سوارە کەمال : یەهود چیکرد ، ئێمە چیبکەین .
بەپێ ڕێکەوتننامەو پرۆیۆکۆڵەکانی جنێف کە ١٩٦ دەوڵەت ، ( لە نێوشیاندا ئیراق لە ساڵی ١٩٥٦ ) واژویان لەسەرکردووە ، پاراستنی ژیانی دیلەکانی جەنگ، بەرپرسیاریەتیکەی لە ئەستووی ئەوانەدایە کە گرتویانن ، کەواتە هەر کەس و لایەنێ پێشێلی ئەو یاسا و ڕیسانە بکات دەبێ بکەوێتە بەردەم دادگاو لێپرسینەوەی لێبکرێت .
بەو پێیەی سەرجەم کاروکردەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئیراق و شام ، لە نێوشیاندا چۆنیەتی مامەلەکردنیان لەگەڵ رفێندراوەکان ، دیل و بریندارەکان ، ڕوبەرووی هەر یاسایەک ، لە نێوشیاندا یاسای نێودەوڵەتی بکرێتەوە ئاکامەکەی دیارە، کە دەچێتە خانەی تاوانی نێودەوڵەتیەوە .
لەمکاتەشدا کە لە شەڕی دژ بە داعشداین ، رێژەیەک لە خەڵکی سڤیل رفێندراون ، پێشمەرگە بەدیل گیراوە، بەهۆی ئەوەی ئەم دەوڵەتە ئیسلامیە، لەڵایەن هیچ دەولەتێکەوە بەفەرمی دانی پیانەنراو و هێچ پێگەیەکی لە نێو سازمانە نێودەوڵەتیەکاندا نیە . رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەت خاچ و مانگی سوور کە یەکێک لە ئەرکەکانیان سۆراخی دیل و رفێندراوەکانە تائەم ساتەش نەیانتوانیوە وەک نێوەندکار سۆراخی رەوشی ئەوانەی کەوتونەتە ژێر دەستی داعش بکرێت .
پرسیاری جدی لێرەدا ئەوەیە ئایا جگە لە رێکخراوە فەرمیەکان هیچ رێگایەک یان نێوەندگیری تر هەیە ؟ دیارە وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە قسەو مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێ ، بەلام ئەوەی کە جێگای قسە لەسەرکردن نیە، دەبێ پێش هەر کەسێک ، دامودەزگاکانی هەرێم لە هەوڵدابن بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەک .
ئەگەر یەهودیەکان بە نمونە بهێنینەوە دەبینرێت بە درێژایی مێژوو لەژێر فشاردا بووە ، تەنها لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا شەش ملیون کەسی بەدەست نازیەکان کوژراوە ، ئەویش نەک کوشتنی ئاسایی، بەڵکو بە دراندانەترین شێواز کە بە ھۆلۆکۆست ناسراوە ( یانی سووتاندن لە ناو فرن ) بەڵام سەرەرای ئەوەش کاتێک کەسێکیان دەرفێندرێت ، یان بەدیل دەگیرێت ، بێ یەک و دوو دەکەونە هەوڵدان بۆ ئازادکردنی .
چەند نموونەیەک
لە شەڕی ١٩٤٨ دا ( ٦٣٠٦) دیلی ئەرەبیان بە (٨٨٦) ئیسرائیلی گۆریوەتەوە .
لە شەری ساڵی ١٩٥٦ ی نێوان میسرو اسرائیل کە لەڵایەن عەرەبەوە بە (العدوان الثلاثي ناسراوە) (٥٥٠٠ ) سەربازو ئەفسەری میسریان گۆریوەتەوە بە چوار سەربازی ئیسرائیلی .
لە شەری ساڵی ١٩٦٧دا ( کە عەرەب بە نسکۆی حوزەیران ناوی دەباو ئیسرائیل بە شەڕی شەش رۆژە ) ( ٦٧٠٨ ) ئەرەبیان ، بە ١٥ ئیسرائیلی گۆریوەتەوە.
لە شەری ساڵی ١٩٧٣دا ( ٨٧٨٣ ) عەرەبیان گۆریوەتەوە بە ( ٣١٤ ) ئیسرائیلی .
لە ساڵی ٢٠٠١ دا بەرانبەر بەیەک سەربازی یەهودی زیاتر لە هەزار عەرەبیان داوەتەوە بە رێکخراوی حماس .
لە کۆی گشتیدا دەردەکەوی حوکومەتی ئیسرائیل لە پێناو ئازادکردنی یەک هاوڵاتی خۆیدا ( ٢٣١) ئەرەبی ئازادکردووە . ئەمەش بەو مانایە دێت کە حوکومەتی ئیسرائیل هەردەم بەتەنگی سەربازەکانیەوەیەتی هاتووە.
دەمێنێتەوە بپرسین ؛ ئایا حوکومەتی هەرێم بۆ رزگارکردنی دیل و رفێندراوەکانی چیدەکا ؟