شەریف هەژاری : چوونی مەسعود بەرزانی بۆ کەرکووک – دوای شکستی نێچیرڤان بوو .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەکە نێچیرڤان بارزانی هەر ڕۆژەو پلانێکی هەیە ، ڕۆژێک نەوت ئەفرۆشێ و ڕۆژێک ئەیوەستێنێ و ئەچێتە بەغدا! تا وای لێ هاتووە خەریکە دەستی لە هەردووکیان دەرەچێت !! ئەمە ڕێک دەرەنجامی جووڵەی کەسی خێڵەکییە کە کۆمەڵگای عەشیرەیی سەرۆکایەتیکردنی پێ ئەبەخشێ و ئەوەش سیاسەتە جوانەکەیەتی !!

نێچیر ئەگەر کەسێکی ستراتیژ بین بوایە : کاتێک کە نەوتی دەرهێنا و پەیوەندی لەگەڵ عێراقا تێک دا ، ئەوا لەم قەیرانەی عێراقا نەئەگەڕایەوە بۆ لای بەغدا و بەردەوامی بە نەوت فرۆشتن ئەدا ، بەتایبەت ئێستا بەغدا لە لاوازترین ساتی تەمەنیایەتی، کەچی هەر ‘ نا – سیاسەتزانانە ‘ هانای بۆ ئەبەنەوە !!

بەغای ئێستا ئەتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی هەموو پارێزگا عەرەبییەکان بەوانەی ژێر دەستی داعشیشەوە بدا ، ئەتوانێ جەنگ لە سوریا بۆ بەشار ئەسەد بکا و هاوکاری ڕەوانەکا ، ئەتوانێ هاوکاری حوسیەکانی یەمەن بکا، ئەتوانێ دەیان گرێبەستی فڕۆکەی سیخۆ و میکی ڕوسی بکا ، ئەتوانێ و ئەتوانێ و ئەتوانێ زۆر شتی تر بکا و ئەیکا !! کەچی ناتوانێ بە تەنها مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنیرێ ، لە کاتیکا هەزاران بەرمیلی نەوتی هەرێمیش بە پێی ڕێکەوتنەکەی نێچیر حەپەلوش ئەکا !!

لە یادیشمان نەجیت ، پێش هاتنی داعشیش ڕووەو کوردستان ئەوە هەر نێچیر بوو کە عەقاری خانووکردنەوەی بڕی ، ئەوە نێچیر بوو کە سولفەی زەواجی بڕی ، ئەوە نێچیر بوو کە بەرنامەی ستراتیژی تواناسازی وەستاند ، ئەوە نێچیر بوو کە کوردستانی کردە دۆزەخستانی هەژاران ، ئەوە نێچیربوو کە کۆشک و ڤێلا و سوپەرمارکێت و بازاڕەکانی نەک هەر لە دهۆک تا هەولێری قەپات کرد و سلێمانیی و کەرکوکیشی گرتەوە بگرە ڕووەو ئەنقەرە و لەندەن و واشنتۆن و پەکینیش ڕۆشت و بەسەر قووتی ئەو خەڵکە خوێناوییە خاوەن شەهیدەوە سامانی کوردستانی مژی ، کەچی سەرەڕای وەستانی تەواوی سولفە و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و شکستهێنانی لە سەرۆکایەتی حوکمکردنی ووڵات دا ، ئەڵێی نە بای دیوە و نە بۆران !!؟

کاتێک لە ئیستایا عێراق ئەڵێ : پارەمان نییە ، ئەوا نێچیر ئەبوو قبوڵی نەکردایە و بەردەوامی بە ناردنە دەرەوەی نەوت بکردبایە و چەندان کارتی بەکاربهێنایە ، نەک وەک ئەوەی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی بەغدای پاکانەی بۆ عەبادی و حکومەتەکەی بکردبایە !!

ڕوونە حکومەتی عیراق هەر هیچ نەبێ ئەتوانێت بودجەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێ، بەڵام ناینێرێ ، بۆ !؟ چونکە مالیکی بە ئاشکرا نەی ئەنارد ، بەس عەبادی بە مەکر و حیلە ناینێرێت ! کەوابوو هەردووکیان دوو ئاراستەی جیاوازن و ئەچنەوە سەر یەک ستراتیژ ، کە ئەو ستراتیژەش : لاوازکردنی هەیبەتی حوکمەتداری هەرێم و هەژارکردنی خەڵکەکەیەتیی !! بۆیە نە ئەبوو نێچیر هێندە خۆش باوەڕ ببوایە ، بەڵام چی لە کاراکتەری خێڵەکی نا-تەکنۆکرات ئەکەی !!؟

شیعە بە عەبادیی و مالیکیی و دایکیشیانەوە کە ئێرانە ، دوای نەناردنی بودجە و هەوڵدان بۆ دروستکردنی تەفرەقە لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی کوردیدا ، ئەوا تەرکیزئەکەنە سەر کەرکووک ، لە مەشیاندا بە دەرەجەی یەکەم پشتیان بەستووە بەو لاوە کوردانەی کە لەسەر مەزهەبی شیعەن .  دواڕۆژیش ئەیبینین کە چۆن بۆ دژایەتیکردنمان بەکاریان دێنن ، ڕۆشتنی ئەو لاوە کوردە شیعانە بۆ ناو حەشدی شەعبیش ، لە ئەنجامی بێ پلانیی و بێ سەروبەرەیی پارتیی و یەکیتیی بووە لە ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک – خانەقین دا ، بۆیە شیعە قۆستوونیەتییەوە و ئێستاش بە ئۆرگەنایزیان ئەکا و سبەینێش ڕووەو کەرکووک – خانەقین ئاراستەیان ئەکا !!

کەوابوو بەڵێ بۆ بەردەوامیدان بە ناردنە دەرەوەی نەووت بەشیوازی تاک لایەنانە کە داهاتەکەی بۆ خەڵکی کوردستان بێت و شەفاف بێت ، بەڵێ بۆ پاراستنی کەرکووک – خانەقین و هەوڵدان بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی .

دڵنیابن گەر دەوڵەتیش ڕاگەیەنین ئەوا دەوڵەتی عێراق هەر هێندەی داعش پێی ئەکرێ کە ململانێمان بکا و کورد ووتەنی : ئێمە هەر باری سەرشانمان چل مەنە!! لەبەر ئەم هۆکارانە پێموایە ئەبێت لە ئێستاوە کار لەسەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بکرێ و بە تاک لایەنەش نەوت هەناردەی دەرەوە بکەین و بە تەواوی بەرەی کەرکووک – خانەقین نەک هەر لە دژی داعش بەڵکو دژ بە حەشدی شەعبی شیعەش ‘ کە پیموایە لە داعش شوومتر و کاولکارترن ‘ بپارێزین و چوونی مەسعود بەرزانیش بۆ کەرکووک هەر پێموایە دەرەنجامی مەترسی ترسناکی حەشدی شەعبی شیعەیە هەتا هی داعش بیت !

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت