محەمەد ساڵەیی : لە کەرکووک داهێنان قاتییە !
کەرکووک شارێکی دێرینی کوردستانەو بنکەیەکی ستراتیژی و ئیکۆنۆمی لە مێژینەی هەیە ، سەرباری ئەوەی چەند گەلێکی دیکەی وەکو ئەرمەنی و جوو و تورکمان و عەرەب و سووبی و ئاسووری بە هاوشانی کوردەوە هەوای ئەو شارە هەڵدەمژن ، ئەمە پێگەیەکی رۆشنبیری جیاوازیشی داوەتێ .
کۆمپانیاکانی نەوت لەگەڵ خۆیان گەلێ وشەی ئینگلیزی و تۆپێن و پایسکلیشیان بۆ ئەو شارە هاوردو تا ئێستاش جێ پەنجەیان هەر دیارە هەروەها بۆ دەیان ساڵ گۆڤاری العاملون في النفط چاپ و بڵاودەکردەوە ، سەرنووسەرەکەی جبرا ابراهیم جبرا بوو . گۆڤارێکی زۆر بە هێزو پڕ هزر بوو .
زۆر لە بارە گەر بڵیم ، کەرکووک و کەرکووکییەکان رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە جۆشدانی بزووتنەوی رۆشنبیری و رامیاری لە کوردستان .تەنانەت گەلێ لە هونەرمەندان و هزرڤانانی ئەو شارە راژەیەکی دیاری شارەکانی دی کوردستانیان کردووە وەکو سلێمانی !
زۆربەی پارتەکان منەی دەنگی کەرکووکیان دەکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردندا فریایان بکەون هەمووی دوێنێ بوو دەستییان دایە بن باڵی یەکێتیی و لە هەڵدێران قورتاریان کرد ، بەڵام ئەودەمەی کە دێتەوە سەر کفتە خواردنەکە بەنی بەشەر ئەوانی بە بای گوێشدا نایات ،هەروەکو عارەب دەڵێت حاضر في العسر و غائب في الیسر .
وا باوە لە نێو خەڵکدا ، کە کوردی کەرکووک رادیۆی سێ مەوجن ، بەو مانایەی بە سێ زمان قسە دەکەن ، ئەمە راستە و بۆتە مایەی ئەوەی خوێنەرو نووسەری ئەو سێ زمانەش بن ، عارەبی نووسی چاکی تێدا هەڵکەوتووە کە لە تەواوی کوردستاندا جێگەی بەرچاویان هەیە .
لەم وڵاتانەی دەرەوە کە خەڵاتی ئەدەبی و خزمەتگوزاری پێشکەش دەکرێت ، دەزگا رۆشنبیرییەکان داوا لە گشت دامەزراوە تایبەتەکانی سەرانسەری وڵات دەکەن ، کاندیدی خۆیان بخەنە بەردەم لیژنەی خەڵاتەکان تاوەکو شایستەترینیان هەڵبژێرن و کەس خۆی بە بەش هەڵلووشراو نەناسێنێت !
وەکو من دەیبینم لە کوردستانی خۆشمان ، لە هەولێرو سلێمانیش دیاردەی رێزلێنان هەیەو شوێنی خۆیەتی پێیان بڵێین ئافەرین و ماندوو نەبن . چونکە ئەمە برەودانە بە رەوتی داهێنان و ئەفراندن لە نێو کورددا !
بەڵام مخابن ، مرۆڤ گەر لێی وردەبێتەوە بۆی خوویا دەبێت ، هەمووی کاکە بە براییەو هیچی دی نییە .لە هەردوو لا هەر چەند ناوێکن دەستاو دەست دەکەن و خەڵات باران دەکرێن ، وەکو بڵێی لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتاکان تەنها هەر ئەوانەی بەردەم و کەپووی خۆیان دەبینن و بەس ، یان کوڕی گەڕەکە حەیاتەکەی خۆیانن وەکو دەڵین ئەوەی لەبەر چاوانە لەبەر دڵانە . ئەگەر ئەمانە نەبن دیارە لیژنەی خەڵاتەکان لێوەشاوە نین و ئەربابی ئەو کارە نین و کەسی دی ناناسن و نازانن کێ لە کوێ چ خزمەتێکی کردووە .
تا ئێستا من کەرکووکیەکم نەبینیوە خەڵات بکرێت ، وەکو بڵێیت گشت ئەو شتانەی سەرەوە باسم کردن لای نووسەری کەرکووکی بۆ دەرمانیش دەست ناکەون و داهێنان لە لای گەرمیانی و کەرکووکی قاتییە و بە میوانیش سەردانییان ناکات !
ئەگەر نا ئەم هەموو نووسەر و هونەرمەندە دیارانەی کەرکووک لە کوێی ئەو خەڵاتانەدان :
عارەبی نووس محمد سابیر مەحمود ، عەبدوڵلا سەڕاج ، رۆمانووس موعتەسەم ساڵەیی ، رەخنەگر زاهیر رۆژبەیانی ، ئەکتەری بە توانا عەلی کەریم ، لەتیف هەڵمەتی شاعیر ،ئەحمەدی مەلا ، دەرهێنەر فازیل جاف ، حەسەن جاف ، جیهاد دڵپاک ، فەرهاد شاکەلی ، دەهێنەر جەلیل زەنگەنە ، حوسێن میسری کە بە بەرهەمێکی کەم خۆی سەلماند ، …….
دیارە من لە دیدگای دڵسۆزی و پەرۆشیم بۆ هونەر و رۆشنبیری وشەکانم دەنووسێنم ، لەم دوورەو لەم وڵاتە باڵایەدا هەروا تەماشای دیاردەکان دەکەم ، دەشێت ، شتی دی هەبن بەندە لێیان بێ ئاگا بێت ، بۆیە بە دووری نازانم خوێنەرێک بە بێ ئاگام تێ بگات و بمگەڕێنێتەوە بۆنێو گوێی گاکە !