تایمزی لەندەنی : کەی داعش خۆی حەل دەکات ؟
وێنەکە سەریی کیژێکی کوردە ، بەدەست داعشێکەوە ، هەزار ساڵە سەرمان دەبڕن
گۆرین و ئامادەکردنی دکتۆر کەمال میراودەلی
تایمزی لەندەنی ئەمڕۆ : بۆچی تورکیا دۆست نییەو پاڵپشتی داعشە ؟
تورکیا دوو ئامانجی هەیە : رووخاندنی ئەسەدو ژێرخستنی کورد
کە ئەو ئامانجە هاتە دی بە موعجیزە داعش خۆی حەل دەکات !
بۆ یەکەمجار بە ئاشکرایی و بە بەڵگەی زیاترەوە نووسەرێکی دیاری تایمز دەوری تورکیا لە پا ڵپشتی داعش شی دەکاتەوە ، بە کورتی خاڵەکانی دەخەمە ڕوو :
١ – لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەحمەد داوتئۆغلۆ کە وەزیری دەرەوە بوو دوایی بوو بە سەرۆک وەزیران دەنووسێ : وەک لە سەدەی شازدەهەمدا ، کاتێ بەلقانییە عوسمانییەکان ، راپەڕین ، ئێمە جارێکی تر بەڵقان و قەوقاس و رۆژهەڵاتی نێوین دەکەینە نێوەندی سیاسەتیی جیهانیی “.
٢ – ئەمە هێشتا ئامانجی تورکیایە . کە لە تاریکایی کاری ئیستیخباراتی زۆر چالاکی تورکیادا ئەنجام دەدرێ .
٣ – ئەم کارە ئیتستخباراتییە چالاکەی تورکیا دوو ئامانجی بە یەکەوە بەستراوی هەیە : رووخاندنی رژێمی ئەسەد لە سوریاو لە هەمانکاتدا ئەوە زامن بکەن کە کورد لە سوریا ئەو بۆشایی یە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ خۆیان بەکارناهێنن .
٤ – بۆ بەدیهاتنی هەردوو ئامانجەکان دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش ) ئەوەندە دوژمن نییە وەک ئامرازێکی بەكەڵکە کە تورکیا بەکاری دێنێ : داعش کورد دەکوژێ و کورد داعش دەکوژێ . ئەمریکا داعش لە سوریا بۆردومان دەکا ، گەرچی ئەمە دژ بە هێزەکانی ئەسەد نییە ، بەلام شەرعییەتی رژێمەکە ناهیڵێ و بنکۆلێ دەکات .
تورکیا کار بۆ ئەوە دەکات کە داعش سەرکەوێت و ئەوسا بە شێوەیەکی موعجیزەیی داعش خۆی حەلکاو [ بە ناوێکی ترەوە بەردەوام بێت] .
٥ – تورکیا لە کاتێکدا خۆی بە بەشێك لە هاوپەیمانی دژ بەداعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەزانێت . لە هەموو روویەکەوە ژیان بۆ داعش ئاسان دەکات .
٦ – تورکیا خەتی پێوەندی چالاکی لەگەڵ داعش هەیەو بە ئاسانی ٤٠ گیراوەکەی خۆی رزگارکرد ، هەروەها گواستنەوەی پاشماوەی سوڵتانی عوسمانی بە رێکەوتن لە گەڵ داعش دا .
٧ – تورکیا سنوورەکانی بۆ داعش کردۆتەوە ، جیهادییەکان لەوێوە بۆ خواروو دەچن و کە لێشیان بقەومێ بۆ تورکیا دەچنەوە .
٨ – داعش دەسەلاتی ئەوەی هەیە دوژمنەکانی خۆی لە ناو خاکی تورکیا بفڕێنێ .
٩ – ئابووری ساوای داعش بە تەواوەتی پشت بە تورکیاو دەڵالانی تورک دەبەستێ .
١٠ – تورکیا زۆر رێگەی هەن بۆ رێگەگرتن لە کاری ئەوانەی دژی داعش کار دەکەن بە کاریان دەهینێ : لەوانە :
ا – زەحمەتکردنی ژیان بۆ ئەو کوردانەی دژیی داعش دەجەنگن .
٢ – هێشتا تورکیا رێگە نادا تەیارەی هاوپەیمانان لە ئینجیرلیکەوە داعش بۆردومان بکەن کە تەنیا بە دەقیقە تەیارەی ئەمریکی لەوێوە دەگەنە سەر ڕەقە .
کاتی ئەوەیە تورکیا ساغی بکاتەوە دۆستە یان دوژمنە ؟ ئەم پرسیارە نووسەرێکی بەریتانی دەیکات . ئەی کورد جی کە قوربانیی راستەوخۆی ئەم گەمەیەی تورکیایەو ، کە بنکردە دزو خۆفرۆشەکانی ژیان و کەرامەت و شەرەف و نەوت و سامان و بازارو پاشەرۆژی هەموو کوردییان رەهنی دوژمنیكی مێژوویی فێلبازو تاوانکار کردووەو ، هێشتا دوای ئەو هەموو کارەساتە لە خیانەت و خۆفرۆشی و هەلخەڵەتاندن ناکەون و ، کەسێش نییە موحاسەبەیان بکاتو ، بیانخاتە ژێر پێلاوی پێشمەرگە دیلەکانەوە ؟ .
ڕیکەوتن لەگەڵ عێراق ، کە کورد دروستکەری نیزامەو بە دەستوور هاوبەشەو لە پەرلەمان و حکومەتدا هەیە ، باشترە لە بەردەوامی گەوادییکردن بۆ ئەردۆگان بەبێ ئەوەی هیچ پەیمانێکی یاسایی بە دەستوریی نەتەوەیەکگرتۆکان و رازیبوونی پەرلەمانی هەردوو ولات هەبێت . هەموو ئەوانەی پێیان دەوترێ ڕێکەوتن بەبێ ئاگاداریی و زامنی یاسای نێونەتەوەیی و بریاریی پەرلەمانی هەردوو ولات لە گەوادیی زیاتر نییە . کە ٢٠ ساڵە هیچ بەرهەمێکی نەبووە .. گەوادیی تەنیا رۆژی ڕەشترو ڕەشتر تووشیی ئەم گەلە دەکات ..