شەریف هەژارى : ئایا مردنی خامنەیی ڕێبەری موتڵەقی ئێران ، چی بە دوای خۆیدا دێنێ !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕوونە لای هەموو ئەو کەسانەی کە ئاشنایەتیان بە دامەزراوەی سیاسیی ئێران هەیە ئەوا ڕێبەری شۆڕش لە ووڵاتەدا دەسەڵاتی موتڵەقی هەیە و وەلی فیقهە و ئەتوانین بڵێێن: فەتواکانی نابێت ڕەتبکرێنەوە .

لە مێژووی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دا دوو ڕیبەری شۆڕشیان هەبووە ، یەکەمیان خومەینی بوو کە لە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تا مردنی لە ٣-٦-١٩٨٩ دا ئەوا وەلی فیقهی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی و ڕێبەری شۆڕش بوو، کورت و پوخت لە ناساندنەکانی دەسەلاتی وەلی فیقه لە کتێبی ‘ویلایەتی فەقێی خومەینییەوە ‘، ئەتوانین بڵێین : دەسەلاتی ڕێبەری شۆڕش ‘وەلی فیقهه’ لە ناو دامەزراوەی سیاسیی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی پەیامبەرێکی خودای پێدراوە و لادان لە فتوا و فەرمایشتەکانی بە مانای کافر بوونە .

خومەینی تا مرد هەمان دەسەڵاتی ڕەهای هەبوو، پلەی ئیمامیشی پێ بەخشرا و خرایە ڕیزی یەکێک لە ئیمامە مەعسومەکانی شیعە و لە ڕیزی کەسانی وەک ‘عەلی کوڕی ئەبی تالیب’ لای شیعە دوازدە ئیمامییەکان ڕێزی لێ ئەگیرێ و فەرمایشتەکانی ئەپەرسترێ. شیاوی ئاماژەیە خومەینی فتوای جیهادی دژی نەتەوەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان دەرکرد و ڕەوایەتی بە کوشتوبڕی دان و ماڵ و موڵکی کوردان لەو بەشەدا بە دەستی پاسدارانی شۆڕشی شوێنکەوتەی خومەینییەوە حەڵالکرا و دەستی بەسەردا گیرا، بەتایبەت ئەو شارانەی خۆرهەڵاتی کوردستان کە جووڵانەوەی نەتەوەییان تێدا بەهێز بوو وەک ‘ کوشت و بڕەکانی ڕۆڵەکانی کورد لە شاری پاوە، نەورۆزی خوێناوی سنە و ڕەمی کردنی لاوانی مەهاباد و دەیانی تر’.

لە پاش مردنی خومەینی لە ٣-٦-١٩٨٩ دا ، بە فرتوفێڵێکی نێوان خامنەیی و ڕەفسەنجانی ، ئەوا خامنەیی کرایە ڕێبەری شۆڕشی ئێران و وەلی فیقهی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕەفسەنجانیش پاش کۆتایهاتنی ماوەی سەرۆکایەتیکردنی لە پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران ئەوا پلەوپایەی سەرۆکی پێدرا لە دامەزراوەیەکی گرنگی وەک سەرۆکی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. لەمە بە دواوە دامەزراوەی سیاسیی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی ڕەها بەدەست خامنەییەوەیە و سەرۆکایەتی باڵی موحافیزکار ئەکا و دەسەڵاتێکی تا ڕادەیەک موئامەرە کاریش لە دەست ڕەفسەنجانییدایە وەک پلانداڕێژی باڵی ڕیفۆرمخواز .

پرسیارە ستراتیژییەکە ئەوەیە : خامنەیی تەواو پیر بووە و لە پەلوپۆ کەوتووە و لە نەخۆشخانە بەدەست سەرەتان و پرۆستاتەوە ئەناڵێنێ، ئایا ئەگەر مرد ئەوا دوای مردنی خامنەیی کێ شوێنی ئەگرێتەوە و دەرهاوێشتە سیاسییەکان بە کوێ ئەگات لە ئێران دا!؟

 دیارە پێشبینییەکان وای ئەبینن کە پاش خامنەیی دوو کەسایەتیی یان زیاتر هەن کە شوێنگرەوەی خامنەیی بن ، بەڵام من خودی خۆم پیموایە مردنی خامنەیی سەرەتایی هەڵوەرین و شەڕی ناوخۆیە لە ئێران دا . سەرەتا با بچینە سەر ئەو دوو کەسایەتییەی کە ئەکرێ ببنە شوێنگرەوەی خامنەیی :

١- ڕەفسەنجانی : ڕەفسەنجانی سیاسییەکی پراگماتیکی بەهێزە ، فرتوفێڵاوی و خاوەن لق و پۆی سێبەراوییە! بە پێی ئەو دۆکیۆمێنتانەی لە ئەرشیفی نهێنی بەریتانی هێناومەتەوە ئەوا لە دەورانی سەرۆک – کۆماری ڕەفسەنجانییدا چەندان دانیستنی نهێنی لە نێوان دەزگای سیخوڕی ئیسرائیل و کاربەدەستانی باڵای وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دا هەبووە .

٢- هاشمی شاهرودی : یەکێکە لەو کەسانەی کە پێشبینی ئەکرێ ببیتە شوێنگرەوەی خامنەیی ، هەرچەندە شاهرودی وەک ڕەفسەنجانی سیاسییەکی پراگماتیک و دەرکەوتوو نییە ، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک باڵی موحافیزکار ‘ باڵی ڕێبەری ئێستا و خاوەن نفوزی هێز’ دادەنرێت ئەوا ئەکرێت ئەمیش چانسی شوێنگرەوەی خامنەیی هەبێ .

لە سەرووی ئەم پێشبینیانەوە، پێموایە مردنی خامنەیی مانای هەڵوەرینی سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامییە لە ئێران دا. وای نابینم نە ڕەفسەنجانیی و نە شاهرودی بتوانن ببنە شوێنگرەوەیەکی درێژەپێدەری جێگیربوو لە شوێنی خامنەیی چونکە بارودۆخی ناوخۆیی ئێران بەتایبەت پاش خۆپیشاندانەکانی ساڵانی  ئەم دواییەی ئێران ‘جوڵانەوەی سەوز’، ئەوا واقیعی ئێران وانیشان ئەدا کەسێکی تر ناتوانێ دریژە بە سیستمی ویلایەتی فەقهێی کۆماری ئیسلامی بدا چونکە ناتوانێ وەک چەترێک بێ و لای هەمووان مەشروعیەتی پێ بدرێ و دانی پێدا بنێن. ئەمەش وا دەکات ئەگەری دروستبوونی جەنگی ناوخۆیی لە ئێران دا هەبێ و، من وەک خۆم بە خوێندنەوە بۆ واقیعی سیاسیی ئێران بڕوام وایە: بە ماوەیەک پاش مردنی خامنەیی ئەوا شەڕی ناوخۆیی لە ئێران دا دروست ئەبێ و، لە ستراتیژیش دا سیستمی سیاسیی ئێران بە شەڕ ئەڕوخێنێت، بە مەرجێک پیویستە ئۆپۆزسیۆنی ئیرانی ‘بەتایبەت کورد’ ئەو هەلە بقۆزنەوە و خۆیان یەکگرتوو و سازماندە بدەن و لە ئەگەرێکی وادا بە پشتیوانی ووڵاتانی ڕۆژاوا و ووڵاتە ئاسیاییەکانی دژ بە ئێڕان ‘بەتایبەت تورکیا و سعودیە’ سیستمی سیاسیی ئێران لە ناوخۆ دا دووچاری جەنگێک بکەن کە داهاتووەکەی هەڵتەکاند بێ و بەس .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت