Fayeq-Gullpi

دکتۆر فایق گۆڵپی : کوردستان ئاشتبونەوەی دەسەڵات و خەلکی دەوێت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دوای راپەرینەوە تا ئەمرۆ ، ئەگەرچی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان بە کەمێک لە مافە نەتەوەییەکانی شاد بوە ، بەڵام کێشەی شەری ناوخۆ و گرێدراوی حزبە دەسەلاتدارەکان بە سیاسەتی نادیمۆکراتی ولاتانی ناوچەکەوە وگەندەلی و پێشیلکردنی مافی تاک و کۆمەڵ ، قەیرانی بەردەوام و چارەسەرنەکراوی هەرێمی کوردستان بوون .

لە سەرەتای سالی رابوردوشەوە ، کێشەی بودجە و موچە رویکردە هەرێمی کوردستان و باری ئابوری کوردستانی تەواو لاواز کرد ، لە ناوەراستی ساڵی رابوردوەوە هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان هێندەی تر قەیرانی ئەمنی و مرۆیی و سیاسی هەرێمی کوردستانیان گەورە کرد . دەسەڵاتی کوردی ئەگەر رۆلی لە دروستکردنی ئەم قەیرانانەدا نەبوبێت ، لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا کارێکی وای پێنەکراوە .

هەرچی کۆمەلگای کوردستانیشە ، لەبەر ئەوەی خۆی رێکنەخستوە و بە هزری دەسەلاتخوازی وەک دەسەلاتداران  لە کیشەکان نزیکدەبێتەوە ، وای بۆدەچێت ئەوەی لە دەسەلاتدا نەبێت ناتوانێت هیچ کارێک بکات و هەر چاوەروانی دەسەڵاتە  کێشەکانی بۆ چارەسەر بکات .

خەلکی کوردستان بەرامبەر سیاسەتی حزبایەتی و گەندەلی و نادادپەروەری و شکستی ئەمنی و ئابوری هەرێم ، زۆر نیگەرانە ، چاوەروانی جوانیەک لەم دەسەلاتە خۆماڵیە کوردیە دەکات بۆ ئەوەی کەمێک پشو بدات و ماوەیەک بحەسێتەوە . لە چەند مانگی ئایندەدا دو بابەتی سیاسی گرنگ دەبنە رۆژەڤی خەلک و دەسەلاتی هەرێمی کوردستان،کە پیوەندیان بە سیستەمی سیاسی هەرێمەوە هەیە ، ئەوانەش دەستوری هەرێم و هەلبژاردنەوەی سەرۆکی هەرێمن . یەک لە کێشە گەورەکانی هەرێم ئەوەیە تا ئەمرۆ خاوەنی دەستور نیە و بریارە چارەنوسسازەکانی هەرێم  لە ژورە تاریکەکان لە لایەن سەرکردە حزبیەکانەوە دەدرێت ، کێشەیەکی تر ئەوەیە کە ئەگەری زۆرە سەرۆکی هەرێم لە رێگەی رێککەوتنی حزبە دەسەلاتدارەکانەوە لە پەرلەمان بۆ دو سالی تر یان بۆ خولێکی تر هەلبژێرێتەوە و پایەکانی حوکمی حزبی بنەماڵەیی بە تەواوای جێگیربکرێت .

ئەگەر رەشنوسی دەستوری هەرێم بە پێی پێوانەی دیموکراتی و بەرژەوەندی نەتەوەیی خەلکی کوردستان چاکسازی تێدا بکرێت و راپرسی لەسەر بکرێت ، هەرێم ببێتە خاوەن دەستور،دەسەڵاتی حزبی هەرێم ‌کۆتایی بەلاوەبنرێتت ، قەیرانی حوکمرانی هەرێم کەم دەبێتەوە و خەلکی کوردستان پشویەک دەدات و هەندێک لە قەیرانەکان دەخاتە لاوە .

ئەگەر مەسعود بەرزانی چاو لە کلتوری تورکیا و ئیران و عراقی نوێ بکات ، خۆی و کەسی تر لە بنەماڵەکەی نەپالێویت بۆ پۆستی سەرۆکی هەریم ، وەک چۆن کەمال ئەتاتورک لە جەنگی جیهانی یەکەمدا تورکیای رزگار کرد بەڵام دەسەلاتی تورکیای بەرەو دەسەلاتی بنەماڵەیی نەبرد ، وەک چۆن ئیمام خومەینی سالی ١٩٧٩ رابەرایەتی شۆڕشی گەلانی ئێرانی کرد بەڵام هیچ کەس لە بنەمالەکەی نەبونە حوکمرانی ئایندەی ئیران ، وەک چۆن لە دوای روخانی رژێمی سەدام ( لەگەل کەم و کوری لە حوکرانی عراقدا ) دەسەلاتی عراق قوناخی حوکمی بنەمالێی تێپەراند ، سەرۆکی هەرێمیش ئەمجارە وابکات ولاسایی حوکمی بنەمالەیی ولاتانی کەنداو و لیبیاو نەکاتەوە ، خۆی ، یان  کەسێکی تر لە بنەمالەکەی نەکاتە سەرۆکی هەرێم ، خەلکی کوردستان هەناسەیەکی ئازادی هەڵدەکێشێت و گۆرانکاریەکی جدی لە سیستەمی حوکمرانی هەرێمدا ئەنجام دەدرێت .

خۆ ئەگەر رودەواکانی ئەم چەند مانگەی ئایندەی هەرێمی کوردستان بە دڵی خەلکی کوردستان نەبن و نەبینە خاوەن دەستورێکی دیمۆکراتی و قوناخی حوکمی حزبی و بنەمالەیی بەجێ نەهێڵین ، کۆمەڵگای کوردستان لەگەل دەسەڵات ئاشت نابێتەوە و قەیرانی هەرێم هێندەی تر قولدەبێتەوە . ئیتر کۆمەلگای کوردستان دو بژاردەی لەبەردەمدایە ،  یان خۆی بدات بە دەست ئەم دەسەلاتەوە کە کۆمەلگا بەرەومردن دەبات ، یان دور لە هزری دەسەلاتخوازی و لە دەرەوەی دەسەلات خۆی رێکبخات و کیشەکانی خۆی چارەسەر بکات .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت