Hejar-Namiq

هەژار نامیق : کورد دواى جەنگى داعش .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرشتێک کە دەست پێ  دەکات بێگومان کۆتایشى دەبێت ، جەنگیش یەکێکە لەو کارەساتانەى کە ڕوودەدات و بێگومان ڕۆژێکیش دێت کۆتایى دێت ، جەنگى داعشیش یەکێکى ترە لەو جەنگە نەویستراو نەخوازراوانەى کە ڕووبەڕووى میلەت و نەتەوەى کورد بووەتەوە بە هەر حاڵ جەنگەکە دەستى پێ کردووە و کۆتایى پێهاتنیشى کەس نازانێت چۆن دەبێت لەبەر ئەوەى پەیوەندى بە کۆمەڵە فاکتەرێکەوە هەیە ، ئەوەى لێرەدا مەبەستى بابەتەکەى منە ئەوەیە کە لە دواى جەنگى داعش چى بکەین ؟؟!! چۆن قەرەبووى زیانەکان بکەینەوە ؟؟؟ چۆن بتوانین جارێکى تر ناوچەکەمان لە هێرشە لە ناکاو ناڕەواکانى دوژمنانى کورد و ئازادى بپارێزین ؟؟ چۆن بتوانین سەقامگیرى و ئارامى بۆ ناوچەکە بگێڕینەوە ؟؟ وە چەندەها پرسیارى تر کە وەڵامەکەى لە کەسێکەوە دەست پێدەکات کە هیچ بەرپرسیاریەتیەکى نیە تا گەورە کاربەدەستانى حکومەتى هەرێمى کوردستان .

کورد لەم جەنگەدا کۆمەڵە پێشمەرگە و قارەمانێکى لەدەست دا کە لەپێناو خاک و نیشتمان شەهید بوون ، لە شەنگال و زومار یەکێکى تر لەکارەساتە مرۆویەکان ڕوویدا و …. هتد ، لە بەرامبەر ئەمانەدا کورد توانى سۆزى لایەنى نێودەوڵەتى بۆ خۆى ڕابکێشێت و لە هەمان کاتیشدا توانى لە بودجەى 2015 مووچەى پێشمەرگە دیارى بکرێت لەگەڵ کۆمەڵە دەستکردێکى تر وەک ناردنى چەکى پێشکەوتوو بۆ پێشمەرگەو کەسانى شارەزا بۆ ڕاهێنانى هێزەکانى پێشمەرگە ،،، لەبەر ئەوە پێویستە لە دواى جەنگەکە و بگرە لە ئێستاشدا هەنگاوى جدى بنرێت بۆ ئەوەى بتوانین کوردستان بەرەو ئاقارێکى باشتر ئاڕاستە بکەین و بە هەمووان هاوکاربین  .

1 – حکومەتى هەرێمى کوردستان و سیاسەتمەدارانى کورد پێویستە کۆبونەوەى جدى بکەن لەسەر پرسى دروستکردنى دەوڵەتى کوردى و کارکردنى پێویست بۆئەوەى ئێمەش وەک هەموو نەتەوەیەکى تر ببینە خاوەن کیان و سەربەخۆیى تەواوى خۆمان ئەمەش لە ئێستادا ئاسانترە وەک لە پێشووتر لەبەر ئەوەى بۆ ئەمریکا وئەوروپا دەرکەوت کە تاکە هێزێک کە بتوانێت ڕووبەڕووى دڕندەترین و ترسناکترین دوژمنى مرۆڤایەتى داعش ببێتەوە تەنها کوردە کە بە سەرەتایترین چەکەکانى توانیومانە گورزى کەمەر شکێن بوەشێنین و ڕاکێشانى لایەنى نێوەدەوڵەتى تا ئێمەش ببینە خاوەن دەوڵەتى خۆمان و کارکردن بۆ یەکگرتنەوەى هەر چوار پارچەکەى کوردستان کە لە ئێستادا تاڕادەیەک هەماهەنگیەکى بەرچاو لە نێوان هێزە کوردیەکان لە هەموو پارچەکانى کوردستان هەیە..

2- گەڕانەوەى هەموو ئەو خێزانانەى کە بەهۆى شەڕو کاولکاریەوە ڕوویان لە کوردستان کردووە بۆ ناوچەکانى خۆیان ، بەمەش هاوکاریەکى باش دەبێت بۆ هەرێمى کوردستان تا ئەو ئەرکە قورسەى لە ئێستادا لەسەر حکومەت و خەڵک هەیە کەمبکرێتەوە  .

3 – کارى پێویست بکرێت بۆ گەڕانەوەى یەکجارى هەموو ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان کە لەئێستا زۆرێکیان لەژێر دەسەڵاتى هەرێم و هێزەکانى پێشمەرگەدان  ..

4 – هەوڵى بە جێنۆسایدناساندنى کوردەکانى ئێزیدى بدرێت کە بە مەترسیدارترین دۆخدا تێپەڕین و نزیک بوون لە مەترسى تەواوى لە ناوچوونیان  ، هەوڵى قەرەبوکردنەوەى تەواویان بۆ بدرێت .

5 – ئەو خێزانانەى کە خاوەن شەهیدن قەرەبوی ماددیان بکرێتەوە و ڕێزى تایبەتیان لێبگیرێت ، ناردنە دەرەوەى هەموو ئەو بریندارانەى کە لە ناوخۆى هەرێمى چارەسەریان نیە بۆ وەرگرتنى چارەسەرى پێویست      .

6 – یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە و کۆکردنەوەیان لە ژێر یەک ئاڵا و یەک ڕەنگ و یەک دەنگ کە هەمووان لە پێناویدا بجەنگن  ئەویش کوردستان و ئاڵاکەیەتى .

7 – باشترکردنى بارودۆخ و گوزەرانى هاوڵاتیانى هەرێم ، پێدانى مووچە لە کاتى خۆیدا و دوانەخستنى  بۆ مانگ و دوومانگ .

8 – بوژانەوەى کەرتى کشتوکاڵى و گەشتو کوزارو ئاوەدانکردنەوە  ، وەهەروەها بوژانەوەى ژێرخانى ئابورى هەرێمى کوردستان .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت