ناوی ئاهورامەزدامان بەرچاو دەکەوێت ، لێرەدا ئەو پێناسەیە ، نیشان دەدەین ، کە فەرهاد پاڵەوان پوختەی کردووە .” ئاهورامەزدا لە روانگەی زەردەشتەوە بریتییەیە لە دیاردەی چاکە ، پاکی ، ئەڤین و خۆشەویستی ، هەر بۆیە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکەی لەسەر بنچینەی بیر ، وتە و کرداری چاک دامەزراند “. زیاتر لەمەش بیروڕای کۆمەڵێ زانا و توێژەر لە لاپەڕەکانی ١١٤ ـ ١١٦ دا خراوەتە روو .
بۆ رۆشنکردنەوەی بەرنامەی خەبات و زەمینەسازی ئاشتییانە بۆ گەیشتن بە مەنزڵگای ئامانجە بەرز و پڕ بەهاکانی بەختەوەریی مرۆڤ ، ئەم بڕگەیەش لە کتێبەکە دەخەینە بەرچاوی خوێنەر :
” لەم پێودانگەدا ، زەردەشت شەش سیفەت لە سیفەتەکانی ئاهورامەزدا بۆ گەشەکردنی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی ئادەمیزاد و پەرەسەندنی ئاکاری تایبەتی و کۆمەڵایەتی بەپێویست دەزانێت : ( بیری خاس ، راستی ، توانایی خۆشەویستی ولەخۆبووردن ، پوختەیی ، تەندروستی و پێگەیشتوویی ، نەمرێتی ) . نووسەر بە تێروتەسەلی لەسەر ئەم سیفەتانە دەدوێ و رەهەندە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان روون دەکاتەوە . دواتر باس لە شەش قۆناخیش دەکات کە کارتێکردنی ئەم سیفەتانە بۆ سەر ژیانی ئادەمیزاد ، دەبێ لە هەر یەکێ لەم قۆناغانەدا ، ئادەمیزاد یەکێ لەو سیفەتانە بۆ خۆی وەدەست بهێنێ و لە خۆیدا پەروەردەی بکات . ل١٥٠ ـ ١٥١ . لاپەڕەیەک دواتر بیروبۆچوونی کۆمەڵێ لە زانا و توێژەران ( بارتلومە ، میلز ، مولتون ، لوملئالتیهم ، ویل دورانت ، هینتس ، ئەشپینگل ، ویندیشمان ، کیگر ، ئازەرگوشەسب ) دەخاتە سەر باسەکە بۆ روونکردنەوەی نەمرە پیرۆزەکان .
خاڵێکی دیکە کە سەنگیی ئایینی و هزری خۆی هەیە و بۆتە ناسنامەیەکی دیاری زەردەشتێتی ، پیرۆزی خۆرە ،کە لە ئاڤێستادا لەتەک ” مانگ ، مهر ، ئاو ، ئاگر” دا باسکراوە و بۆ هەر یەکێکیان ئیزەدێکی تایبەتی دانراوە.دەقی ستایشی خۆر لە ئاوێستادا بەم جۆرەیە :
” پیرۆزو سەرکەوتوو بێت خۆری درەخشانخۆری نەمر،خۆری تیژڕەو ، بە بیر و وتە و کرداری خاسەوە روودەکەمە خۆر و ستایشی دەکەم .”.
لە بەشی ئاڤێستا دا ، کە ناوی کتێبی ئایینی زەردەشتە ، فەرهاد پاڵەوان ، بە دوورودرێژی و بە پشتبەست بە بیروڕای زاناو شارەزایان ، درێژە بە باسەکەی لە رووی ناوەرۆک و زمان و بەسەرهات و مێژووەوە دەدات . هەر بۆیە بایەخی ئەم کتێبە لەوەدایە بەرشاڵاوی یۆنانی و عەرەب کەوتووە ، تاڵان و سوتێندراوە ، هەر بەرگەی کارەساتەکانی رۆژگاری گرتووە. باس لە داستانی خۆڕاگری زەردەشتییەکان دەکات و پاش رەشەکوژییەکی زۆریان لێدەکرێت . هەروەها ئاماژە بەوە دەکات ، چۆن بڕێک زەردەشتی رووە و هیندستان رەویان کردووە ، هەندێکی دیکەش بە شێوە و ناوی جۆراوجۆرەوە لەترسی زوڵم و ستەم خۆیان پاراستووە. ئەوجاش بە درێژی باسی سەردەمی ساسانی دەکات و دواجار دێتە سەرباسی ئەو ئاڤێستایەی ئێستا هەیە و ، دەڵێ پێکهاتووە لە پێنج بەش : ( یەسنا ، بریتییە لە ستایشت و نیایش و نوێژ و باسی جەژنەکان و پێکهاتووە لە ٧٢ هات ـ بەش ، ئەویش دوو بەشە ڤیسپرد ٢٧ هات و ڤەندادیدا ٢٢ هات ، یەشت ٢١ هات خوردەی ئاڤێستا ) … فەرهاد پاڵەوان ، شاکارەکەی بە بیروڕای مێژوونووسانی وەک مەسعوودی ، ئەبو رەیحانی بیرونی عبدالرحمن ابن خلدون ، دولت شاعی سەمەرقەندی دەوڵەمەند دەکات… وە ئاماژەش بە نامەیەکی سعد بن ابی وەقاص ، کە بۆ عومەری کوڕی خەتابی سەبارەت بە ئاڤێستا ناردووە … ل ١٩٤. نوسەر ، لە ل ٢٠٤ دا سەبارەت بە گاتاGatha ـ سروود دەنووسێ : ” بەنرخترین ، پیرۆزترین و رەسەنترین بەشی ئاڤێستایە و کۆنترین کتێبی ئایینی جیهانە ، بە شێوەی هۆنراوەو پەخشان لە لایەن خودی زەردەشتەوە بێژراوە “.
نووسەر ، دوای شیکردنەوە بەشەکان ، دەنووسێ :” لە روانگەی زەردەشتەوە بەهەشت ، بریتییە لە کۆشکی رووناکی و جێگەی باشترین و پاکترین بیرە، دۆزەخ تاریکترین جێگەیە کە شوێنی درۆزنان و خراپەکارانە . ویژدانی بێ ئۆقرە ، ژیانی مرۆڤی گوناهکار و خراپەکار دەکاتە شەوی تاریکوتار “.
کاتێ ئەم ئایین و کتێبەی زەردەشت ، بەشێک نەبێ لە خوێندنی نێو قوتابخانە و جێگەیەکی لە سیستەمی پەروەردەدا نەبێ ، رەنگە بە جارێک خوێندنەوەی ، کەس نەتوانێ کلیل و کۆدی هەموو باسە ئایینی و کۆمەڵایەتی و جیهانبینییەکانی زەردەشتی دەستکەوێت ، یا ئەزبەر بکات … هەر بۆیە مامۆستا پاڵەوان ، لە کۆتایی شاکارەکەیدا بە نێزیکی زیاتر لە ٩٠ لاپەڕە ، لەژێر سەردێڕی ‘” بڕێ لەو زانییارییانەی پێویستە لە ئایینی زەردەشتی ، بیزانین “. وەک رێنمایی و ئاسانکاریی ، پوختەیەکی چڕو خەستی زانیارییەکانی سەرلەنوێ ریزبەند کردۆتەوە.
( ئاگر ) ، هۆی رووکردنە رووناکی لای زەردەشتییەکان
بەدرێژی لەسەر ئەمەو جۆرەکانی ئاگرو پاشخانی مێژوویی بایەخی ئاتەشگاکان ، گەلێ زانیاریی دیکەی بەنرخ بەرچاو دەکەون .
( قیبلە ) ، قیبلەی موسڵمان مەککەیە ، هی جولەکەکان بیت المقدس یا ئۆرشلیم ، فەلەکانیش لە کاتی نوێژدا روو دەکەنە خاچ یا وێنە و پەیکەری عیسا یا حەزرەتی مریەم … بەڵام قیبلەی زەردەشتیەکان ، بریتییە لە هەموو نور و رووناکییەک بە هەر شێوەیەک بێت ، بڵێسە و نوری ئاگر بێت یاخود مۆمێکی داگیرسا و یا رووناکی خۆر و هەرچی شتێکی رۆشن بێت.
( ژێرکراس و پشتوێنی تایبەتی ) هەموو کوڕ و کچێک کە تەمەنیان دەگاتە ٧ تا١٥ ساڵی پێویستە لەسەریان کە ژێرکراس و پشتوێنی تایبەتی کە پێی دەبێژن سدرەو کشتی لەبەر بکەن و بیبەستن . ژێرکراسێکی سپی سادە وپانوپۆڕ و بێ یەخەو قۆڵ کورت. درێژییەکەی دەگاتە سەر ئەژنۆ و لە کەتان یا لۆکە دروستکراوە . ئەم ژێرکراسە پێکهاتووە لە ٩ پارچە کە پێکەوە دەدورێن لە نێوەڕاستەکەیدا درزێکی تێدایەکە تاوەکو ژوورووی سنگی و گیرفانی هەیە .
( کشتی ـ پشتوێن ) ، بریتییە لەپشتوێنێکی باریک و درێژ پێکهاتووە لە حەفتاو دوو تاڵ بەن کە لەخوری مەڕ بەدەستی ژنی موبدێکەوە هۆنراوەتەوە ، ژمارەی ٧٢ تاڵ بەن نیشانەی ٧٢ بەشی یەسنایە…. هتد
زەردەشتییەکان ئەم پشتوێنە تایبەتییە بە سێ خول بە پشتییانەوە دەبەستن ، ئەم سێ خولە نیشانەی بیری خاس ، وتەی خاس وکرداری خاسە ، کە دەبێ دەوروبەری هەموو مرۆڤێکی خاس بگرێتەوە ، لە کاتی بەستنی پشتوێنەکەدا دەبێ چوار گرێی لێببەسترێت ، دوانی لە پشتەوە و دوانی لە بەرەوە . ئەم چوار گرێیە نیشانەی چوار بنەما پیرۆزەکەیە کە بریتین لە ئاگر ، ئاو ، خاک ، با.
لەبەرئەوەی هەموو بوون لەم چوار بنەمایە پێکەوە هاتۆتە ئارا ، ئێمە ئافەریدەگاری ئەم ٤ بنەمایە دەپەرستین و رێزی لێدەگرین .
ـ لە گرێی یەکەمدا ، لە ناخیدڵەوە و بە بیرێکی خاسەوە دەبێژرێ کە ئافەریدگار یەکە .
ـ لە گرێی دووەمدا، دەبێ بێگومان و دڵنیابین لەوەی کە ئایینی خواپەرستی بێگەرد و راست و دروستە.
ـ لە گرێی سێیەمدا ، دەبێ باوەڕمان بەوە بێت کە زەردەشت پەیامبەری خوایە .
ـ لە گرێی چوارەمدا بڕیار بدرێ تا توانا لە لەشدایە کاری خاس ئەنجام بدرێ و هەرگیز لە ئایینی یەکتاپەرستی هەڵنەگەڕێینەوە و دووربین لە خراپە و خراپەکاری .٤٩٨ ـ ٤٩٩
گەر تەماشای ئەو هەموو کردارانە بکەین ، کە ئیمڕۆ بە ناوی ئایینەوە دەکرێن، دەبینین پاساوی بکەرەکانیان ، خەون بینینە بە چوونە بەهەشت و مسۆگەرکردنی کۆمەڵێ دەستکەوتی ترەوەیە.ئیدی حەڵاڵکردنی بەهەشت بۆ خۆیان و بەخشینی دۆزەخە بە ئەوانی دیکە . لە ئیمڕۆدا ، ئەم تێڕوانین و بیرکردنەوە و راكێشانەی خەڵک و ترساندنیانە لە ژیان و مردن.بەڵام بیریی گەش و ئایینی رۆشنی زەردەشتێتی لەم رووەوە،دیدێکی تری هەیە دەڵێ: ” ( پاداشت و سزا) بەهەشت و دۆزەخ لەم جیهانە و پاش مەرگ. بەگوێرەی بیروباوەڕی زەردەشت،ئاهورامەزدای ئافەریدەگاری گیان و ئەقڵ ئەم بوونەی لەسەر بنچینەی یاسا و ئەکوزییەکی ـ نیزامێکی نەگۆڕ ئافڕاندووە،کەزەردەشت پێی دەبێژێ(ئاشا ـ راستی) بەکورتی لەروانگەی بیری زەردەشتەوە،ئافەریدگار بەهەشت و دۆزەخی بۆ پاداشت یا سزای رۆحی مرۆڤ لە جیهانی دوای مەرگ دروست نەکردووە.بەڵکو بەهەشت یا دۆزەخ،دژەکرداری سروشتی رەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤ خۆیەتی. بە واتایەکی دیکە ئاهورامەزدای دانا و ژیر بەهەشت یا دۆزەخی بۆ مرۆڤ بە شێوەیەکی ماددی نەئافراندووە،بەڵکو ئەمە مرۆڤ خۆیەتی کە بەدەستی خۆی و بۆ خۆی دروستی کردووە.ئاخر پێوانەی مرۆڤبوونی هەرکەسێک بریتییە لە بیر و ئەقڵی ئەو کەسە،مرۆڤ بە گوێرەی یاسای ئافڕاندن کە بریتییە لە ویستی ئافەریدگار ، لە تەک ئەم تواناییە تایبەتییە ئافەریدە بووە”. ل ٥٠٢ … زەردەشت زیاتر باس لەم ژیانە دەکات و بە کەمی قسەی لەسەر دۆزەخ کردووە. هاوکات لە گاتاکاندا باسی هیچ شتێک بە راشکاوی دەربارەی رۆح و چۆنێتی جیابوونەوەی لە لەشی مرۆڤ نەکراوە ….
نووسەر لەژێر لیستی ئەو شتانەدا ،کە پێویستە بیزانین ئاماژەی بە پرسی هاوسەرخواستن،ڕەهایی ـ تەڵاق ، رێز و پێگەی ژن، نوێژ و رۆژوو،رووگە ئاشتی و ئاسایش ، گوناە ، زەند و پازەندمەجوس (مەگوش ، مۆغ ) سیستەمی پێشەوایانی ئایینی زەردەشتی ، شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئابووری،راستی،پەیمان،پاکی و پاکدامەنی،ئازادی هەڵبژاردن،مافی مرۆڤ ، ژینگەپاراستن ، کشتوکێڵ و پەروەردەی ئاژەڵ. ئەمانەش چەردەیەک چەمک و دروشم و یاسا و تەکووز و رێسای ژیان و جیهانبینی و تێگەیشتنی ئایینی زەردەشتییە. نووسەر بە تێروتەسەلی و وەک هەرجار بە پشتبەستن بە (٦٥) سەرچاوەی مێژوویی و کاری لێکۆڵرەوان، بیر و بۆچوون و هەڵسەنگاندنی ژیرانەی ئاوەزمەند بۆ یەکە بە یەکەی دیاردە و بابەتەکان دەکات و زۆر لێوەشاوانە،خوێنەر بۆ کەناری تێگەیشتن دەئاژوێ …
لە بەراوردێکی ئایینی زەردەشتی لەگەڵ ئایینە ئیبراهیمییەکاندا،کە (خوا)هەموو شتێکی لە (هیچ)و (نەبوون)دروستکردووە ، ئایینی زەردەشتی دەڵێ :” ئاهورامەزدا لە زاتی خۆی و لەوەی کە هەیەتی ئافەریدەکانی دروستکردووە. لەبەرئەوەیە،کە بە گوێرەی فەلسەفەی ئەو ئایینە ، ( بوون) فرە کۆنە و هەمیشە لە تەک ئاهورامەزدا و لە ئاهورامەزداوەیە “. پێم وایە ، کەسانی شارەزا و پسپۆڕ ، گەرەکە لەم رووەوە قسەی خۆیان هەبێ ، واتە بەراوردکارییەکی ووردی بۆچوونە جیاوازەکانی نێوان زەردەشتێتی و ئایینەکانی دی دەبێ خوێندنەوەی بۆ بکرێ .
لەسەر هەموو ئەو ژینگە و دەوروبەرەی راستەخۆ ، پەیوەستن بە ژیانی سەردەمی مرۆڤەوە ، بە لای زەردەشتەوە ، لە رووی ئایینی و جڤاتی و جیهانبینییەوە، روونکردنەوە بۆ لایەنگرانی زەردەشتێتی خراوەتە بەردەست و قسەیان لەسەر کراوە و روونکردنەوە پێشکەشکراوە.
دەربارەی جیهانیش دەبێژێ : ” ئەم جیهانە بێ خەوش نییە، بەڵکو بەرەو بێ خەوشییەتی دەڕوات ، ئێمە کە خۆمان بە ژیرترین و وشیارترین ئافەریدە لەسەر رووی زەوی دەزانین ، دەبێت بەردەوام تێبکۆشین و هەوڵ بدەین بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا تا بگەینە بێ خەوشییەتی”.
لە ٨ لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکەیدا ، کۆمەڵێ وێنەی بڵاوکردۆتەوە،کە باسەکانیان لە کتێبەکەدا خراونەتەروو .
پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە ، رۆشنبیران و دەزگا بەرپرسەکانی کوردستان ،بۆ زیندووکردنەوە بڵند راگرتنی ئەم زمان و فەرهەنگ و ئایینە ، چ پرٶژەیەکیان دەبێت ، کام میتۆد هەڵدەبژێرن .. تاوەکو ئاڤێستا وەک چرایەکی گەشاوەی نەکوژاوە لەسەرەڕێی ژیانی ئادەمیزاد بۆ هەرگیزاو و هەرگیز دابگیرسێنن .
دەبا، هەموو بیری چاک هەڵبژێرین و وتەی خاس دەربڕین و کرداری باش بنوێنین. تا رێگای ژیان بەم بنەما و بیرۆکانە ، چرارێژ بکەین ، و دەروازەی بەختەوەری مرۆڤایەتیش ، هەر بەم سێکوچکە بەرزە گوڵرێژ بکەین .
بەم شاکارەی مامۆستا فەرهاد پاڵەوان ، کە پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە ، گەلەک ئاسوودە و خۆشحاڵم . هیچ لەوەدا دوودڵ نیم ، کەمامۆستا فەرهاد ، رەنجی فەرهادی لەتەکدا کێشاوە . پیرۆزبایی ئاڕاستە نووسەر دەکەم و بە گەرمی ماندوونەبوونیی لێدەکەم . بە هیوام برای نووسەر ، کتێبخانە و گەنجینەی فەرهەنگی نەتەوایەتیمان ، لە بەرهەمی دیکەی وا نازدار، بێبەش نەکات …
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرنچ : هەموو ئەو کۆپلە نووسینانەی کەوتونەتە نێوان دوو کەوانەی ” ” ەوە ، لە کتێبەکەی فەرهاد پاڵەوانەوە وەرگیراوە ..