عــەتــا قــەرەداخـــی : تەها محێدینەکانی کورد لە بەغدا چی دەکەن ؟
هەرچەندە ئێمە نازانین حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کورد چی دەکات و چۆن بیر لە بەڕێوەبردنی وڵات دەکاتەوەو ئایا بە راستی خۆی هۆکاری بەشێکە لە قەیرانەکان یان نا ، بەڵام لەوە دڵنیاین کە عەرەبی عێراق بە شیعەو سوونەوە کورد وەکو ئەویتر سەیر دەکەن واتە ئەوی دوژمن ، نەک ئەو ئەویترەى کە لەوان جیاوازەو پێویستە دان بەوەدا بنێن کە ئەم پێکهاتە جیاوازە مافی خۆیەتی جیا ببێـەوە ، یان هەر بڕیارێکی تر بدات . هەربۆیە بڕوابوونی کورد بەوەى لەگەڵ عەرەبی عێراقدا بژی بێجگە لە خۆفریودانی کورد هیچی تر نییە ئەگەر لە روانگەى بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کوردەوە سەیری بکەین ، بەڵام ئەگەر لە روانگەى ئەو نوخبەیەوە سەیری بکەین کە لەسەر حیسابی کورد لە بەغدا کاربەدەستن هەر لەسەرۆک کۆمارەوە تا دەگاتە دوا ئەندامی پەرلەمان و وەزیرو وەکیل وەزیرەکان ئەوا راستە ئەو نوخبەیە خەریکی چنینەوەى بەری رەنج و خۆێنی رژاوی شەهیدانی کوردستانن بە پێشمەرگەو خەڵکەوە بۆ خودی خۆیان و بۆ گیرفانی خۆیان ، پێدەچێت هەندێ لە ئیسلامیەکان بەشی حیزبەکانیشیانی تێدا بێت ، بەڵام بۆ ئەوانی تر بەغدا بازرگانییەکی موفتە ، کەواتە لەم روانگەیەوە ئەوانەى لە بەغدان ناتوانن بڵێن نوێنەری خەڵکی کوردستانین چونکە خەڵکی کوردستان ئەوە ساڵێک زیاترە لە بەغداوە قوتی بڕاوە ئەگەر بەڕاستی ئەوانە نوێنەری کوردن چۆن ویژدانیان قبوڵ دەکات موچەو نەسریەی مۆڵ و تەنانەت پارەی پاسەوانیش وەربگرن .
بۆمان هەیە بپرسین ئێوە لە بەغدا چی دەکەن ئەی حیزبەکانتان کە لێرە ناتوانن موچەى خەڵک بدەن و بەغداش راست و رەوان موچەى ئێرەى بڕیوە ئایا ئێوە هەست بە شەرمەزاری ناکەن ؟ ئایا لە رووی رۆڵ و کاریگەریتانەوە جیاوازیتان چیە لە کاکە تەها محێدینەکەى سەردەمی سەدام حسێن ؟ برادەرینە ئەوسا کورد تەنیا کاکە تەهایەکی لە بەغدا هەبوو کە هیچ رۆڵ و کاریگەرییەکی نەبوو ، ئێستا سەرۆک کۆمار کاکە تەهایە ، جێگری سەرۆک وەزیران کە کوردە کاکە تەهایە ، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کاکە تەهایە ، وەزیری دارایی کاکە تەهایە ، زۆربەى زۆرتان لە رووی رۆڵ و کاریگەریتانەوە لەسەر بڕیاری عێراقی کاکە تەهان ، بەڵام هەموو کورد بە کاکە تەهای دەگوت ناپاک ، خۆفرۆش ، خواهەڵناگرێت ئەویش نە باسی کوردایەتی و نەباسی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانی دەکرد ، بەڵام کاکە تەهاکانی ئێستامان لە بەغدا باسی کوردایەتی و نوێنەرایەتی کوردو مافە دەستوورییەکانی کورد دەکەن ، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع و لە رووی رۆڵ و کاریگەرییان هەر هەمان شێوەى کاکە تەهای مامە محێدین مەعروفەکەى خۆمانن .
هەر بژی کۆمەڵگەى کوردی لە کاتێکدا دەتوانیت ئەو هەموو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستە بەرهەم بهێنیت ، لە کاتێ:دا دەتوانیت ئەو جەماوەر دان بەخۆدا گرتووە بەرهەم بهێنیت ، دەشتوانیت ئەو بەرپرسەى دزەى ناوخۆ ، ئەو هەموو بەرپرسەى کە رۆژانە لەسەر مایکرۆفۆنەکانە درۆ بۆ خەڵک دەکەن بەرهەم بهێنیت ، ئەو هەموو تەها محێدین مەعروفانە بەرهەم بهێنیت .
لەهەمووشی سەیرتر هەموو ئەو بەرپرسە کوردانەى لە بەغدان هەر کە دەم دەکەنەوە باسی ئەوە دەکەن بوونی ئەوان لە بەغدا گرنگە ، ئەرێ پێمان ناڵێن گرنگی بەغدا و بوونی ئێوە لەوێ چی بۆ کورد بەرهەمهێناوە . برادەرینە ئەگەر فریای خۆتان نەکەون ئەوا لای گەل ئاشکرا دەبێت کە ئێوە تەنیا لەبەر موچەى مۆڵ لە بەغدان و بەغداتان بەلاوە گرنگە ئیتر با حکومەتەکەى مالیکی و عەبادی هەر موچە بۆ رەشورووتەکەى کوردستان نەنێرێت.
برادەرینە من دەزانم ئێوە زۆرینەتان ئینسانی باشن و بەشێکیشتان خەبات و تێکۆشانتان کردووە هەرچەند بەشێکیشتان بیتاقەتان بۆ دەرچووە . بەڵام ئەگەر وریا نەبن و لە کاتێکدا بەغدا بەوجۆرە رەفتار لەگەڵ کورد بکات ئەوا دەشێ پەندە کوردییەکەتان بەسەردا بچەسپێت کە دەڵێت : ئەوی لەپارە نزیک بێتەوە … رەوشتی بەرزی بیر دەچێتەوە ، هیوادارم نەتەوەو نیشتیمانتان لە پێناوی پارەدا بیر نەچێـەوە بە تایبەتی ئەوانەتان کە هێشتا جێگای ئومێدن نەک ئەوانەى لە پێناوی پارەدا دەمێکە هەموو شتێکیان لە دەست داوە .