PUK-1

یەكێتی رازیی نییە پێشمەرگە بەشداریی گرتنەوەی موسڵ بكات .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لێكتێنەگەیشتن لەبارەی بەشداریی پێشمەرگە لەپڕۆسەی گرتنەوەی شاری موسڵدا لەنێوان یەكێتی‌و پارتیدا هەیەو بەو مەبەستەش مەسعود بارزانی داوا لەنەوشیروان مستەفا دەكات رۆڵ ببینێت لەقەناعەت پێكردنی یەكێتیدا .

بەپێی زانیارییەكانی ( دەنگوباس ) ، كە لەزاری سەرچاوەیەكەوە بەدەستی گەیشتووە ، ماوەیەكە مشتومڕ لەنێوان یەكێتی‌و پارتی ( وەك دوو هێز كە خاوەنی زۆرترین ژمارەی پێشمەرگەن ) لەسەر ئەوە هاتۆتە ئاراوە كە ئاخۆ پێشمەرگە بەشداریی ئازادكردنی موسڵ لەدەست داعش بكەن بان نا ، لەوبارەیەشەوە پارتی چەندین جار داوای لەیەكێتی كردووە كە بەشداریی ئەو پڕۆسەیە بكات ، بەڵام تائێستا یەكێتی رازیی نییە .

سەرچاوەكەی ( دەنگوباس ) ئاماژەی بەوە كرد كە یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی كە هێزی پێشمەرگە تەنها تەركیز بكەنە سەر ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكانی نەینەوا‌و خۆیان نەگلێنن لەشەڕی ناو شاری موسڵەوە‌و وتی : ” یەكێتی پێیوایە پێشمەرگە هێشتا لەسەر شەڕی ناو شارێك ئامادە‌و نەکراوەو مەشقی پێنەكراوە نەكراوەو شارەزایی تەواوی لە نەخشەی شارەکە نییە‌و جگە لەوەش نایەوێت پێشمەرگە ببێتە سووتەمەنیی جەنگێك لەناوچەیەكدا كە لە رۆژگاری رووخانی بەعسەوە پێیان خۆش نەبووە پێشمەرگە لەشارەكەیاندا بێت‌و چەندین جار داوای چوونە دەرەوەی ئەو هێزە كەمەشیان كردووە كە تێیدا بووە “.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشكراكرد كە بارزانی لەژێر گوشاری توركیاو ئوسامەو ئەسیل نوجێفیدا دەیەوێت پێشمەرگە بەشداریی بكات ، چونكە توركیا پێیوایە كە ئەگەری ئەوە زۆرە سوپای عیراق بەبەشداریی حەشدی شەعبـی پڕۆسەی گرتنەوەی موسڵ دەستپێدەكات ، بەو شێوەیەش جگە لەوەی هەژموونی شیعەو ئێرانییەكان لەسنووری موسڵیشەوە لەتوركیا نزیك دەبێتەوە ، ئەوكاتە ئۆتۆماتیكی سنووری ئێرانیش لەگەڵ سنووری سوریادا یەكدەگرێتەوە‌و بەبۆچوونی توركەكان‌و عەرەبە سوننەكان ئیتر گوشارەكان بۆ رووخانی رژێمی سوریا كەم دەبنەوەو ئۆپۆزسیۆنی سوریای نزیك لەئەنقەرەش پاشەكشە دەكەن‌و لاوازدەبن .

هەرچی یەكێتیشە پێیوایە كە دەبێت ناو شاری موسڵ بەهاوبەشی لەلایەن سوپای عیراق‌و هۆزە سوننەكان خۆیانەوە لەدەستی داعش رزگاربكرێت بۆ دووركەوتنەوەی ئەگەری شەڕی تایفی‌و نەتەوەیی‌و ئیقلیمی‌و پێیوایە كوردستان تەنها لەڕووی لۆجستی‌و مرۆییەوە هاوكاربێت .

سەرچاوەكەی ( دەنگوباس ) بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەسەرچاوەیەكی نزیك لەكۆبوونەوەكەی بارزانی‌و نەوشیروان مستەفاوە دەستی كەوتووە، دەڵێت : ( بەهۆی ئەوەی تائێستا یەكێتی‌و پارتی لەسەر ئەو مەسەلەیە نەگەیشتوونەتە هیچ لێكتێگەیشتنێك ، بۆیە بارزانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا قسەی كردووە تا بتوانێت قەناعەت بەیەكێتی بكات بۆئەوەی هێزەكانی 70‌و هێزە تایبەتییەكانی سەربە یەكێتی بەشداریی لەو پڕۆسەیەدا بكەن، سەرچاوەكەی ( دەنگوباس ) وتیشی : هۆكاری داوایەكی لەو جۆرەش لەلایەن بارزانییەوە لە نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وەزیری پێشمەرگە سەربە بزووتنەوەی گۆڕانەو بارزانی دەیەوێت وای نیشانبدات كە ئەوە فەرمانێكە لەوەزارەتی پێشمەرگەوە‌و بەمەش یەكێتی ئیحراج بكات كە گوایە هێزەكانیان پابەند نین بەبڕیارەكانی وەزارەتی پێشمەرگەوە .

بەڵام بەوتەی سەرچاوەكەی ( دەنگوباس ) نەوشیروان مستەفا هیچ بەڵێنێكی لەوبارەیەوە بەمەسعود بارزانی نەداوە ، چونكە لەلایەكەوە پێناچێت بیەوێت قسەی خۆی بشكێنێت‌و لەلایەكی تریشەوە نایەوێت تەكلیف لەیەكێتی بكات ئەگەر بشزانێت بەقسەی دەكەن‌و هەروەها سەرەنجامی ئەوەشی لەلا روون نییە كە ئاخۆ بەشداریی پێشمەرگە جگە لەهێزەكانی (80) دواتر مایەی پێزانین دەبێت لەلایەن بارزانییەوە ، یاخود وەك سەرجەم شەڕەكانی تر لەهەڵهاتن‌و پاشەكشەدا گلەیی بەر سەرجەم هێزەكان دەكەوێت‌و لەسەركەوتن‌و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگەشدا هێزەكانی نزیك لەپارتی‌و بارزانی دەبنە سوارچاكی مەیدانەكەو ئەوانی تر پەراوێز دەخرێن .

س / د

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت