دکتۆر کەمال میراودەلی : یەزدان چی پێ وتم ؟ .

لە خەونمدا

گۆرانییەکم وت بۆ سەوزەگەڵای داربەڕوو

وتیان : گۆرانی بۆ چرۆکان بلێ !

گۆرانیم وت بۆ چڕۆکان

وتیان: گۆرانی بۆ لقەکان بلێ!

گۆرانیم وت بۆ لقەکان

وتیان : گۆرانی بۆ قەدەکان بلێ !

گۆرانیم وت بۆ قەدەکان

وتیان : گۆرانی بۆ ڕەگەکان بلێ !

گۆرانیم وت بۆ ڕەگەکان

وتیان : گۆرانی بۆ خاک بلێ!

گۆرانیم وت بۆ خاک

وتی: گۆرانی بۆ ئاو بلێ !

گۆرانیم وت بۆ ئاو ، وتی :

گۆرانی بۆ هەورو هەتاو بڵێ !

گۆرانیم وت بۆ هەورو هەتاو

وتیان : گۆرانی بۆ ئاسمان بڵێ !

گۆرانیم وت بۆ ئاسمان

وتی : گۆرانی بۆ یەزدان بلێ !

گۆرانیم وت بۆ یەزدان

فەرمووی : گۆرانی بۆ

بیری جوان ،

وشەی جوان ،

کرداری جوان . بلێ

گۆرانی بۆ ژیان بلێ

گۆرانی بۆ نیشتیمان بڵێ !

گەلای سەوزی داربەروو

بوون بە وشە

چرۆکان بە ڕستە

لقەکان بە داستان

قەدەکان بە مێژوو

ڕەگ بە بیر

هەتا دەمرم

بۆ بیری جوان

بۆ ژیان

بۆ کوردستان

بەستە دەچڕم