ئەو کەسەی قورئانەکەی سوتاند ، دیسانەوە مەلا کرێکاری دایەوە بە دادگا …
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
هەڵمەت گۆران ” برای نەبەز گۆران ـی نوسەرو ڕۆژنامەنوس ، پێش چەند ساڵێک لەمەوبەر قورئانێکی سوتاند لەوڵاتی نەرویج و ، شێوەی سوتاندنەکەی لەگرتە ڤیدیۆیەکدا بڵاوکردەوە . لەبەرامبەردا مەلا کرێکاری سەرکردەی ئیسلامی سەلەفی لەکوردستان ، هەرەشەی کوشتنی لێکرد . ئەویش تانەی لە دادگا لەسەر هەڕەشەکەی مەلا کرێکار داو ، پاش دوو ساڵ زیاتر لە زیندانیکردنی ، ئازاد کرا . بەڵام لەدوای بەربوونەکەی لەکەناڵی جەزیرەو هەروەها کەناڵی ئێن ئاڕ تێ ” بەدورو درێژی قسەی لەسەر وەزعی خۆی و کوردستان و جیهان کرد .. لەو چاوپێکەوتنەدا پەنگخواردنەوەیەکی توندی هەبوو بەرامبەر ئەو کەسانەی هۆکاری زیندانیکردنەکەی بوون و لەناویشیاندا هەڵمەت گۆڕان .. لەبەرامبەردا هەڵمەت گۆڕان لەوتارێکدا بەناونیشانی (بۆچی شکاتم لە مەلا کرێکار کرد ؟) چەند ڕۆژێکە بۆی ناردووین . ئێمە ئەمڕۆ پاش ئەوەی تەواو لەناوەڕۆکەکەی کۆڵینەوە ، ئەوا بۆتانمان بڵاوکردەوە .
بۆچی شکاتم لە مەلا کرێکار کرد ؟
پاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا جارێکی تر لە دادگای نەرویجیی شکاتم لەسەر مەلا کرێکار تۆمار کردەوە , چونکە لە چاوپێکەوتنەکەی ئێن ئاڕتیدا بە ئاشکرا باسی من دەکات و هانی خەڵک دەدات بۆ توندوتیژی . هەندێک قسەی ناحەقانە لەسەر ئەو کارەی من کرا و، لەلایەن چەند کەسێک و چەند سایتێکەوە وا پیشانی خەڵک درا , کە گوایە ئەوە منم کە ناحەقییم بە مەلا کرێکار کردووە نەک بەپێچەوانەوە .
ئەو کەسانە خەریکی چەواشەکاریین و هەوڵدەدەن ناوی من ڕەش بکەن و من وەک کەسێک پیشان بدەن , کە غەدرم کردووە و مەلا کرێکاریش وەک قوربانی پیشان دەدەن .
من لەم وتارەدا دەمەوێت پیشانی خوێنەری کوردی بدەم , کە من نەک ناحەقییم نەکردووە ، بەڵکو ئەوەی من کردومە دروستترین و مەدەنیترین مامەڵەیە لەگەڵ کەیسی تیرۆریزم و هەڕەشەی کوشتندا کە هەر هاوڵاتیەکی مەدەنی و لایەنگری دیموکراتیەت و حوکمی یاسا کە هەڕەشەی لێدەکرێت دەبێت بیکات .
من پێموایە هەر کەسێک ئەگەر بەڕاستیی لایەنگریی ئازادیی بیروڕا و دیموکراسی بێت ، نابێت ڕێگە بە خۆی بدات ئەو چەواشەکارییە بکات . من پێموایە ئەسڵەن ئەوانەی ڕۆشنبیرن و دەڵێن دژی هەڕەشە و دژی توندوتیژین و لایەنگری کۆمەڵگای مەدەنین ، ئەرکیانە و دەبوایە لەئاست ژیانی من وەک ئینسانێک و لەئاست ئازادیی بیروڕای من و ئازادیی بیروڕا لە کوردستان و لە دەرەوەی کوردستاندا هەست بە مەسئولیەت بکەن و داکۆکی لە من بکەن و ڕیگەن نەدەن هەندێک ئیسلامیی توندڕەو و هەندێک ڕۆژنامەنوسی ئەهلیی ڕیاییکار بۆ مەلا کرێکار ، قسەی پڕوپوچ لەسەر ئەو دۆزە بگەیەننە خوێنەر .
من هیچم نەکردووە جگە لە بەکارهێنانی ئەو مافە مەدەنیەی کە هەر هەموو هاوڵاتیەک لە هەموو کۆمەڵگایەکی مەدەنیدا هەیەتی ، یان دەبێت هەیبێت و ، هیچ گلەییەکیش نەیەتە سەری ئەگەر داوای ئەو مافەی خۆی بکات . دەمەوێت قسەکانم لەڕێگەی هێنانەوەی دوو نموونەوە بکەم و باس لە ڕای دوو کەسی دیاریکراو بکەم ، کە بە ڕای من لەو قسانەیاندا دواین شتێک کە بۆیان گرنگ بێت مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی و حوکمی یاسایە . ئەو دوو کەسەی کە ڕای زۆر ناماقوڵ و چەواشەکارانەیان لەسەر ئەو شکاتەی من هەبوو، یەکەمیان ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆژنامەی ئاوێنەیە بە ناوی شوان حەمە و ، ئەویتریان بێگومان وەک هەمیشە خالیدی ڕەنجدەری کاکە گەورەی مەلا کرێکارە ، کە ڕەنجدانی شەو و ڕۆژی هەر بۆ ئەوەیە پینەوپەڕۆی زۆربڵێی براکەی بکات و پاکانە بۆ تیرۆریزم بکات و بەناڕاستەوخۆ و زۆرجاریش بە ڕاستەوخۆ داعش لای خەڵک شیرین بکات و گەنجانی ساویلکەی کورد هان بدات بچن بۆ موسڵ و ڕەقە .
با لە شوان حەمەوە دەست پێ بکەم . ئەو ڕۆژنامەنوسەی ئاوێنە کە هەر چەند مانگ جارێک ئینجا دەتوانێت ڕیپۆتاژێکی کورتوکوێریان بۆ دروست بکات ، چالاکیی ئەم چەند مانگەی بۆ ئەوە تەرخان کردوە لە فەیسبوک بۆ من و ئەو کەسانەی تر کە کرێکار لەسەر هەڕەشەلێکردنمان سزا درا ، بنووسێت : ” برالە ئێوە بۆ واز لە مامۆستا کرێکار ناهێنن ”. ئەگەر کەسێک ئاگادار نەبێت کە ئەو شوان حەمەیە چی پیاوێکی ڕیاییکەرە و ، نەزانێت بۆچی هەوڵ دەدات خۆی لای مەلا کرێکار خۆشەویست بکات ، ڕەنگە واتێبگات کە شوان حەمە ئەو قسەیەی بە سوعبەتە و نوکتە دەکات . بەڵام نا ، شوان حەمە بە هەموو عەقڵیکێوە ئەو پرسیارە لە من دەکات و مەسەلەکە وا پیشان دەدات گوایە ئەوە منم وازم لە مەلا کرێکار نەهێناوە و هەمجار یەخەم گرتۆتەوە . ئینسان سەری دەئاوسێت لەم جۆرە قسەکردنە کە ئەم جۆرە پیاوانەی وەک شوان حەمە دەیکەن . ئینسان حەقی خۆیەتی بپرسێت : ئەرێ کاک شوان حەمە ئەوە زۆر قورسە بۆت ببینیت کە ئەوە من نیم وازم لە مەلا کرێکار نەهێنابێت ، بەڵکو ئەوە مەلا کرێکارە کە دوای ئەوەی دادگای دادپەروەری نەرویج پێیووت ئەو جۆرە قسەکردنەت لەسەر هەڵمەت گۆران زیادەڕۆییە و سزای هەیە، کەچی هەمجار دووبارەی دەکاتەوە ؟ ئەمە چی دنیایەکە ڕۆژنامەنوسێکی ڕۆژنامەیەکی ئەهلی ئەوەندە تێنەگات کە شکاتکردن مانای ئەوە نییە کە شکاتکەر سزای ئەو کەسە دەدات ، بەڵکو دادگا سزای هەڕەشەکەر دەدات و ، دەوڵەتی یاساش مانای ئەوەیە کە هەر هاوڵاتیەک هەستی بە ترس و هەڕەشە کرد ، حەقی خۆیەتی بە دەوڵەت بڵێت : هەست بە هەڕەشە دەکەم . ئیتر دوای ئەوە ئەگەر دادگا سزای ئەو هەڕەشەکەرەی دا ، ئەوە مانای ئەوەیە کە کەسی شکاتکەر هیچ غەدری نەکردووە و ئیشێکی دروستی کردووە کە شکاتی کردووە .
پرسیار ئەوەیە کە ئایا شوان حەمە نازانێت کە ئەو دادگا دادپەروەرەی نەرویج کە ئەو خۆی ئەوەندە پێیدا هەڵدەدات ، ئەو دادگایە سێ ساڵ پێش ئێستا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە بەڵی ئەوەی مەلا کرێکار بەرامبەر بە من ووتبووی ، زیادەڕۆیی بوو و ئەو جۆرە قسەکردنە لە دونیای مەدەنیەت و دەوڵەتی بە حەق یاسادا دەبێت خەڵک سزا بدرێت لەسەری ؟ ئەرێ شوان حەمە تا چەند دڵنیایە کە ئەوەی مەلا کرێکار ئەمجارە لە ئێن ئاڕتی سەبارەت بە سزای پیشاندانی تفکردن لە قورئان لە تەلەفزیۆنی نەرویجییەوە دەیڵێت هەڕەشە نییە تا بێت بە من بڵێت تۆ شەڕ بە مەلا کرێکار دەفرۆشیت ؟ ئەوە نە من و نە شوان حەمە دەتوانین حوکمی تیا بدەین کە ئایا ئەوە هەڕەشەیە نا ، بەڵکو دادگا بڕیار دەدات . منیش هیچی ترم نەکردووە جگە لەوەی کە لەرێگای تۆمارکردنی داوایەکەوە وتوومە دادگا من پێموایە ئەوە هەڕەشەیە بەڵام تۆ بڕیار بدە ئەو جۆرە قسەیەی مەلا کرێکار لەسەر من ڕێگەپێدراوە یان نا . باشە ئەگەر سبەی و دوو سبەی دادگای نەرویجیی بڕیاری دا کە ئەو قسەیەی مەلا یاساشکێنییە ، حەق نییە شوان حەمە شەرم بکات و بڵێت وەڵا من لە خۆمەوە کەوتبوومە داکۆکیی لەوەی کە مەلا کرێکار ئەگەر یاساشی شکاندبێت ، پێویست ناکات بیدەینە دادگا ؟ ئایا شوان حەمە نازانێت کە کارێکی وا یانی داوای ئەوەی کردووە کە عەدالەت نابێت جێی خۆی بگرێت و دەوڵەتی یاسا نابێت بڕیار بدات ؟ . شوان حەمە نوکتە ناکات کاتێک بە من دەڵێ : برالە ناخۆشت کرد ، بەڵکو خۆی دەکاتە نوکتە ، چونکە لەلایەکەوە دەڵێت : من لایەنگری ئەوەم دەوڵەتی یاسا لە هەڕەشە و گوڕەشە بمانپارێزێت و، لەولاشەوە دەڵێت : لەبەر خاتری کوردایەتی با هاوڵاتی کورد هەر هەڕەشەی لێبکرێت و، ئەگەر دە جار هەڕەشەشت لێ کرایەوە ، هەر یەک جار شکات بکە و، دوای ئەوە با هەر خەڵک هان بدرێتەوە بتکوژن ، تۆ لەبەر خاتری کورد قەینا شکات مەکەرەوە . ئەم جۆرە عەقڵە دیموکراتخوازەی شوان حەمە و ئەو جۆرە کۆمەڵگا دیموکراسیەی کە شوان حەمە داوای دەکات ، هەر شایان بەوەیە پێی پێبکەنیت و هیچی تر .
شوان حەمە دەبێت لەئاست ژیانی مندا هەست بە مەسئولیەت بکات و بەو جۆرە خەڵکم لێ هان نەدات کە من بە کەسە غەدرکەرەکە پیشان بدات و کرێکار وەک قوربانی . شوان حەمە وا پیشان دەدات کە گوایە من و ئەو کەسانەی تر کە مەلا کرێکار لەسەر هەڕەشەلێکردنمان سزا درا ، ژیانی کرێکارمان تاڵ کردووە و دەڵێت ” مامۆستا کرێکار سێ ساڵ لە زیندان و دوور لە خێزانەکەی بوو ”. ئینسان لەم چەواشەکاری و بێئاگایەی شوان حەمە حەقی خۆیەتی سەری بتەقێ . ئەرێ شوان حەمە ئاگاداری ئەوەیە کە مەلا کرێکار و هاوشێوەکانی ، کە پێیانوایە هەڕەشە و توندوتیژیی باشترین جۆری سیاسەتکردنە ، چەند قورسایی بۆ ژیانی من و ئەوانیتر دروستکردووە ؟ ئەرێ کوڕی باش شوان حەمە تۆ ئاگاداریت کە ئەوە ژیانی ئێمەیە کە تاڵ بووە نەک ژیانی مامۆستا کرێکارەکەت ؟ تۆ دەزانیت کە لەم مەسەلەیەدا ئەوە مەلا کرێکارە کە شایان بە سەرکۆنەکردنە نەک ئێمە ؟ ئەرێ شوان حەمە بۆ لە خۆت ناپرسیت کە ئایا ئەوە مەلا کرێکارە کە حەقە دەمی خۆی بگرێت و ژیانی خەڵک تاڵ نەکات ، یان ئێمە کە هەڕەشەمان لێدەکرێت ؟ ئەوە چی زیادەڕۆییەکی داعشیانەیە داوا بکەیت هەڕەشەلیکراو واز بێنێت نەک هەڕەشەکەر ؟ چی بێهەستییەکە دڵت لای ئەو کەسە بێت کە هەڕەشەی کردووە و حوکم دراوە و شیوەنی ئەوەی بۆ بکەیت کە ژیانی لێ تێکچووە ، بەڵام ئەوە بەلاتەوە شتێکی لاوەکیی بێت کە کەسە هەڕەشەلێکراوەکە ژیانی قورس کراوە و ئازادیی هاتوچۆی بەرتەسک کراوەتەوە ؟ نەک هەر ئەمە بەڵکو هەڕەشەلێکراو وەک بێویژدانێک پیشان بدەیت و بەو جۆرە خەڵکی لێ هان بدەیت و بڵییت من ڕاموایە ئەمانە سەغلەتی بۆ مامۆستا کرێکارم دروست دەکەن ؟ شوان حەمە دەبوایە ئەوە بزانێت کە مەلا کرێکار هیچ پێویستی بەوە نییە هەڕەشە بکات ، بەڵام من تەواو پێویستم بەوەیە داکۆکیی لە ئاسودەیی ژیانم و جوڵەی ئازادانەی خۆم بکەم و نەهێڵم لەبەر دینداری و سیاسەتکردنی تیرۆریستانەی ئەم و ئەو ، ژیانی ڕۆژانەم بەرتەسک بێتەوە.
شوان حەمە دەڵێت قەیناکا ” مامۆستا کرێکار ” هانی خەڵک دەدات بڕۆن کەسانی بێباوەڕ و ڕەخنەگری ئاینی وەک ئێمە بە کەتەر سەرببڕن و، دەڵێت ئێوە کە شکات لە مەلا کرێکار دەکەن و داوا دەکەن سنوری بۆ دابنرێت و لە زینداندا ڕابگیرێت ، ناحەقن . ئینجا کاک شوان حەمە گیان خۆ ئەبوبەکر بەغدادی و ئەیمەن زەواهیریش هەر ئەم داوایەی تۆیان لە ئێمە هەیە بیکەین لەئاست زیادەڕۆییەکانی تیرۆریستان و لەئاست کەتەروەشاندندا . ئەو جۆرە کۆمەڵگا داعشیەی موسڵ کە داوا دەکات هاوڵاتیان تەحەمولی زیادەڕۆییەکانی ئیسلامی سیاسی بکەن ، هەمان ئەو بەدیلەیە کە شوان حەمە داوای دەکات من ملکەچی بم ، کەچی هەر ئەو شوان حەمەیە ڕووی دێت و لێیشی قبوڵ دەکرێت بڵێت من دیموکراتخوازم و لایەنگری مافی مرۆڤم و میدیای ئەهلیش ڕۆژنامەنوسێکی ئاوا مافخواز بە ڕۆژنامەنوسی خۆی قبوڵ دەکات . بەڵام من خۆم پێموانییە ئەو شوان حەمەیە بەو پلەیە بێهۆش و تێنەگەیشتوو بێت لە سیاسەت کە نەزانێت ئەو قسانەی ئەو لەسەر مەغدوریی مەلا کرێکار نوسیونی قسەی پوچن .
من دەزانم ئەو ئاوا قسەی پووچ دەکات چونکە لەبەرامبەر ئێن ئاڕتیدا شەڕی ئەوە دەکات ئەویش خۆی لای مەلا کرێکار خۆشەویست بکات ، تا مەلا لەگەڵ ئەویشدا چاوپێکەوتنێک بۆ ڕۆژنامەی ئاوێنە ئەنجام بدات و هەندێک هەڕەشە و گوڕەشەی تیرۆریستی بداتە ڕۆژنامەکەی ئەویش ، تا ئەو ڕۆژنامەیە لەسەر حیسابی ئازادییەکانی ئێمە ، چەند هەفتەیەک چاوی خوێنەر بۆ خۆی بدزێت .
ئەو شوان مامەحەمەیە ، وەک خۆیشی باسی دەکات، چەند ساڵە لە ئۆسلۆدا خەریکی ئەم مامەحەمەییەیە بۆ مەلا کرێکار بەبێئەوەی هیچ باکی بەوە هەبێت کە بڵاوکردنەوەی هاندان بۆ توندوتیژی و هەڕەشەکردنی تیرۆریستانە لە ڕۆژنامە و تەلەفزیۆندا ، کارێکی نامەسئولانەیە کە ئەو دەزگا میدیاییانە لەپێناو زیادکردنی خوێنەر و بینەری خۆیاندا فەرزی دەکەن بەسەر کۆمەڵگای کوردییدا . بۆیە من پێموایە کە شوان حەمە بەدوای ئەو دەستکەوتەوەیە بۆ ڕۆژنامەکەی نەک ئەوەی ئەوەندە نەزان بێت کە نەزانێت هەڕەشەکەر غەدری کردووە نەک شکاتکەر لای دادگایەکی دادپەروەر .
بەڵی من شوان حەمە بە ڕۆژنامەنوسێکی هەلپەرست و نامەسئول دەزانم نەک پیاوێکی گێل کە سەر لە دونیای مەدەنی دەرنەکات . بەڵام ئیتر نازانم ئەو خۆی لەمەدا ڕای لەگەڵ مندا جیاواز بێت . دوای ئەوەی دەبینین کە ئەو ڕەخنەیەی شوان حەمە لە من چەند قسەیەکی پوچە ، ئینجا ئاسان دەبێت قسە لەسەر قسەیەکی پوچی پیاوە ڕەنجدەرەکەی ئەنسارلئیسلام بکەین .
خالید ڕەنجدەری داهێزراو بە من دەڵێت : بڕۆ کاسبیەکی تر بکە و ئەم قسە پوچەشی لە چەندین سایت و ڕۆژنامەدا بۆ دەکرێتە هەواڵ . خالیدیش هەر ئەوەندەی شوان حەمە لە دونیای مەدەنیەت تێگەیشتوە یان بۆی موهیمە ، ئەگینا دەبێت ئەوە بزانێت کە کاتێک دادگایەک دەڵێت : بەڵی تۆ هەڕەشەت لێکراوە و ناحەقیت پێکراوە ، تەنها هەوڵدەدات مافە فەوتاوەکانت بۆ بگێڕێتەوە نەک ئەوەی خەڵاتیشت بکات . لە دادگادا کەسی شارەزای دادپەروەر ئەوە لێک دەدەنەوە کە جەریمەیەک بووەتە هۆی ئەوەی کەسێک چەند زەربە لە ژیانی دراوە و هەوڵ دەدەن زەرەرەکانی ئەو زەربەیە کەم بکەنەوە نەک ئەوەی بە زیادیشەوە شتێکی بۆ حیساب بکەن. بۆیە ئەو قسەیەی خالید کە هەوڵدانی من لەپێناو ئەوەدا کە ژیانی من و ئازادی خەڵکی کوردستان نەکەوێتە بەر هەڕەشە و پاشەکشەپێکردن ، وەک دەستبەتاڵی سەیر دەکات، یەکێک لە بەتاڵترینی ئەو قسە بەتاڵانەیە کە ئەو پیاوە لە ئەفغانستان و پاکستانەوە هێنای و سەری بەدیاریانەوە سپی کرد و خۆی پیر کرد بە دەم وتنەوەیانەوە . بۆیە ڕای من ئەوەیە کە ئەوە خالید ڕەنجدەرە کە حەقە بچێت سەنعاتێکی تر بۆ خۆی بدۆزێتەوە و خەریکی کاسبیەکی تر بێت نەک من. ئەو پیاوە پاش ئەو هەموو ساڵە لە قسەی بەتاڵ ، ئێستاش ئەوەندە سەنعاتێکی بێ ڕزق فێر بووە کە ڕۆژێک بەیانیەکەی مەدحی ئوسامە بن لادن دەکات و ئێوارەکەی مامەحەمەیی بۆ بارزانی دەکات . بۆیە من پێموایە تەمەن بۆ ئەو پیاوە ئەوەندەی نەماوە کە تازە بتوانێت فێری سیاسەتکردن بێت. تەنانەت ڕەنگە ئەوەندەشی نەمابێت بتوانێت بڕوات خۆی فێری سەنعاتێکی تر بکات .
بۆیە قسەی من ئەمەیە : دە بڕۆ لەو توندڕەوییە خۆت خانەنشین بکە و خەریکی ژن و ژنخوازی بە بۆ ئەم و ئەو ، زۆر شەریفانەترە لەوەی خەریکی توندڕەویی بیت . شتێک کە ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە جێگەی داخە کە چەندین ڕۆژنامە و سایت ئەو قسە پوچەی خالید لەسەر من دەکەنە هەواڵێکی گرنگ . ئەی هاوار ئەوە کوێی هەواڵە ؟ هەستەکەم ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنەکان بە چەندین ڕۆژنامەنوسی وەک شوان حەمەوە ، دوای خالید ڕەنجدەر و مەلا شوانی بنەسڵاوە و مەلا عەلی کەڵەک و مەلا عەلی قەرەداغی و مەلا عەبدولەتیف و مەلا نازانم چی توندڕەو کەوتون تەنها بۆ ئەوەی بە دڵی خوێنەر شتی پووچ بڵاو بکەنەوە ، بەڵام من ئەو هەموو ساڵە ئەو هەموو هەڕەشەیە لە ژیانم کرا و دادگایەکی ئەوروپیی دادپەروەریش دانی بەوەدا نا کە من ناحەقی و زیادەڕۆیی زۆرم لەبەرامبەردا کراوە ، کەچی ئێستاش بۆ نمونە ئێن ئاڕتی نەهات بڵێت ئەوە ئێمە ئەوەندە بەدوای بڵاوکردنەوەی دوایین قسە پڕوپوچەکانی دەبەنگێکی وەک مەلا شوانی بنەسڵاوەوەین ، دەبا دەرفەتێکیش بدەین بە تۆ تا تۆش مافت هەبێت ڕای خۆت لەسەر دۆزەکەی خۆت بگەیەنیت بە خەڵک . هەر تەلەفزیۆنێکی خاوەن ئەخلاقی میدیایی بوایە ، هەم ئەو هەڕەشانەی مەلا کرێکاری بڵاو نەدەکردوە و هەمیش وەک هەستکردن بە ئەخلاقێکی میدیایی دەیانزانی کە ئەرکی ئەوانە لەبەرامبەردا قسەی منیش وەرگرن و چارەکی ئەو کاتەی کرێکار بدەن بە منیش تا خەڵک بزانێت من بۆچێ بەو جۆرە چالاکی دەکەم و بۆچی من پێموایە دەبێت بە شێوەیەکی تر بکرێت .
ئاخر خۆ قسەی من هەرچیەک بێت لە قسەکانی مەلا کرێکار و دڵشاد گەرمیانی خەتەرتر نابێت ، کە ئەو تەلەفزیۆن و ڕۆژنامانە شەو و ڕۆژ بەدوایانەوەن و هەرچی قسەی پڕوپوچ و تیرۆریستانە دەکەن ، وەک هەواڵ بۆیان بڵاو دەکەنەوە . هیوادارم خوێنەر ببینێت کە تا توندڕەوی وەک خالید ڕەنجدەر و مەلا کرێکارمان هەبێت و ، تا ڕۆژنامەنوسی هەلپەرست و نامەسئولی وەک شوان حەمە و ڕۆژنامەی ئاوێنە و تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕتیمان هەبێت ، هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە کۆمەڵگای کوردی ئاوا لە قوڕی ئیسلامی سیاسی بچەقێت کە ئێستا تێی چەقیوە .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە