عیماد عەلی : کێ دەتوانێت باری لاری حکومەت راست بکاتەوە ؟ .
لە کاتێکدا ، حکومەتێک نەتوانێت بە خۆی بەرگری لە ماف و خاکی خۆی بکات و چارەنوسی نادیار بێت . ئەگەر ئاوها حکومەتێک نەتوانێت مافە بنەرەتیەکانی هاوڵاتیان دابین بکات و تەنانەت موچەی مانگێکی بۆ دابین نەکرێت . حکومەتێک کە بۆ راییکردنی کاروبارەکانی چاوی لەدەستی ناوەند و لایەنی دەرەکی بێت، حکومەتێک یاسایەکی بنەرەتی ( دەستور ) ی نەبێت لە کێشە و گرفتە زۆر و زەبەندە یاساییەکانی کوردستان و ناوچەکەپشتی پێ ببەستێت، حکومەتێک تەنانەت بە رێژەیەکی زۆر کەم ئەرکەکانی جێبەجێ نەکات ، دەسەڵاتێک بە واتای وشەکە شکستی هێنابێت . چۆن و بە چی ، باری لاری خۆی راست دەکاتەوە ؟
جارێک حکومەتی بنکە فراوانی بێ ئۆپۆزسیۆن ، خۆی لە خۆیدا لە هیچ جێگەیەکی دونیادا بەم شێوەیەی هەرێمی کوردستان نەبووە، ئەگەر لە هەندێک وڵاتدا حکومەتی بنکەفراوان لەدەرئەنجامی ئەوەدا بوبێت ، کە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان وا کەوتبێتەوە کورسی حزبەکان لەیەکەوە نزیکبوبن و بارودۆخێکی هێنابێتە ئاراوە بە بێ هاوپەیمانی نەتوانرابێت حکومەت دابمەزرێت و پەنا بۆ بنکەفراوانی برابێت،بەڵام ئەم جۆرە حکومەتانە هەمیشە لەرزۆک بوون ، تەنانەت لە وڵاتانی خاوەن دەستور و دیموکراسی و دامودەزگەییشدا ئەم جۆرە حکومەتانە بەردەوام شکستیان هێناوە و ، زۆر جار پێشوەخت هەڵوەشاونەتەوە .
جا لەو روانگەوە و لە هەرێمێکی بێ دەستور و یاسا و دوور لە دامودەزگەیی دەوڵەتی و بەم هۆشیاری و ئاستە رۆشنبیریەی خەڵکی کوردستانەوە ، تەماشای حکومەتە شکستخواردوەکەی هەرێمی کوردستان بکەین ، لەسەر ئەم ئەرزە و ئەم واقعە و ئەم بارودۆخە، بە کێ و، بە چ رێگەیەک، باری لاریی راست دەکرێتەوە .
لەم رۆژانەدا کۆمەڵێک راوبۆچون خرانە روو ، پێش هەموو شتێک ، باس لە دەستەیەکی باڵا دەکرێت، پرس و رایان پێ بکرێت یان پێشنیاری راستەرێ کردن و رێگە نیشاندەر بن، مەبەستیان لەو پێشنیارە، خودی خۆیانە نەک خەڵکی شارەزای بێ لایەن، بەو رایەش بێت ، ئەندامانی دەستەکە بە پێی بەشی حزبەکان لە دەسەڵات پێک دەهێنن ، نەک خەڵکی شارەزا و بەتوانای بێ لایەن ، لەدەرئەنجامدا ئەو دەستەیە بنکە فراوانە چی جیاوازیەکی لەگەڵ حکومەتە بنکە فراوانەکە دەبێت . ئەوەی جێگەی داخە ، تەنانەت لەم رۆژە رەشەدا، زۆرینەی راوبۆچونەکان لە روانگەی بەرژەوەندی کەسی و حزبی دەردەخرێن . بۆ نمونە ، یەکێک کۆنە پەرلەمانتار بوو ، وتی : ئەم ئەندام پەرلەمانە تازانە شارەزاییان نیە بۆیە هیچمان پێ ناکرێت ، کەچی لە خولەکەی خۆیدا وەزعی کورد لەم حاڵە باشتر نەبوو . یەکێک دەیوت حزبەکان زاڵن بەسەر پەرلەمان و حکومەتەوە ، کەچی حزبەکەی خۆی لە دەسەڵات بەشدارە و،بە فەرمانی ئەوان ئێستا لە ساڵانی ئارامیداین و ، بە پێی پلانەکانی حزبەکەی ئەوان نابێت خەڵک نارەزایەتی دەربرێت و خۆپیشاندان بکات . یەکێکی تر دەیوت با دەستەیەکی باڵا هەلبژێرین وەک راوێژکار بۆ راییکردنی کاروباری هەرێم و پلانەکان دیاربکەن،ئەو دەستەیەش لە کەسانێک دیاری بکرێن شارەزاییان هەبێت، وەک رۆژنامەنوس و ئەکادیمی و چاودێری سیاسی و پسپۆری هەمەچەشن تێدا بەشداربن ، لەو بەرنامەیە و قسەکردنەدا لە کاتی دەرخستنی ئەم فکرانەدا وتی ، ئەم جۆرە خەڵکانەم پێ باشە دەستەکە پێکبێنن کە ئامادەی بەرنامە تەلەفزیۆنیەکەن ، کەچی هەموویان نوێنەری حزب بوون . لە نێو کۆرێکدا باسی ئەو خەڵکە کرا کە لەوەدەچێت بتوانن باری ئەم حکومەتە راست بکەنەوە، پرسیار کرا بە کێ، وتی بە نمونە لە خەڵکی وەک ئێمەمانان ، ئەم کۆرگێرانە .
ئەم روداوانە لەم واقعەدا دەخەمە روو ، بۆ ئەوەی بۆ هەموانی دەرخەم کە زۆرینەی ئەوانەی باس و قسە لەسەر باری خراپی ئەم حکومەتە دەکەن ، بیرکردنەوەیان لەمەودایەکی تەسک دەرناچێت و وەک هەمیشە بەرژەوەندیە خودیە تەسکەکە زاڵە بەسەر بیر وهۆشی هەمواندا و، پێش هەموو شتێک قسەکان لە پێناو ئامانجێکی تایبەتیە و ، هەموان خۆیان لە رووی تیۆریەوە بە شارەزای نمرە یەک دەزانن، کەچی هەر ئەوان ، لە کاتێکدا لە یەکێک لە دەسەڵاتەکاندا دەبن ، یەک خشت ناخەنە سەر بنیاتنانی هەیکەلی ئەم حکومەتە بەدبەختە ، کەوا بەم شێوەیە دەبرێت بەرێوە . بۆیە ، ئاڵۆزی باری حکومەتی هەرێم گەیشتۆتە ئاستێک هەر یەکەو لای خۆیەوە شیکردنەوەی وای بۆ دەکات کە لەسەر پشتخانی فکری خۆی و باردۆخی حزبی و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دەیخوێنێتەوە و دەیەوێت لەسەر ماڵی سوتاوی خەڵک چۆلەکەکەی ببرژێنێت .
وەک پێشنیارێک، دوور لە هەموو بەرژەوەندیەکی شەخسی و حزبی،تەنها لە پێناو راستکردنەوەی ئەم بارەی حکومەت ، من رام وایە ، بەشێک لە چارەسەرەکان ، دەکرێت لە کۆنگرەیەکدا خەڵکێکی شارەزای بێ بەرژەوەندی و دوور لە حزبەکان قسەی بابەتی لێ بکەن ورێگە چارەی گونجاو بۆ وەزعی ئەم حکومەتە بدۆزنەوە . بۆ دوورخستنەوەی بەرژەوەندی حزبی و شەخسی ، پێویستە کوردانی پسپۆر و شارەزای بەشەکانی تری کوردستان و دونیا شیکردنەوەی بێلایەنەی ئەم بارودۆخەی کوردستانی باشور بۆ خەڵک بکەن و واقعەکە بە روونی دەربخەن و، رێنمایی راست بخەنەروو و ، رێگەچارەی تایبەتی بۆ بدۆزنەوە و ، ئامرازەکان دیاری بکەن و ، ریگەکان روون بکەنەوە، نەک ئەوانەی کە لە پێناو هەریسەکە دەگرین نەک ئیمام حوسێن . بۆیە دەکرێت بڵێم، باری لاری ئەم حکومەتە نە بەئەمانەی ئێستای دەسەڵات و نە بەوانەی پێشوتر و نە بەو سیاسیە ئیعلامیانە چارە دەکرێت کە تەنها لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەکانەوە قسەی قوت دەکەن .
کۆنگرەیەک بە بەشداری کوردانی پشسپۆر و شارەزاو دونیادیدە و دڵسۆزی هەرچوارپارچەی کوردستان و دونیا ، هەموو پرسەکان بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و باش بزانێت کە دۆزینەوەی رێگەچارەی خێرا بۆ کوردستانی باشور پێش هەموو بەش و جێگە و شوێنەکانی تر پێویستیەکی خێرای سەرجەم کوردانی ئەم کاتەیە . رەنگە سەرکەوتنی ئەو کۆنگرەیە ، ئاسۆیەکی بچوکمان بۆ دەرخات و تروسکاییەک لە چارەسەری ریشەیی بۆ دۆزەکەمان بدۆزێتەوە .